کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پەراوێزی ئاڵوگۆڕەکانی نێو ڕێبەریی حدک دا

02:07 - 18 رێبەندان 2716

٣ مانگ لەمەوبەر کە  هەواڵی دەست لە کار کێشانەوەی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەرێز خالید عەزیزی، بڵاو بووە‌و ڕێبەریی حیزب بەرەو‌ڕووی پرسی هەڵبژاردنی سکرتێرێکی نوێ ببووە، لە نێوخۆ‌و دەرەوەی ئەم حیزبە، پرسیار‌و نیگەرانی‌و لێکدانەوەی جۆراوجۆر دەخرانە ڕوو. هەر ئەو کات لە وتارێک لە ژێر ناوی «حدک، دەرفەتێک بۆ دروستکردنی ئیرادەو وزەی نوێ»دا کە ئامانجە سەرەکییەکەی ڕەواندنەوەی نیگەرانی‌و گومانەکان بوو، وێڕای ئاماژە بە دوو ئەزموونی جیاواز لە دەستاودەست کردنی دەسەڵات لە مێژووی حیزبی دیموکرات‌و دەرکەوتە‌و ئاکامەکانیان، نووسیم: «بە سەرنجدان بەم راستی‌یه‌‌و بە بوونی ئەزموونە باش‌و خراپەکانی رابردوو، کۆمیتەی ناوەندی بە تایبەتی‌و حیزبی دێموکراتی کوردستان بە گشتی، لێیان چاوەڕوان دەکرێ سەربەرز‌و سەرکەوتوو لەم تاقیکردنەوەیەی بەردەمیان بێنە دەر. ئێستا کە بە تازەیی شەشەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە چووە‌و ئەم پلینۆمە وێڕای جێبەجێکردنی کۆمەڵێک کارو ئەرکی دیکەی،  توانیویەتی سکرتێر‌و جێگری سکرتێرێکی نوێی لە ڕەوتی رەقابەتێکی دۆستانە‌و هەڵبژاردنێکی سالم‌و دیموکراتیک‌دا دیاری بکاو ئاکامەکانیشی لە گەڵ پێشوازی‌و پشتیوانیی سەرجەم ڕێکخراوەکانی حیزب لە کوردستان‌و دەرەوەی وڵات بەرەوڕوو بووە، جێگای خۆیەتی لە سەر دوو پرسی گرنگ  لەم پێوەندییە‌داهەڵوێستە بکەین. نەریتی هەتا هەتایی بوونی پۆستی یەکەم تا کەنگێ؟ یەکێک لەو ڕەخنانەی لە نێو کۆڕ‌و کۆمەڵی سیاسی‌و خەڵک بە گشتی‌دا، زۆر جار گوێمان لێ بووە، نەگۆڕانی دەم‌و چاوەکانی کەسی یەکەمی زۆربەی حیزب‌و ڕیکخراوە سیاسییەکان بووە. زۆر جار بیستوومانە مردن نەبێ هیچ ئیرادەیەکی دیکە نەیتوانیوە ببێتە هۆی گۆڕانی کەسی یەکەمی زۆر لە حیزب‌و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان. حیزبی دیموکرات ئەم پێشەنگایەتییەی هەیە کە لە کۆنگرەی یازدەیەمی خۆیەوە ئەسلی دانانی بەربەستی دوو دەورە یا دوو کۆنگرەی لە سەر ڕێی هەڵبژێرانەوەی کەسی یەکەمی خۆی پەسند کرد. ئەم ئەسلە یا جێبەجێکردنی ئەم ئەسلەی پێڕەوی نێوخۆ، کێشە‌و باسی جۆراوجۆری لە نێو حیزبی دیموکرات‌دا بەدواوە بووو موخالیفی خۆشی هەبووە بە جۆرێک کە کۆنگرەی شازدەی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ئەم ئەسلەی لە پێرەوی نێوخۆ لابرد. بەو حاڵەش ئەم ئەسلەو جێبەجێکردنەکەی‌و دواتر مانەوەی لە پێڕەوی نیوخۆدا هەتا کۆنگرەی ١٦ی حیزب- دانی پێدابنرێ یان نا- ڕۆڵی هەبووە لە فەرهەنگسازی‌و پەرەپێدانی بیری دەستاودەست کردنی پۆستی یەکەم لە حیزبی کوردی‌دا. ئەمەش