کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەبات دژی دەوڵەتی ئیسلامی پشووی درێژی دەوێ

18:06 - 1 سەرماوەز 2715

سەرچاوە: ڕۆژنامەی '' داگێنس نیهێتەر" هێرشەکانی پاریس لە لایەن تیرۆریستانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی دوابەدوای تەقینەوەیەک لە لوبنان و خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی مسافیربەری رووسی لەئاسمانی نیمچە دوورگەی سینا، نیشاندەری ئەوەن کە تیرۆر و هەڕەشەی تیرۆریستان گەیوەتە ئاستێکی نوێ و مەترسیدار. هۆکاری ئەوەی کە بۆچی دەوڵەتی ئیسلامی بڕیاری داوە لەم کاتەدا ئەم پلانانەی بەڕێوەببا، جارێ هەر دەکرێ نەزەر و لێکدانەوە بن. زۆر وێدەچێ ئەوان بیانەوێ بازنەی چالاکییەکانیان بەرفراوان بکەنەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان لەم دواییانەدا ناوچەیەکی زۆریان لە عێراق لێ ئەستێندراوەتەوە و پێیان چۆل کراوە. بەڵام هۆکارەکەی هەرچی بێ، کاردانەوەیەکی روونی هەبووە. ئەو هەڕەشانەی دەوڵەتی ئیسلامی بەکاریان دێنێ، پێویستە بە شێوازی جۆراوجۆر وەڵامیان بدرێتەوە، چونکە هیچ کاردانەوەیەک بە تەنیا وەڵامدەر نیە. حەولی پتر لە زۆر بواردا پێویستە. یەک لەو حەوڵانە کردەوەی سەربازییە.هێرشی ئاسمانی زیاتر بۆسەر رێبەرانی دەوڵەتی ئیسلامی، بنکە و کەلوپەلی سەربازیی، سەرچاوەکانی نەوت و گاز لە ئامانجە هەرە گرینگەکانن. دیارە هەرچی لەو بوارانەدا بکرێ، بە بێ هێزێکی ویشکایی تۆکمە، ناتوانێ دەوڵەتی ئیسلامی بە چۆکدا بێنێ و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لێ بستێنێ. بەداخەوە کات ئەوەندە نیە، هێزێکی هاوپەیمان لە بناغەوە سازبکرێ، بۆ ئەم کارەش حەول دراوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. وڵاتانی عەرەبی یان ناتوانن یان نایانەوێ وەها هێزێک سازکەن. سپای عێراق تێکشکاوەو میلیشیای سەر بە ئێرانیش کارەکە خەراپتر دەکەن. باشترین دەرفەت ئەوەیە هاوکاری زیاتری هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەشێک لە هۆزە سوننی‌یەکانی عێراق و سوریە بکرێ. بەو مانایە کە هاوکاریی ئیتلاعاتی زیاتر و چەک و کەرەسەی سەربازیی پتریان بدرێتێ و رێژەیەکی پتر لەو ٣٥٠٠ سەربازە ئەمریکاییانە کە هەر ئێستا لەوێن، بنێردرێنە ئەوێ و تەنانەت رێژەیان بگاتە ١٠٠٠٠ سەرباز کە بۆ راهێنان و راوێژ کەلکیان لێوەرگیرێت. کارێکی ئاوا دەبێ بە کۆمەڵ و هاوکاریی گشتیی بکرێ،کە دەکرێ بە شێوەیەکی نارەسمی ببێتە'' هاوپەیمانیی خوازیاران'' کە لە ئەمریکا، فەرانسە، بریتانیا،وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت رووسیاش، بە شێویەکی دروست و گونجاو لە ژێر فەرمانی ناتۆ یان رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا پێکبێ. لەم هەلومەرجەدا ئاکام گرینگترە لە پێکهاتە. راگەیاندنی شەڕی سەمبولیک نابێ ئەوەی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی بسەلمێنێ کە هەر رۆژێک ئەوان نەیدۆڕێنن، رۆژی بردنەوەیانە. نابێ حەولە دیپڵۆماسییەکانیش لەبیر بکرێن، بەشار ئەسەدی سەرکۆماری سوریە، ناراستەوخۆ خەڵک لە دەوری دەوڵەتی ئیسلامی کۆدەکاتەوە، هەر بۆیە دەبێ نەمێنێ. بەڵام رژێمی جێگرەوەی ئەو رژێمە دەبێ بتوانێ نەزمی وڵات بپاریزێ و نەهێڵێ دەوڵەتی