کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاپەڕەیەکی نوێ لە شەڕی سوریە

14:43 - 7 سەرماوەز 2715

شەڕی سوریە، دوابەدوای ئاڵوگۆڕەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی، و سەرلەنوێ پێناسه‌¬کرانەوەی سیاسەت¬و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی کاریگەری ناوچه‌و جیهان لەو وڵاتە هاتەئاراوە و تا ئێستا بە چەند قۆناغدا تێپەڕیوە. قۆناغی یەکەم هەوڵی سەرکوت¬کردنی نەیارانی رێژیم بەدەستی ئەرتەشی سوریە بوو. بەماوەیەکی کورت، پێکدادانەکانی نێوان رێژیم و ئۆپۆزیسیۆن بە دەستێوەردانی دەرەکی ئاڵۆزتر بوون و زۆربەی لایەنەکان کەوتنە ناو بازنەی شەڕە بێ ئامانجەکانی سوریە. لێرەدا لایەنە کوردییەکان بە قۆزتنەوەی دەرفەتی بۆشایی دەسەڵات لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان توانییان زۆرینەی خاکی رۆژئاوای کوردستان کۆنترۆڵ بکەن و سیستمی حکومڕانی خۆیان دابمەزرێنن. قۆناغی دووەم؛ دوابەدوای دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی شیمیایی لەلایەن رێژیمی ئەسەد و هەڕەشەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا بۆ لەناوبردنی رێژیمی ئەسەد لە ئەگەری وەڕاست-گەڕانی ئەو دەنگۆیە بوو. وەڕاست¬گەڕانی ئەو دەنگۆیە، و پاشەکشەی ئەمریکا لە هەڵوێستەکەی و لەکۆتاییدا رێککەوتنی ئەمریکا و روسیە بۆ لەناوبردنی چەکە شیمیاییەکانی سووریه‌؛ شکستی پرۆژەی لەناوبردنی رێژیمی ئەسەد لەرێگای هێرشی نیزامی دەرەکی بوو. لەمەودوا چارەنووسی شەڕی ناوخۆیی سوریە، لە چوارچیوەی سنورەکانی ئەو وڵاتە دەرکەوت و ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان زیاتر لە ئۆپۆزیسیۆن و رێژیمی ئەسەد رۆڵی یەکلاکەرەوەیان وەرگرت. قۆناغی سێهەم؛ قۆناغی شەڕی نیابەتییە. شەڕێک کە بە بەشداری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی ئەسەدو لە دژکردەوە بەو دەستێوەردانەی ئێران، دروست¬کرانی گروپ و تاقمی چەکدار لەلایەن وڵاتانی عەرەبی سوننی ناوچە وەک عەرەبستان و قەتەر و هەروەها وڵاتی تورکیە بۆ بەرەوپێش¬بردنی پرۆژەی سیاسی خۆیان لەو وڵاتە، واتا لەناوبردنی ئەسەد و رێژیمەکەی، هاتەئاراوە. هەر لەو قۆناغەدا کاتێک سەرمایەگوزارییەکان لەسەر هێزەکانی ئەرتەشی ئازادی سوریە ئاکامێکی ئەوتۆیان لێ¬نەکەوتەوە، رێکخراوەکانی ئیسلامی سەلەفی تووندڕەوی هاوشێوەی "داعش" و "بەرەی نوسرە" سەریانهەڵدا. شەڕی نیابەتی؛ لە دەرەجەی یەکەمدا بەرهەمی ترسی کۆماری ئیسلامی لە گەیشتنی شەڕ بۆ سنوورەکانی خۆی پاش لەناوچوونی ئەسەد و لەدەرەجەی دووەمدا بەرهەمی پاشەکشەی ئەمریکا لە هەڵوێستی پێشووی لەمەڕ لەناوبردنی ئەسەد بوو کە وڵاتانی کاریگەری ناوچەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە سوریە بێ¬ئومێد کرد و بەو پێیە هەوڵیان¬دا تا راستەوخۆ و راشکاوانەتر لە جاران، لەشوێن سەرکەوتنی نیزامی لە بەرەکانی شەڕ بن. نزیک بە چوار ساڵ ئەوە دوورەدیمەنی شەڕ و رۆڵگێڕانی ئەکتەرانی جۆراوجۆر لە شەڕی سوریە بوو. لە سێپتامبری ٢٠١٥ بە دەستێوەردانی راستەوخۆی نیزامی روسیە و پاش پێکهێنانی بەرەی چوار لایەنەی روسیە، ئێران، عێراق و سوریە بۆ بەناو "شەڕ بەدژی تیرۆر"؛ لاپەڕەیەکی نوێ لە قەیرانی سیاسی و نیزامی سوریە هەڵدرایەوە. روسیە بەمەبەستی یارمەتیدانی هاوپەیمانانی لەمێژینەی خۆی واتا سوریە