کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرچاوە ئابوورییه‌کانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش _ISIS)

03:33 - 16 سەرماوەز 2715

داعش دەوڵەمەندترین رێکخراوی تێرۆریستیی جیهانە. سەرچاوەی ئابووریی داعش بۆتە هۆی بەردەوامی هەرەشەکانی ئەو گرووپە بۆ سەر جیهان. داعش لە ساڵی ٢٠١٤ کۆنترۆڵی پارێزگای موسڵی لە عێراق کرد کە لەم رێگەیەوە کۆنترۆلی حەشیمەتێکی چەند میلیۆنی و پانتایەکی جۆغرافیایی گەورەی کەوتە دەست. داعش هەروەها بەشیک لە خاکی سووریەی داگیر کردوە کە توانای ئەو گرووپەی هێندەی دیکە زیاد کردوە. داعش نە تەنیا لە ولاتانی جۆراوجۆری جیهان ئەندامی گرتووە بەڵکوو بۆتە بە هەرەشەیەکی جیددیش بۆ سەر ئاسایشی ولاتان بە تایبەتی وڵاتانێک کە لە هاوپەیمانێتی نیزامی بە دژی ئەو گرووپە بەشدار و چاڵاکن. ئەو گرووپە لە دوایین هێرشی تێرۆریستی لە ١٣ نوامبەری ٢٠١٥ بۆ سەر پاریس، گیانی زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتی فەرانسەوی ئەستاند. شەری دڕیژخایەن لەگەڵ داعش پێویستی بەوەیە کە بنچینە فیکری و ئایدیۆلۆژیەکانی ئەو گرووپە بکرێتە ئامانج. بەڵام رێگەچارەی واقعبینانەتر بۆ شەر لەگەڵ داعش رەنگە ئەوە بێ کە سەرچاوە ئابووری یەکانی ئەو گرووپە دەستنیشان و بنەبڕ بکرێ. ئەو بابەتە هەوڵ ئەدا باس لە سەرچاوەی داهاتی داعش بکا و هێندێک رێگەچارە بۆ شەری ئابووری لەگەڵ داعش دەستنیشان بکا. نەوت وەک گەورەترین سەرچاوەی داهات کۆنترۆلکردنی کێلگەکانی نەوت لە عێراق و سووریە زیاترین داهاتی بۆ داعش دەستەبەر کردوە. داعش لە هێڕشەکانی خۆی بۆ داگیرکردنی ناوچەگەلێک هەوڵ دەدا کە کێلگەی نەوتی تێدایە. کەوایە هێرشی نیزامی داعش بە شیوەیەکی دارێژراو و ستراتژیک لە خزمەت بەهێزکردنی ئابووری ئەو گرووپە دایە. لە وتارێک کە لوای ئەلخەتێب، ئەندامی ئەنجومەنی وزەی عێراقە، لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی کرد، داهاتی رۆژانەی داعش لە رێگەی بازرگانی نایاسایی نەوت نزیکەی ٢ میلیۆن دۆلارە. بە وتەی ئەلخەتیب، داعش رۆژانە دەتوانێ ٣٠،٠٠٠ بەرمیلی نەوت بە رێگای قاچاغ و لە رێگەی سنووری دراوسێکانی بە نرخی هەر بەرمیلێک لە نێوان ٢٥ بۆ ٦٠ دۆلار بفرۆشێ. داعش بۆ بازرگانی نەوت لە سیستمی بانکی کەڵک وەرناگرێ بۆ ئەوەی نەکرێ لە لایەن وڵاتانی رۆژئاوایی بلۆکە بکرێ. بە پێی بەداواداچوونی مەتیوو رید، داعش نەوت لە رێگەی تانکێرەکان بۆ وڵاتانی تورکیە، ئێران و ئوردون دەگوازرێتەوە و دەفرۆشێ. نەبوونی هاوکاری لە نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەراست و هەروەها سیستمی بازرگانی گەندەڵی ئەو وڵاتانە وایکردوە داعش بتوانێ کۆمەلێک دەرفەتی بازرگانی بۆ خۆی دەستەبەر بکا. داهاتی کشتوکاڵ داهاتی کشتوکال یەکێکی دیکە لە سەرچاوەکانی داهاتی داعشە. ئەو گرووپە داهاتێکی زۆری لە فرۆشی گەنم، گەنمە شامی و جۆ هەیە. ئەو شوێنانەی داعش لە عێراق کۆنترۆلی کردوە نزیکەی ٤٠% گەنمی عێراق بەرهەم دەهەنێ. هەروەها داعش لە کاتی کۆنترۆلکردنیی مووسڵ، دەستی بەسەر ٤٠،٠٠٠ بۆ ٥٠،٠٠٠ تۆن گەنم لە سیلۆکانی دەوڵەتی گرتووە. زۆرێک لە وەرزێرانەی مووسڵیان جێ هێشتووە، زەوی یەکانیان لە لایەن داعش زەوت کراوە و بە هۆی هێزی مرۆیی زۆر، بە هێزی کاری هەرزان لەو