کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میرە کوردەکان: جۆغرافیا و ژیئۆپۆلیتیک

17:39 - 17 سەرماوەز 2715

زۆربەی لێکۆلەران و مێژوونووسان لەسەر مێژووی ئیمپراتووری و دەوڵەتەکان لێکۆلینەوەیان کردوە بەڵام کەمتر بایەخیان بە مێژووی گرووپگەڵی بێ ئیمپراتووری و بێ دەوڵەت داوە. مێژووی کوردەکانیش بە هۆی نەبوونی ئیمپراتووری و دەوڵەتی کوردی کەمتر سەرنجی مێژوونووسان و لێکۆلەرانی ڕاکێشاوە. هەر بۆیە مێژوو زۆرتر مێژووی دەسەڵاتدارانە، بە دەستی دەسەڵاتداران و لەبارەی دەسەڵاتدارانه‌وه‌ نووسراوە. لە سەدەی شازدە و حەڤدەی زائینی‌دا، گرووپگەلی جیاواز کە لە خۆرهەڵاتی نێوەراست دەژیان چوونە ژێر دەسەڵاتی یەکێک لە ئیمپراتووری‌یەکانی عوسمانی یان سەفەوی. بەڵام میرە کوردەکان لەو سەردەمەدا چەشنێک لە سەربەخۆیی و خۆبەرێوەبەریی خۆیان ڕاگرت. ڕادەی سەربەخۆیی ئەو میرنشینە کوردانە جیاواز بوو؛ هێندێکیان زۆرتر وەک هاوپەیمانێکی عوسمانی و سەفەوی هەڵسوکەتیان دەکرد و هێندێکیشیان سەربەخۆیی‌یان کەمتر بوو و دەبا لە کاتی شەردا هێزیان بۆ یارمەتیی ئیمپراتوور ناردبا و باجیان دابایه‌. له‌به‌ر ئەوەی کوردستان سروشتێکی شاخاویی هەبووە، دانیشتووه‌کانیشی وه‌ک خەڵکانێکی شەڕکەر و بەهێز راهاتوون. هەروەها ناوچەی کوردستان لە سەدەی شازدە و حەڤدەدا لە نێوان ئیمپراتووریی عوسمانی و ئیمپراتووریی سەفەوی‌دا ئه‌مبه‌رئه‌وبه‌ری ده‌کرد ؛ ئەگەر هێزی یەکێک لەو ئیمپراتووری‌یانە زیادی کردبا، هێزی میرنشینە کوردەکان کەمی دەکرد و بۆ ئەوەی سەربەخۆیی و دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن ڕوویان لەو ئیمپراتوورییە وەردەگێڕا و لایەنگری‌یان لە ئیمپراتووری‌یەکەی دیکە دەکرد. ئەم وتارە باس لەوە دەکا کە میرنشینە کوردەکان لە سەدەی شازدە و حەڤدەدا بە هۆی هێندێک تایبەتمەندیی جۆغرافیایی و هەروەها تێگەیشتن لە ژیئۆپۆلیتیکی خۆرهەڵاتی نێوەرڕاست لەو سەردەمەدا، لە ڕادەیەک لە دەسەڵات و خۆبەرێوەبەری بەهرەمەند بوون. ئەم وتارە جەخت لەسەر سیاسەتی میرنشینە کوردەکان لە سەردەمی ئیمپراتووریی عوسمانی و ئیمپراتووریی سەفەوی دەکا. میرەکان و گرینگیی جۆغرافیا ئەگەرچی جۆغرافیا و ژینگە لە پێوەندی لەگەڵ کورددا رۆڵی یەکلاکەرەوەی نەبووە بەڵام کاریگەریی گەورەی لەسەر داڕشتنی مێژووی سیاسیی کورد هەبووە. کوردستان بە ناوچە سەخت و شاخاوی‌یەکانی هەمیشە هێزە داگیرکەرەکانی سڵەماندۆتەوە و پەناگەی هێزە راپەڕیو و لاوازەکان بووە. هەر بەم هۆکارەیە کە هێندێک ئایینی