کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باسێک لە سەر توندوتیژیی شاراوە

17:50 - 17 سەرماوەز 2715

سەرەتا دەروونناسێکی ئەمریکایی بە ناوی سكێنەر دەڵێ: توند و تیژی لە هزرەوە سەرچاوە دەگرێ وپاشان دەبێتە رەفتارێکی زارەکی و دواتر کردەوەیی. کەواتە هزری توندوتیژ بەرهەمهێنەری توندوتیژییە. بۆیە دەکرێ بڵێین تۆندوتیژی بەشێکی دانەبڕاوی سروشتی پێکهاتەی سایکۆلۆژیی مرۆڤه. تێنەگەیشتنی تەواو لە چەمکی توند وتیژی وای کردوە کە ئێمە تەنیا خوێندنەوە بۆ رووداوە خوێناوی‌یەکانی توندوتیژی بکەین. ئەگینا توندوتیژی چەند فۆرمی هەیە کە یەکێک لە وان توندو تیژیی شاراوەیە. شێوەی کێشە و ستەمەکانی دژ بە ژنان زۆرن کە باسیان لێ‌بکرێ. ئه‌من لێرەدا لە دوو بوار دا، پۆلێنی دەکەم : یەکەم ستەمی دژبە ژنان لە رووی داب و نەریت و دینەوە. دووهەم: دەسەڵاتی سیاسی و حکوومەتی. بەبروای من هەرشێوە ستەمێکی دژبەژنان و کچان،دەکەوێتە ژێر چەتری ئەم دوو بوارەوە، چ ستەمی ئاشکرا بێ و چ‌ستەمی شاراوە. تا ئێستا نموونەی ئەوندە زۆرمان لە ستەمی ئاشکرا دژ بە ژنان دیتوە و بیستوە، کە دەکرێ بگوترێ بە داخەوە بەجۆرێک دەگەڵیشی ڕاهاتووین. هەتا ئەوه‌ی به‌ ڕادەیەک بۆمان ئاسایی بووه‌ کە بە بیستنەوەیان رەنگ بێ زۆر سه‌رنجمان رانەکێشرێ. بەڵام لە سەر یەک ستەمی ئاشکرا هەر وەک لە ناوەکەی‌ڕا دیارە، شاراوە نیەو، هۆکارەکانیشی دیارن ــ چەندە راست و چەندە هەڵەیە جێی باسە ــ تا ڕادەیەکیش هەوڵ دراوە کە بەرەنگاری لەگەڵ بکرێ‌وــ لە شوێنی جیاواز و بەشیوەی ¬جیاواز ــپێشی بگیرێ. باسەکەی ئێمە ده‌رباره‌ی چه‌وسانه‌وه‌ و فه‌رق و جیاواز‌ی به دژی کچان و ژنان، له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م‌دایه‌ که‌ پتر ئاشکرا کراو، ورده ورده ڕوخساری خۆی گۆڕی. له‌ژێر گوشاری خه‌باتی ئازادیخوازی و به یارمه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی جیهانی و چوونه سه‌ری ئاستی خوێندەواری و زانست له جیهان‌دا، چی دیکه نه‌ده‌کرا بە روونی و ڕاشکاوی بریار و کردار به دژی ژنان به‌ڕێوە بچێ. به‌ڵام ئه‌وه کۆتایی چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان نه‌بوو. تاکتیکی نوێ یان هەڵوێستی کۆمەلگا چ وەک تاک چ وەک سیستێم شێوەیەکی دیکەی دژایەتیکردنی لە فۆرمی ستەمی شاراوە لەگەڵ ژنان‌دا بە خۆوە گرت؛ کە پێویستە لە سێ رەهەندەوە ئەو دیاردەیە تاوتوێ بکرێ. 1- کۆمەڵایه‌تی لاوازی رۆڵی ژن لە زۆربەی