کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوی حیزبە کوردستانی‌یەکان لە پێوەندی لەگەڵ کردەوە تیرۆریستی‌یەک

17:00 - 15 بەفرانبار 2716

کۆبوونەوی حیزبە کوردستانی‌یەکان لە پێوەندی لەگەڵ کردەوە تیرۆریستی‌یەکەی شەوی یه‌ڵدای خوێناویی دێموکرات (هەنگاوێکی بەکردەوە بۆ پێکهێنانی یەکریزی و هاوهەڵوێستی) هەر دوو رۆژ دوای تەقینەوە تیرۆریستی‌یەکەی شەوی یه‌ڵدای بەردەم بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کە لە لایەن رێژیمی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە رووی دا، بە دەیان حیزب و رێکخراوی سیاسی لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە دەوری یەک کۆبوونەوە. ئەم کۆبوونەوە کە راست لە شوێنی کۆبوونەوەکەی شەوی یه‌ڵدا، لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە مەبەسەتی مەحکوومکردنی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ئەم حیزبە بەڕێوەچوو، دەکرێ لە نەوعی خۆی‌دا بە کەم‌وێنە و، لە هەمانکات‌دا بە "مێژوویی" لە قەڵەم بدرێ. لەگەڵ ئەوەیکە کورد بە گشتی و لایەنە سیاسی‌یەکانی بەتایبەتی بە بەردەوامی باس لە یەکگرتوویی و یەکریزی دەکەن، بەڵام بەداخەوە دەبێ دان بەو راستی‌یە‌دا بنێین کە ئەم میللەتە لە ئاستی بزووتنەوەی نەتەوەیی‌دا تا ئێستایش بە دەردی نایەکگرتوویی و ناتەبایی‌یەوە دەناڵینێ. تێ‌نەگەیشتن لە بەرژەوەندیی هاوبەش، یان بە واتایەکی دیکە هاوئاهەنگ نەبوونی هێز و لایەنە سیاسی‌یەکان لە دروستکردنی بەرژەوەندیی هاوبەشی نەتەوەیی کە، بەشێکی پێوەندی بە ژێئۆپۆلیتیکی کوردستانەوە هەیە، هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی لە نێو میللەتی کورددا کردۆتە ئاوات و ئارەزوویەکی تا رادەیەک دوورەدەست. بۆیە هەر جۆرە هەمگەرایی و لێک‌نزیکبوونەوەیەکی نەتەوەیی لە هەر ئاستێکی کۆمەڵایەتی، کلتووری و سیاسی‌دا بێت، دڵخۆشکەر و هیوابەخش دێتە ئەژمار. دەرک پێ‌کردن بە دروستکردنی کۆنتراکتێکی نەتەوەیی لەم چەند ساڵانەی دوایی‌دا، ناوەناوە هەرجارە و لە لایەن حیزب یان چەند حیزبێکەوە قسەی لەسەر کراوە و هەنگاوی بۆ هەڵگیراوە. ئامادەکاریی بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کە چوار ساڵ پیش ئێستا لە شاری هەولێر دەستی پێکرد و بەداخەوە بە نیوەچڵی و بە هۆکاری "ناتەبایی" چالاکی‌یەکانی راوەستێندرا، هەر لە چوارچێوەی ئەم دەرک پێ‌کردن و، بەڵام بە نەتیجەنەگەیشتنەدا بوو. هەر بە سەرنجدان و ئاماژەدان بە "کۆنگرەی نەتەوەیی" کە بەداخەوە سەرەڕای پشتیوانی‌یەکی زۆری ماڵی و ئیمکاناتی بەڕێوەبەری، نەیتوانی بە ئاکام بگات، زیاتر گرینگیی کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانی‌یەکانی هەر چوارپارچەی کورستانمان لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ دەردەکەوێ. هەڕەشە و کردەوەی تیرۆریستیی دەوڵەتێکی دژبەری کورد، بەرانبەر بە حیزبێکی رەسەن و خاوەن مێژووی شوێندانەر لەسەر بزووتنەوەی سیاسی و جڤاکیی کوردستان، ئەو بەهانە و هۆکارە سەلـمێندراوانە بوون کە بوونە پێکهێنانی ئەم کۆبوونەوە بەرین و مانادارە. لایەنە بەشدارەکانی ئەم کۆبوونەوە کە هەرکامەیان بە پێی وەزن و قورسایی تایبەت بە خۆی نوێنەرایەتی بەشێک لە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی ئاشتیخواز دەکەن، یەک‌هەڵوێست و یەک‌قسە، بەرانبەر بە تیرۆر و رەشەکوژی هەڵوێستیان نواند. بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنە سیاسی‌یەکانی کوردستان، خاڵێکی بەهێزی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیە بوو کە دەکرێ لە نەوعی خۆی‌دا بە بێوێنە وەسف بکرێ. لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا کە نزیک بە سی حیزب و رێکخراوی