بچووک وەک ئایینی ئیزه‌دی لە کوردستان جێگایان بۆتەوە و خۆیان حەشار داوە. هەروەها سروشتی کوردستان دانیشتووانی کوردستانی بەهێز و شەڕکه‌ر بار هێنابوو. لە باری ئابوورییشه‌وه‌ کوردستان لەو سەردەمەدا بۆ کشتوکال زۆر باش نەبوو. هەر بۆیە سپای داگیرکەران هێرش بۆ سەر کوردستانیان زۆر به‌ دژوار و کەم سوود لەقەڵەم دەدا. شەڕی نێوان محەممەد بەگی ئوستاچلو، حاکمی قزڵباشی دیاربەکر، لەگەڵ میر شەرەف، میری جەزیرە نیشان دەدا کە چۆن جوغرافیای کوردستان وای کردوە کە میرە کوردەکان بە بەردەوامی بۆ سەربەخۆیی و خۆبەرێوەبەریی خۆیان هەوڵ بدەن. محەممەد بەگی ئوستاچلو فەرماندەیەکی قزڵباش بوو کە شا عەبباسی سەفەوی بۆ بەڕێوەبەریی دیاربەکر ناردبووی بەڵام میر شەرەف لەگەڵ هێزەکەی لە شاخەکان دەمایه‌وە و هەر کات دەرفەتیان وەگیر دەکەوت یان بۆیان دەردەکەوت کە ئیمپراتووریی سەفەوی تووشی گیروگرفت بووە هێرشیان دەکرد و دیسان دەگەڕانەوە بۆ شاخ. (ئاغا،شێخ،دەوڵەت،١٤١-١٤٢). هەر بۆیە جۆغرافیای کوردستان و بە تایبەت شاخە سەختەکانی، هاوپەیمانێکی گەورەی میرە کوردەکان بوون. عوسمانی‌یەکان کە پراگماتیست‌تر بوون و تواندنەوە و کۆنتروڵی راستەوخۆیان کەمتر بەلاوە گرینگ بوو، هەوڵیان دا کوردستان بکەن بە ناوچەیەکی له‌مپه‌ر لە نێوان خۆیان و ئیمپراتووریی سەفەوی‌دا. داواکاریی عوسمانی یەکان لە کورد تەنیا ئەوە بوو لە دژی سەفەوی شەڕ بکەن و قووڵایی ئەمنییەتیی عوسمانی بەرفراوان بکەن و بی‌پارێزن. ئەو سیاسەتەی ئیمپراتووریی عوسمانی لە نووسراوەکانی ئەولیا چەڵەبی‌ بە ڕوونی دەردەکەوێ. ئەولیا چەڵەبی(١٦٨٢-١٦١١) تورکێکی گەریدە بوو کە سەفەری بۆ زۆر لە پارێزگاکانی عوسمانی و لەوانە میرنشینە کوردەکان کرد. چەڵەبی بەم‌شێوەیە باسی کوردستان دەکا: " ناوچەیەکی زۆر بەرفراوانە. لە باکوور لە ئەرەزەرووم دەست پێ‌دەکا و دەگاتە وان، هەکاری، جەزیرە، ئامەدیە، مووسڵ، شارەزوور، هەریر و ئەردەڵان تا دەگاتە بەغدا، سێ رۆژ سەفەر بە نێو کوردستانی شاخاوی‌دا. ئەگەر شەش هەزار که‌س له‌ عەشیرەی کورد لەو ناوچە بەرز و شاخاوی‌یانە بەربەستێکی پتەویان لە نێوان عێراقی عەڕەبی و عوسمانی‌یەکان دروست نەکردبا، بۆ فارسەکان زۆر ئاسان دەبوو کە ئاسیای نێوەڕاست داگیر بکەن." (سەفەرنامەی ئەولیا چەڵەبی، ٥). هەڵبەت سەفەوی‌یەکانیش دواتر پراگماتیستانەتر سیاسەتیان کرد و هەوڵیان دا چەشنێک لە سەربەخۆیی و ئوتۆنومی بدەن بە میرنشینە کوردەکان و بەلای خۆیان‌دا ڕایان‌بکێشن. بۆ نموونە خانه‌دانی ئەردەلان بە پێتەختی