کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی مرۆڤ و پێوەندییە نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌کان (بەشی یەکەم)

20:33 - 30 سەرماوەز 2716

مافی مرۆڤ مێژوویەکی کۆنی هەیە و بەشێکی دانەبڕاو لە سروشتی مرۆڤ و مێژووی مرۆڤایەتی‌یە. کتێبە ئایینیەکان و بەشێک لە بەڵگەنامە مێژووییەکان  بە شێوازێک باس لە مافی مرۆڤ دەکەن. مافی مرۆڤ رەهەندێکی تەواو سیاسی هەیە و بە بەشێکی دانەبڕاو لە دەسەڵات و پێوەندییە نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌کان دەژمێردرێ. بۆ کردنەوەی ئەو باسە دەکرێ پرسیار بکەین، کە مافەکانی مرۆڤ چین و یاسای نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ چییە؟ لێکدانەوە و ساغبوونەوە لەسەر مافی مرۆڤ ئاسان نییە، چونکە لە کۆی بڵاوکراوە و راگەیەندراوی لایەن و رێکخراوە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان‌دا زیاتر باس لە تایبەتمەندییەکانی مافەکانی مرۆڤ کراوە. بە واتایەکی دیکە، مافەکانی مرۆڤ زیاتر شیکرانەوە و کەمتر تاریفێکی ورد لە سەر ئەو باسە هەیە. دەگوترێ، کە ئەو مافانە بنەڕەتین و هەر مرۆڤێک خاوەنی ئەو مافانەیە و لە هەناوی بوونی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن، بۆیە قابیلی لێ ئەستاندنەوە و پێشێلکردن نین. بە گوێرەی لێکدانەوەی کۆنفڕانسی دووەمی مافی مرۆڤ لە ڤییەن(١٩٩٣) مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتی‌یەکان مافی سروشتی هەموو مرۆڤەکانە. ئەو مافانە جیهانین و لەگەڵ یەکتردا  گرێدراون. لە جیهان‌دا تێگەیشتنێکی هاوبەش و هاوتا لەسەر مافەکانی مرۆڤ نییە. کە پرسیار دەکەی، مافەکانی مرۆڤ لە کوێوە هاتوون، کەمتر وایە وڵامێکی هاوبەش بدۆزیەوە و هەر کەسەو بە گوێرەی باوەڕ و زانیارییەکانی وڵام دەداتەوە. خواباوەڕەکان لەسەر ئەو قەناعەتەن، کە ئەو مافانە لە لایەن خوڵقێنەرەوە بە مرۆڤ دراون. ئاتیست و ئەوانەی باوەڕیان بە دین نییە، لە روانگەی ئایدۆلۆژی خۆیان ئەو پرسە تەتەڵە دەکەن و خوایەک لەو سروشتەدا نابینن. بەشێک لە بیرمەندان، مافی مرۆڤ بە بەرهەمی گەشەکردنی کۆمەڵگا و رێژەی وریابوونەوەی مرۆڤ پێناسەی دەکەن. بەگشتی مافی مرۆڤ پێوەندی بە سروشتی مرۆڤەوە هەیە، کە  هەڵگری هزر و زمانە و تەتەڵەی جیهانی دەوروبەر و خۆی دەکا. رووداوەکان لەبیر ناکات و بوخچەی رابردوو بە هەموو تاڵی و سوێریەکانی دەکاتەوە و بە تەرازووی ناخ هەڵیان دەسەنگێنێ. یاسای نێونەتەوەیی بەو رێسا و یاسایانە دەگوترێ، کە پێوەندی نێوان دەوڵەت و وڵاتان رێکدەخا. ئەو یاسایە پاشخانێکی چەند سەت ساڵەی هەیە، بەڵام لە  ١٠٠ ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردوە. یاسا نێونەتەوەییەکان لە رێکەوتنی نێوان دەوڵەتان و هەروەها رێوشوێنە نەریتی‌یەکان سەرچاوە دەگرن. رێککەوتننامەکان لە لایەن دەوڵەتەکان قسە و باسیان لەسەر دەکرێ و لە داڕشتەی رێکەوتننامەکان ماف و بەرپرسیارەتیی دەوەڵەتەکان بەرامبەر بە یەکتر دیاری دەکرێن. ئەو وڵاتانەی تێکەڵ بەو رێککەوتننامانە دەبن و دواتر مۆری دەکەن، دەکەونە چوارچێوەی بەرپرسیارەتی و ئەرکی راپەڕاندن و رێزگرتن لە خاڵ و کۆی رێککەوتننامەکەیان