کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدانی شەوی یڵدا و هەڵوێستی بوێرانەی خەڵکی کوردستان

16:23 - 15 بەفرانبار 2716

رەزا محەممەدئەمینی کردەوەی تیرۆریستی بەردەم بارەگای دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و شەهید بوونی پینج تێکۆشەری دێموکرات و دوو پێشمەرگەی ئاسایشی شاری کۆیە، ئەگەر لەلایەک خەسارتێکی گەورە بوو بۆ حیزب و بنەماڵەی شەهیدان و هاوڕێ و هاوسەنگرانیان و هیچ‌کات لەبیر ناکرێنەوە، لەلایەکی دیکە بەو هاوسۆزیی و هاوپەیوەندییە بەرینەی خەڵکی لە شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان و بنەماڵەی ئەو شەهیدە سەربەرزانە دەریان بڕی، بە دۆست و دوژمنانی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی نیشان‌دا کە شەهیدانی ئەو حیزبە، شەهید و رۆلەکانی گەلی کوردن و خەڵکی کوردستان لێیان بێ‌بەری نییە. نەک هەر شەهیدانی شەوی یەڵدا، بەڵکوو هەموو کادر و پێشمەرگە و شەهیدانی جەرگەی خەبات و تێکۆشان و هەموو ئەو شۆڕشگێڕانەی بە دەستی چەپەڵی تێرور و دەزگای تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی خەڵتانی خوێن بوو، رۆڵە و سەرمایەی نەتەوەکەمانن. شەهید بوونی تێکۆشەرانی دێموکرات لە شەوی یەڵدا وەبیر هەموو لایەکی هێنایەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەمان ئەو رێژیمەیە کە سەدان کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و باقی حیزب و رێکخراوە سیاسی‌یەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ساڵەکانی نێوان حەفتا و هەشتای هەتاوی لە شارەکانی باشووری کوردستان‌دا تیرۆر کرد. ئەو کردەوە تیرۆریستی‌یە سەلماندی رێژیمە نەگۆڕاوە و وێناچێ لە داهاتووش‌دا واز لە کردەوە تیرۆریستی‌‌یەکانی بێنێ. جگە لەوەش تەقاندنەوەی دوو بۆمبی بەهێز لە نێو دوکانێکی بەردەم بارەگای دەفتەری سیاسیی و لە جەنگەی بەڕێوەچوونی رێوڕسمێک‌دا کە نەک هەر کادر و پێسمەرگەکانی حیزب، بەڵکوو دەیان و بگرە سەدان ژن و منداڵ و مێرمنداڵی تێدابوو، نیشاندەری ئەوپەڕی دڕندەیی و جینایەتی رێژیمێکە کە دەم لە ئیسلام و ئایین دەدات و نێوی "کۆماری ئیسلامی" لە خۆی ناوە. ئەو شێوە تیرۆر و تەقینەوانە ئەو راستی‌یە دووبارە دەکاتەوە کە بۆ کۆماری ئیسلامی جیاوازی‌یەک لە نێوان کادر و پێشمەرگەکانی کورد و بنەماڵەکانیان، بە زارۆکی سەر بێشکەشەوە نییه‌ و هەموو هەر کورد و نەیاری کۆماری ئیسلامین و دەبێ هەر چۆنێک بێ لەنێو بچن. کەم نەبوون خەباتگێڕانی سەربەرز و کۆڵنەدەری بنەماڵەی دێموکرات کە لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەکاتی بەئەنجامگەیاندنی ئەرکەکانیان و لە بەرەنگاربوونەوەی قارەمانانە لەگەڵ جاش و بەکرێگیراو و پاسدارانی رێژیمی کوردکوژیی کوماری جورم و جینایەت لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا شەهید نەبووبن. بەڵام ئەوەی شەهیدانی شەوی یەڵدا لە هاورێ و هاوسەنگەرە شەهیداکانیان جودا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەوانە نەک لەکاتی شەڕ و بەربەرەکانی لەگەڵ دووژمن و لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا، بەڵکوو لە شەوی لەدایک بوونی دوکتور قاسملووی رێبەر