کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵادەستیی ئەهریمەنیی تاران لە کوێ تێکدەشکێ؟

16:09 - 15 بەفرانبار 2716

راستی‌یەکی روون و نکۆڵی‌لێنەکراوە کە دەزگا سیخورییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پشت کردەوەی تیرۆریستیی شەوی یەڵداوەن. چونکە جگە لە سەرەداوە بەڵگە سەلمێنەرەکان، دەیان و سەدان کردەوەی هاوشێوە لە دژی بەرهەڵستکاران و جیابیران و بەتایبەتی رێبەران و تێکۆشەرانی کورد، تەنانەت لە وڵاتانی رۆژئاواییش، سەلمێنەری ئەم راستی‌یەن کە تێرۆر، سیاسەت و شێوازێکی هەمیشەیی ئەم رێژیمەیە. ئامانجی ئەم دەزگا سیخوری و سەرکوتکەرەکانی حکوومه‌تی تاران جۆراوجۆرە. خوڵقاندنی ترس و دڵەڕاوکە لە نێو دژبەران و لاوازکردن و بێتواناکردن و تەنانەت لەبەریەکهەڵوەشاندنی رەوت و رێکخراوە دژبەرەکان لە هەر جێگایەک (لە نێوخۆو دەرەوەی وڵات) بەشیک لە ئامانجەکانی سیاسەتی تیرۆری ئەم رێژیمەن. رێژیمی ئێستای تاران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە بە گرتنەبەری سیاسەتی تیرۆر لەراستی‌دا ویستوویەتی پازێلی سیاسەتی باڵادەستیی ئەهریمەنیی خۆی کە لە سێکوچکەی ئیعدام، بەندکردن و تیرۆر پێکهاتوە، بخاتەوە سەر یەک. بزووتنەوەی مافخوازانە و شوناسخوازانەی کوردستان و حیزبی دێموکرات بەو پێیە کە لە هەر هەلومەرجێک‌دا توانای خۆڕێکخستن و بەرەنگاریی خۆی لە بەرانبەر دەسەڵاتی سەرەڕۆ و سەرکوتکەری تاران‌دا پاراستوە زیاتر لە هەر لایەنێکی دژبەر بۆتە ئامانجی سیاسەتی باڵادەستیی ئەهریمەنیی ئەم رێژیمە. لیستی دوورودرێژی کردەوە تیرۆریستی‌یەکانی رێژیمی تاران سەلمێنەری راستیی ئەم لێکدانەوەیەن. بۆیە دەکرێ کردەوەی تیرۆریستیی شەوی یەڵدا لە چوارچێوەی پەرچەکرداری دەسەڵاتی ئیسلامیی تاران لە ئاست بەرەوپێشچوونەکانی بزووتنەوەی کوردستان و حیزبی دێموکرات‌دا لێکبدەینەوە. دیارە هەروەک لە کردەوەدا دیتوومانە و لە ئاخاوتنی بەرپرسانی سیاسی و تەناهیی حکوومەتی تارانیش‌دا بەبەردەوامی باسی لێوەکراە، لە پلانی تەناهیی ئەوان‌دا زەبرلێدان لە نەیارەکانیان(هێزە ئازادیخوازەکان و دژبەران) و ئاژاوەنانەوە و خۆش کردنی ئاگری شەڕی نێوخۆیی لە وڵاتانی ناوچە سەرەتییەکی تایبەتی هەیە. ئەوەش دەتوانێ لەم راستی‌یەوە سەرچاوە بگری کە ئەوان زۆر لەوە نیگەرانن هەر هەنگاوێک و چالاکی‌یەکی هێزە دژبەرەکان و لە سەروویانەوە هێزە کوردییەکان لە نێوخۆی وڵات، چڕژ بخاتە ئەو تەناهی‌یە پڕ لە ترسەی که‌ ئەوان بەسەر وڵاتیان‌دا زاڵ کردوە. لەم پێناوەدا رێژیمی تاراران تەنانەت هیچ بایەخێک بۆ تەناهی و سەروەریی ئەو وڵاتانەی دەستێوەردانیان تێدا دەکا یان کردەوەی تیرۆریستیان تێدا ئەنجام دەدا، دانانێ. لەم پێوەندییەدا هەرێمی کوردستان و عێراقی دوای رووخانی حکوومەتی بەعس دوو نموونەی بەرچاون کە هەر لە دەیەی ٩٠ی زایینی‌یەوە بوونەتە مەیدانی تەراتێنی سیخور و تیرۆریستەکانی رێژیمی ئیسلامیی تاران. هەروەک لە دەیەی ٨٠ و ساڵانی سەرەتای دەیەی ٩٠ی زایینی وڵاتانی ئورووپایی ببوونە مەیدانی تیرۆری دژبەران و جیابیران. لەو ماوەیەدا بە دەیان کەس لە کەسایەتی و تێکۆشەرانی سیاسیی کورد و ئێرانی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئورووپا تیرۆر کران. کە بەرچاوترینیان تیرۆری د. عەبدولرەحمان قاسملوو، د. شاپوور بەختیار و د.