و ئێران، خۆدەرخستنەوەی وەک زلهێزێکی جیهانی و رەخساندنی کەشێکی سیاسی کە تێیدا ئەمریکا و یەکێتی ئورووپا ناچار بن تا لێڕوانینەکانی روسیە لە پرسی ئۆکراین زیاتر لەبەرچاو بگرن، راستەوخۆ بەشداری شەڕی سوریەی کرد. لە لێڕوانینی روسیە، ئەگەر رێژیمی ئەسەد لەدەسەڵات بکەوێت لە باشترین حاڵەتدا ئاڵۆزییەکی درێژماوە باڵ بەسەر ئەو وڵاتە دادەکێشێ و لە خراپترین سێناریۆش رێکخراوەکانی هاوشێوەی بەرەی نوسرە و داعش پێشڕەوی دەکەن. پێدەچی ئەمریکاش بەو بەشە لە لێروانینی روسیە رازی بێ. بەشێکی زۆر لە سیاسەتمەدارانی ئەمریکایی چیتر ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەوی سوریە بە ئاڵترناتیو بۆ دواڕۆژی ئەو وڵاتە دانانێن. لە وەها دۆخێکدا لەناوبردنی رێژیم و ئەرتەشی سوریە ئەو مەترسییە دروست دەکا تا ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی کارەساتبار بکەویتە دەست گروپە ئیسلامییە سەلەفییە تووندڕەوەکان. بەشێکی دیکە لە واشێنگتۆن لەسەر ئەو بڕوایەن کە دەبێ ئیزن بە روسیە بدرێ تا درێژە بە دەستێوەردانەکانی لەو وڵاتە بدا؛ بەو هیوایە کە لە داهاتوودا بە قازانجی پلانەکانی ئەمریکا بشکێتەوە. پاش عەمەلیاتی نیزامی روسیە، بەرنامە نیزامییەکان بۆ رووخانی رێژیمی سوریە کەمڕەنگ¬تر بوون و رەهەندی سیاسی قەیرانی سوریە ئەولەوییەتی وەرگرت. دانووستانەکانی ڤییەن بۆ گەیشتن بە رێگاچارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریە، کە بە بەشداری ١٧ وڵات، لەپاڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرێبەری روسیە و ئەمریکا لە مانگی رابردوو ئەنجام دران، پێشکەوتن لە فازی سیاسی پرسی سوریە بوو. گروپی نێونەتەوەیی پشتگیری لە سوریە پێکهاتوو لە ٢٠ وڵاتی وەک ئەمریکا، روسیە، عەرەبستان، تورکیە و ئێران لە کۆتایی ئەو دانوستانانەدا بە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی ڤییەن لەسەر هەوڵدان بۆ بەرەوپێش¬بردنی وتووێژی سیاسی لە سوریە، راگەیاندنی ئاگربڕ و گرژی¬سڕینەوە رێککەوتن. لێکتێگەیشتنی ڤییەن لەشوێن ئەوەیە تا بە سەقامگیرکردنی رێژەیی بارودۆخی سوریە، هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی داعش و گروپە تیرۆریستیەکانی دیکە چڕتر بکاتەوە. ئەو لێک¬تێگەیشتنە کە لە ئەگەری سازبوونی کۆدەنگی لەسەر خاڵە جێماوە ناکۆکەکان و گرینگ¬ترین¬یان چارەنووسی بەشار ئەسەد، بریارە لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینی¬یەوە، کار بۆ قۆناغی گواستنەوەی رێژیمی سوریە بکا. هەرچەند لەو لێک¬تێگەیشتنەدا باس لە حکومەتی کاربەڕێکەر، یاسای بنەڕەتی نوێ و هەڵبژاردنی نوێ کراوە، بەڵام کێشە و ناکۆکی جیددی لەنێوان لایەنەکان لەو بوارانەوە هەیە. هەر لەو ماوەشدا چەندین کێشەی جیددی بۆ تێکدانی ئەو لێک¬تێگەیشتنە، کە هێشتا لە قۆناغی سەرەتایی دایە، هاتۆتەئاراوە. پاشەکشەی کردەیی عەرەبستان، وڵاتانی کەنداوی فارس لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەدژی داعش کە بەگوێڕەی زانیارییەکان چەند مانگە بەشدارییان لە هێرشە ئاسمانییەکان نەکردووە، و ئاڵۆزبوونی پێوەندی تورکیە و روسیە لەسەر بوردومان¬کرانی گروپەکانی سەر بە تورکیە و خستنەخوارەوەی فرۆکەی رووسی لە رۆژانی رابردوو گرینگ¬ترین ئەو رووداوانەن کە دەتوانێ پاشەکشە بەو پێشکەوتنە رێژییانەی پرسی سوریە بکا.