کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دە ساڵ دوای لەتبووون

17:01 - 17 بەفرانبار 2716

دوای دوو ساڵ قەیرانی تەشکیلاتی لە نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا و پاش چوار مانگ هەوڵ و تەقەلا بۆ گێرانەوەی یەکپارچەیی بۆ ریزەکانی حیزب سەرئەنجام لە ٦ی مانگی دیسامبری ٢٠٠٦ دا ملمان بۆ لەتبوونی حیزبی خۆشەویست و جێ متمانەی خەلکی کوردستان راکێشا. پاش لەتبوونی حیزب دوو روانگه‌ لە ئاستی بزووتنەوە بەگشتی و ئاستی حیزبی دێموکرات‌دا سەریان هەڵدا. روانگەی یەکەم کە تەعبیری لە دڵسۆزان و خەمخورانی گەل و حیزب دەکرد،پێی وابوو ئەو لەتبوونە سەرئەنجام دەبێتە هۆی لەدەستدانی هێز و وزەی لە هەردووکلای دێموکرات و لە ئاکام‌دا حیزبی دێموکرات بەرەو لاوازی دەبا. روانگەی دووهەم کە پێوەندی هەبوو بە بیروبۆچونی هەردوک بەشی دێموکرات بەو جۆرە بوو، حدکا پێی وابوو ئەو لەتبوونەش وەکو ئەوانەی پێشخۆی لێدی و دەرفەتی گەشەی نابێ. حدکیش له‌گه‌ڵ ئەوەی بەداخبوونی خۆی لە لەتبوونی دێموکرات نەدەشاردەوە، بەڵام هیوای دەردەبڕی کە ئەگەر ملی بە ئیجبار بۆ لەتکردنی حیزب راکێشاوە، بەڵام ئەوە دەکاتە دەرفەت بۆ گەشە پێدان و نوێکردنەوەی حیزبی دێموکرات. هەتا ئەو جێگایەی پێوەندی بە روانگەی دڵسۆزانی حیزب و جووڵانەوە هەیە، ئەوان هەم ئەوکات و هەم ئێستا پێیان خۆش بوو و پێیان خۆشە حیزبی دێموکرات بەیەکەوە و بەسەریەکەوە بێ و ناکۆکی‌یەکانی نێو حیزبی دێموکرات هەرچەندەش گەورە بن _ کە نین _ لە به‌رامبەر یەکیێتی و یەکپارچەیی حیزب بە چوکتر دەزانی و دەزانن. بەڵام له‌گه‌ڵ ئەو بیروبۆچونەشدا، راستی‌یه‌کان لە مەیل و ئارەزوکان سەرسەخترن و سەرئەنجام ئەوانیش ناچار بە سەلماندنی ئەمری واقیع کە لێکەوتەی دوو دێموکراتە، بوون. سەبارەت بە بیروبۆچوونی هەردووکلای دێموکرات لەسەر یه‌کتر و داهاتووی حیزب، ئەو دەساڵەی دوایی نیشان دەدا کە بیروبۆچوونەکانی حدک بە نیسبەت حدکا راستی و دروستی خۆیان زیاتر دەرخستوە. ئەورۆ له‌گه‌ڵ ئەوەی ئارەزووی دوو دێموکرات لە لایەن بەرێوەبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان نەدەکرا، بەڵام لە کردەوەدا دوو دێموکرات بۆ دۆست و دوژمن بوونیان هەیە و هەردووکیشیان بە نیسبەتی رابردوو تێکۆشانیان زیاتر کردوە. له‌گه‌ڵ ئەوەی بەشێکی زۆری تێکۆشانی هەردووکلا بۆ کێبەرکێی نێوانیان دەگەرێتەوە، بەڵام هەردووکلا لەجیاتی ئەوەی هێز و وزەی خۆیان بۆ دژایەتی له‌گه‌ڵ یەکتر تەرخان بکەن باشترە کە دژی دوژمنی هاوبەش خەبات بکەن و لەو پێوەندییه‌دا بەستێنی کار و تێکۆشان دژی رێژیم بکەنە بنەماێکی هاوبەش، نەک