سادق شەڕەفکەندی بوو. هەرچەند بەخۆشی‌یەوە بڕیاری لێبڕاوانە و دادپەروەرانەی دادگای میکوونووسی ئاڵمان (دادگای تیرۆری دوکتور سادق شەڕەفکەنی و هاوڕێیانی) لە نێوەڕاستی دەیەی ٩٠دا سەرانی تارانی تووشی ریسواییەکی نێونەتەوەیی کرد و لانیکەم لە ئاستی ئورووپادا بەربەستێکی بەهێزی لە بەردەم باڵادەستیی ئەهریمەنیی حکوومەتی تاران دروست کرد، بەڵام بەداخەوە ئەم چاوەڕوانی‌یە ناکرێ لانیکەم لە کورت ماوەدا حکوومەتی تاران بەربەستێکی جیددی لە بەرانبەر سیاستی تیرۆر و ئاژاوەنانەوەی خۆی‌دا لە وڵاتانی ناوچەدا بەدی بکا. کەواتە دەبێ رێگای دیکە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ تیرۆریسمی نێودەوڵەتیی رێژیمی تاران بدۆزرێتەوە. هەرچەند لەقاودانی کردەوە تیرۆریستی‌یەکانی ئەم رێژیمە لە ئاستی نێودەوڵەتی‌دا، پێکهێنانی هاوئاهەنگیی ئەمنییەتی و زانیاری پتەو لەنێوان هەموو حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوئاهەنگیی پتەو لەگەڵ دامودەزگا ئەمنیەتی‌یەکانی هەرێمی کوردستان لانیکەمی ئەو رێوشوێنانەن کە دەبێ لەبەچاو بگیرێن، بەڵام بەدڵنیاییەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی تائێستا ناتوانن بەتەواوی وڵامدەر بن. چونکە لە کردەوەدا دەرکەوتوە ناکرێ بەبێ پێکهێنانی بەربەستێکی کردەیی بەر بە ماشینی تیرۆری ئەم رێژیمە سەرەڕۆیە بگیرێ. لەم پێوەندییەدا حیزب و رێکخراوەکانی نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە بیر لە گواستنەوەی هێڵی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێژموونی تیرۆر و تۆقاندنی رێژیمی ئیسلامیی تاران بکەنەوە. بەم واتایە کە ئەوان پێویستە لە رێگای پوتانسیەلە نێوخۆییەکانیانەوە (لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران) بەرپەرچی دەستدرێژییە تیرۆریستی‌یەکانی حکوومه‌تی تاران بۆ سەر خۆیان بدەنەوە. پێکهێنانی هێزێکی نێوخۆیی زەبروەشین لە چەند لایەنەوە گرنگیی تایبەتی هەیە. یەکەم ئەوە کە رەچاوکردنی دژە تاکتیکێکی ئەوتۆ بەرەی بەرەنگاربوونەوە و خۆپاراستن دەگوازرێتەوە بۆ نێو چوارچێوەی جوگرافیای تەناهیی تاران و دووەم ئەوە کە هەر چەشنە چالاکی‌یەک لە دژی ئەم چوارچێوە تەناهی‌یە زەبری قورس و قەرەبوونەکراو لە باڵادەستیی تەناهیی ئەهریمەنیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەدا. لە بیرمان بێ بەبێ شکانی باڵادەستیی ئەهریمەنیی ئەم رێژیمە بوار بۆ پەرەگرتن و کەم تێچووبوونی شێوازەکانی دیکە خەبات خۆش نابێ. لە ژماره‌ ٦٩٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