کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێرێزی بە نەتەوەکان بەچ مەبەستێک؟!

01:11 - 3 سەرماوەز 2715

ڕۆژی هەینی ١٥ی خەزەڵوەر لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی کۆماری ئیسلامی‌دا بەناوی"فیتیلە" کە بەڕوالەت بەرنامەیەکی تەنزه، بێرێزی بە ئازەرییەکان کرا. ئەو کردەوەیەی تەلەڤیزیۆنی ڕێژیم نارەزایەتییەکی زۆری لێ‌کەوتەوە و ڕۆژی ١٨ی خەزەڵوەر لە زۆربەی شارەکانی ئازەربایجان و شارە تورک نشینەکانی پارێزگاکانی ئەردەوێڵ و زەنجان و ئەو شارانەی تورکە ئازەرییەکانیان لێ‌دەژین، خەڵکی بۆ نارەزایەتی‌دەربرین بەو بێرێزییە ڕژانە سەر شەقامەکان. وەک نەریتی باو لە کۆماری ئیسلامی‌دا، هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم هێرشیان کردە سەر خەڵکی نارازی و بە تەقەکردن و کەڵک‌وەرگرتن لە گازی فرمێسک‌رێژ، خۆپێشاندانەکانیان سەرکوت کرد. هێزەکانی رێژیم وێرای دەسبەسەرکردنی کۆمەڵەلاوێک، چەند کەسێکیشان بریندار کرد. کاربەدەستانی تەلەڤیزیۆنی کۆماری ئیسلامی داوای لێبووردنیان لە ئازەرییەکان کرد و وێڕای ڕاگرتنی یه‌کجاریی بەرنامەی فیتیلە، بە قسەی خۆیان وایان نیشان دا که‌ بەڕێوەبەرانی ئەو بەرنامەیان لە کار دوور خستۆتەوە. دیارە گاڵتە و بێرێزی‌کردن بە نەتەوە بن‌دەستەکان و خەوشدارکردنی شوناسی نەتەوەییان لەلایەن نەتەوەی باڵادەست و دەسەڵاتەدارانی ئێرانەوە، شتێکی تازە نیە و مێژووەکەی لەتەمەنی کۆماری ئیسلامی درێژتره‌. مێژووی نوێی ئەو "سیاسەتە" کە زۆر زیرەکانه‌ و بۆ وەدیهێنانی ئامانج‌گەلێکی تایبەت دارێژراوە، دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای هاتنەسەرکاری رێژیمی پاشایەتیی بنەماڵەی پەهلەوی. لەپاش بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن ڕەزاخانی میرپه‌نجەوە، لە چوارچێوەی دامەزراندنی حکوومەتێکی یەکدەست لەسەر ئەساسی تێئۆری "دەوڵەت - نەتەوە" و زاڵکردنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی (فارس) "پان‌ئێرانیزم"، هەوڵێکی زۆر درا بۆ سەرکوتکردنی جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی نەتەوەکانی غەیری فارس و دامەزراندنی ئەو شێوەیە لە دەسەڵات. مەبەستی سەرەکی لەو سیاسەتە، دامرکاندنی هەستی نەتەوایەتی لەنێو پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئێران و پەرەپێدانی ئەو بیرۆکە کۆنەپەرست و داگیرکەرانەیە بوو کە ئێران لەیەک نەتەوە پێک‌هاتوە و ئەوانەی دیکە قەوم و عەشیرە و هۆزن و پێوەرەکانی بەنەتەوە بوونیان تێدانیە و بەو جۆره‌ شوناسی نەتەوەیی‌یان لاواز بکات و بەرەوفەوتانی بەرێ. بۆگەیشتن بەو ئامانجە، رێژیمی پاشایەتی جگە لە سەرکوت وزەبرو زەنگ و گرتن و لەسێدارەدانی رێبەران و هەڵسووڕاوانی جووڵانەوە نەتەوەییەکان، وەک رێبەرانی