دەکەوێتە سەر شان. بەگوێرەی عورفی قبووڵکراو وڵاتانی دەرەوەی رێککەوتنەکان بەشێک نین لەو گرێبەستانە. شایانی باسە، کە ئەو یاسا نێودەوڵەتی‌یانەی کە لەسەر بناخەی نەریتە باوەکان هەڵچنراون پێوەندیان بە هەڵسوکەوت و کردەوەی دەوڵەتەکانە و بە نووسین ئامادە و شی نەکراونەوە. یاسا نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌کان زۆر بواری جیاواز دەگرنەوە، بەڵام  دەوڵەتەکان لەسەر بناخەی بەرژەوەندییەکانیان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن. یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ بە هۆی سروشتی سیستمی سیاسی جیهان کە خاوەنی دەزگایەکی جێبەجێکار و خاوەن ئیرادە نییە، لە لایەن دەوڵەتە پێشێلکەرەکانی مافی مرۆڤ گرینگی پێنادرێ. بەشێک لە دەوڵەتەکان لەسەر بنچنێنەی سەروەری دەوڵەت باوەڕیان بە دەستێوەردان لە پرسە نێوخۆییەکان نییە و دژایەتی لەگەڵ زۆربەی ئەو یاسا و بەڵگەنامە نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌کان دەکەن کە پرسی مافی مرۆڤ بە باسیکی جیهانی دەناسێنن. ژومارەیەک لە دەوڵەتەکان لە ژێر ناوی دژایەتی کردنی سیاسەتی دەوڵەتە گەورە و رۆژئاواییەکان لە کردەوەدا رێز لەو مافانە ناگرن. زۆر وڵات و سەرکردەش، لە ژێر ناوی کولتوور و ئایین، سەنگەر لە یاسا نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌کانی مافی مرۆڤ دەگرن و درێژە بە رەوتی سەرکوتی هاووڵاتیان دەدەن. چەمکی ماف کۆنە و رەگ و بنەمای ئەخلاقی هەیە. ئەو چەمکە لەگەڵ  ئایین و فەلسەفەدا لێکگرێدراوە، بەڵام لە قۆناخ و سەردەمێکی دیاریکراودا بۆتە یاسا.  لە رێککەوتننامەی ئاشتی ویستفاڵ‌دا(١٦٤٨) باس لە ئازادیی مرۆڤەکان بۆ  هەڵبژاردنی ئایین کراوە. رێککەوتننامەی ڤییەن(١٨١٥) کۆیلایەتی مەحکوم و بێزراو دەناسێنێ. چەمکی مافی مرۆڤ لە سەدەی هەژدەی زایینی‌یەوە زیاتر برەو پەیدا دەکا و تێکەڵ بە ژیان و ئیدارەی بەشێک لە دەوڵەتەکان دەبێ. لە راگەیەندراوی سەربەخۆیی ئەمریکادا(١٧٧٦) ئاماژە کراوە، کە هەموو مرۆڤەکان ئازاد و لە بەرامبەر یاسادا هاوشانن. لەو سەردەمەدا مافی ئازادی دەربڕین، هەڵبژاردنی ئایین و پاراستنی سامان و دارایی ئاماژەیان پێکراوە. بێجگە لەوە لە راگەیاندنی شۆڕشی فەڕانسەدا(١٧٨٩) هاوتابوونی هاووڵاتیان و ئازادی تاک بە گرینگ پێناسە دەکرێن. لە کۆتاییەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی و دامەزراندنی کۆمەڵەی گەلان‌دا بە کردەوە بایەخێکی تایبەتی بە پرسی مافی مرۆڤ نەدرا، بەڵام لە ١٩٢٦دا ئەو رێکخراوەیە کۆیلایەتی مەحکوم کرد. رووداوە خوێناوییەکانی سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی و کۆمەڵکوژییەکانی (بۆ وێنە جوولەکەکانی) ئەو سەردەمە، پرسی مافی مرۆڤی کردە پێویستی‌یەکی گرینگ و دانەبڕاو لە پێوەندییە نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌کان. دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی شەڕ، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان دامەزراند.  