کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٦ی سەرماوەز (رۆژی خوێندکار) بۆنەیەکی دابڕاو لە پەیامەکانی

20:43 - 30 سەرماوەز 2716

خوێندنی ئاکادیمی و زانستی بە تایبەت لە ئاستی سەرەوە (زانکۆکان) لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا هەمووکات یەکێک لە ئاڵنگارە سەرەکی‌یەکانی هەم رێژیم و هەم خوێندکاران بووە. ئەگەر لە رەهەندی کۆی گشتیی بارودۆخی ژیانی سیاسی، کۆمەڵاتی و ئابووریی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانەوە چاو لە بارودۆخی خوێندکاران بکەین، بێگومان بەشێکی دانەبڕاو لەم کێشە و قەیرانانەن کە دەسەڵاتی سیاسی بەرهەمی هێناون. بەڵام گرینگی توێژی خوێندکاران، لایەنی هەستیاری و خەسارهەڵگریەکەیەتی. کە باس لە خوێندکار و زانکۆ دەکرێ، مەرج نیە، ببێتە ناوەندێک بۆ یاری و ململانێ سیاسی‌یەکان یان پەروەردە کردنی رێبەر و کاریزما بۆ داهاتووی وڵات، بەڵام بە پێی هەموو ستانداردە جیهانی‌یەکان، زانکۆ ناوەندێکی زانستی‌یە بەبێ هیچ بەربەستێکی سیاسی – ئیدئۆلۆژیکی بۆ پەروەردە کردنی خوێندکارێک کە لانیکەم هیچ پرسیارێکی نابێ بێ وڵام بمێنێتەوە، چ بگا بە رێگە نەدان بە باس کردنی پرسیارەکانی. چونکە خوێندکارێک کە خواست و پرسیارەکانی لە زانکۆ بێ وڵام یان قەدەغە دەکرێن، بێگومان لە کۆمه‌ڵگه‌یەکی داخراوتر لە زانکۆ ژیان بەسەر دەبا و رەنگە کۆمه‌ڵگه‌ش دەرفەتێکی بۆ تاقیکردنەوەی کردەکی ئەزموونە زانستیەکانی خوێندکاری پێ نەبێ. ئەگەر نەڵێین کە خوێندکار لە زانکۆدا، ژینگەیەکی کۆنکرێت و ئاخنراو بە ئیدئۆلۆژیەکی توند و وشکی بۆ دروست کراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر و ئیدئۆلۆژیەکی دوگمی مەزهەبی بەردەوام لە هەوڵی کۆنتروڵ و چاوەدێری کردنی دایە تا کەسایەتی‌یەکی فکریی دڵخوازی خۆی لێ بەرهەم بێنێ. کۆماری ئیسلامی هەمووکات بە ئاشکرا لە هەوڵی ئەوەدا بوە نەتەنیا ژینگەی سیاسی - کۆمەڵایەتی زانکۆ بگۆڕێ بەڵکوو لە رووی مەعریفی و زانستیشەوە دەسکاری وانەکانی خوێندن بکا. ئەگەرچی رەفتار و سیاسەتی سەرکوتگەرانە تا ئێستا پێناسەیەکی نەگۆڕ و گشتگیری رێژیم بەرامبەر بە کۆی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران بووە بەڵام پێویستە لە یادکردنەوەی بۆنەی ١٦ی سەرماوەزدا، هەڵسانگاندێک بۆ هەستیاریی رێژیم بەرامبەر بە خوێندکار و هەروەها روانگەی باوی هێزە ئۆپۆزیسیۆن و گۆڕانخوازەکانی ئێران بەرامبەر بە خوێندکاران ئەنجام بدەین. رەنگە لە دۆخێکی ئاسایی هەر کۆمەڵاگەیەک‌دا، بەپێچەوانەی رەوتی جێکەوتووی نێو ژینگەی سیاسیی ئێران، ئەرکدار کردنی خوێندکاران بە دروستکردنی ژینگەیەکی سیاسی – تەشکیلاتی لە نێو