کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆتوپیای هیلالی شیعە یان دەرباز بوون لە قەیران

17:30 - 22 خەزەڵوەر 2715

ئەگەر چاوخشاندنەوەیەک بە سەر سیاسەت و پراتیکی سیاسی رژیمی ئێران و بە تایبەت موداخەلات و دەستێوەردانەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق ،سوریا و بە تایبەت هەرێمی باشووری کوردستان دابکەینەوە، بە سەرنجدان بە ویست و خواستەکانی رژیمی ئێران ،وەک سیستەمێکی فێندامێنتال و تێئوکرات، بۆمان دەردەکەوێ کە لاواز بوونی ئەو رژیمە لە عێراق و هاوکات سووریا ئێرانی هان داوە کە زیاتر روڵ ببەخشێتە رێکخراوی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئەو سیستەمە. لە راستیدا لاواز بوونی رژیمی ئێران لە کۆنترولی ساحەی سیاسی ئەم دوو وڵاتە، ئێرانی هان دا کە سوپای قودس و لە سەروی ئەویشەوە کاراکتێری گەورەی ئەم رێکخراوە تیرۆریستیە "قاسم سولەیمانی" وەک مورەیەکی سەرەکی رژیم لە پراتیکی سیاسی خۆیدا زەق و بەرچاو بکاتەوە. هۆکارەکانی ئەو بە رۆژەڤ کردنەی سولێمانی لە ئەساسدا دەگەرێنەوە بۆ لاوازیەکانی سوپای قودس و ئۆختاپوسەکەی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق و سوریا. هۆکارو بنەمای جەوهەری ئەم لاوازییە سیاسیە لە کاتێکدا دەردەکەون کە ناسیونالیزمی عەرەبی وئیسلامی فێندامێنتالی سووننە خۆی لە ژێر رێکخراوەیەکی تیرۆریستی بە ناوی داعش دا رێک دەخات. لەدایک بوونی داعش و رمبازێنی لە سووریا و عێراق و هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی شیعەکان و بەغدا وناوچەکانی باشور و رۆژئاوای کوردستان ،گەورەترین بەهانە بوو بۆ بە رۆژەڤ کردنی کاراکتێریکی وەک قاسم سولەیمانی کە سالهایە بەرێوەبەری سوپای تیروریستی قودسی رژیمی ئێرانی بە دەستەوەیە. سست بوون ولاوازی و تەنانەت بێکاریگەری سوپای قودس لە عێراق وسوریا رژیمی هاندا کە لە میدیا و راگەیاندنەکانی ناو خۆ و دەرەوەدا"قاسم سولەیمانی" وەک پالەوان وپێشەنگی شەری داعش وێنا بکرێت! بە بروای من دەرخستنی قاسم سولەیمانی دەتوانێت دوو هۆکاری سەرەکی هەبێ . یەکەم لاواز بوونی جیدی ئێران لە کۆنترولی عێراق و سوریا وتەنانەت هەرێمی کوردستان کە بە پێشەنگ نیشاندانی سولەیمانی لە پاراستنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەمبەر داعش، بە دەر کەوتنی وێنەکانی لە راگەیاندنەکانی سێبەری سوپای قودس و ئێران بە گشتی ئەو راستیە دەسەلمێنیت. دووهەم هۆکاری ئەو بە رۆژەڤ کردنەکە زیاتر لە مەجبوریەت دەچێ تا پراتیکێکی سیستماتیکی پیلان بۆ دارێژراو لەم قۆناغەدا ،نەریتی هەناردە کردنی پرنسیپە کلاسیکەکەی رژیمە لە مەر پرۆپاگاندا بۆ شیعەگەری سیستەم و دروشمەکانی . ئەو هۆکارانەی باسیان لێوەکرا لە ئەساسدا راستێکی تری لە پشتە کە ئەویش دەرکەوتنی ترسێکی مەزنە لە لایەن رێبەری ئێران عەلی خامنەیی کە بە هۆکاری کێشە ناخۆییەکان نێوان بالە جیاکانی کۆماری ئیسلامی مەجبوور بە بە رۆژەڤ کردنی قاسم سولەیمانی و نیشاندانی وەک قارەمانی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوین دەکرێت. هاوکات ویستی وەرگرتنی ئاوانتاژی سیاسی لە رۆژئاوا وئامریکا لە مەر پرسە ئەتۆمییەکەی و کێشە هەلپەسێردراوەکانی ناو خۆ و دەرەوەی ئێران.