کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارتی گەل (فۆلک پارتی) پێشنیار دەکا کەرەسە و پێویستیی تەیارکردنی سەربازی بدرێ بە کوردەکانی عێڕاقێ.

06:06 - 1 سەرماوەز 2715

پارتی گەل دەیەوێ کە سوێد وەک یارمەتیکردن بە خەبات دژی ڕایەڵکەی ڕەشەکوژیی داعش، کەرەسە و پێویستیی سەربازی بنێرێ بۆ هەرێمی کوردستانی عێڕاق. دوێنێ سوێد و وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا، لە بەرامبەر داوای فەڕانسە سەبارەت بە گەیاندنی یارمەتی بەو وڵاتە، لە خەبات دژی داعش دا، وەڵامی "بەڵی"یان دایەوە. سەرۆک وەزیر "ستێفان لوێفڤێن" و وەزیری بەرگری "پێتر هاڵتکڤیست" گوتیان کە جارێ زووە ئەو بەراوەرد بکرێ کە سوێد چ چەشنە یارمەتییەکی لەو بوارە دا پێ دەکرێ. ئەمڕۆ پارتی گەل پێشنیاری کرد کە سوێد کەرەسە و پێویستیی سەربازیی وەک زرێپۆشی زنجیردار و تفەنگی نارنجۆکهاوێژ بدا بە حوکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێڕاق. ئەو کارەش بە شێوەک بکرێ کە کەرەسە و پێویستییەکان، نەک لە ڕێگای حوکومەتی بەغداوە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بۆ کوردەکان بنێردرێ. پارتی گەل هەروەها دەیەوێ کەرەسەی خۆپاراستن لە بەرامبەر چەکی کوشتاری بەکۆمەڵ، کەرەسەی مین هەڵگرتنەوە و پێویستییە پزیشکییەکانیش بۆ حوکومەتی نێوخۆیی کوردەکان بنێردرێن. یان بیۆرکلووند، سەرۆکی ئەو پارتە بە بەشی هەواڵی تەلەویزیۆنی سوێد دەڵێ کە پێشترپارلمانی سوێد ٣٥ ڕاهێنەری سەربازیی ناردۆتە باکووری عێڕاق و بەو شێوەیە یارمەتییەکی بە (شەڕی) دژی داعش کردوە، بەڵام پارتی گەل دەیەوێ بێجگە لە درێژەدانی یارمەتی لەبواری ڕاهێنان دا، سوێد بە کەرەسە و پێویستیییەکانی دیکەش یارمەتی بکا. ئەو دەڵێ دیارە کە ناردنی ئەو چەشنە یارمەتییانە دەبێ دوای پەسندکردنی بڕیاری ناردنیان لە لایەن پاڕلمانەوە بێ. • ڕاپۆرت لە: ئاندریاس ئوێبرینک. تەلەویزیۆنی سوێد Andreas Öbrink [email protected] وەرگێران لە سوێدییەوە: ئاشق