بە پێچەوانە ئەو مەیدانەش بۆ مزایدەی سیاسی بکار بهێنن. پەرەگرتنی پێوەندییه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌گه‌ڵ کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوییه‌کان، بوون بە ئەندام لە ئینترناسیوناڵی سۆسیالست وەک تەنیا رێکخراوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بوونی پێوەندیی گەرم‌وگوڕ له‌گه‌ڵ بەشی هەرەزۆری هێزە سیاسی‌یه‌کانی هەر چوار پارچەی کوردستان، هەبوونی پێوەندی لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران‌دا، هەبوونی پێوەندی له‌گه‌ڵ کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، رووناکبیران و بژاردەکانی سیاسی و کۆڕ و کۆمەڵە ئەدەبی و سیاسی‌یه‌کانی نێوخۆ، ئەوانە هەموی پێکەوە دەریدەخا کە حدک لە رەوتێک کە لە حیزبی واحیددا کەمایه‌تی کۆمیتەی ناوەندی رێبەری دەکرد، زیاتر پەلوپۆی هاویشتوە و پارسەنگی هێزی هەم لە ئاستی بنەماڵەی دێموکرات‌دا و هەم لە ئاستی هێزە سیاسی‌یه‌کانی نێو بزووتنەوەی رۆژهەڵات گۆڕیوە. وێنەی هەره‌ بەرچاوی ئەو ئیدیعایە، ئیستعفای سکرتێری گشتی، کاک خالیدی عەزیزی بوو، کە بۆ ماویه‌کی زۆر مێدیا و کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی‌یه‌کان و خەڵکی کوردستانی بە خۆیەوە خەریک کرد. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش کە ئەگەر حیزبی دێموکراتی کوردستان هێزێکی کاریگەر نەبێ، چۆن پرسی ئیستعفای سکرتێرەکەی بەو بەربڵاوییه‌ی دێتە بیرورای گشتی و سەر ئانتێنەکان؟ له‌ حاڵێک‌دا کە حیزبی دێموکراتی کوردستان جێگە و پێگەی بەرچاوی لە ئاستی جووڵانەوە بۆخۆی تەرخان کردوە بە جۆرێک کە دۆست و دوژمن دانی پێدادەنێن، کەچی هەتا ئێستاش لە لایەن باڵەکەی دیکەی دێموکراتەوە ئینکاری وجوودی دەکرێ. ئەوە لە حاڵێک دایە کە ماوەی چەند ساڵێکە باڵەکەی دیکەی دێموکرات بە کردەوە له‌گه‌ڵ ئەو حدەکەی کە وجودی ئینکار دەکات پرۆسەیه‌کی دیالۆگی بو یه‌کگرتنەوەی دەست پێکردوە(دیاره‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئێستا راوه‌ستاوه‌). لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەویە کە چۆن دەکرێ له‌گه‌ڵ لایه‌نێک کە تۆ وجوودی ئینکار دەکەی بکەوێ وتووێژەوە؟ ئایا خودی ئەو هەڵوێستە بەس نیه‌ بۆ ئەوەی سێبەر بخاتە سەر ئامانج و نییه‌تەکانی حدکا بۆ پرسی یه‌کگرتنەوە؟ له‌گه‌ڵ ئەوه‌یکە هەموو کەس دەزانێ کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پەرۆشەوە هەنگاوی لێبڕاوانەی بۆ پرسی وەسەریه‌ک‌کەوتنەوەی دێموکراتەکان هەڵێناوەتەوە و هەڵدێنێتەوە و یه‌کگرتنەوە بەسوودی هەردووکلا و لە نیهایه‌ت‌دا بە سوودی کوردە، بەڵام راستی‌یه‌کەی ئەویە کە لە پلەی یه‌کەم‌دا و لە روانگەی بەرژەوەندیی حیزبی‌یه‌وە ئەوەندەی کە یه‌کگرتنەوەی ئەو دوو دێموکراتە بە سوودی حدکایە ئەوەندە بە سوودی حدک نیه‌. بۆ؟ چونکە حدک بەپێی بیروبۆچوون و لێکدانەوکانی حدکا دەبوو لەمێژبا لەنێو چووبا و توابایەوە، کەچی ئەمرۆ بۆتە ئەو هێزەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا و حدکاش کە قەرار بوو وەک حیزبی تاقانەی دێموکرات لەسەر گۆڕەپانەکە بمێنێتەوە، ئەمرۆ بە بوونی حدک لەسەر ئەرزی واقیع ئیتر چیدی تاقانە نیه‌. هەر بۆیە حدکا دەبوو لە پرسی یه‌کگرتنەوە بە گەرمی بێتە پێشێ و پێشوازی لێبکا و لەو پێناوەدا ئەمڕۆ نەدا بە سبەینێ. بەڵام لەو چەند ساڵەدا کە پرۆسەی یه‌کگرتنەوە دەستی پێکردوە حدکا هەرجارە بە بەهانه‌یه‌ک لەو ئەرکە گرینگە خۆی دزیوەتەوە. بەڵام باڵەکەی دیکەی دێموکرات وجودی حیزبی دێموکراتی کوردستان رەد بکاتەوە یان نا، کارتێکەرێکی لەسەر ئەوە نیه‌ کە حدک وجوودی هەیە و پانتایه‌کی سیاسی بۆخۆی داگیر کردوە. هەتا ئەو جێگایەی بۆ ناو و ناوبانگی حدک دەگەرێتەوە، پرسی ئیعتراف بە وجوود لە لایه‌ن باڵەکەی دیکەی دێموکراتەوە، تەنیا سوود بە کردنەوەی گرێپووچکە و پڕۆسەی یه‌کگرتنەوە دەگەیه‌نێ، ئەگینا حیزبی دێموکراتی کورستان کارنامە و ئیعتباری خۆی لە هیچکەس، بێجگە لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات وەرناگرێ و پێویستی پێی نیه‌. بەڵام با بزانین کە بۆچی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو بەو هێزە و پێشداوەرییه‌کانی باڵەکەی دیکەی دێموکراتی لەسەر وەدی نەهات. حدک له‌گه‌ڵ ئەوەی بەرهەمی ملبەملانەی نێوان کێشەکان و دەستەبەندیه‌کانی نێو حدکا بوو، بەڵام دوای مل راکێشانی بۆ لەتبوونی حیزبی دێموکرات رێگای ملبەملانەی له‌گه‌ڵ باڵەکەی دیکەی دێموکرات نەگرتەبەر. بەڵکوو لەسەر بنەرەتی خوێندنەوەی دروست و ئوسوولی هەم لە رووی سیاسی و هەم لە رووی شێوازی خەبات و تێکۆشان‌دا دەرگای ئاڵوگۆڕی بەسەر خۆی‌دا کردەوە. ئەوەش لەو راستی‌یه‌وە سەرچاوەی دەگرت کە زیاتر لە دەیه‌یه‌ک پێش لەتبوونی حیزبی دێموکرات رووی لە بزووتنەوەکە کردبوو، کە لە لایه‌ک زیاتر لە دەیە و نیوێک دەبوو کە جووڵانەوەی چەکداری کۆتایی پێهاتبوو، و لە لایه‌کی دیکەوە بە کۆتایی هاتنی شەڕی چەکدارانە سەردەمێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردبوو کە ئەم سەردەمە پیویستی بەوە هەبوو کە حیزب دەنگی پێی گۆڕانکارییه‌کان هەست پێبکا و شیوازی دروست و گونجاوی خەباتیان بۆ دەست نیشان بکا و لە زەرفییه‌ت