کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیرۆری شه‌وی یه‌ڵدا

15:08 - 7 بەفرانبار 2716

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە درێژایی مێژووی دەستەڵاتداریی خۆی لە ئێران نیشانی داوە کە بۆ لەنێو بردنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی خۆی لە هیچ کارێکی نائینسانی کۆتایی ناکات و لە تەواوی ئامرازەکان و یەک لەوان تیرۆر کەڵک وەردەگرێ. هەر لە سەرەتای شۆڕشی ٥٧وه‌ یەکێک لە هەوەڵین کارەکانی حکوومەتی تازە‌پێکهاتووی ئێران، سەرلەنوێ‌ رێکخستنەوەی ساواک لە جل‌وبەرگی تازەی ساواما، هەروەها پێکهێنانی هێزی تیرۆر لە دەرەوەی وڵات و بە تایبەتی کەڵک وەرگرتن لە تێرۆریستە نەئێرانی‌یەکان بووە. لەم رەوتەدا ئێران توانی زۆر بە باشی بە تایبەتی لە عەرەبەکانی لوبنان و فلستین کەڵک وەربگرێ. بەڵام لە باشووری کوردستانیش بە پێی پێگە و نفووزی خۆی لەوانەی کەڵک وەرگرتووە کە لە جل‌و‌بەرگی کوردایی‌تی‌دا خزمەت بە نەیارانی نەتەوەکەی خۆیان دەکەن. تیرۆری سەدان کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لە کوردستانی ئازادکراو نموونەیەکی بەرچاو لەم هەوڵانه‌ی حکوومەتی ئیسڵامیی‌ ئێرانە. تا ئەم دواییانە و هەتا پیلانی سەرنەکەوتووی تیرۆری تێکۆشەری کورد کاک رەزا کەعبی و پووچەڵبوونەوەی تەقاندنەوەی بارگای کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبە کوردستانی‌یەکانی رۆژهەڵات بە چەشنێک ئارخەیان بوون کە بە تایبەتی پاش دادگای میکۆنۆس و تاوانبار ناساندنی حکوومەتی ئێران، وێچوونی کاری تیرۆریستی ئێران وەکو جاران لە کاردا نییە و، ئاوا دێتە بەرچاو کە تا رادەیەکیش لە روانگەی ئەمنییەتی‌یەوە کەمتر خەمی‌یان کردبێ. کەم‌ نەبوون ئەوانەی کە کۆمەڵکوژیی موجاهیدینی خەڵکیان لە لایبێرتی وەکو زەنگێکی مەترسیدار بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە کرد، بەڵام بەشێک پێیان وابوو باشووری کوردستان جێاوازی لەگەڵ بەشی عەرەبی هەیە و رادەی ئەم مەترسی‌‌یه‌ لە ئاستێکی نزم دایە. لە لایەکی دیکەشەوە مێژووی دەستەڵاتداریی مەڵاکانی ئێران نیشانی داوە ئە‌گەر کاربەدەستانی ئێران بە هۆی جۆراوجۆر پاشەکشەیەکی کاتیشیان لە سیاسەتی تیرۆری رۆشنبیران و ئازادیخوازانی ئێرانی و بە تایبەتی کورد کردبێ، قەت لە جەوهەری سیاسەتی تیرۆر و گرتن و لە بەندیخانە خستن و هتد پاشگەز نەبوونەتەوە و تەنیا بە پێی گۆڕانکارییەکانی ناوچە و جیهان شیوەی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی خۆیان گۆڕیوە. لەم دواییانەدا رەوتی ناردنەوەی بەشێک لە پێشمەرگەکان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و پرۆپاگەندەی میدیایی و هتد، بۆ حکوومەتی ئیسڵامی ئەمرێکی نه‌خوازیار بووە و هەرەشە و گورەشەی فەرماندەکانی سپای پاسداران و میدیاکانی ئێران لێ کەوتۆتەوە. ئەم پیشاندەری ئەم راستییەیە کە حکوومەتی ئیسڵامی ترسی لە هێزەکانی کوردی رۆژهەڵات هەیە کە لە باشووری کوردستان جێگیر بوون. لێرەدا پێویستە حیزبێکی کوردستانی کە باس لە زیندووکردنەوەی خەبات چەکداری دەکا یان بە راشکاوی دان بە ناردنی پێشمەرگە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێ شیوەی کار و چالاکیی حیزبەکەی لە دەرەوەی ئێران، هاوئاهەنگ لەگەڵ سیاسەتەکەی بکات و تێبکۆشی بە سەرلەنوێ خۆڕێکخستنەوەی رێکخراوەکانی لە نێوخۆ و دەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان تا ئەو رادەیەی کە دەکرێ هێزەکانی خۆی لە ژێر مەترسی کارەساتی وەکو شەوی یەڵدا بکێشێتە دەرێ. ئەم رووداوە و پیلانی تیرۆری کاک رەزا کەعبی و بۆمبرێژکردنی بارگای کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کارەساتی شەوی یەڵدا و شەهیدبوونی پێشمەرگەکانی حدک و دوو کارمەندی ئاسایش، گرتن و کوشتنی خەباتکارانی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هتد تەنیا نیشاندەری ئەم راستییەیە کە بوونی حکوومەتی ئیسڵامیی ئێران کۆسپێکی گەورە بۆ گەیشتنی کوردی رۆژهەڵات بە ئامانجە نەتەوەییەکانیه‌تی و بێ رووخانی حکوومەتی تێوکراتیکی تاران و دابین بوونی حکوومەتێکی سکوڵار و باوەڕمەند بە مافی نەتەوکان لە ئێران‌دا هیچ ئاسۆیەک بۆ گەیشتن بە وڵاتێکی ئازاد و دێموکراتیک نابیندرێ. لەم رەوتەدا پێویستە حیزبەکان و کەسایەتی‌یەکانی رۆژهەڵات بە دوور لە پاوانخوازی بەرەیەکی هاوبەش دژ بە حکوومەتی ئیسڵامی ئێران پێک بێنن تا بتوانن ئەرکی مێژوویی خۆیان باشتر بە جێ بهێنن. پێرۆز بێ یادی شەهیدانی شەوی یەڵدا و تەواوی تێکۆشەرانی رێگەی ئازادی نیشتمان