بوارەکان‌دا،پێوەندیی بە فەرهەنگ وکلتوورو سایکۆلۆژیی ئەو کۆمەڵگایەوه‌ هەیە کەژنان تێیدا دەژین. بۆیە گەشەکردن و پێگەیشتنی ژنان لە شوێنێکەوە بۆشوێنێکی دیکە جیاوازیی هەیە. بۆ وێنە: زۆرجاردەبینرێ لە بنەماڵەیەکی دێموکرات‌دا،لە چوارچێوەی ژیانی رۆژانەیان‌دا زۆربەی مافی وەک‌یەکیان پارێزراوە. بەڵام لە هێندێک بواردا، کە لێنزی دووربینەکانی کۆمەڵگا دەکەوێتە سەر ئەوبنەماڵەیە،گەورەکانی بنەماڵەکە رووبەدەره‌وە دەگۆڕێن و خۆ ناچار دەبینن، بە پێچەوانەی دڵخوازی خۆیان رەفتار بکەن. لەبەر ئەوەی نەکەونە بەر قسە و باسی نەرێنیی دەوروبەر. هەرچەند لە ناخی خۆیان‌دا دەزانن کە کارەکەیان هەڵەیە. بۆیە له سه‌رده‌می ئێستادا چیدیکه ناکرێ به بیانووی پیرۆزکردنی ده‌وری گەورەکان کە زۆربەی هەرە زۆریان کوڕ و پیاوەکانن، سته‌م له ژن بکرێ. به‌ڵام ئێستا هه‌وڵ ده‌درێ له رێگای پیرۆز کردنی ده‌وری" بنه‌ماڵه " له کۆمه‌لگادا، ژنان و کچان بچه‌وسێندرێنه‌وه. بێبەش‌کردنی جنسی ژن لە خوێندن و ئیزن‌نەدان بە فێربوون لە هەموو رشتەکان‌دا، کە کاریگەریی لە سەر پێگەیشتنی نەسل بە نەسل دەبێ، یەکێک لە وێنەگەلی دزێوی ستەمی شاراوە و راستەوخۆ و ناراستەوخۆیە کە لە سەر شکڵ‌گرتنی کەسایەتی ئەوان شوێندانەر دەبێ. بۆیە ناکرێ ژنان له خوێندن بێ‌به‌ش بکرێن، بەڵام ناچاریان دەکەن کە تەنیا لە چه‌ند رشته و زانستی تایبه‌ت‌دا پسپۆڕی‌یان هەبێ. ناچارکردنی ژنان لە رۆڵ‌گێڕانیان وای کردوە کە وەک چاودێر و بێ دەسەڵات لە گواستنەوەی داب و نەریتی ناپێویست ــ کە وەک قانوونێکی نەگۆڕی لێ‌کراوەو ــ ، وەک بکەر و ئۆبجێکتیش ئەوکلتوورە سوننەتی‌یە بۆ نەسلی داهاتوو بگوازێتەوە. ئەو کارانە وایان کردوە کە ژنان ناراستەوخو زۆلمیان لێ‌بکرێ، کە بەهۆی ئاشنانەبوون بە مافەکانی خۆیان و کەمیی وشیاریی فێمنیستی،زۆربەی ئەوژن و کچانە کەمتر هەست بەوستەمە شاراوەیە بکەن. نەزانین بە ستەمی شاراوە کە کۆمەڵگای ئێمەی کورد بەداخەوە زۆری گیرۆدەیە نەسل دوای نەسل ، خۆی بەرهەم دێنێتەوە. چونکە لە کۆمەلگەی داخراودا، بەجۆرێک دادەسەپێ کە ژیان لەنێوی‌دا ئاسایی و تا ڕادەیەک راحەت دەبێ‌و ئاکامەکەشی خولانەوە بە دەوری بازنەیەک‌دا دەبێ کە پتر روخسارەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن نەک سیستمەکە، کە ئەمە بۆ خۆی زۆر مەترسیدارە. لە بەستێنی ستەمی ناراستەوخۆ دژی ژنان دا، دەستدرێژی بۆ کچان و ژنان له زیندان وله ژێرئه‌شکه‌نجه‌دا به‌ کارێکی بێزراو ده‌ناسرێ ــ کە