سنە، فێدراسیۆنی میرنشینەکانی موکری، عەشیرەکانی بڵباس و هەکاری لە ناوچەی نفووزی ئیمپراتووریی سەفەوی لە خۆبەرێوەبەری‌یەکی زۆر بەهرەمەند بوون. (مەک دۆنالد، ٢٧). میرەکان و ژیئۆپۆلیتیک سەرۆک‌عەشیرە کوردەکان لە کێشە و ململانێی نێوان ئیمپراتووریی عوسمانی و ئیمپراتووریی سەفەویدا بۆ دەستەبەرکردن و بەردەوامیی دەسەڵاتی تارادەیەک سەربەخۆی خۆیان کەڵکیان وەردەگرت. بۆ نموونە ئەگەر هەر یەک لەو ئیمپراتووری‌یانە تووشی لاوازی ببا، سەرۆک‌عەشیرە کوردەکان هەوڵیان دەدا وەفاداریی خۆیان بۆ لایەنی بەهێز دەرببڕن و لە بەرامبەردا داوای بەردەوامیی دەسەڵاتی خۆماڵیی خۆیان دەکرد. پاش دامەزراندنی ئیمپراتووریی عوسمانی لە ساڵی ١٥٠١دا، شا سمایل زۆر لە سەرکردە کوردەکانی کوشت و فەرماندە قزڵباشەکانی خۆی کردنه‌ بەڕێوەبردنی میرنشینە کوردەکان. ساڵی ١٥١٠، گرووپێکی ١٦ کەسی لە سەرۆک‌عەشیرە کوردەکان بۆ دیتنی شا سمایل چوونە شاری "خۆی"، بۆ ئەوەی وەفاداریی خۆیان بۆ شا دەرببڕن. شا سمایل فەرمانی دا کە هەر هەموویان دەستبەسەر و زیندانی بکەن. (باجەلان، ٨٠٢). بە هۆی ئەم هەڵسوکەوتەی شا سمایلی سەفەوی‌یه‌وه‌، سەرکردە کوردەکان بە شوێن دەرفەتێک‌دا گەڕان بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان دیسان دەستەبەر بکەنەوە. بە پێی شەرەفنامە، ٢٥ میری کورد بە هۆی زیرەکی و یارمەتیی ئیدریس بەتلیسی کە دیپلۆماتێکی کارامەی کورد بوو، نامەیان بۆ سوڵتانی عوسمانی نارد و پەیمانی هاوکاری و وەفاداری‌یان پێ دا. کاتێک شەڕی نێوان ئیمپراتووریی عوسمانی و ئیمپراتووریی سەفەوی لە چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤دا ڕووی دا، میرە کوردەکان پشتیوانیی عوسمانی‌یان کرد، ئیمپراتووریی سەفەوی دۆڕا و میرەکان دەسەڵاتی خۆیان مسۆگەر کردەوە. (بروئینسێن، ١٤٣). دوای تێکشکانی ئیمپراتووریی سەفەوی، سوڵتان لە ئیدریس بەتڵیسی دەپرسێ کە کام لەو میرانە وەک نوێنەری خۆی لە ناوچە کوردنشینەکان دیاری بکا، بەتلیسی وه‌ڵام دەداتەوە کە باشترە سوڵتان کەسێک لە فەرماندەکانی خۆی بنێرێ چونکە هیچ کام لەو میرانە دەسەڵاتی ئەوانی دیکە قبووڵ ناکه‌ن. (برووئینسێن، ١٤٤). دیارە هێندێک لە میرە کوردەکان زیرەک بوون لەوەی نە تەنیا ئۆتۆنۆمیی خۆیان بپارێزن بەڵکوو هێژمۆنی‌یان بەسەر میرەکانی دیکەش‌دا هەبێ. ئەحمەد خان، خانی ئەردەڵان، بووە بە دۆستی نزیکی شا عەبباس؛ ئەحمەد خان لەگەڵ خوشکی شا عەبباس زەماوەندی کرد و لەو رێگەیه‌وە سەرکردەکانی بڵباس و موکریی سەرکۆت کرد. (مەک