رێکخراوی ناوبراو لە ١٠ی دیسامبری ١٩٤٨دا جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤیان، لە کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان پەسەند کرد. لە درێژەی کار و تێکۆشان‌دا کۆنوانسیۆن و گرێبەستی تایبەت بە مافە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکان لە ساڵی ١٩٦٦دا پەسەند کران. ئەو وڵاتانەی، کە پەیماننامەی ئاماژەپێکراویان مۆر کرد، لە جێبەجیکردنی خاڵ و مادەکان‌دا بەرپرس و ئەرکدار دانران. لە ماوەی پێنج دەیەی رابردوودا زۆر رێکەوتننامە و پاشکۆی تایبەت بە پرسی مافی مرۆڤ زیاد کراون، کە وەک بەڵگەنامەی مافی مرۆڤ دەژمێردرین. لەو نێوەدا دەکرێ ئاماژە بە کۆنوانسیۆنی هەڵگرتنی پەراوێز و هەڵاواردنی رەگەزی، نەهێشتنی هەڵاواردن دژ بە ژنان، مافی منداڵان، ئەشکەنجە، مافی کەم‌ئەندامان و مافی کرێکارانی کۆچبەر و ئەندامانی بنەماڵەکانیان بکەین. پاش ئەوەی رێژەیەکی زۆر لەو دەوڵەتانە پشتیوانی خۆیان لە گەڵاڵەی جیهانی مافی مرۆف کرد، ستاتوسی مافی نێونەتەوەیی پێدرا. پرسی مافی مرۆڤ لە ماوەی حەوت دەیەی رابردوودا بە چەند شەپۆلێکی جیاواز لە جوڵەدا بووە. یەکەمین شەپۆلی بە تەوژمی مافەکانی مرۆڤ بە دەرکردنی جاڕنامەی مافی مرۆڤی ریکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دروست دەبێ و هەتا کۆتاییەکانی ٥٠ دریژەی هەیە. شەپۆلی دووهەم لە سەرەتای ١٩٦٠دا دەست پێدەکا و دەوڵەتەکان و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دەخاتە ژێر رکێفی خۆی و دەرفەتی پێکهێنانی رێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵی ناحکوومی دەخوڵقێنێ (بۆ وێنە، ئەمنێستی ئینترناشناڵ). لە جەرگەی شەڕی سارد و کێبەرکێ ناوچەیی و جیهانی‌یەکان شەپۆلی سێهەم دەردەکەوێ، کە پرسی مافی مرۆڤ تێکەڵ بە دێپلۆماسیی رۆژئاواییەکان دەکا. سەرەتا ئەمریکا و دواتر بە چڕی وڵاتانی یەکێتی ئورووپا و لە ریزی پێشەوە دوو وڵاتی نۆڕوێژ و هولەند لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان و لە نێوخۆش‌دا گرینگی و بایەخی زۆریان بە پاراستنی مافی مرۆڤ دا. شەپۆلی چوارەمی مافی مرۆڤ، پاش رووخانی دیواری بێرلین و کۆتایی شەڕی سارد دەست پێدەکا و  سیاسەت، کولتوور، هونەر، پەروەردە و راگەیاندن دادەپۆشێ و بە رەوتی بە کومەڵایەتی کردنی مافی مرۆڤ پێناسە دەکرێ. شەپۆلی پێنجەمی مافی مرۆڤ لە سەرەتای سەدەی ٢١ دەست پێدەکا، کە مافی مرۆڤ وەک رابردوو دەرفەتی گەشەکردن و پەرەپێدرانی نییە و لە بەردەم سێبەری شەڕی بە ناوی تیرۆریزم و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی پەراوێز دەخرێ. لە ماوەی ئەو شەپۆلەدا، کە بە شەپۆلی نەرێنی مافی مرۆڤ پێناسە دەکرێ سەدان هەزار خەڵکی سڤیل لە شەڕ و قەیرانەکان‌دا کوژراون و بە ملوێن مرۆڤ لە زێدی خۆیان پەڕیوە و  ئاوارەبوون. ئەشکەنجەی بەندییەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو پەرەی سەندوە و تەنانەت لە بەرەی دێموکڕاتەکانی جیهان لە مەڕ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە خۆماڵیەکان مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێ و ئازادی راگەیاندن بەرتەسک کراوە. لە سەردەمی شەڕی سارددا پێشێلکارییەکانی بەرەی کۆمۆنیستەکان لەسەر بناخەی ئایدۆلۆژیی بەکۆمەڵ رۆنرابوو، کەچی دوای لێدانی بورجە بازرگانی‌یەکانی