کوردستانی تێیدا بەشداربوون، بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە کە تیایدا وێڕای مەحکوومکردنی کردەوە تیرۆریستێ‌یەکەی شەوی یه‌ڵدا، هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان و حیزبی دێموکراتی کوردستان دووپات کردوە. دەرکردنی بەیاننامەیەکی سیاسیی هاوبەش کە ناوی نزیک بە سی حیزب و لایەنی سیاسیی کوردی لە چوار پارچەی کوردستانەوە پێوەیە، لەگەڵ ئەوەیکە لە رووی مێژووی‌یەوە دیاردەیەکی بێ وێنەیە، لە باردودۆخی سیاسیی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان‌دا دەبێ وەک دەستکەوتێکی پڕبایەخ سەیری بکرێ. هەر وەک لە کۆبوونەوەکەدا و لە لایەن سەرجەم نوێنەرانی حیزبەکانەوە قسەی لەسەر کرا، هەوڵ‌دان بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی و یەکریزی و کارکردن بۆ یەک‌گوتاریی سیاسی، پێویستی‌یەکی بێ‌ئەملاوئەولای بزووتنەوەی سیاسی-نەتەوەیی ئەمرۆی کوردستانە، دەکرێ لەم پێوەندییەش‌دا بە گرینگی‌یەوە بروانینە کۆبوونەوەکە. کۆبوونەوەی هاوبەشی حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە بۆنەی کردەوە تیرۆریستی‌یەکەی شەوی یه‌ڵدای خوێناویی دێموکرات، وێستگە و ئادرەسێکی بەهێزە بۆ ئەوەی بڵێین؛ ئەگەر هەست بە دەردی هاوبەشی نەتەوەکەمان بکەین، دەکرێ بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەر ئەم میللەتە، یەکگرتوو و هاوهەڵوێست بین. هەر لەم پێناوەدا یەکێک لە دەرسەکانی کۆبوونەوەی حیزبەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان کە پێچەوانەکەی سەرەکیترین هۆکاری نایەکگرتوویی هێزە کوردی‌یەکانە، نەبوون و غایب‌بوونی "خۆسەپاندن"، "هێژموون‌خوازی" و "خۆ بە مێحوەر" زانین بوو. کۆبوونەوەی ناوبراو لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان و بۆ پرس رووداوێکی تایبەت بەم حیزبە پیک هاتبوو، بەڵام هەر وەک تەواوی لایەنەکانی بەشدار ئاگاداری ‌بوون، چ لە باسەکانی کۆبوونەوەکەدا و چ لە تەنزیمی مەتنی بەیاننامە هاوبەشەکەدا، هەست بەوە نەدەکرا کە لایەنێکی تایبەت، دەیهەوێ خوێندنەوە و روانینی خۆی بسەپێنێ و هەر تەنیا خۆی بکات بە مێحوەر و خاوەنی پرسەکە. هاوخەمی و کۆبوونەوەی بە دەیان حیزبی تێکۆشەری کوردستانی لە دەوری یەکتر بە بۆنەی پرسێکی تایبەت بە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەک بۆ جارێکی دیکەیش دەریدەخات کە ئەم حیزبە و خەباتی رەوای خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەمیشە خاوەن پێگەیەکی بەرزی سیاسی‌یە و، لە لایەکی دیکەیش دەری دەخات کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە روانگەی نزیک بە تەواوی هێزە سیاسی‌یەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانەوە، رێژیمێکی تیرۆریست و دژ بە کوردە. یەکێک لە سیاسەتە پیلانگێڕییەکانی رێژیمی ئێران هەوڵدان بۆ خۆنزیک کردنەوە لە هێزەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و خۆ بەدۆست نیشاندانیان و پشتیوانیی بە درۆ لە چارەسەریی پرسی کوردە لە وڵاتانی دەورووبەری خۆی. کە بە خۆشی‌یەوه‌ بەشداریی بەرچاوی حیزبەکانی پەرچەکانی کوردستان، پەیامێکی راشکاوانەی بە دەسەڵاتدارانی ئەم رێژیمە گەیاند کە؛ رێژیمێک کە نەیهەوێ پرسی کورد لە وڵاتەکەی خۆی‌دا چارەسەر بکات، بێ‌گومان ناتوانێ دۆستی بەشێک لەم میللەتە لە وڵاتێکی دیکە بێت. لە کۆتایی‌دا کۆبوونەوەی هاوبەشی حیزبە سیاسی‌یەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە بۆنەی شەوی یه‌ڵدای خوێناوی دێموکرات، هەنگاوێکی بەکردەوە بوو بۆ ئامانجێکی "هاوبەش"ی هێزه‌ سیاسی‌یه‌کانی کوردستان که‌، هەمان یەکڕیزی و یەکگرتووی‌یە. لە ژماره‌ ٦٩٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