کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەلسەفە وەکوو رۆحێکی ترسناک لە کوردستان‌دا

20:46 - 3 پووشپەڕ 2716

هێگل فەلسەفەی مێژووی خۆی بە «جیهانی رۆژهەڵات»ەوە دەست پێدەکات، کە مەبەستی ئەو لە جیهانی رۆژهەڵات چین و هێند و شانشای دێرینی ئێرانە. چین و هێند بە شارستانیەتی وەستاو دەزانێ، واتە کۆمەڵگاگەلێک کە گەیشتوونەتە پنتێکی دیاریکراو لە کامڵبوون و لەوەدوا جووڵەیان نەکردووە. هێگل ئەم جیهانە «بەدەر لە مێژووی جیهان» وەسف دەکات و کەمترین بایەخیان پێ دەدات و لای وایە لە رەوتی گەشە و پێشکەوتنی جیهاندا پشکێکی ئەوتۆیان بەرنەکەوتووە و لەبەرامبەریشدا لەو رەوتەدا هیچ دەورێک ناگێڕن. سەرەڕای هەموو ئەو رەخنانەی کە لەم بەشەی فەلسەفەی مێژووی هێگێل دەگیردرێت هەر کەسێکی رۆژهەڵاتی کە بۆ یەکەم جار لە فەلسەفەی هێگلدا بەر ئەم بابەتە دەکەوێ رەنگە هەست بکات هێگل بەرامبەر بە جیهانی رۆژهەڵات ناحەقیی کردووە بەڵام هەر کات بتوانین بەدوور لە هەموو هەستۆکییەکی ساویلکانە و خەونی شاعیرانە لە واقیعیەتە مێژوویی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانی ئەم جیهانە بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەتی و بەتایبەتیتر «کوردستان» ورد بینەوە پێدەچێ باشتر بتوانین لە ناوەڕۆکی کۆنکرێتی فەلسەفەی مێژووی هێگل تێ‌بگەین. تاووتوێکردنێکی هاکەزایی دوو رەوتی مۆدێڕنیزم و مۆدێڕنیزاسیۆن لە کوردستان‌دا دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی کە بە قەولی هێگێل ئەم ناوچانە بەشێوەیەکی بەرچاو لە دەرەوەی رەوتی پێشکەوتنی مێژووی جیهان‌دا ماونەتەوە. بۆ نموونە بەپێی ئامارێک تا ساڵی 1600ی زاینی نزیکەی دووسەد ملیۆن بەرگ کتێب لەسەر ئاستی جیهان چاپ و بڵاو کراوەتەوە کە لەم رێژەیە چەندەی بەر کوردستان کەوتبێت بێگومان لە گشتێتیی زانست و مەعریفەی جیهانیش هەر ئەونەی بەر کوردستان کەوتووە. لە جیهانی رۆژهەڵاتیدا بە کۆریا و چین و ژاپۆنیشەوە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە بواری فکر و فەلسەفەدا لە ئاستی جیهانیدا قسەیەکیان پێبێت بۆ گوتن ناگەنە ژمارەی پەنجەکانی یەک دەست ئەمەش لەو رووەوەیە کە جیهانی ڕۆژهەڵاتی زیاتر مەڵبەندی شیعر و عرفانگەرایی بووە. هەر بەم پێیە مرۆڤی رۆژهەڵاتی مرۆڤێکی خەیاڵاویی شەرمنی گۆشەگیر و عارفە کە کاتێک بەر شارستانیەتی رۆژاوا دەکەوێ، ئەم رووبەڕووبوونەوە چ بە شێوەی کۆچ بێت یان لەرێگای تێکستەوە، هەست بە سووکی و خۆبەکەمزانینێکی کارەساتبار دەکات. ئەم خۆبەکەمزانینە کاتێک دووقات دەبێتەوە کە بەرەوڕووی مەعریفەی رۆژاوا دەبینەوە، ئاساییە مرۆڤێک کە لە سەدەی بیست و یەکدا بەر تێکستی کانت و هێگل دەکەوێت و تەقەی سەری دێت هەست بە داماوی و ترس و داڕمان بکات. مرۆڤێک لە کۆمەڵگایەکی ڕۆژهەڵاتییەوە کە گشتمان باش ئەزانین فیۆدالیزممان بە مانای کەلام نەبووە و فیۆدال لای ئێمە دەلالەت لە کۆمەڵێ ئاغەوات و دەرەبەگی سیخن و گەمژە دەکات، ئەوەی کە ناوی دەنێن شۆڕشی بورژوازی لە دژی فیۆدالیزم لە کۆمەڵگای ئێمەدا رووی نەداوە و ئەگەر بەریەککەوتنێکیش بووبێت ئەوا ڕاستەوخۆ ڕەنجدەران و زەحمەتکێشان چوونەوە بەگژ کۆنەپەرستی و دەرەبەگایەتی‌دا. بورژوازی ئێستەش کە خەریکین پێ دەنینە ناو شانزەیەمین ساڵی سەدەی بیستویەک پێک نەهاتووە و ئەگەر بورژوازییەکیش هەبێت دیسان کۆمەڵێ دەسبڕ و مافیای موڵکوماڵ پێکی دەهێنن. هەر بۆیە لای ئێمە رۆمان وەکوو «حیماسەی سەردەمی بورژوازی» دیاردەیەکی نامۆیە، شیعر ئێستەش هێشتا لەناو پاڕادۆکسەکانی تاک و سروشتدا ماوەتەوە و لای زۆرێک لە شاعیران وەکوو وەحی وەردەگێڕدرێت. فکر و فەلسەفە بەشێوەیەکی کارەساتبار غایبە. مرۆڤێکی پەروەردەکراو لە وەها کۆمەڵگایەکدا ئاساییە دەرەقەتی مەعرفەی ڕۆژاوا نەیەت و ئەم کێشە مەعریفەتییە ببێت بە ئیپیدیمییەک لە گشتێتیی کۆمەڵگای کوردستان‌دا و دواجار خەڵک هەر ئەم مەعریفە وەکوو ڕۆحێکی ترسناک بە دوژمنی سەرسەختی سەروسامانی خۆیان بزانن. ئەم رۆحە بوونی هەیە و ئەگەر ئیزنم هەبێت وشەی ساوا بەکار ببەم، ڕۆحێکی ساوایە و خەریکە باڵ دەکێشێت بەسەر کۆمەڵگادا. جێگای ئاماژەیە لە پیشانگای کتێبی ئەمساڵی شاری سەقزدا بەپێی ئاماری کارگێڕانی پیشانگاکە ڕێژەی فرۆشی کتێبی فکری بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو 200% زیادی کردووە، لە گۆشەوکەناری کۆمەڵگادا گەنجانێکی زۆر دەبینین خەریکی ململانێن لەگەڵ فەلسەفەدا کە ئەمە بەڕاستی دڵخۆشکەرە. بەڵام کێشەی ناوبراو لە شوێنی خۆیدا کە من لام وایە زیاتر ئێستە کێشەی مێتۆدۆلۆژیکە. واتە خوێنەر بەبێ هیچ پێشزەمینە و تێگەیشتنێک لە شارستانیەتی ڕۆژاوا تەپ دەداتە سەر تێکستە فەلسەفییەکان. ئایتی مرۆیی سەلماندوویەتی ئەگەر مرۆڤێک بتوانێ کارێک ئەنجام بدات هەموو مرۆڤەکانی دیکەش دەتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن ئەی کێشە چییە؟ بۆچی مارکس کاتێک بەر هێگل دەکەوێت ئەو هەمووە هەڵهێنجانی لێدەکات بەڵام ئێمە نا؟ پێویستە ئەوە بزانین مارکس کاتێک بەر هێگێل دەکەوێ کە هەموو مێژووی بیرلێکراوەی پێش خۆی خوێندۆتەوە، هەر هەموو ڕۆمان و دەقە ئەدەبییەکانی تا ئەوکاتی خوێندۆتەوە، بە باشی ئاگاداری ڕەوتی مێژووە هەر بۆیە وەک خۆی لە نامەیەکدا بۆ ئەنگێلسی نووسیوە بە یەک جار خوێندنەوەی لۆژیکی هێگل نەک هەر زۆر بە باشی لێی تێدەگات بگرە دەشتوانێ دیالێکتیکی هێگل وەکوو ناوکێکی عەقڵانی لە توێخڵە عیرفانییەکەی دەرکێشێت و بیخاتە خزمەت دۆکتۆرینەکەی خۆی. مەحاڵە بەبێ تێگەیشتن لە پێوەندییەکانی بەرهەمهێنان و شێوەی بەرهەمهێنان و چۆنیەتی کشتووکاڵ و جۆری پێوەندیی شار و گوند و کۆیلەداری و بازرگانی و کەشتییەوانی لە یۆنانی دێریندا بتوانین لە ئەرەستوو و ئەفلاتوون و هۆمێر و ئوستوورەکانیان تێبگەین. مەحاڵە تۆ بەبێ تێگەیشتن لە شۆڕشی فەڕەنسا بتوانی لە ئایدیالیزمی ئەڵمانی تێبگەیت، کەواتە ئێمە وەکوو مێتۆد پێویستە لەپێشدا یان هەر نەبێ بەشێوەی هاوتەریب لەگەڵ خوێندنەوەی تێکستە فکرییەکان بەشێکی زەین و خوێندنەوەکانیشمان تەرخان بکەین بۆ تێگەیشتن لەو شارستانیەتەی کە ئەو تێکستانەی تێدا بەرهەم هاتووە. وه‌رگیراو له‌ لاپه‌ره‌ی فه‌یسبووکی نووسەر لە ژماره‌ ٦٨٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