زانکۆ یان باشتر بڵێین پێویستیی دروستکردنی بزووتنەوەیەکی خوێندکاری، هەم وەک پرسیار و هەم وەک خواستێك هیچ لۆژیکێکی لانیکەم ئاکادیمیکی تێدا نیە. دیارە ئەمە بە مانای بێ هەڵوێست کردن یان بێ هەڵوێست نیشاندانی خوێندکار بەرامبەر بە دۆخی ئارایی یان پرسەکانی کۆمه‌ڵگه‌ نیە، بەڵام هەر لەم پێوەندیەدا ئێمە مێژوویەک بە دوو رەهەندی لێک جیا بەرامبەر بە خوێندکاران دەبینین. یەکەم ئاراستەیەکی تەواو سەرکوتکەرانە و نامەعریفی گرتۆتەبەر و لەلایەکی دیکەوە بەهۆی دۆخی مافخوازانەی کۆمەڵگەی ئێران و تەنگەبەریی هێزە سیاسی‌یە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بارگرانییەکی زۆر خراوەتە سەر شانی خوێندکاران، بەشێوەیەک کە لە ئێستادا هیچ لایەنێک نەیتوانیوە نە خوێندنەوەی لۆژیکی و نە هەڵوێستێکی دروستی بەرامبەر بە خوێندکاران لە ئێران‌دا هەبێ. تا ئێستاش بەشێکی زۆر لە ژینگەی چالاکانی مەدەنی- سیاسی نێوخۆ و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دەرەوە لە ئەنجامی ئەم لێکدانەوەیەدا قەتیس ماونەتەوە کە ئایا بابەتێک بە ناوی بزووتنەوەی خوێندکاری تا چەند شکڵی گرتوە، تا چەند سەرکەوتوو بووە یان شکستی هێناوە. بەکورتی هەمووی ئەم لایەنانە لە روانگەی بەرژەوەندی، پێگە و رێکخستنەکانی خۆیان لەنێو خوێندکاران و زانکۆکانەوە دەڕواننە توێژی خوێندکاران لە ئێران‌دا. لە وڵاتانی ئازاد و دێموکراتیک‌دا زۆرجار نوخبە و ئێلیتی ئەو کۆمه‌ڵگایانە پرسە ستراتیژیک و چارەنووسسازەکانی وڵات لە چوارچێوەی باسێکی ئاکادێمک و نەتەوەیی‌دا دەبەنە زانکۆکان، لەوەێ دەیخەنە بەر باس و راوێژ. بەڵام زانکۆ لە وڵاتێکی داخراوی وەک ئێران‌دا بۆتە جێی ململانێی لایەنە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات بۆ قۆرغکردن و دەست بەسەرداگرتنی. تەنانەت بەهۆی جەوهەری گۆڕانخوازی و رێفۆرمیستی خوێندکاران، زۆرجار ئەو لایەنانەی کە خۆیان بە رێفۆرمخواز دادەنێن، بۆ شۆناس بەخشین بەخۆیان پەنا دەبەنە ساحەی زانکۆکان و وەک سەکۆیەک بۆ دەربڕینی بیروبۆچوونەکانی خۆیان کەڵکی لێ وەردەگرن. دیارە ئەم جۆرە ململانێ و روانگەیە تا ئێستا زۆر کارەسات و تراژیدیای بەرامبەر بە توێژی خوێندکاران لەلایەن دەسەڵاتەوە لێ کەوتۆتەوە. بەڵام بەو حاڵەش رێژیم هەموو ساڵێ یادی بۆنەی ١٦ی سەرماوەز (رۆژی خوێندکار) لە چوارچێوەی پەیامە ساویلکە و ئیدئۆلۆژیکیەکانی خۆی‌دا دەکاتەوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بۆ هۆی دۆخی تایبەتی و خەباتکارانەی لەمێژینەی خۆی، خوێندکارانی کورد هەمووکات دەورێکی کاریگەریان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی – دێموکراتیک‌دا هەبووە. تەنانەت