کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەی نیشتمان

20:38 - 3 پووشپەڕ 2716

ئەی نیشتمان، وڵاتی دایک مەڵبەندی خەونەکان دوڵ و خڕی نێوان چیا سەرکەشەکانت پڕ بە قوڕگی کراوە و ژێ نەپساوەکانیان مۆسیقا و ئاوازی زێڕینت بۆ دەچڕن بە دەنگی ئاوی پاراو و گڤەی بایسیحراوی ئەستێرەی تەمەنی کۆرپەلەی ئازادیت دەخەوێنن بە پەنجەی تەڕی باران و لایەلایەی پڕووشەی پەری ئاسای بەفر لانکەی گۆڕانی هەرمانت رادەژێنن ئاخر لە کێو، لوتکە، ، بنار، لێڕەوار، تەپۆڵکە و دەشتەکان لە کوێستان، گەرمێن و ئاوی کانیاوەکانت خۆشەویستر هەیە؟ ئەی نیشتمان، خاکی سوور رامان تۆ خاکی بە نرخ و مەڵبەندی قوربانی و ژینگەی ئازاکانی دارستان و مەزراکانت رووبارە ئۆقرە نەگرتوەکانت روخساری بەرز و بەردەڵانی بەرزاییە سەرکەشەکانت لە گەڵ ورەی بەرز و نەشکاوی پارێزەرانت لە جەرگەی سەرما و گەرما لە وەرزی شەماڵ و زریان لە لوتکەی سەرکەوتن و داوێنی شکانەکاندا بە تێکڕا زیکری وەفاداریت دەکەن و پڕ بە بۆشاییەکانی ئاسمان هاواری مانەوە و ئازادیت سەر هەڵدەدەن پێشمەرگە و پارێزەرەکان شەهید و کەم ئەندامەکان هەڵگرانی خەمی چارەنووس و دژبەرانی داگیرکەران لە وەرزی ئارەقە و خوێندا بۆن بە خاکتەوە دەکەن و لە دواماڵئاواییدا بە سەخاوەتەوە لە سەر سینگی بریندارت زار بۆ کانیاوە تەقیوەکانی خۆشەویستی بنارت دەکەنەوە ئەوان لە پێناوی تۆ و بۆنی خاکی پاش باران چاوەکانیان لە گۆڕەپانی قوربانیدان دەبەخشن و بە چاوی دڵ لە ئەستێرەی بەخت و رزگاری تۆ و کوردان دەڕوانن ئەی نیشتمانی شێعر و راستی خاکی خۆر و با ئێمەی ئۆگرانی کەعبەی ئارەزووت لە بەردەڵانی ژیان و رۆژگاردا لە خاکەلێوەی سێدارە و پووشپەڕی غدر و خیانەتدا چاو دەبڕینە گەلاوێژی هەستانەوە و لە گەڵ سەرماوەزی چەک لە شان هەتا رێبەندانی مێژوو هەنگاو شل ناکەین لە شەقامی شاری راسان و گوندی باوەڕ دستەملانی گەردەلوولی رەشەباکانت دەبین و هەتا ناخی ئازادبوون و بازنەی تریفەی مانگ سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی و ئەی رەقیبت دەیکەینە بانگی تۆڵە و بەگژداچنەوە ئەی نیشتمان، وڵاتی هەزار دوڵ و چیا زێد و خاکی سەنگەر خۆشەویستی ئێمە و تۆ باڵای ناسنامە و قەڵافەتی ئازایەتی و بڕبڕەی سەرکەوتنمانە روخساری خۆڕاگری رۆڵەکانت ئاوێنەی تاشەبەرد و تاوێرەبەردەکانی ئامێزی چیا سەخت و چاونەترسەکانتە کە بۆ پێشمەرگەکانی سەنگەر و پارێزوانانی راستەقینە سەرتاپا دەبنە دورگە هێمنایەتی و قەڵغانی لە شکان نەهاتوو رووباری فرمێسکی خەم و ژانی تازیەداران تۆزی سەر روخساری ماندووی شان و پیلی خۆراگریت دەشۆنەوە و دەبنە رەشەبای قین و راسان و بەرەوە بیابانی دیکتاتۆرییەت و جەهەننەمی سەرکوتکەران ریگە دەگرن ئەی نیشتمان، ئاخی کانی و کانگا شاراوە زێڕینەکان ئاودێرە ئاشقەکان ئۆگرانی زایەڵەی دەنگی بەیانی بە بەخشینی جەستە و گیان داری ئازادیی و مەزرای سەربەستیت ئاو دەدەن بە قرمژنی چەکی دەست و وشە چیرۆکی زامی قوڵی نەتەوەکەت بە بارەگای ویژدان و گوێی کپی داگیرکەر دەگەیەنن ئەوان بە پەنجەی سەر پەلاپیتکەی چەک و پێنووسەکانیان گۆرانی بە بەژن و باڵای سەنگەر و حەیران بۆ ئەوینی شەهیدانی خاک و ئازادی دەڵێنەوە لە ژماره‌ ٦٨٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