کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئافەتی سەردەم

15:00 - 10 سەرماوەز 2715

لەم چەند حەوتووەی دوایی دا، دوو ڕووداو کە هەر دووکیان هەڵقووڵاوی یەک سەر چاوە بوون، سەرنجی میدیاکان‌و بیر‌و هەستی مرۆڤەکانیان بە خۆیانەوە خەریک کرد. یەکەمیان هێرشە تیرۆریستییەکانی شەوی ١٣ی نوڤامبری شاری پاریس بوو کە ١٩٠ کوژراو و سەدان برینداریان لێ کەوتەوە. ڕووداوی دووهەم، دۆزرانەوەی چەند گۆڕی بە کۆمەڵی کچان‌و ژنانی ئیزەدی بە دوای ئازادکردنی شەنگال بە هۆی هێزی پێشمەرگەوە بوو. هێرشە تیرۆریستییەکانی پاریس‌و ئاسەوارەکانیان، کاردانەوەیەکی جیهانیان هەبوو. داعش وەک هێزێکی تیرۆریستی، توانیبووی بۆ دووهەم جار پێتەختی وڵاتێکی گرنگی ئورووپایی بکاتە ئامانج و گۆڕەپانی هێرشەکانی خۆی، هێرشێکی تیرۆریستیی بەربڵاوتر لە هێرشەکەی پێشوو، بە ئامانجی گەیاندنی زیانی گیانیی گەورە‌و خوڵقاندنی وەحشەتێکی بەرین! بەڵام بەردەنگ و بەرسەرنجی هەواڵی دۆزرانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کچان‌و ژنانی ئیزەدیی کوژراوی دەستی چەکدارەکانی داعش، تاکەکانی کوردستان‌و ژمارەیەک میدیا‌و ناوەندی بەرگری لە مافی مرۆڤ بوون. بە شوێن دۆزرانەوەی گۆڕەبە کۆمەڵەکاندا، بەشی فارسیی تەلەڤیزیۆنی دەنگی ئەمریکا، دۆکیۆمێنتارێکی لە سەر تاوانەکانی داعش بەرامبەر بە ژنان‌و کچانی ئیزەدیی بەدیلگیراو بڵاو کردەوە. بە بێ گوێگرتن لەو بە سەرهاتانەی کچان‌و ژنانی ڕزگاربوولە جەهەننەمی داعش لە بارەی خۆیان‌و هاوچارەنووسەکانیان دەیگێڕنەوە، زەحمەتە بتوانین ئەو کارەساتانە وێنا بکەین کە لە جەهەننەمی داعش دا بە سەر ئەو ئینسانانە هاتوون. هەر کام لەو دوو ڕووداوە، ڕەهەندێک لە دوژمنایەتیی داعش لە گەڵ "ئەوانی دی" دەردەخەن. دوژمنایەتییەک کەهەموو سنوورە نەتەوەیی، ئایینی و جۆگرافییەکانی بەزاندوە. ئەو دوژمنایەتییە هەر تەنیا ڕووی لەو کەمایەتی‌و نەتەوە‌و وڵاتانە نییە کە دەکەونە دەرەوەی ئایینی ئیسلام. ئەو نەتەوە‌و وڵاتانەی لە مێژیشە ئایینی ئیسلامیان قبووڵ کردوە، هەرخۆیان بەرەوڕووی دوژمنایەتیی داعش دیوەتەوە. داعش کە لە سەر زەمینەی ملبەملە‌و ناکۆکیی وڵاتان‌و دەوڵەتانی شیعە‌و سوننی سەری هەڵداوە‌و بە هێزێکی هەڵقووڵاوی دنیای سوننە دەناسرێ، بۆ خەڵکی سوننە مەزهەبیش، بێجگە لە داوای ملکەچی‌و پشتیوانی لە دەسەڵاتە ڕەش‌و تاریکەکەیان هیچی دیکەی پێ نییە. بەم پێیە ئەوە هەر ئیزەدی‌و مەسیحی‌و جوولەکەی نێو کۆمەڵگەیەکی موسوڵمانی ژێر دەسەڵاتی داعش نین کە مافی ژیانیان نییە، بەڵکووموسوڵمانانیش، ئەگەر شیعە بن یا تەنانەت ئەگەر سوننی بن‌و لە گەڵ بیروباوەڕی توندڕەوانە‌و دەسەڵاتی ڕەشی ئەو تاقمە دا نەبن، هەر مافی ژیانیان نیە. لە ڕوانگەیەکی دیکەشەوە بیرکردنەوە‌و کردەوەی ئەو تاقمە جێگای تێڕامانە، ئەویش مەیدان‌و پانتایی جووڵە‌و چالاکییەکانی داعشە. نەک