و لەکاتی بەڕێوە چوونی رێوڕەسمی شادی بەم بۆنەیەوە و لە کردەوەیەکی تیرۆریستی‌دا شەهید بوون. هەر ئەوەش بوو کە بوو بەهۆی دەربڕینی هەست و سۆز و هاوخەمی‌یەکی کەم‌وێنە لە شار و گوندەکانی کوردستان. زێدەڕۆیی نییه‌ ئەگەر بڵێین کە شەهید بوونی ئەو کادر و پێشمەرگانە کە لە نێویان‌دا لاوێکی ١٧سالەی خوێن‌شیرین و روح‌سووکی بنەماڵەی پێشمەرگە و ئەندامی یەکیەتیی لاوان بە نێوی ناسری کەریمی تێدا بوو، لەو شەهیدانە کە لە شەڕ و بەربەرەکانی‌دا شەهید بوون، زیاتر هەستی هاوخەمی و دڵسۆزیی خەڵکی کوردستانی ورووژاند. سەردانی هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان، بەتایبەت لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان و بانە، بۆ دەربڕینی سەرەخۆشی و هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی شەوی یەڵدا، سەرەڕای زەخت و فشار و هەڵگرتنی وێنە و فیلم لە خەڵکی لەلایەن سیخوڕانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە و هەڕەشە کردن لە بنەماڵەی شەهیدان، دەربڕی قووڵایی خۆشەویستیی پێشمەرگە و خەباتگێڕانی دێموکرات لە دڵ و دەروونی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دایە. لەو ماوەیەدا بەهەزاران پەیامی سەرەخۆشی بە هەموو شێوەیەک و لە رێگەی جۆراوجۆر لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکانی حیزبی دیمۆکرات نێردراون و خەڵکی پێشمەرگە و دێموکرات پەروەری کوردستان هەستی بەرزی خۆیان بەو بۆنە دڵتەزێنەوە دەربڕیوە. جگە لەوەش ئەنجامدانی کردەوە تەبلیغی‌یەکان بۆ مەحکووم کردنی جینایەتی شەوی یەڵدا، لە هەموو شار و گوند و گەڕەکەکانی کوردستان، لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی حیزب و لاوە بەهەست و بەجەرگەکانی کوردستان، سەلمێنەری خۆشەویستیی پێشمەرگە و دێموکرات و نەفرەت و بێزاری لە کۆماری ئیسلامی و کردەوە تیرۆریستی‌یەکانی بوون. پشتیوانیی خەڵکی کوردستان هەر شار و گوندەکانی نەگرتەوە، بەڵکوو لە بەندیخانەکان و چاڵە رەشەکانی جەللادەکانی رێژیمیش، بانگی ناڕەزایەتی لە کردەوە جینایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامی بە گوێی حیزب دێموکرات و بنەماڵەی شەهیدانی شەوی یەلدا و خەڵکی گەیشت و دەسەڵاتدارانی ئەو رێژیمەش باش تێگەیشتن، سەردەمی کپ کردنی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی، تەنانەت لە بەندیخانەکانیش بەسەر چووە و ناتوانن تەمی رەشی بێدەنگی بە سەرکوت و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان بە تەواوی داسەپێنن.هەرلەو پێوەندییەدا و دوابەدوای ئەو کردەوە قزێونە سێ شێرەژنی بەندکراو لە زیندانی شاری"کرمان" بە ناوەکانی ئەفسانەی بایەزیدی، هاجەری پیری و سۆهەیلا مینایی و هەروەها بەندکراوی سیاسیی کورد لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج محەممەدی نەزەری خەڵکی سایین‌قەڵا کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە زیندان دایە بە دەرکردنی پەیام، وێڕای مەحکوم کردنی دەزگای تیرۆری کۆماری ئیسلامی و تەقینەوەی بەردەم قەڵای دێموکرات، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆیان بۆ حیزب و بنەماڵەی شەهیدان دەربڕیوە. ناردنی پەیامی هاودەردی لە قووڵایی زیندانەکانی کۆماری پەت و سێدارە و لە شوێنێک کە رێژیم دەسەڵاتی رەهای لە هەڵسووکەوت لەگەڵ بەندکراوە سەربەرزەکانی گەلەکەمان‌دا هەیە و بەتایبەت لەلایەن سێ شێرە ژنی کورد و پیاوێک کە ئەو ماوەیە بەهۆی ئازارەکانی زیندان و کرداری نامرۆیانەی ئەشکەنجەگەرانی رێژیم لە بارودۆخێکی خراپ دایە و لە ساڵی ١٣٧٣وە تائێستا و تەنانەت دوای فەوتی دایکی بەڕێزیشی ئیزنی مورەخەسی‌یان پێنەداوە، لەلایەک نیشانەی خۆڕاگری و چاونەترسیی بێ‌وێنەی ئەو بەندکراوە بەجەرگانەیە و لەلایەکی دیکەش دەبڕی خۆشەویستیی ناوی بەرزی پێشمەرگەیە وەک ئازاترین رۆڵەکانی نەتەوەکەمانە. لە باشووری کوردستانیش هەر بەداوی شەهید بوونی تێکۆشەرانی دێموکرات، هەزاران کەس لە خەڵکی دێموکرات‌دۆستی ئەو بەشە لەکوردستان، بەتایبەت خەڵکی شاری کۆیەی کوردپەروەر، کۆیەی حاجی قادر نەمر و دڵدار شاعیری سرودی نەتەوەییمان و شاری هونەرمەندانی مەزنی وەک تاهیر تۆفیق و خاڵە سێوە و خەڵکی کریستیانی گوندی "هەرمۆتە" زۆر بەپەژارە و ماتەمەوە بەشداری رێوڕەسمی سەرەخۆشیی شەهیدانی شەوی یڵدا بوون. بەشداری خەڵکی دێموکرات‌دۆستی باشووری کوردستان و بەتایبەت خەڵکی کۆیە، نیشانەی یەکڕیزی نەتەوەیی و تێکشکانی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بوون بۆ درز و کەلێن هاویشتن لەنێوان گەلی کورد لە هەر دوو بەشی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا. بەتایبەت کە کۆماری ئیسلامی زۆری کار کردبوو لەسەر ئەوەی کە لەنێو خەڵکی کۆیەی خۆشەویست‌دا ناڕەزایەتی لە بوونی دێموکراتەکان پێک بێنێ و ئاژاوە بنێتەوە. جگەلەوەش پیامە فەرمی‌یەکانی دوکتور فواد مەعسووم، سەرۆک کۆماری کوردی دەوڵەتی عێراق و کاک مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پارلمانی کوردستان و هاتنی سەرکردایەتی هەموو پارت و حیزب و رێکخراوە سیاسی و پیشەییەکانی ئەو بەشە لە کوردستان‌ بۆ قەڵای دێموکرات سەرەخۆشی لە حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهیدان، وەبیرهێنەرەوەی سەنگ و وەزن و قورسایی حیزبەکەمان و قەبارە و گرانایی ئەو کردەوەتیرۆریستی‌یە لەلایەن کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنورە سیاسی‌یەکانی بوو. لە دەرەوەی وڵاتیش بەڕێوە چوونی، ئەکسیۆن و رێپێوانی رەوەندی کوردی و مەحکووم کردنی دەزگای تیرۆری رێژیم و جینایەتی شەوی یەڵدا لە زۆربەی وڵاتانی ئورووپایی و ئه‌مریکا و کانادا و ئۆستوڕالیا‌دا، ئەکتیڤ بوونی حیزبی دێموکرات و ریکخستنەکانی لەو وڵاتانە و لەقاودانی تیرۆریزمی دەوڵەتی و سازماندراوی کۆماری ئیسلامی نیشانی خەڵکی کوردستان و ئەو وڵاتانەدا. لە کۆتایی‌دا وێرای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان عەلی قۆیتاسی، وه‌هاب میرخزری، ئه‌رسەلان عباس‌نیا، سالار باقری و ناسر کەریمی، هیواخوازین، خوێنی بەناحەق رژاوی ئەو شەهیدانە ببێ بە هەوێنی یەکگرتوویی نەتەوەکەمان و حیزب و رێکخراوە سیاسی‌یەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ بەگژداچوونەوەی سەرکوتکەران و داگیرکەرانی ئەو بەشە لە خاکی کوردستان. لە ژماره‌ ٦٩٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