زەوییانە بەرهەمی کشتوکالی بەدەست دێنن. ستاندی ماڵیات و باج لە خەڵک داعش لەو ناوچانەی کۆنترۆلی کردوە لەسەر بەرهەمی جۆراوجۆر و هێندێک لە پیشەکان، مالیاتی داناوە. داعش هەوڵی داوە کە وەک دەوڵەتێک هەڵسووکەوت بکا و لە رێگەی ستاندنی ماڵیات داهاتووی ئابووری خۆی دابین بکا. بە پێی وتەی دانیشتووانی ڕەقە، داعش باجی لە سەر هەموو کاڵایەکی هاوردە و هەناردە داناوە . ئەو گرووپە لە خەڵکانێک کە بازرگان، جووتیار و بەرهەمهێنەر بن، مالیات دەستێنێ. داعش لە رێگەی رفاندنی خەڵکیش داهات بۆ خۆی دابین دەکا. ئەو گرووپە خەڵکانێک دەرفێنێ و دواتر بە پوولێکی زۆر ئازادیان دەکا یا دەیانفرۆشێتەوە. یارمەتی و پێوەندی لەگەڵ هێندێک وڵات هێندێک وڵاتیش پالپشتی و یارمەتی داعش دەکەن. چ وەک هاووڵاتیان و چ وەک لایەنی فەرمی، وڵاتانی خەلیج وەک عەرەبستانی سعوودی، قەتەر، کویت و ئیماراتی عەرەبی پشتیوانی ماددی داعش دەکەن. لەو گرژییەش کە بۆی لێدانی فرۆکەی شەرکەری رووسی، لە نێوان رووسیە و تورکیە هاتۆتە ئاراوە، رووسیە کۆمەلێک وێنەی ڤیدیۆی بڵاو کردۆتەوە کە باس لە بازرگانی کردنی نەوت لە نێوان داعش و تورکیە دەکا. بۆ شەر لەگەڵ داعش پێویستە بزانین چ وڵاتانێک و بە چ ڕادەیەک دەبێ سەرمایەی ماددی تەرخان بکەن بۆ ئەوەی داعش لەنێو بەرن و دواجار چ وڵاتگەلێک لە نەمانی داعش قازانجی ئابووری زیاتر دەکا. ئەگەر سەیری راگەیاندن و ئاراستەی نیزامی داعشیش بکەین، دەبین کە ئەگەرچی ئەو گرووپە هەرەشە و گرفتی بۆ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دروست کردوە بەڵام کێشەی بۆ ئێران و تورکیا دروست نەکردوە و هەوڵی داوە هەموو رێگا ئابووری و سیاسی یەکان بەسەر خوێدا نەبەستێ. هەروەها لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەراستیش کە وڵاتان چ لە نێو وڵاتەکانیان و چ لە ناوچەکە زۆر رێز لە یاسا ناگرن و بازاری رەش بەشێک لەو ناوچە بووە، داعش دەتوانێ بەردەوامی و پەرە بە ئئابووری خۆی بدا. سه‌رچاوه‌کان: Aboites, Fernanda Uro. "What Keeps ISIS Running: The Funding and Support of a Terror Organization."Egyptian Streets.N.p., 11 May 2015. Web. 28 Nov. 2015. . Al-Khatteeb, Luay."The UN Strikes Back at ISIL's Black Economy."The Brookings Institution. N.p., 23 Aug. 2014. Web. 28 Nov. 2015. . "Explaining The Islamic State’s Oil Industry, Interview With Foreign Reports’ Matthew Reed." Musingsoniraq.blogspot.com. N.p., 9 Nov. 2015. Web. 28 Nov. 2015. . Fick, Maggie. "Special Report: Islamic State Uses Grain to Tighten Grip in Iraq." Reuters. Thomson Reuters, 01 Oct. 2014. Web. 28 Nov. 2015. . Giovanni, Janine Di, Leah Mcgrath Goodman, and Damien Sharkov. "How Does ISIS Fund Its Reign of Terror?" Www.newsweek.com. N.p., 6 Nov. 2014. Web. 28 Nov. 2015. . Macias, Amanda, and Jeremy Bender. "Here's How The World's Richest Terrorist Group Makes Millions Every Day."Business Insider. Business Insider, Inc, 27 Aug. 2014. Web. 28 Nov. 2015. . Niblett, Robin. "Paris Attacks Come at a Dangerous Moment for Europe." Chatham House.N.p., 14 Nov. 2015. Web. 28 Nov. 2015. .