هەرئەو کۆمەڵگە‌و خەڵک‌و وڵاتانەی داعش لە نێویان هەلقووڵاوە، بەڵکوو هەر ناوچە‌و ولاتێکی جیهان، دەتوانێ ببێتە گۆڕەپانێک بۆ دەستوەشاندنی داعش لە دوژمنانی. ئەمەش وای کردوە ئەم هێزە تیرۆریستییە ببێ بە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش لە هەموو جیهان. نەتەوەی کورد لە دوو بەشی خۆرئاو‌او باشووری نیشتمانەکەی لە گەڵ داعش لە شەڕ دایە‌و لە سۆنگەی شەڕپێفرۆشتن‌و نیازی داگیرکەرانەی ئەو گرووپە تیرۆریستیە زیانی گەوەری گیانی‌و ئابووریی پێ گەیشتوە. ئەزموونی بەرەنگار بوونەوەی کورد لە گەڵ داعش لە هەرێمی کوردستان‌و لە کۆبانێی خۆراوای کوردستان، ڕاستییەکی سەلماندوە کە شایانی لێوردبوونەوە‌یە‌و جیی خۆیەتی هیزە ناوچەیی و جیهانییەکان دەرسی لێ وەربگرن‌و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تاقمە تیرۆریستییە لە وڵاتانی دیکە دا، سوودی لێ وەربگرن. خەڵک‌و ئەندامانی کۆمەڵگەیەک کە لە ڕووی فکرییەوە، پێش کەوتوون‌و لە ڕووی سیاسییشەوە هەست دەکەن خاوەن ماف‌و ئیرادەی خۆیانن، دەسەڵاتی داعشیانە قبووڵ ناکەن‌و ئامادەن بە هەموو توانا بەرەنگاری لەشکرکێشی‌و داگیرکاری‌و هێرشەکانی ئەو تاقمە ببنەوە. بەڵام ئەو بەرەنگارییەی ئەوان کاتێک سەرکەوتوو دەبێ کەپشتیوانیی نێودەوڵەتیشی لە گەڵ دابێ. سەرەڕای زۆر جیاوازی لە نیوان جێگە‌و پێگەی سیاسیی دوو نەتەوەی کوردو فەرانسی‌و جۆری ڕۆڵگێڕانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دا، شایەدی دووپاتبوونەوەی هەمان راستی بووین. فەرانسییەکان کە لە داهێنان‌و جێگیرکردنی زۆر لە بەها و بایەخە ئینسانی‌و مودێڕنەکانی ئەم سەردەمەدا، ڕۆڵی دیاریان هەیە‌و لە ئاستی جیهانییش دا، بەشێکن لە پڕۆسەی پەرەپێدانی ئازادی، دیموکراسی‌و مافی مرۆڤ، نیشانیان دا ئامادەن نرخی بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ ئەم ئافەتەی سەردەم بدەن و تەسلیمی نەبن. ئەو یەکگرتووییەی بە دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم دوایانەی پاریس دا، خەڵکی ئەو وڵاتە لە خۆیان نیشانیان دا، ئەو ئیرادە و لێبڕاوییەی خەڵک‌و دەوڵەتی فەرانسە بۆ درێژەی بەرەنگاری‌‌و دژایەتی لە گەڵ داعش نواندیان، بۆ خەڵکی کوردستان کە لە گەڵ داعش لە شەڕ دان‌و بۆ هەموو تاکێکی دژ بە تیرۆر‌و تاریکی‌و جەهالەت لە هەر شوێنێکی جیهان، مایەی دڵگەرمی بوون. هاودەردی‌و هاوپێوەندییەکیش کە لە ئاستی جیهانی دا بەرەورووی دەوڵەت‌و خەڵکی فەرانسە بۆوە، دووپاتبوونەوە‌و پێداگری لە سەر ئەو پەیامە‌و ئەو راستییەیە کە هەر نەتەوە‌و خەڵكێک ببنە ئامانجی شەڕ‌و هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش، دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و خەڵکی جیهان بە دەنگیانەوە بچن‌و بە تەنیایان نەهێڵنەوە. لە ژماره‌ ٦٦٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