داول، ٣٢). ئەگەر لە لایەک شاخەکانی کوردستان یارمەتیی میرە کوردەکانیان دا بۆ ئەوەی چەشنێک لە دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن، لە لایەکی دیکە سیاسەتی کوردی بە ناوچەیەکی جۆغرافیایی دیاریکراو سنووردار کرد. ئیمپراتوورگەلێک وەک ئیمپراتووریی عوسمانی و ئیمپراتووریی سەفەوی بەرهەمی بەرفراوانکردنی دەسەڵات لە لایەن عەشیرە و گرووپگەلێکی بچووک بوون. بەڵام میرە کوردەکان تەماع و ئیرادەی گەورەبوون و دامەزراندنی ئیمپراتووری‌یان نەبوو. میرە کوردەکان بەردەوام لە پەراوێزی ناوەندەکانی سیاسی، ئابووری و کەلتووریی عوسمانی و سەفەوی‌دا بوون بەڵام خۆیان قەت نەبوون بە ناوه‌ند. هەروەها سیاسەتی میرە کوردەکانیش پاسیڤ بوو بەو واتایە کە کاریان کاردانەوە بە ئاڵوگۆڕ لە نێو ئیمپراتووری و زلهێزەکانی دیکەدا بوو. هاتنەسەردەسەڵاتی ئیمپراتووری‌یه‌کی بەهێز لەهەر یەک لە ئیمپراتووریی عوسمانی یان سەفەوی دەی‌توانی کاریگەریی گەورە لە سەر چارەنووسی میرنشینە کوردەکان دابنێ. بۆ نموونە کاتێک شا عەبباس بووە شای سەفەوی، سەرجەم میرە کوردەکانی تێک‌شکاند و هێندێک لە عەشیرەکانی بۆ خوراسان تەبعید کرد. ئەو کوردانەی خوراسان بەرهەمی سیاسەتی تەبعیدکردنی دەورانی شا عەبباسی سەفەوین. (بروئینسێن، ١٣٤). ئەو سیاسەتە پاسیڤەی میرە کوردەکان وای لە ئەحمەدی خانی کرد کە لە "مەم و زین"ی خۆی‌دا کە ساڵی ١٦٩٥ چاپ کرا ئاوا ڕەخنەیان لێ بگرێ: "ئەگەر کوردەکان پاشایەکیان هەبا ... ئەو روومی‌یانە نەیان‌دەتوانی تێکمان بشکێنن، ئێمە تووشی چارەرەشی و سەرگەردانی نەدەبووین، بە هۆی تورک و تاجیک تێک نەدەشکاین و دیل نەدەکراین (ئیپێل، ١٦-١٧). سەرچاوەکان: Bruinessen, Martin Van. Agha, Shaikh, and State: The Social and Political Structures of Kurdistan. London: Zed, 1992. Print. Bajalan, Djene Rhys. "Şeref Xan's Sharafnama : Kurdish Ethno-Politics in the Early Modern World, Its Meaning and Its Legacy." Iranian Studies45.6 (2012): 795-818. Web. McDowall, David. A Modern History of the Kurds. London: I.B. Tauris, 1996. Print. Bruinessen, Martin Van. "Kurdistan in the 16th and 17th Centuries."Journal of Kurdish Studies 3.0 (2000): 1-11. Web. Eppel, Michael. “Historical setting: Roots and Modern Kurdish Nationalism” ‫דיין ‫מרכז ‫לסמינר ‫חוקרים) ‫(פורום (n.d.): n. pag. Web. لە ژماره‌ ٦٦٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