کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازادکردنی شه‌نگاڵ وه‌ک مه‌جالێک بۆ وشیاریی زیاتر

13:33 - 23 خەزەڵوەر 2715

هاوینی ساڵی ٢٠١٤ کاتێک‌ کە داگیرکرانی شاری موسڵ لە لایەن تیرۆریستانی داعش و شکستی سپای عێراق دەرفەتێکی رەخساند کە کورد لە باشووری کوردستان دەست بەسەر نزیک بە تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان‌دا بگرێتەوە و کورد خەریک بوو لە ئاواتی گەورەی خۆی نزیک دەبۆوە، هێرشی هێزە تیرۆریستییەکانی داعش لە سەرەتای مانگی ئاگۆست‌دا بۆسەر شاری شەنگال و گوندەکانی و داگیرکردنی خێرای شەنگال و ناوچەکانی دەوربەری و ئاوارەبوونی دەیان هەزار کوردی ئێزیدی و مەترسیی روودانی کارەساتێکی مرۆیی لەو ناوچەیە، هاوکێشەکانی گۆڕی و کوردی خستە دۆخێکی نالەبارەوە کە پێویست بوو پێداچوونەوە و چاوخشاندنەوەیەک بە سیاسەت و ستراتێژی و بە تایبەت نێوماڵی خۆیدا بکاتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا هۆکارەکانی داگیرکرانی شاری شەنگال و مەسەلەی ئەستاندنەوەی ئەم شارە لە تیرۆریستانی داعش مەسەلەیەکی گەرم و جاروبار جێگەی ناکۆکیی هێز و لایەنە کوردییەکان بووە. هەتا ئەوەیکە دوای ماوەیەکی زۆر ناکۆکی و کێشەی نێو ریزەکانی کورد لە باشووری کوردستان، دوای زیاتر لە ساڵێک هێزی پێشمەرگە و بەشێک لە هێزەکانی یەپەگە بە هاوکاریی هێزی هاوپەیمانان رۆژی ١٣ی نوامبر دوای دوو رۆژ شەڕ و گەمارۆی شەنگال، ئەم شارە و گوندەکانی دەوروبەریان لە تیرۆریستانی داعش پاک کردەوە. دوای ئازادکردنی شەنگال، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی‌دا لە چیای شەنگال پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنەی لە کورد و هێزی پێشمەرگە کرد و سپاسی هەموو ئەوانەی کرد کە لەم سەرکەوتنەدا هاوکار بوون. ئازادکرانی شەنگال دوای سەرکەوتنی خۆڕاگریی کۆبانی و شکستی داعش لەم شارە، دووەم سەرکەوتنی گەورەی کورد بوو بەسەر هێزی تیرۆریستیی داعش‌دا و بەم هۆیەوە جێگەی خۆشحاڵی و شانازییە بۆ کورد. بەڵام بێگومان بارودۆخی ئێستای داعش لە ناوچەکە ئاماژە بۆ شکست و لەناوچوونی ئەم هێزە بە تەواوی نیە و مەترسیی ئەم هێزە لە ناوچەکە بەردەوامە. لە لایەکی دیکەوە بۆ هێزی کوردیش ئەگەرچی ئەم سەرکەوتنە دەتوانێ دەرمانێکی کاتی بێ بۆ دەردە نێوخۆییەکانی، بەڵام پێویستە کورد ئەم دوو راستییە بکاتە بنەمای بەخۆداچوونەوەیەکی ورد لە بواری سیاسەت و ستراتێژی و بەتایبەت رێکخستنەوەی نێوماڵی خۆیدا. لە پێوەندی لەگەڵ دوژمن یان دوژمنانی دەرەکی، هێزەکانی داعش هەروا مەترسین بۆ ناوچەکە و بە تایبەت بۆ کورد و، دوژمنانی مێژوویی کوردیش له‌ ناوچه‌که‌ بە بوونی هێزێکی وەک داعش مەیدانی مانۆر و ئاژاوەگێڕییان لە دژی ئەم گەلە چەوساوە و بەشخوراوە زیاترە. لە لایەکی دیکەوە و هەر لە درێژەی مەترسیی یەکەم‌دا ناکۆکیی نێو ماڵی کورد گەورەترین مەترسییە کە رێگە بە دوژمنان دەدا دەست بخەنە نێو کاروباری کورد و پیلانە دوژمنکارانەکانیان لەدژی کورد ئاسانتر بەڕێوەبەرن، هەر بۆیە پێویستە کورد زۆر بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکا و بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی و خستنەپێشی بەرژەوەندی گشتیی کورد، بەرژەوەندە حیزبی و گرووپییەکان رابگرن بۆ دوای رەوینەوەی مەترسییەکان و پەڕینەوە لەم قۆناغە هەستیار و مێژووییەدا و بەم شێوەیە نیگەرانییەکان لە رۆژانی دوای ئازادیی شەنگال و ئەگەرە جۆراوجۆرە نەخوازراوەکان لە سایەی ناکۆکیی نێوماڵی کورد بکەن بە سەرەتای سەرکەوتنی گەورەی کورد و هۆکارەکانی شانازی و سەربەرزیی گەلی کورد بە ئازایەتی و فیداکاری و وشیارییەوە لە جیهاندا و لە لای نەتەوە و وڵاتانی پێشکەوتووی بەرەی دژە تیرۆر مسۆگەر بکەن.