ئەمریکا لە ٢٠٠١دا، بەشێیک لە دەوڵەتە  لیبڕاڵەکان تیکەڵ بەو کاروانە بوون. ئەگەرچی پرسی مافی مرۆڤ سنووری دەوڵەت و ناوچەکانی بڕیوە و لە نووسراوە و بیرۆکەیەکی ناوچەییەوە بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتان، بەڵام هێشتا سیاسەتی هێز و بەرژەوەندییەکان پەراوێزی دەخەن. بۆ تێپەڕاندنی ئەو کەندوکۆسپانە،  پێویستە مافی مرۆڤ  لە روانگەی تازە و تێۆری نوێوە شەن‌وکەو بکرێ. لێکۆڵینەوە زانستی و تێۆرییەکان زیاتر لە دەللاقه‌ی سواوی کۆنەوە چاو لە پرسی مافی مرۆڤ دەکەن و وەک کەیسی پلە دوو و لاوەکی پێناسەی دەکەن. لە ئاکام‌دا ئەو بابەتە لە چەق و سەنتەری  پێوەندییە نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌کان بەرەو پەراوێز راپێچ دەکرێ. لێرەدا گرینگە کە وڵامی ئەو پرسیارانە تاوتوێ بکرێن، کە بۆچی پرسی مافی مرۆڤ کە رەهەندی جیهانی هەیە و دەکرێ لە هەموو ئایدۆلۆژیەکان بەتاڵ بکرێتەوە هێشتا لە نێو مرۆڤەکان‌دا باش تەتەڵە نەکراوە؟ چ میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە جیهاندا کاریگەرە و چۆن دەکرێ هێزی تاک و مرۆڤەکان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان بەگۆڕ بکرێ؟ چەندە دەکرێ لە ریگای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان هاوکاری گەلانی چەوساوە و مرۆڤە چەوسێنەرەکان بکرێ و لە هێرش و پەلاماری دەسەڵاتدارە خۆماڵی یان داگیرکەرە دەرەکی‌یەکان بیانپارێزن؟ دێموکراسی و رەوتی دێموکراتیزاسیۆن بە دوور لە رەهەندی باڵادەستی رۆژئاوا و دروشم، چۆن زۆر دەرگای داخراو دەکاتەوە و مافی هاووڵاتیان دەستەبەر دەکا؟ لە جیهانی ئەمڕۆدا دەوڵەت و سەروەری ئەو یەکە سیاسی‌یە وەک هەموو دیاردەکانی دیکە لە ئاڵوگۆڕدایە و فاکتەرە ناوچەیی و جیهانی‌یەکان لەسەر ئەرک و بەرپرسیارەتی‌یەکانی دەوڵەت رۆڵی بەرچاو دەگێڕن. چاوخشاندن بە دەسەڵاتی دەوڵەت لە ماوەی چەند سەدەی رابردوودا  و هەروەها پێوەندی نێوان هاووڵاتیان و دەوڵەت دەیسەلمینێ، کە گەمەکە بە قازانجی مافی مرۆڤ و پاراستنی کەڕامەتی مرۆڤ دەشکێتەوە، بەڵام هێشتا زۆری ماوە. بۆ بەهێزکردنی شەپۆلەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ لە  بەستێنێکی بەرینتردا، پێویستمان بە جووڵەی بەردەوام و بەرۆژکردنەوەی ئەو باسەیە. بیرۆکەکان بە تەنیا کاریگەر نین و پێویستە ئەوان لە رێگای جووڵەی خەڵک و هاووڵاتیان جێگیر و تۆکمە بکرێن. پێویستە  دەوڵەتەکان و هاووڵاتی‌یەکانیان لەوە تێبگەن، کە پڕاکتیزەکرانی یاساکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ  خزمەت بە بەرژەوەندی ئەمڕۆ و سبەینێی مرۆڤایەتی دەکا. دژایەتیکردنی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتی‌یەکان لە ژێر ناوی پاراستنی سەروەری وڵات و دوور راگرتنی وڵات لە دەستێوەردانی دەرەکی لە دروشمێک زیاتر نییە. گەلانی ئازاد و هاووڵاتیانی خاوەن ماف، بە ئاسانی پشت لە بەها نەتەوەیی و کولتوورییەکانیان ناکەن و ئامادە نین خاک و بایەخەکانی دیکەیان هەرزانفرۆش کەن. کاتێک ناوچە و وڵاتەکان دەکەونە سەر ئەو رێچکەیە بێگومان تەوژمی جیهانی ئەو چەمکانە بە کردەوە دەبیسترێ. لە ئاکامی بە کولتووربوون و بە کۆمەڵایەتی کردنی دێموکراسی و مافی مرۆڤ، رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی دەبێتە بەها و نۆڕمێکی رۆژانە.  