زۆر جاران رێکخراوەکانی خوێندکاریی تایبەت بە خوێندکارانی کورد لە زانکۆ جۆراوجۆرەکانی ئێران شکڵیان گرتووە و چالاکی بەرچاویان هەبوە. بەڵام هەوڵە خۆڕسکەکانی خوێندکارانی کورد زۆرجاران بۆتە قوربانیی ململانێی هێزە سیاسی‌یە کوردەکان لە پێناو بە حیزبی کردنی چالاکی‌یە خوێندکارییەکان. بە شێوەیەکی گشتی لە ئەدەبیاتی سیاسی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران و رێفۆرمخوازەکانی نێوخۆ و هەروەها کۆماری ئیسلامی دوو روانگەی سەرەکی بەرامبەر بە توێژی خوێندکار بە زەقی دەبینرێ. کە باس لە دەور و کاریگەریی خوێندکاران لە کۆمه‌ڵگه‌دا دەکرێ، لایەنی یەکەم هەمووکات دەستەواژەی دروستکردنی بزووتنەوەیەکی خوێندکاری سەراسەری دێننە بەر باس و لایەنی دووهەم واتە رێژیم، دەیهەوێ هەر جۆرە چالاکی‌یەکی خوێندکاران بخاتە قالبێکی ئیدئۆلۆژیکی مەزهەبی لەپێناو خزمەت بە ئامانجەکانی دەسەڵات. بێگومان توێژی خوێندکار لە ئاستی جیهان و بە شێوەیەکی مێژوویی بەهۆی فاکتی وشیاری و روحی ئارمانخوازانەی، هەمیشە هێزێکی چالاک و زیندوو بوە لە بەرامبەر ستەم و نادادپەروەری دەسەڵاتداران. بەڵام ئەمە هیچکات بە مانای بە سیاسی کردنی زانکۆ و بە رێکخستنی خوێندکار وەک ئەکتەرێکی سیاسی نیە، بەڵکوو ئەمە تایبەتمەندی سروشتی ئاکادیمیکی ژینگەی زانکۆ و ئەرک و پەیامی پەروەردەیی خوێندکارە. کەواتە هەروەک چۆن خوێندکاران لە ئێرانی دیکتاتۆرلێدراودا، هەمووکات خاوەنی پەیامی گۆڕنکاری و نەمانی سەتەمکاری بوون، لەسەر هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش پێویستە چیتر لە دیالۆگ و پرسی بوون و نەبوونی بابەتی بزووتنەوەی خوێندکاری و هۆکارەکانی‌دا قەتیس نەمێننەوە و هەوڵ بدەن ژینگەی زانکۆ و توێژی خوێندکار بۆ ئەرک و بەرپرسیارەتی‌یە سەرەکی‌یەکانی خۆی بگەڕێننەوە. چونکە مێژووی دەسەڵاتداری بەتایبەت لە ئێران‌دا سەلمێنەری ئەم راستیەیە کە کێشانی هەر جۆرە ململانێیەکی سیاسی بۆ نێو گۆڕەپانی زانکۆ، هەموو کات بۆتە هۆی دەستێوەردان و قۆرغکاری زیاتر لەلایەن دەسەڵاتەوە. بێگومان هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسی – دێموکراتیک بە بێ رێکخستن ناتوانێ پەیامەکانی خۆی بگەیەنێتە جەماوەر و بە بێ بوونی ئاڵترناتیوی بەهێزیش ناتوانێ سەرکەوتوو بێ. بەڵام توێژی خوێندکاریش بە پێی سروشتی خۆی لە باری فکری و مەعریفیەوە هەمیشە توێژێکی رێکخراو بۆ هەر گۆڕانکارییەکی مافخوازانە بووە. کەواتە دەتوانین بڵێین کە فاکتی بەهێز و هەمیشە ئامادەی خوێندکاران پەیامی رۆشنگەری و دانەبڕانیەتی لە خواستەکانی کۆمه‌ڵگه‌.  
لە ژماره‌ ٦٩٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