و پتانسیێلەکانی خەڵک بە دروستی کەڵک وەرگرێ. رەمزی مانەوە و پایه‌دار بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو دەساڵەدا، خوێندنەوەی دروست لە بارودۆخی سیاسیی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی و حاسیه‌ نەبوونی لە چوارچێوەی هێندێک سوونەتی دەست‌و‌پێگیر بوو. سیاسەتی رۆژهەڵات‌تەوەری کە بە مانای کۆتایی پێهێنان بە چاوەڕوانی و فیداکردنی خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو پارچەکانی دیکە بوو، لە هەلومەرجێک‌دا هێنا گۆڕێ کە زۆر کەس و لایەن دەستیان لە قۆڵی کراس هێنابوویە دەرێ و بەبێ دوورەدیمەن و سەرگەردان دەستیان لەسەر دەست دانابوو. حدک لەو دە ساڵەدا بێجگە له‌وه‌یکه‌ ئاڵوگۆڕی بنەرەتی لە شێوازی خەباتی خۆی‌دا کە لە دوو کۆڵەکەی ئەسڵی واتا خەباتی سیاسی و مەدەنی پێک دەهات پێکهێنا، بەستێنی خەباتی پێشەرگانەشی ئاوەدان کردوە و لە پێناوەش‌دا چەندین شەهیدی بەنرخی پێشکێش بە بارەگای گەل کرد و بەو جۆرە رەچەکەی شکاند و رێگای خەباتی پێشمەگانەی بۆ لایه‌نەکانی دیکەش هەموار کرد. کەوابوو هەرچەند لەتبوون دیاردێکی ناخۆش و نەخوازرا بوو بۆ حدک، بەڵام بە سەرنجدان بەوه‌ کە لەتبوون و گۆڕانکارییه‌کان لە نێو حدک‌دا گڕ و تێنێکی دیکەی داوە بە بنەماڵەی دێموکرات، دەکرێ بڵین لەو رووەش بیروبۆچوونەکانی حدک راستی و دروستی خۆیان سابیت کردوە. رەمزی چوونەپێش و بەردەوامبونی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو ١٠ ساڵەدا ئەویە کە له‌گه‌ڵ ئەوەی کۆڵەکەیه‌کی بنەڕەتیی بنەماڵەی دێموکراتە، بەڵام دووپاتەی لایه‌نەکەی دیکەی دێموکرات نیه‌. ئەمرۆ خەڵکی کوردستان حدک وەک حیزبێک دەناسن له‌گه‌ڵ ئەوەی رەگورەچەڵەکی لە مێژووی دووری کورد و دێموکرات ئاودێر دەبێ، بەڵام جێگە و پێگە و ستراتیژی و تاکتیکەکانی بە روانگه‌یه‌کی ئەمرۆیی و مۆدێرن تاریف و نۆژەن کردۆتەوە. بە چەشنێک کە چین و تووێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک بە ئۆمێدەوە لێی دەڕوانن. له‌گه‌ڵ ئەوه‌ی حیزبی دیموکرات زۆربەی ژیانی خۆی لە تاراوگە تێپەڕ کردوە بەڵام ئەوەی هەمیشە ئەو حیزبەی کردۆتە خۆشەویستی خەڵک ئەوە بووە کە لە هەر قۆناغێکی مێژوویی‌دا بیرمەندانی ئەو حیزبە بە خوێندنەوەی دروست لە بارودۆخی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی کراسێکی نوێیان بە بەر حیزبەکەدا کردوە و جارێکی دیکە ئەو حیزبەیان بۆ کۆمەڵانی خەڵک جەزابتر کردوە. مانەوە و چوونەپێشی حدک رەنگبێ هۆکاری زۆربن بەڵام لەنێو ئەو هۆکارانەدا یه‌کەم هەبوونی ئەو سەرکردانەی کە خەڵک دێموکراتیان پێ پێناسە