کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەروازەیەکی نوێی خەبات

13:02 - 14 سەرماوەز 2715

لە ساتەوەختی ئێستادا ئەم راستییە بۆ هەموو لایەک سەلمێندراوە کە یەکێک لە بەهێزترین و کاریگەرترین میکانیزمەکان بۆ بە ئامانج گەیشتنی دۆزی کورد، بەجیهانیکردنی ئەم پرسەیە. ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی رابردوو لە باشوور و رۆژئاوا و باکوور نیشانیان داوە کە کورد بۆ ئەوەی بگاتە مەبەست پێویستە بەردەوام پرسەکەی لە ناو میدیاکانی جیهاندا لە برەودابێ تا بتوانێ بۆ دواڕۆژ پاڵپشت و پشتیوان بۆخۆی مسۆگەر بکا. سووکەئاوڕێکی خێرا بۆ رابردووی مێژووی خەباتی گەلی کورد ئەوەمان پێدەڵێ کە سەرکردایەتی سیاسی کورد لەم بابەتە خافڵ نەبووە و حەولێکی بەردەوامی داوە بۆ ئەوەی سرنجی میدیا و ڕێکخراوە جیهانییەکان بۆ لای خۆی رابکێشێ و کەم تا زۆر کاری بۆ کردووە. بەڵام ئەمڕۆکە لە میدیای جیهانیدا رۆژهەڵاتی کوردستان لەچاو پارچەکانی تر غایبێکی گەورەیە! لە ماوەی سەرکردایەتی شەهید دوکتور قاسملوودا وەک سکرتێری حیزبی دێموکرات بە هۆی کەسایەتی ناسراوی لە ئەورووپا و هەروەها ناسیاوی لەگەڵ سیاسەتمەداران و رۆژنامەنووسانی جیهان پرسی کورد لە رۆژهەڵات ببوو بە رۆژەڤ، بە جۆرێ کە میدیا هەرە بەناوبانگەکانی دنیا بەردەوام هەواڵەکانی کوردستانی ئێرانیان دەگواستەوە. وەک نموونە: گاردییەنی بەریتانیا، لۆمۆندی فەڕەنسا، دێیلی تێلگڕافی بەریتانیا، لوسواری بەلژیک، ئیکۆنۆمیستی بەریتانیا، هێڕاڵد تریبۆنی ئەمەریکا، ساندی تایمزی بەریتانیا، زوددۆیچە ئاڵمانیا، نیووزویکی ئەمەریکا، فاینەشناڵ تایمزی بەریتانیا، فیگارۆی فەڕەنسا، فرانكفۆرتر ئاڵگماينێی ئاڵمانیا و... تەنانەت ساڵی ١٩٧٤ لە یه‌کێک له‌ رۆژنامه‌ پرتیراژه‌کانی ئه‌مریکا بە قەڵەمی خۆی بابه‌تێک له‌سه‌ر کۆماری کوردستان بڵاودەکاتەوە. با دوو نموونە باس بکەین: رۆژنامەی فیگارۆ وەک پڕتیراژترین رۆژنامەی فەڕەنسا لە کاتی لە لووتکەدا بوونی شۆڕشی رۆژهەڵاتی کورستان لە بەرواری ٢٠.٨.١٩٧٩ ئاوا دەنووسێ: ئەگەرچی کوردستان وەک وڵات لەسەر هیچ خەریتەیەک بوونی نییە بەڵام پێنجسەد هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە خاک و زیاتر لە بیست ملیۆن حەشیمەتی هەیە و لە مێژووی هاوچەرخدا هەرکات کوردستان رادەپەڕێ پێنج وڵات دەلەرزێن... فیگارۆ لە درێژەدا دەنووسێ: نەتەوەی کورد بەسەر پێنج وڵاتی تورکیا، ئێران، عێراق، سووریا و یەکێتی سۆڤییەت دابەشکراوە کە بە درێژایی مێژوو بەردەوام لە شۆڕشدا بوون و هەمیشە وەک ئەرمەنییەکان سەرکوتکراون. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەنەدێکدا کە لە ٢٨ی مارس پێشکەشی خومەینی کردووە خوازیاری مافی نەتەوەیی بۆ سەرجەم نەتەوەکانی ئێران بە شێوەی خودموختاری یان فیدراسیۆن لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاددا بووە و... پڕتیراژترین رۆژنامەی ئاڵمانی "زوددۆیچە تسایتونگ" لە بەرواری ١.