کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسەر کارەساتە خوێناوییەکەی شەوی یەڵدا

13:59 - 6 بەفرانبار 2716

شەوی ۲۰ لەسەر ۲۱ی دێسامبری ٢٠١٦ی زایینی، واتە شەوی یەڵدا کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی لە دایکبوونی دوکتور قاسملوو، دوای تەواوبوونی بەرنامەکە و گەڕانەوەی خەڵک بۆ ماڵەکانیان، لە ئاکامی دوو تەقینەوە لە نزیک بارەگای ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆیە، ۷ کەس گیانیان لە دەستدا. پێنج پێشمەرگەی حیزب و دوو ئەندامی ئاسایشی هەرێمی کوردستان. گومانی تێدا نییە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی لەو کردەوەدا بووە. هۆیەکەشی دەگەرێتەوە بۆ پێشینەی ۳٨ ساڵ دەسەڵاتداری ئەو رێژیمه‌. دەسەڵاتدارانی شیعەی ئێران، لە سەرەتای هاتنە سەرکاریان، بە هێرش بردن بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران، دیاردەی تیرۆریزمیان وەک ئامرازی پاراستنی دەسەڵات لە نێو هێزە ئەمنی‌یەکان‌دا نەهادینە کرد و کردیانە قەڵغانی بەرگری لە نیزامی ولایەتی فەقیە. تیرۆریزمی دەوڵەتی بە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بوو بە هۆی ئاژاوەنانە و شڵەژانی هەرچی زیاتری ئاسایش و هێمنی لە رادەی جیهانی‌دا و کەمتر وڵات و شوین لە گۆی زەوی ماوە کە کۆماری ئیسلامی دەست تێوەردانی تێدا نەکردبێ و بە رێگای جۆراوجۆردا، نەبووبێتە هۆی نانەوەی شەڕ و کێشە و ماڵوێرانکاری. لە پێوەندی لە تەک رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئێسلامی کێشە و ناتەبایی لە نێوان خواست و مافەکانی کورد و نکوڵی کردنی دەسەڵاتدارانی ناوەند، لە ئارادا بوو و هەتا ئێستاش وەڵامی داخوازە رەواکانی کورد بە زیندان، ئەشکەنجە، راودوونان و گوللە دەدرێتەوە. هێزە داکۆکی‌کارەکانی کورد لەو پارچەیەی کوردستان زیاتر لە شوێنەکانی‌تری ئێران، بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان بوونە ئامانجی هێرش و تێرۆری کۆماری ئیسلامی. لەو چەند دەیەی رابردوودا، وێڕای داسەپاندنی شەڕێکی نابەرابەر دژی جووڵانەوەی رزگاریخوازنەی کورد، بە یارمەتی دۆست و هاوپەیمانانی لە نێو بەشێک لە رێکخراوەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان، توانیویه‌تی دوو سکرتێر و سه‌دان کادر و پێشمەرگەی حیزب لەسەر خاکی ئورووپا و باشووری کوردستان، تێرۆر بکا و جگە لە رووداوی برڵین کە لە لایەن دادگای ئاڵمان بەدواداچوونی بۆ کرا و بوو بە هۆی لە قاودان و زیاتر ریسوا بوونی کۆماری ئیسلامی، تێرۆرەکانی دیکە، نە تەنیا بەدواداچوونی بۆ نەکرا، بەڵکوو بە تێپەڕبوونی زەمان خەریکە تۆزی فەرامۆشیان لەسەر دەنیشێ. دەیەی هەشتا و نەوەدەکانی زایینی بۆ حیزبی دێموکرات، رەنگە ناخۆشترین دەوران بێت. کۆماری ئیسلامی دوای شکستهێنانی لەشەڕ لەگەڵ عێراق و خواردنەوەی جامی ژەهر لە لایەن خومەینی، پلانی لاوازکردن و لەنێوبردنی هێزە بەرهەڵستکارەکان و یەک لەوان حیزبی دێموکراتی بە کپ کردنی جووڵانەوەی چەکداری لە بەرنامەدا بوو. لەو ساڵانەدا بە سه‌دان کادر و پێشمەرگەی حیزب کەوتنە بەر هێرشی تێڕۆریستی ‌ئێران و شەهید کران . لە رێکەوتی ٨ی دێسامـبری ۱۹۹۷ی زایینی لە نزیک شاروچکەی دوکان چەند کەس لەبەرپرسانی دێموکرات کەوتنە بەر پەلاماری تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی و بووبە هۆی شەهید بوونی مەنسووری فەتاحی و بریندار بوونی ۳ کەسی‌تر. ئەو کەسانەی توانیان لە چنگ تێرۆریستەکان دەرباز بن و خۆیان بگەیه‌نە سێڕای کۆیە، لە وێندەرێ دەکەونە بەر دەسڕێژی گولله‌ و هەر چواریان شەهید دەکەن. هەر لەو رووداوەدا دوو کەس لە پێشمەرگەکانی یەکیەتی شەهید دەکرێن (وەک رووداوی شەوی یەڵدا). رووداوی دڵتەزێنی شەوی یەڵدا پێوەندی راستەوخۆی لە لایەک بەجموجۆڵی سیاسی و نیزامیی حیزب و حوزووری زیاتری لە نێو خەڵک‌دا و لە لایەکی دیکە بە مەبەستی نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی و هەروەها نیشاندانی سیمایەکی ناسەقامگیر و نائەمن لە هەرێمی کوردستانە، بە تایبەت ئێستا کە دەزانن مەسەلەی راگەیاندن و داوای رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دوای کۆتاییهاتنی شەڕی موسڵ گرینگی زیاتری پێدەدرێت. دوای رووداوی شه‌وی یه‌ڵدا پێویستە حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بیرێکی جیدی لە حاڵی خۆیان بکەنەوە و رێگای چارەسەرێک بدۆزنەوە کە کەمترین هەزینەی بۆ بدەن. کاربەدەستانی سپای پاسداران و هێزە ئەمنی‌یەکان لە چەند مانگ لەوە پێشەوە هەرەشەی کوشتن و لەنێو بردنی نەیارانیان کردوە لە هەر شوێنێک بن. ئەوان پابەندی هیچ چەشنە یاسا و رێسایەکی مرۆڤایەتی نین و نابن. ئەگەر لە لایەک بۆ فریوی خەڵک باس لە "مەنشووری مافی شەهروەندی" و "جیاوازییە" "قەومی" و "مەزهەبی"ییەکان لە ئێران‌دا دەکەن، لە هەمانکات‌دا پلان و بەرنامە بۆ کوشتن و تێرۆرکردنی جیابیران وئازادیخوازان دادەڕێژن. لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا و بۆ رووبەروو بوونەوە لەگەڵ سیستەمێکی ئەوپەڕی دواکەوتوو و دڕندە وەک کۆماری ئێسلامی، حیزب و رێکخراوەی ئازادیخواز و بەرپرس، پێویستە بەیەک هەڵوێستی ، یەکریزی ، تەبایی و وردبینی سیاسی بەرەرووی دوژمن بێتەوە و پیلانەکانی پووچەڵ که‌نەوە.