بە مانای نەدیتنی هەمان سوننەتشکێنی لە نیو حیزبێکی وەکوو حیزبی شیوعیی کوردستان‌دا نیە. مەسەلەکە ئەوەیە کەسی یەکەم بە هەر رادەیەکیش لە پۆستەکەی خۆی‌دا سەرکەوتووو خاوەن ئەزموون بێ، هەتا پتر لەم پۆستە‌دا بمێنێتەوە، ڕێکخراوەکەی زیاتر بەو دەبەسترێتەوە‌و لە ئاکام‌دا، هەر کات لەم پۆستە لابچێ، جا بە  دڵخواز بێ یا بە ڕووداوی نەخوازراو، ڕێکخراوەکە تووشی قەیرانی نێوخۆی‌و داکشان دەبێ. ئەمەش لە کاتێک‌دا ڕوو دەدا کە کەس یا کەسانێکی دیکەی نێو ڕێبەریی ئەو ڕێکخراوە بە هۆی کۆبوونەوەی سەرنجەکان لە سەر کەسی یەکەم، هەتا ئەو کاتە لە پەراوێز‌دا دەبن‌و کەمتر دەناسرێن. ئەزموونێک کە حەق وایە حیزبی کوردی لەم بارەیەوە وەری بگرێ ئەوەیە، لە جیاتی هێشتنەوەی یەک کەس بۆ ماوەیەکی زەمانیی چەندین ساڵە لە پۆستی یەکەم داو، چڕکردنەوەو راکێشانی هەموو سەرنجەکانی بەردەنگەکانی خۆی بۆ لای ئەو یەک کەسە، لەلایەکەوە کولتوورو میکانیزمی دەستاودەستکردنی پۆستی یەکەم، بگرێتە بەر‌و ماڵاوایی لە نەریتی «ڕێبەر»ێک بۆ هەتا هەتایە بکا، لە لایەکی دیکەوە، هەموو سیماکانی خۆی لە پێناوی بەرجەستەکردنەوی سیمای کەسی یەکەمی خۆی‌دا، نەشارێتەوە. حیزبێکی ئەمڕۆیی‌و دیموکرات  لە جیاتی یەک ڕێبەر، دەبێ ڕێبەریی بە کۆمەڵ‌و، لە جیاتی یەک سیما(یەک دەموچاو) بۆ دەرکەوتن لە هەموو بوار‌و مەجالێک‌دا، پێویستە لە هەر بوار‌و مەیدانێک‌دا چەندین سیمای هەبێ کە یەکتر تەواو دەکەن‌و بە یەکەوە، چاوەروانییەکانی دڵسۆزان و دۆستانی حیزبەکە وەدی بێنن. ئەمە هەم لە گەڵ سیاسەت‌و حیزبایەتیی بە شێوەیەکی عەقڵانی‌و مودێڕن سازگارە، هەم لە درێژخایەن‌دا ئاکامی ئەرێنی لێ دەکەوێتەوەو بۆ داهاتووی خۆدی ڕێکخراوەکە بە سوودە، چونکە لە کولتوورو فەزایەکی ئەوتۆ دا، ڕێبەرانێکی زۆر بۆ حیزبەکە پەروەردە دەبن‌و حیزب لە سەر کەسی گونجاو بۆ پۆستی یەکەم پەکی ناکەوێ. دەستاودەستکردنی دەسەڵات‌ لە سێبەری «بەرپرسیاریەتی‌و دەروەستی»‌دا زۆر لە کەسایەتییە جۆراوجۆرەکان‌و وەفدەکانی حیزب‌و لایەنە جیاوازەکان کە لەم چەند حەوتووەی دوایی دا، بۆ پیرۆزبایی لە پێوەندی لە گەڵ ئاڵوگۆڕە نوێیەکانی نێو ڕێبەریی حدک، یا بۆ هاوخەمی بە دوای تەقینەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەلدا‌و کۆچی دوایی نەمر فەتاحی کاویان سەردانی سکرتاریای حیزبی دیموکراتی کوردستانیان کردوە، خۆیان وتەنی بە شتێک «موعجیب» بوون‌و سەرسوڕمان‌و خۆشحاڵیی خۆیان لەو بارەیەوە نەشاردۆتەوە. کاتێک  دەیان بیست‌ودەیاندیت: - دووکاندیدا کە پێکەوە  لە سەر پۆستی سکرتێری ڕەقابەتیان کردوە، لە جیاتی ئاکامی هەڵبژاردنەکە ساردی بخاتە نێوانیان، هاوکاری لە نێوانیانی‌دا بەهێزتر کردوە، - سکرتێری پێشوو کە دەستی لە کار کێشاوەتەوە، لە ئاست سکرتێرو جێگری سکرتێری