کۆماری کوردستان و حکوومه‌تی میللیی ئازەربایجان ، بە کەڵک‌وەرگرتن لە هەموو ئامراز و رێکخراوە ئیداری و دەوڵەتی‌یەکان تێ‌دەکۆشا، لەلایەک هەستی ئێرانی‌بوون لە ناخی غیرە فارسەکان‌دا بەهێز بکات و لەلایەکی دیکە بە گاڵتە و بێرێزی‌پێکردن و شێواندنی زمان و فەرهەنگی ئەو گەلانە، به‌ داتاشینی بەناو تەنز و جۆک و مەتەڵ، هەستی خۆبەکەم‌زانین و خۆ‌شاردنه‌وه‌ لە شوناسی نەتەوەیی و چوونە ژێر چەتری نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستیان له‌ هه‌ناودا بڕوێنێ. ئەوسیاسەتە لەماوەی زیاتر لە سێ دەیە لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی‌دا بەڕەنگ و ڕواڵەتێکی دیکە و زیرەکانەتر لە رێژیمی پێشوو بەڕێوە چووە. کۆماری ئیسلامی هەم بەکەلک‌وەرگرتن لە بەناو شوناسی ئێرانی‌بوون و هەم بە پەرەپێدانی باوەڕی "ئیسلامی" لە شێوەی ڕێژیمی ئاخوندی، زۆر باش توانی لەلایەک هەستی نەتەوایه‌تی لە "هه‌رنه‌بێ" به‌شێک له‌ پێکهاتە نەتەوەییەکاندا لاواز بکات و بۆ سەرکوتی نەتەوە ژێردەستەکان کە بەدرێژایی مێژووی هاوچەرخ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان خەبات دەکەن، کەڵکیان لێ‌وەربگرێ. کۆماری ئیسلامییش هەروەک رێژیمی پێشوو و بگرە زۆر دڕندانەتر ، دەستی داوەتە سەرکوتی نەتەوەکان و پێکهاتە ئیتنیکیی و ئایینییەکانی پێکهێنەری ئێران و لەو ڕووەوە کەمته‌رخەمیی نەکردوە! بێرێزی کردن بە ئازەرییەکان و سەرکوتی خۆپێشاندانی ئەوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، رێک لە درێژەی ئەو سیاسەتەدایە کە رێژیم لە ماوەی تەمەنی‌دا بەدژی باقی گەلانی ئێران جێبەجێی کردوە. ئەوە کە بۆ ئازەرییەکان کەمتر بەدژی کۆماری ئیسلامی دەجووڵێنەوە و بۆ هەتا وەک نموونەی ئەم‌جارە لەلایەن ته‌له‌ڤیزیۆنی دەوڵەتییەوە و جاری پێشوو لە ساڵی ١٣٨٥ لە لایەن ڕۆژنامەی"ئێران"ه‌ وە بێرێزییان پێ‌نەکرا، دەنگی نارەزایەتیی خۆیان بەرز نه‌کردەوە، دەگەرێتەوە بۆهۆکارگەلێک کە دەکرێ لەم چەند خاڵەدا باسیان لێوە بکرێ. ١ــ‌ کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە سیاسەتی سەرکوت و خەفەقان و تۆقاندن و ترساندنی کۆمەڵانی خەڵکی بەسەر ئێران‌دا سەپاندوە و لەئاست هەموو خەڵکی ئێران بەگشتی و لە بەرانبەر هەر چەشنە نارەزایەتی‌دەربرینێک، دژکردەوەی زۆر توندی هەیە وئازەرییەکانیش وەک هەموو خەڵکی ئێران لەو سیاسەتە دژی ئینسانییەی کۆمارئیسلامی بێ‌بەش نەبوون و نین. ٢‌ــ‌ سەرەڕای نەریتی خەباتگێڕانەی (سنت‌انقلابی) ئازەربایجان لە مێژووی هاوچەرخ‌دا وەک بەشداریی یەکلاکەرەوە لە شۆرشی مەشرووتە(١٢٨٥ــ١٢٩٠)دا و دامەزراندنی حکوومه‌تی میللی ئازەربایجان لە ساڵەکانی(١٢٢٤ــ١٣٢٥)دا، مەزهەبی هاوبەش لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند نەک هەر بۆتە