ئەو دەوڵەتانەی دەبنە پارێزەری مافی هاووڵاتیان و بە یاسا مافی مرۆڤ دەچەسپێنن، بە کردەوە دەبنە دەوڵەتی خەڵکی و شەرعییەت لە هاووڵاتی‌یەکانیان وەردەگرن. جێگای ئاماژەپێکردنە، کە کولتووری ئیدارە و هەروەها نەخش و رۆڵی تاک لە کۆمەڵگا و سیاسەت‌دا لەسەر نەخشەی دابەشکردنی ئەرک و مافەکان شوێندانەرە. بە واتایەکی دیکە، دەسەڵاتی سیاسیی دەوڵەتەکان، یاسا و سەرکردەکانیان راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ سایکۆلۆژی تاکەکانی کۆمەڵگا لێکگرێدراون و خەڵکێکی وشیار و نەتەوەیەکی شارەزا ریگا نادات لە لایەن کەسانی یاساشکێن و مافپێشێلکەر ئیدارە بکرێن. مافی مرۆڤ پێوەندی بە دوارۆژی مرۆڤایەتی هەیە، بۆیە بە ئاسانی پەراوێز ناکرێ. وانە مێژووییەکان دەیسەلمێنن، کە ئەمڕۆ و لە داهاتوودا دەوڵەت و لایەنە نادەوڵەتی‌یەکان دەرفەتی قەڵاچۆ و سەرکوتی مرۆڤەکانیان وەک رابردوو نابێ. لە ئاکام‌دا ئەو پرسە لە چەقی بابەتەکانی تێکەڵ لەگەڵ سیاسەت و پێوەندییە نێودەوڵەتی‌یەکان‌دا جێدەگرێ. ئیدارەکردنی وڵاتان و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێویستی بە چاکسازی هەیە و مرۆڤەکان زیاتر لە رابردوو لەسەر پاراستنی مافەکانیان شارەزا و سوورتر دەبن. دەوڵەتەکان لە دوارۆژدا پێویستیان بە دۆزینەوەی سیغەیەکی هاوبەشە و ناچارن  زیاتر لە رابردوو هاوکاری یەکتر بن و لە چارەسەرکردنی قەیران و کێشە ناوچەیی و جیهانی‌یەکان ئەو مەرجانە درەنگ یان زوو داسەپێنن. پارێزگاری لە مافی مرۆڤ لە یەکە کۆمەڵایەتی‌یەکان و  لە نێوخۆی دەوڵەتەکان‌دا گەشە دەکا و پەل داوێژێتە دەرەوەی سنوورەکان. دەوڵەتەکان بە تێکڕا بەرپرسیارەتی پاراستنی هاووڵاتی‌یەکانیان لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی، جینایەتی شەڕ، پاکتاوی رەگەزیی و هتد. و هەروەها تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەسەر شانە. کاتێک دەوڵەتێک یان ژمارەیەک لە دەوڵەتەکان خۆیان لەو ئەرکانە لادەدەن و مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی مافی هاووڵاتیان پاشگوێ دەخەن و تەنانەت خۆیان ئەکتەری جێبەجێکەر ئەو گۆڕەپانەن، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارەتی هاوبەش و هەڵوێستی یەکلاکەرەوەیان نییە. لە ئاکام‌دا مرۆڤایەتی دەکەوێتە بۆشاییەکی ناعادڵانە و کوشتن و قەڵتوبڕی مرۆڤەکان لە زۆر  ناوچەی ئەو جیهانەدا دووپات و چەند پات دەبێتەوە. راستی‌یەکی حاشالێنکراوە، کە مافی مرۆڤ و سەروەری دەوڵەت هەردووکیان بوونیان هەیە، بەڵام لە بەستێن و دۆخێکی ئاڵۆز و دژواردا. چۆنیەتی باڵاناسی نێوان ئەو دوو چەمکە لە گۆڕەپانی سیاسەتی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی‌دا بەندە بە کۆمەڵێک فاکتەر، کە بەشێکیان پێوەندیان بە دوارۆژی سیستمی سیاسیی جیهان، رێژەی چاکسازی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، بە کولتووربوونی دێموکراسی و پەروەردەی مرۆڤەوە هەیە. درێژەی هەیە  
لە ژماره‌ ٦٩٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