ئیسلامی بۆشایی دەسەڵات بقۆزێتەوە و چارەنووسی لیبی لە سوریە دووپات بێتەوە. گۆڕانکاریی سیاسیی رێکخراو، تەنیا بە هاوکاری رووس و ئێران دەستەبەر دەبێ. رەنگە ئەو ئیمکانە بایخی تاقی کردنەوەی هەبێ کە دەوڵەتێکی هاوبەش پێکبێت کە دیسان لە لایەن کەسێک لە کەمینەی عەلەوییەوە رێبەری بکرێ. ئەو نەرمی نواندنە نرخێکە کە بەهۆیەوە بتوانرێ بنەماڵەی ئەسەد لە دەسەڵات دوور بخرێنەوە. بە پێی پرنسیپ و تێپەڕینی کات دەکرێ رژێمێکی وا بێتە سەرکار کە نوێنەرایەتی زیاتری خەڵک بکا، هەرچەند باسی هەڵبژاردن لە ١٨ مانگی داهاتوودا، سیناریۆیەکە زیاتر لە خەیاڵ دەچێ. دۆزینەوەی رێگای سازان لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە ئەگەری کەمە. هەر بۆیە جموجۆڵی پتری سەربازیی بۆ دەستەبەرکردنی ناوچەی دابڕاو و پارێزراو کە ببێتە جێی داڵدەی خەڵکی مەدەنی و هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی پێویستە. سوریە وڵاتێکی ئاسایی نیە و ئەگەر نەڵێین قەت، لانیکەم تا ماوەیەکی دوور و درێژیش ئاسایی نابێتەوە. سوریەی پێکهاتوو لە چەند ناوچەی جیاواز یان کانتون لە داهاتوودا زیاتر وەک راستی دەچێ. بەشێکی دیکەی حەولە کاریگەرە ستراتێژیکەکان دەبێ ئەوە بێ کە زەختی زیاتر بخرێتە سەر تورکیە کە نەهێڵێ خەڵک و پێداویستیی بگەنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی. هاوکات تورکیە وەک ئۆردۆن و لوبنان دەبێ یارمەتی مادیی پێ بکرێ تا بتوانێ شان وەبەر قورسایی شەپۆلی پەنابەران بدات. وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەبێ کار بۆ ئەوەی بکەن کە شێوازی دەوڵەتی ئیسلامیی لەقاو بدەن و '' خەلافەتی ئیسلامی'' بە نایاسایی بزانن. لە ئەمریکا بۆچوونێکی وا لە ئاستی سیاسەتی ناوخۆدا هەیە. بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەمنییەت و دەزگای پۆلیس، دەبێ خۆیان دەگەڵ هەڕەشەکانی ئەم دۆخە نوێیە لە سنوورەکان و ناوەوەی وڵات بگونجێنن. پێشگرتن و زاڵبوون بەسەر ئەو تیرۆریستانەی بە تەنیا یان لە گروپی بچووکدا کار دەکەن، زۆر زەحمەتە.بەرگرتن لە هەڕەشە و جێبەجێکردنی هێرشی لەم چەشنە، پێویستی بە هێزی خۆڕاگریی کۆمەڵگایە و هەروەها روانینێکی نوێ بۆ ئازادی تاکە کەسی بەرامبەر ئەمنییەتی گشتیی. جگە لەوانە واقع بینی پێویستە. شەڕ دژی دەوڵەتی ئیسلامی شەڕێکی نەریتی نیە، ئێمە ناتوانین لە ماوەیەکی کورتدا لەناویان بەرین و ریشەکێشیان بکەین، چوونکە ئەوان زیاتر رایەڵکە و رێکخراوێکی بڕوا دارن کە خاک و هێزیان هەیە. تیرۆریزم قامچی سەر لەشی مرۆڤایەتی ئەم زەمانەیە، بەڵام بە خۆشییەوە ئەم هەڕەشەیەی دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەراست و باقی دنیای هەیە، زۆر زوو بێ هێز دەکرێ، بێتوو لە بەرامبەری‌دا یەکگرتوو بین و بۆی دانەنەوێنین. گرینگترین دەرسی هێرشەکانی پاریس بۆ ئێمە ئەوەیە کە هەمیشە و لە هەموو شوێنێک بۆ بەرپەرچ دانەوە ئامادە بین. نووسینی: ریچارد هاس ریچارد هاس دیپلۆماتێکی ئەمریکاییە و وتەبێژی کۆمیسیۆنی دارشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە. وەرگێڕانی بۆ سوئێدی: مارگارێتا ئێک لۆڤ وەرگێڕانی لە سوئێدییەوە: کەماڵ گروێسی سەرچاوە: رۆژنامەی '' داگێنس نیهێتەر'' ( دەنگ و باسی رۆژانە)