جێی خۆیەتی ــ به‌ڵام دەستدرێژی بۆژنان له ماڵێ‌دا و بێ دەنگی‌یان لەو بوارە دا، کارێکی جوان و بەجێیە! ئەرکدارکردنی ژنان بەپێچەوانەی ویست و داخوازی خۆیان بۆ بەجێ گەیاندنی سەرجێیی پیاوان، زۆر لاسەنگە. بەڵام ناوی گەرمکردن و پاراستنی چوارچێوەی بنەماڵەی لەسەر داده‌نرێ و ژنی لێ بەرپرسیار دەکرێ و پیاو کەمترین ئەرکی بۆ دادەنرێ.هەروەها بە زۆری و بە نابەدڵی و بێ هەڵبژاردن و بێ ئیزن‌ بە ناسیاویی پێش ژیانی هاوبەشیش لە خانەی ستەمی شاراوە دا، جێ دەگرن. بە گشتی داب و نەریتی کۆن و نایەکسان لەکۆمەڵگادا،کە لە چوارچێوەی ستەمی ناراستەوخۆدان، دەتوانن ‌ببنە هۆی ئەوە کە لە باری دەروونی‌یه‌وه‌ کاریگەریی نێگاتیڤ لە سەر ژنان دابنێن وهێزو توانای باوەڕبەخۆبوونیان تێدا زۆر لاواز بکه‌ن. ئەو حاڵەتە ئەنگیزەی کار لەسەرخۆکردن بۆ گەشە و پێشڤەچوون کەم دەکا و پاسیڤ‌بوونی تاکی ژن بەرهەم دێنێ. له‌نێوچوون و لاوازبوونی بایه‌خه‌ مرۆیی‌یه‌کانی تاک بۆخۆپێگەیاندن، وزەیەکی ئەوتۆ ناهێڵێتەوە. 2- ئابووری بەستراوەیی ئابووریی ژن بە پیاوه‌وه‌ دەبێتە هۆی ئەوە کە ژن هەمیشە چاولەدەستی پیاو بێ بۆ پێداویستی‌یە سەرەکی‌یەکانی ژیان. کاتێک کەسێک لە باری ئابووری‌یەوە پێویستیی بە کەسێکی دیکە هەبوو، ئەمە دەبێتە کۆسپێک لەسەر رێگای کە نەتوانێ ئەوجۆرەی خۆی ده‌یەوێ لە تواناییەکانی خۆی کەلک وەربگرێ بۆگەشەکردن و خۆپێگەیاندن ــ بۆ نموونە زانستگا و خوێندنی بەرز ــ کۆسپی گەورەیان بۆ دروست دەبێ. دیارە ئێستا تا ڕادەیەک بە گشتی وەزعی کچان و ژنان باشتر بووە. وێنەی دیکە لە ژیانی ژنان‌دا هەیە، کە جێی سه‌رنجە. لەکاتێک‌دا، ژنان کار دەکەن و مووچەی خۆیان هەیە، بەڵام خاوەنی داهاتەکەیان نین. پیاوەکان بڕیاردەری سەره‌کین. ژنان بە ڕاشکاوی لە داهاتی خۆیان، خاوه‌نی پووڵی گیرفانیش نین؟! زۆرجاران دەبیسرێ کە پیاوەکان لەمالێ‌دا بە خانمەکانیان دەڵێن رەئیسی ماڵێ و گۆیا بۆ هەموو شتێک هەر خانم تەسمیم دەگرێ. بەڵام دەتوانم بە دڵنیایی‌یه‌ەوە بڵێم کاتێک کە باس دەکەوێتە سه‌ر هێندێک بڕیاری ئەسڵی و کۆتایی، دەسەڵاتی پیاوەکە پترە. بەو جۆرە هەڵسوکەوت و کردەوانە ناکرێ ژنان له چالاکیی ئابووری و سه‌ربه‌خۆیی ماڵی مه‌نع بکرێن. بەو جۆرە روانینە ته‌نیا له چه‌ند بواری تایبه‌ت و " ژنانه‌" دا،مەجال بۆ ژنان دەرەخسێ‌و زۆربەی بواره‌کان هه‌ر له پاوانی پیاوان‌دا دەمێنێته‌وه. 3- سیاسی ژن و سیاسەت،ژن و دەسەڵات،خەباتی ژنان، خەباتی نێونەتەوەیی ژن و بریاردان لە کاروباری سیاسی هەموو ئەو وشە و ڕستانەن کە لەمێژە گوێمان لێ دەبن و بەشی زۆری حیزب و رێکخراوەکان لە بەرنامە و پرۆگرامی خۆیان‌دا،بانگەشەی بەشداریی ژنان دەکەن. لەم بوارەدا، پرسیار ئەوەیە ئاکامەکەی بە کوێ گەیشتوە؟ چمان کردوە و تا کوێ هاتووین؟ لە رووی سیاسی و بەشداری لە سیاسەت‌دا و لە دنیای ئەمرۆ دیسان ژنان ستەمی شاراوەیان بە دژی ئەنجام دەدرێ. چونکە زۆر بەکەمی بەرنامەوپرۆگرامی حیزب و ریکخراوە سیاسی‌یەکان بەڕێوە دەبرێ. لەو بەشەدا کە کاریشی پێ دەکری، بەشداریی کچان و ژنان رۆر کەم‌رەنگە. لە دابەش‌کردنی کار و بەرپرسایەتی‌یەکانیش‌دا، نا یەکسانی زۆرە. بەو بیانوویەی ئەوان ناتوانن بە شێوەی پێویست کارەکان راپەڕێنن و کەم‌توانان؟! پێویستە لەو بوارەش‌دا، رێگایەکی گونجاو بۆ بەشداری لە سیاسەتی بەڕێوبەری لە زۆربەی رەدەکان دا، بگیرێتە بەر. بۆ ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری ئەو ئەرکانە "پیاوانە" نەمێننەوە. جگە لەوانەش زۆربەی تریبوونی تەبلیغی لە کاری سیاسی‌دا، پیاوانەیە. هێندێک‌جار وا هەبوو، ژنان ــ هەر چەند ژمارەشیان زۆر نەبووبێ ــ ، کاری باشیان زۆرکردوە وبڕیاری بەنرخیاجێبەجێ کردوە و بیروبۆچوونی بەکەڵکیان هەبووە. بەلام بەدەگمەن دەبینین کە ئەوژنانە بەئەندازەی پیاوەکان دیار بن. ئەو کردەوانە نیشان دەدەن کە بەشێوەی ناراستەوخۆ دەیانەوێ بەشداری ژنان لاواز و لەڕەدەیەکی دڵخوازی خۆیاندا ڕاگرن. بۆیە کەمتر ئیزن بە ژنان دەدرێ کە تواناکانیان گەشە پێ‌بده‌ن؛ بۆ ئەوەی پیاوەکان بە توانایی و زانایی بمێننەوە، هەتا نایەکسانی و کەم‌توانایی ژنان نیهادینە بکرێ!؟ وێنەیەکی نوێ لە شەڕی چەپەڵ و تێڕۆڕیستی داعیش بە دژی نەتەوەکەمان‌دا، کۆشت و کوشتار و بەدیل‌گرتن و دەستدرێژی بۆسه‌ر کچان و ژنان و بەکاڵاکردنی ئەوان و فرۆشتنیان لە بازاڕەکان‌دایە، بۆ رووخاندنی کەسایەتی وتێکدانی باری دەروونیی هەر دوو توێژی ژن و پیاو. بۆ ئەوەی ورەی پێشمەرگە و جه‌نگاوه‌رانی بەرگریکاری کورد لە خاکی نیشتمان لاواز بکەن و لەنێو دڵ و مێشکیان‌دا، کاریگەریی نەرێنی دابنێین، منداڵان، مێرمنداڵان، کچان و ژنان دەکەنە، ئامانجی بیرە دژی گەلی‌یەکانی خۆیان. نزیک بە زۆربەی قوربانی‌یەکانی هێرشە دڕندەیی‌یەکانی "خلافەتی ئیسلامی" و کارەساتە دژی مرۆیی‌یەکانیان، کچان و ژنانی لاو بوون. لە پارڵمانی تورکیە کە رێژەی ژنانی تورک ١٠%ـە ــ کە کەمتر لە ئەفغانستانە ــ ، لە هەدەپە دا، ٤٠% ی کورسی‌یەکان