٩.١٩٧٩ باس لەمە دەکا کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا لە وڵاتانی ئەندامی "جنبش عدم‌تعهد" لە هاوانا داوای کردووە کە سیاسەتەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی لەهەمبەر کوشتاری کوردەکانی ئێران ئیدانە بکەن. بێگومان قورسایی هەرەزۆری ئەرکی بەجیهانی کردنی پرسی کورد لە دەیەی هەشتای زایینی تا ئەوکاتەی دوکتور قاسملوو مابوو لەئەستۆی خۆی بوو، سەرەڕای نەبوونی ئیمکاناتی میدیایی لەو سەردەمدا توانی سرنجی میدیا بەناوبانگەکانی جیهانی بۆ لای خۆی و نەتەوەکەی رابکێشێ. نموونەیەکی بەرچاوی تر وەک هەوڵێکی تازە بۆ بە جیهانیکردنی دۆزی کورد بەئەندامکردنی حیزبی دێموکرات لە ڕێکخراوەی ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیستدا بوو. بەڵام پرسیارێک کە لێرەدا قوت دەبێتەوە ئەوەیە کە بۆچی لەسەردەمی شەهید دوکتور قاسملوودا کە کەرەسەکانی پەیوەندی وەک ئینتێرنێت و سۆشیال میدیا کە ئەمڕۆ لە چرکەیەکدا هەواڵەکان دەگوازنەوە بوونی نەبوو، یان حیزبەکان وەک ئێستا لە ئەورووپا و ئەمەریکا و کانادا کۆمیتەیان نەبوو، یان ئەندام و لایەنگری حیزبەکان ئاوا بە بەربڵاوی لە دەرەوەی وڵاتدا نەبوون، ئەدی بۆ بە نیسبەت سەردەمی دوکتور قاسملوو سەرەڕای ئەم هەمووە پێشکەوتنە تێکنۆلۆژیکییە پرسی کوردی رۆژهەڵات زۆر زۆر کەمترە و لە پەراوێزدایە؟ خۆ ئەمە راستە کە بە شێوەیەکی جەوهەری و بە هۆی دۆخی تایبەتی پرسی کورد لە باشوور و باکوور و رۆژئاوا لە رۆژەڤدایە و میدیاکانی جیهانی ئاوڕی وێدەدەنەوە، بەڵام ئەمەش نابێتە پاساو بۆ ئەوەی کە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو میدیای جیهاندا هیچ حزوورێکی نەبێ و پەیوەندی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەم میدیایانە لە نزمترین ئاستی خۆیدابێ! دیارە نکۆڵی لە هەندێ حەولی پەراکەندەی تاکەکەسی و حیزبی ناکەم بەڵام ئەمە بە هیچ کلۆجێک کیفایەت ناکا. ئێستا بە پێی ئەم پتانسییەلە میدیایی و راگەیەندراوییەوە و بوونی دەیان ڕێکخراوەی سیاسی نێونەتەوەیی (کە شارەزای دۆزی کوردن) و حزووری کەسانی ئاکادیمیسییەن و نووسەر و رۆژنامەنووسی نیشتەجێی دەروەی وڵات، جێی خۆیەتی بە هەموو چەشنێ ئەم پەیوەندییانە بە شێوەیەکی تۆکمە و پلاندار سەرلەنوێ سازبدرێتەوە و سەرنجی میدیاکانی جیهان کە ئێستا وەک میدیای نێونەتەوەیی دەوردەگێڕن و لەسەر سیاسەتی دەوڵەت و رای گشتی نەتەوەکانی خۆیان و تەنانەت دەوڵەتانی تریش شوێندانەرن، بۆ پرسی کورد لە رۆژهەڵات ڕابکێشن. ئێستا کە خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی ڕێژەیی لە کزێی داوە، کەڵکوەرگرتن لە وزەی ئەم میدیا جیهانیانە دەروازەیەکی نوێی خەباتمان بەڕوودا دەکاتەوە، رێک وەک ئەم کارەی دوکتور قاسملوو کردی!