فاکتەرێک بۆ لاوازبوونی هەستی نەتەوایەتی و نەگەڕانەوە بۆ توخمی نەتەوەیی لە بەرانبەر نەتەوەی باڵادەست‌دا، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی زۆر بە باشی لەو دیاردەیە کەلکی وەرگرتوە و تەنانەت بەداخەوە توانیویەتی ئاراستەی مەزهەبی و نەتەوەیی ئازەرییەکان بەرەوڕووی نەتەوەی زۆرلێکراوی کورد بکاتەوە. دوایین نموونەی لەم‌چەشنە رووداوی تاڵ و قێزه‌ونی ڕۆژی پێنجشەمە ٣٠ی ڕەزبەر بوو کە هێندێک هاندەری ئازەری لە یاریگای غەدیری شاری ورمێ سووکایەتی و بێرێزییان بە خزم و کەسی یاریزانێکی کورد کرد کە بە جل و بەرگی کوردی هاتبوونە یاریگاکە. ٣ــ تێکەڵاویی چڕی ناوەندە بەهێزە ئابوورییەکانی ئازەربایجان لەگەڵ تاران و حزووری سەرمایەدار و بەرهەمهێنە ئازەرییەکان لەئاستە هەرە بەرزە ئابوورییەکان لە هەموو بەشەکان‌دا و هەروەها بوونی بەربڵاو و بەهێزی ئازەرییەکان لەنێو دەسەڵاتی سیاسی لە بەرزترین پلەکانی‌دا، بوونەتە هۆکارێکی دیکەی لاوازیی هه‌ستی نەتەوایه‌تی لە نێو تورکە ئازەرییەکاندا . بەوحاڵەش هەروەک بەروونی دیارە، تورکە ئازەرییەکان وەک هەموو کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە لایەک لەژێر گوشاری تاقەت‌پرووکێنی سیاسەتە دژی گەلی و تۆقێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی و لەلایەکی دیکە لەژێر کاریگەریی ناسیۆنالیزمی تورکی (پان‌تورکیزم) لە وڵاتانی کۆماری ئازەربایجان و کۆماری تورکیە، بەرەو گەڕانەوە بۆ شوناسی خۆیان، واتە تورک بوون و ئازەری بوون دەگەرێنەوە. چالاکان و ڕووناکبیران و نووسەران و بەگشتی بژاردە و کەسایەتییە هەڵکەوتووەکانی گەلی ئازەربایجان لەئێران، لەو پێوەندییەدا ئەرکی زۆر قورس و هەستیاریان لەسەر شانە. ئێمەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هه‌ر له‌وکاته‌‌دا کە پێشوازی لە هەر چەشنە داوا و مافخوازییەکی برا ئازەرییەکانمان دەکەین و لەوباره‌یه‌وه‌ خۆمان بە هاوپەیمانی ئەوان دەزانین، داوا له‌ ڕووناکبیران و ئازادیخوازانی ئازەری ده‌که‌ین کە نەهێڵن کۆماری سەرکوتکەری ئیسلامی، جیهەت و ئاراستەی ناسیۆنالیزمی ئازەری بە دژی گەلی کورد هیدایەت بکات و لە ئاوی لێڵ ماسی بگرێ. رێژیمی کۆماری ئیسلامی ده‌یه‌وێ به‌ بزواندنی هه‌ستی مه‌ز‌هه‌بی‌و نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌و دووبه‌ره‌کی له‌نێو پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئێراندا ئه‌وان به‌گژ یه‌کتردا بکا. بۆیه‌ ده‌بێ تێکۆشه‌رانی کوردو ئازه‌ری به‌رانبه‌ر به‌و پیلانه‌ دژی‌ئینسانییه‌ وشیارو له‌سه‌ر هه‌ست بن‌و ڕێگا نه‌ده‌ن دوو نه‌ته‌وه‌ی هاوسێ‌و هاوزنجیر بکه‌ونه‌ ئه‌و داوه‌وه‌ که‌ کۆماری ئیسلامی بۆی داناون. لە ژماره‌ ٦٦٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