بۆ ژنان مسۆگەر کراوە. خاڵێکی جێی سه‌رنج کە له‌باره‌ی توند و تیژیی ئاشکراو شاراوە دژ بە ژنانه‌وه‌ دەتوانم ئاماژەی پێ‌بکەم، رێژەی پارلمانتارانی ژنی پارلمانی ئێرانە! ئێستا خولی نۆیەمی پاڕڵمان (مەجلیسی شووڕای ئیسلامیی ئێران) ، تەنیا ٣% ی ژن تێدایە. کە بە لەبەرچاوگرتنی حەشیمەتی ژنان لەو وڵاتە دا کە لە نیوەی حەشیمەتی ئێران زیاترن و ڕادەی خوێندکارانی کچ لە زانکۆکانی ئێران بە پێی ئامار لە کوڕان زیاترە، جێی تێڕامانە و زوڵمێکی زەق و بەرچاوە، کەمپینی ژنان بۆ گۆڕینی ٣٠% ی روخساری پیاوانەی مەجلیسی دەیەم کە لە رەشەمەی ١٣٩٤ (٢٠١٦) بەڕێوە دەچێ، ئەگەر سەرکەتوو بێ، دەتوانێ وێنەیەکی باش لە بڕوابەخۆبوونی ژنان و پشتیوانیی پیاوانی یەکسانی‌خواز لەوان، بە هەنگاونانی هاوسەنگی لە کۆمەڵگای ئێرانی فرەنەتەوەدا، نیشان بدا. هۆکاره‌کان پشتیوانیی بەردەوامی کۆمەڵگە لە هیندێک داب و نەریتی کۆن،گەشە نەکردنی دێموکراسی‌یەک که مافی مرۆڤی تێدا پارێزراو نەبێ، ژنانی پتر پێی دەشکێنەوە. گرینگترنیشان‌دانی خەباتی نەتەوایەتی و بەکەم‌گرتنی مافی یەکسانی، وەزعی پرسی ژنی لە کۆمەلگای ئێمەدا زۆر کەم‌ڕەنگ کردۆتەوە. پرۆفسۆر مایکل مۆیسرو کۆمەڵناس،چارلس پیلی لەو بروایەدان کە: دەوڵەت پێناسەی نەتەوە دەکا و چوارچێوەیەکی دیاری‌کراوی هەیە کە لەوێدا، ئازادیی تاک بۆ هاونیشتمانانی پێک دێنێ. ئەوان لەو بڕوایەدان کە ئازادیی تاک ئیرادەی تاک زیاد دەکاوتاکی کۆمەلگا گەشە دەکا. ئەگەر بروانینیە کوردستان دەبینین کە رەنگ بێ زۆر لەو هۆکارانە بۆ ئازادی تاک بە گشتی و ژنان بە تایبەتی ده‌گەڕێتەوە بۆ ئەو فاکتەرە کە ئێمە نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتین و په‌رشو بڵاوی و بێ سیستێمی‌مان زۆر پێوە دیارە. بۆ وێنە: درێژەنەدانی تاوتوێ‌کردنی کەیسی ژنان لە باشوری کوردستان و.... کەلک وەرنەگرتن لە وزە و توانایی ژنان وجیاوازی باکگراوند و پێشینەی تاکی ژن وبەسەریەکەوەنەبوونی نیشتەجێیی،بەهۆی مه‌وقعیەتی سیاسی و جوغرافیایی تا رادەیەک بۆتە هۆی پاسیڤ‌بوون‌و،قەتیس‌مانەوەی دروشمە بە هەست و سۆزەکان لە چوارچێوەی تێئۆری‌دا، کە دڵساردی و نائۆمێدیی لە کارو چالاکیەکان‌دا، بۆ ژنان پێک هێناوە. لەپەرواێزخستن و لاوازکردنی ژن بە سازکردن و قسە و قسەلۆکی بێ‌مانا و چوونەنێو ژیانی تایبەتیی ئەو لە کۆمەڵ‌دا، یان تێڕۆری کەسایەتی‌یەکەی، کاریگەرترین هۆکاری گەشەنەکردن و مەیدان‌بەرتەسک‌کردنەوەیەتی. ڕێگاچارە سەرەکان به‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره و چۆنیه‌تیی به‌ربه‌ره‌کانی لەگەڵ ستەمی شاراوە،دەتوانێ مکانیزمێک بۆ بەربەرەکانیی دژ بەم توندوتیژی‌یە دابدرێ. پەرە پێدان وگرینگی‌دان بەخەباتی نەتەوایەتی و‌ خەباتی یەکسانی لە نێو کۆمەڵگا،وەک ئەرکی تاک دەبێ هاوکات بکرێ. واتە، ئەم دوو شێوە خەباتە هاوتەریب بن. بوونی رێکخراوی ژنانی سه‌ربەخۆ کە هەوڵ بده‌ن بۆ وەدیهێنانی مافی یه‌کسانی ژن‌وپیاو و خۆپاراستن لە دەسەڵاتی حیزب و رێکخراوە سیاسی‌یەکان کە وەک پلاتفۆرم وسەکۆی سیاسەت، کەڵکی لێوەرگیرێ. پێکهێنانی فەزایەک کە بیروبۆچوونی یەکسانکردنی ژن‌وپیاو بەشێوەیەکی ئازاد بۆ ئەکتیڤ‌بوونی ژنان بینێتە ئاراوە. ئەو کەشوهەوایە واتە فەرهەنگسازی بۆ مافی یەکسان و بەشداریی وەک یەک لە کۆمەلگە دا، بێتە ئاراوە. پەروەردەکردن ومەجال‌خوڵقاندنی ژنی سیاسەتمەدار،ژنی تێکنۆکڕات و خاوەنبیر،پێویستە ئەرکی هەمووتاکێکی کۆمەڵگا بە تایبەت ژن و رێکخراوە تایبەتییەکەیان بێ. پرس و راوێژ، رێنوێنی و پشتیوانی‌کردن لە مافی تاکەکان،ڕاهێنان و چارەسەرکردنی بە وەختی گیروگرفت و پەروەردەی نەسلی نوێ لە سەر بنەمای تێگەیشتنی ئامانجی یەکسانی‌خوازی و بردنەسەری وشیاریی فیمنیستی، دەتوانێ پێش لەخۆبەرهەمهێنانەوەی ئەوبازنە پڕلەکەموکوڕییە بگرێ کە نەسلی ئێمە و پێش ئێمە تێی‌دا خولاونەوە، بۆ ئەوەی بەو شێوەیە داهاتووی کۆمەلگا بە گشتی و خەباتی ژنان بەتایبەتی بەرەوئاسۆیەکی روونترگەشە بستێنێ. پەروەردەکردنی ژنان بۆکاری بەرێوبەری ودەسەڵات لە کاتێک‌دا،ژن بتوانێ وەک مرۆڤ ــنەک لەقالبی ژن وەک پیاوــ ،کاری سیاسی بکاوتواناوکارامەیی خۆی نیشان بدا،ئەوکات بەشێک لە ویست‌وداخوازی‌یەکانی دێتە دی‌وبەشەکەی دیکەشی بەهاوڕابوونی ئەو پیاوانە کە باوەڕیان بەمافی ژن ــ وەک مرۆڤ هەیەــ ، دەتوانێ تەکمیل بکرێ. پەیوەندیی ئەرێنی و یەکسانی‌خوازانەی تاکەکانی بنەماڵە لە نێوخۆیان‌دا، یەکێک لە سەرەکیترین ئەرکه‌کان و بەردی بناخەی چارەسەرەک لە پەروەردەی نەسلی داهاتوودا. رێکخراوەکان به گشتی و ژنان بە تایبەتی،پێویستە کارێکی وا بکەن کە لە چوارچێوەی خاڵە هاوبەشەکانیاندا وەک هەبوونی دێمۆکراسی،هەبوونی مافی یەکسانی ژن‌وپیاو واتە بەرابەری و یەکڕیزیی رەگەزی لەژێر سایەی کۆدەنگییەکی رێکخراو و بە پلاتفۆرم کار بکەن کە هەموو ئەوژنانەی داوای مافی یەکسان دەکەن خۆیانی تێدا ببیننەوە. ‌هیو میەل لە تۆژینەوەیەک دا دەڵێ: وەرچەرخانی تەنگژە ئەرکێكی