نوێ، نەک هەر بێخەم‌و بێتەفاوت نیە بەڵکوو هاوکار‌و پشتیوانیانە‌و سەرەڕای ڕێزو جێگە‌و پێگەی تایبەتی لە لای ئەوان‌و دەفتەری سیاسی‌و سەرجەم ڕێبەری‌و کۆی حیزبەکە، وەک ئەندامێکی بە دیسیپلینی ڕێبەری لە گەڵ سەرووتری خۆی هەڵسوکەوت دەکاو بەم جۆرە نموونەیەکی جوان لە چۆنیەتیی تەعامول لە گەڵ ئالوگۆڕی دیموکراتیک لە نێو ڕێبەریی حیزب دەخاتە ڕوو، - ئەندامانی دەفتەری سیاسی کە هەر کامێک لەوان دەیانتوانی کاندیدایەکی مەقبووڵی پۆستەکانی یەکەم‌و دووهەمی حیزب بن‌و شانسی گەیشتن بەم پۆستانەشیان هەبووە، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەم جۆرە حسێبانە، هاوکاری سەمیمیی سکرتێر‌ی نوێن‌و تەنانەت  ڕێخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی هاوڕێیەکیان لە ئەندامەتیی کۆمێتەی ناوەندییەوە بێتە نیو دەفتەری سیاسی‌و هاوکاریش بوون بۆ ئەوەی دەسبەجێ بە جێگری سکرتێری گشتی هەڵ ببژێردرێ، - کۆمەڵێک کەسایەتی لە ڕیزی پشتیوانان‌و  هاوکارانی نزیکی ڕێبەریی ئەم حیزبە دان کە هەر کامێکیان ڕۆژێک لە ڕۆژان سکرتێر‌و جیگری سکرتێر‌و ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب بوون‌و پلە‌و بەرپرسایەتیی بەرزیان لە حیزبی دیموکرات‌دا هەبووە. ئێستاش بێ ئەوەی لە ڕێبەریی حیزب دابن، وەک پێشمەرگە‌و سەربازێک لە خزمەت حیزبەکەیان‌و ڕێبەریی ئەو حیزبە دان‌و لە هیچ هاوکاری‌و دڵسۆزییەک درێغی ناکەن!! ئەم دیاردانە لە ناوچەیەک‌و لە نێو کولتوورێکی سیاسی‌دا کە هەتا ئێستاش شایەدی زۆر دژکردەوەی نەخوازراو لە کاتی ململانێیەکانی‌ هەڵبژاردن‌و لە جەنگەی هەوڵدان بۆ دەستاودەست کردنی دەسەڵات لە نێو کۆمەڵ‌و تەنانەت لە نیو حیزبەکانی‌دا بووە، حەق وایە نرخی خۆیان بدرێتێ. حیزبی دیموکراتی کوردستان، خاوەنی ئەو ناوەرۆک‌و پوتانسیەلەیە کە توانی کەسایەتییەکی وەک بەڕێز خالید عەزیزی بێ ئەوەی پێشینەیەکی لە دەفتەری سیاسیی حیزبەکەی‌دا بووبێ، بگەیەنێتە لوتکەی ڕێبەری‌و دەسەلاتی ئەم حیزبە‌و، لە تواناکانی ئەو کەسایەتییەو زەرفیەتەکانی حیزب، جۆرێکی نوێ لە سیاسەتکردن‌و حیزبایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو. ئەم حیزبە هەر وەک لە دەستاودەستکردنی سەرکەوتووانەی پۆستە یەکەمەکانی لەم ڕۆژانە دا نیشانی دا، توانای دەرچوون لە زۆر تاقیکردنەوەی دیکەش لە خۆی دا بەدی دەکا. حیزبێک بەم ئەزموون‌و زەرفیەتانەوە، هەتا ئەو کاتەی لە ئاڵوگۆڕە نیوخۆییەکانی‌دا، «بەرپرسیاریەتی»و «دەروەستی» ڕێنوێن‌و ڕێنیشاندەری ڕێبەران‌و تێکۆشەران‌و ئەندامانی بن، دەتوانێ بە  سەر ژان‌و ئێشی گرتنە پێشی ڕچەشکێنی‌و کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی نوێ‌و بوێرانەدا سەر بکەوێ. لە ژماره‌ ٦٩٧ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