دەکات، دووهەم خوێندنەوەی دروست لە بارودۆخی کوردستان و شێلگیر بوون لەسەر پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی سیاسی هەم لە نێوخۆی حیزب و هەم لە ئاستی جووڵانەوەدا دەوری سەرەکی‌یان هەبووە. دیارە لەپەنا جیلی بەتەمەن و بەرابردوی حیزب، دەوری ئەو کۆمەڵە لاو و میانساڵەش کە لە هەموو رەدەکانی تەشکیلاتی‌دا دەرفەتی چوونە پێش و هێنانەگۆڕی بیروبۆچوونەکانیان هەبووە و هەیە، نەک هەر کەم نەبووە بەڵکوو یه‌کێک لە پێویستی‌یه‌کانی مۆتۆربە کردنی بیر و ئەندیشە له‌گه‌ڵ تەجرەبە و تاقیکاری بووە کە لەو دەساڵەدا ئاکامی باشی لە بواری سیاسی‌یه‌وە بۆ حدک لێکەوتۆتەوە. کەوابوو دێموکراتیزەکردنی حدک لە نێوخۆوە و دەستەبەرکردنی بیرورای ئازاد بۆ تاکەکان، یەکێکی دیکە لەو رەسالەتانە بووە کە حدک دوای لوتبوون لە نێوخۆی‌دا پراکتیزەی کردوە و ئەوەش بە نۆرەی خۆی مەودای بە بیر و ئەندیشەی نوێ داوە کە لەنێو حدک‌دا ببوژێتەوە و بخەمڵێ. له‌گه‌ڵ ئەوەی گۆڕانکاریی سیاسی و هەروها گۆڕانکاری لە شیوازی خەبات‌دا وەرچەرخانێکی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهێناوە، بەڵام پێویستە ئاست و سنوورەکانی ئەم ئاڵوگۆڕانە روون و دیاریکراوو بن. ئەم سنووربەندییه‌ لە سیاسەتی حدک‌دا بە سەرنجدان بە رکەبەری توند لەنێوان باڵەکانی دێموکرات لە لایه‌ک و هەروها باقی لایه‌نەکانی دیکەی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایه‌کی دیکەوە گرینگی تایبەتی هەیە. پێویستە ئاست و چوارچێوەی گۆڕانکارییه‌کانی سیاسی بەجۆرێک شەفاف و روون بن کە مەودای ئەوەی تێدا نەبێ کە رکەبەرە سیاسی‌یه‌کان حدک بە نادروست و بە مەبەستی خراپ کەڵکی لێ وەرگرن و بە بەخشینەوەی بوختان و بەرچەسپ، کەشێکی سیاسی هیستریک دژی حیزبی دێموکراتی کوردستان بخوڵقێنن. حدک هەروەک لە راپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی ١٦ دا هاتووە، له‌گه‌ڵ ئەوەی دروشمی روخانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو سروشت و نێوەرۆک و کارکردەوە بە مەنتیقی و رەوا دەزانێ، بەڵام ئەوە هەموو کایه‌کانی سیاسی ئەو حیزبە لە ئێران و لە کوردستان‌دا لە قالب نادا. بۆ ئەوەی بتوانین ئەو رێژیمە تووشی پاشەکشە و پاشان روخان بکەین، پێویستە لە هەموو پتانسیێلەکانی گەل و هەروها لە هەموو گۆڕەپانەکان و دەرکە و دەربیجەکان بۆ هێنانە مەیدانی خەڵک کەڵک وەرگرین. هەموو ئەو کایە و مەجاڵانەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ مەشروعیه‌ت و سەقامی خۆی کەڵکی لێوەردەگرێ، بۆ هێنانە ژێر پرسیاری مەشروعییه‌ت و سەقامگیری رێژیم کەڵکی لێوەرگری.