فرەڕەهەندە و بە دوو بەش دابەشی دەکا: یەکەم، تێئۆریی بەڕێوبردنی تەنگژە و دووهەم، تێئۆریی وەرچەرخانی تەنگژە. لەبەشی یەکەم دا، لایەنێکی سێهەم دێتە کایەوە و نێوبژی دەکا. کوردەواری گوتەنی "دوو قسەی خێری تێدا دەکا"، و بە شێوەی کاتی کێشەکە چارەسەر دەکا و کاتی بۆ دادەنێ و کۆنترۆڵی دەکا. واتە بە کورتی و بە کوردی موسەککینێکی کاتی‌یە کە دەتوانێ دەسپێکێکی باش بێ. لە دووهەمەکە دا، هەوڵ دەدا گۆڕانکاری لە ئەقڵییەتی ئەو گرووپەدا دروست بکا کە کۆسپی ئەسڵین و هۆکاری سەرەکیی گیروگرفتەکانن. بە بروای من ئێمە بە تاک و بنەماڵە وکۆمەڵگە و دامودەزگا حکوومەتی و ناحکوومەتی‌یه‌کانه‌وه‌ لە بەشی یەکەمی هەوڵەکانمان‌دا قەتیس ماوینەوە و من رێگە چارەی دووهەم بە باشترین شێوەی چارەسەری کێشەکان دەزانم. ئاکام خەباتی یەکسانی‌خوازانه‌ی ژنانی جیهان بە گشتی و ژنی کورد بە تایبەتی مێژوویەکی پڕ لەهەورازو نشێوی بۆخۆی تۆمارکردوە. رەخنەگرتن لە مێژوو و ڕابردووی خەباتی نەسلی پێشوو بەبروای من هیچ کات بە مانای کەمگرتن یان کەلک‌وەرنەگرتن لە ئەزموونی ئەوانی پێشوو نیە. بەڵکوو دەست لەسەردانان و نیشانەکردنی هێندێک خاڵی لاوازه‌ کە لەگەڵ بارودۆخی ئێستا و گەشە و توانایی و ئاسانکاری پێوەندی‌گرتن و شەپۆلی فێربوون جیاوازیی هەیە. نەسلی ئێستا پێویستیی بە پێداچوونەوە و نوێ‌بوونەوەی بەردەوام هەیە. وشیاری و ئاگاداربوون لەکۆسپەکانی سەر رێگای هەر بزووتنەوەیەکی ئازادی‌خوازی و بەرەنگاربوونەوەیان بە رێگایەکی ئووسولی و سەردەمیانەدا، ئەرکی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە لە پێناو گەشەسەندن و پێگەیاندنی نەوەی نوێ‌دا. بێ دەنگی لە ئاست زوڵم لە خۆمان و دەوروبەرمان دەبێتە بەشێک لە هووییەت و ئیدەنتیتەی خۆمان کە بە شێوەیەک بەشداری‌کردنە لە توندوتیژی. بۆیە پێویستە لە خۆمان و بیر و کردوە و دەروونی خۆمان ڕا دەست بە ئاڵوگۆڕی ئەرێنی بکەین. بزووتنەوەی یەکسانی‌خوازی و دابین‌کردنی مافی ژنان لە کۆمەڵگایەک‌دا، کە باوەری بە قانوون و دێموکرات‌بوون و مافی مرۆڤ بە بێ جیاوازیی رەگەزی نەبێ، بێ‌بەرهەم دەبێ و گەشە ناکا. پێویستە هەوڵ بدرێ هەم حیزب و رێکخراوە سیاسی‌یەکان و هەم تاکەکانی یەکسانی‌خواز، بە کردەوە نیشان بدەن کە بڕوایان بە مافی مرۆڤ و کۆنوانسیۆنی ١٩ی دێسامبری ١٩٧٩ی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پرسی ژن هەیە. لە ژماره‌ ٦٦٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