![](/files/omarbalakii-1.jpg)
له سەرکۆماری کوردستان هەتا ئێستا له زۆرلاینەوە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆکراوه، وەک ئەوه که چۆن پێک هات، دستکەوتەکانی چ بوون وهۆکارکانی رووخانی چ بووە. چارە نووسی رێبەرانی کۆمار و شێوەی پارێزگاری لە خۆیان لە بێ دادگاکانی پاشایەتی دا چۆن بووه. بەڵام کەمتر باس لەوە کراوە رێبەرانی کۆمار ئامانج و هەدەفیان له پێک هێنانی کۆمار چ بووه و ئەگەر باسیش کرابێ نۆسەران وتوێژەرەکان لە سەر ئەو بابەتە کۆک نین. به واتایه کی دیکە و پاڵپشت بەو وتار و بابەتانەی کە لە رۆژنامەی کوردستان زمانحالی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بڵاو بوونەتەوە ئەوەمان پێ دەڵێ کە رێبەرانیی کۆماری کوردستان له دوو شێوه سیاست کردن پێرەوییان کردوە واتە دەبینین کە سەرەتای دەستبەکاربوون و راگەیاندنی کۆماردروشمەکان و بابەتە نوسراوەکان و وتاری وتاربێژان باس لە بەسەربەخۆیی کوردستان دەکەن، بەڵام بە تێپەربوونی کات ئەو شێوه نوسین و ئاخاوتنانه دەگۆردرێن و بە جۆرێک له جۆرەکان باس له خودموختاری میللی له چوارچێوەی ئێران دادەکرێ بە واتایەکی دیکه، زمانی کاربەدەستانی کۆماری کوردستان لە نیوخۆی کۆماردا زمانی بەرێوەبەریی سەربەخویی خوازی بووە، بەڵام لە تاران زمانی مانەوە لەگەڵ ئیران بەکارهاتووە. پێشەوا لە نوتقێک دا لە ورمێ کە باس لە وتویژی خۆی لەگەڵ قەوام سەرۆک وەزیرانی ئێران دەکا بەو جورە ئیشارە بەو بابەتەی که ئێمە وەک پرسیار لامان درۆست بووە دەکا کە خۆی دەتوانێ وڵامێک بێت بۆ ئەو پرسیارە.ئەو بابەتە لە ژمارە ٧٢ی رۆژنامەی کوردستان ١٣٢٥دا بڵاو بووەتەوە. "بۆخۆتان دەزانن کە لە پێشدا ئێمە بە هیچ جۆریک داوای تەجزییەی ئیرانمان نەکردوه و تەنیا مەبەستمان ئازادی خۆمان و پاراستنی دیمۆکراسی بووە بەڵام لە پێشدا کاربەدەستانی ئیران بێجگە لەوە جوابیان نەداوینەوە، شۆخیشیان به داوای ئێمه کردو ناچار بووین حکومەتی میللی مان دامەزراند و هێزی خۆمان بە رامبەر بە ئەوان تاقی کردەوە. ئەوان ویستیان لەمە بێنه پێش ئێمەش لەوان چوینە پێش. ئێستاش ئەوان حازربوون پاشەکشە بکەن ئێمەش ئامادە بووین بکشێینەوە...."
هەرئەو لێدوانەی پێشەوا بە روونی دەرخەری ئەو راستییەیە کە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەگەڵ ئەوەی ئاواتی هەر کوردێکی نیشتمان پەروەر و دڵسۆز بووە دژکردەوەیەکی ئازایانەو بوێرانەش بووە بە دژی دەسەڵاتدارانی پاشایەتی لە تاران و وتەکانی پێشەوا سەڵمێنەری ئەوراستییەن کە کورد وەک نەتەوەیەکی جیا لە نەتەوی باڵادەست مافی بڕیاردانی لە سەرچارەنووسی خۆی هەیە وهەرکات هەست بەوە بکا لەو دەوڵەتەی کە دەسەڵاتدارە وبەڕێوەبەری وڵاتە، بە پێی ماف و حەقی خۆی لە بەڕێوەبەریی وڵاتدا بە مافی یەکسان بەشدارە و هاووڵاتی دەرەجە دوو نییە ئامادەیە بچێتە پێش و بۆ دابینکردنی ژیانێکی بەختەوەرانە و سەردەمیانە هەنگاو بنێ بەڵام کاتێک هەست پێدەکا کە لە لایەن دەسەڵات دارانەوە دەچەوسێتەوەومافی پێشێل دەکرێ دژ کردەوەی دەبێ ولە هەر فورسەتێک کە بۆی هەڵبکەوێ بە قازانجی خۆی کەڵکی لێ وەردەگرێ ،هەر وەکی پێشەوا لە نموونەی سەرەوەدا فەرموویەتی.
دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە جگە لەوە دستکەوتێکی سیاسی گرینگی جووڵانەوەی رزگاری خوازیی نەتەوەی کوردبوو، نیشاندەرەی بیری ناسیۆنالیزمی کوردیش بوو لە رۆژهەڵاتی کۆردستان و لەهەمان حاڵدا کۆماری کوردستان درێژکراوە و بەرهەمی هەمان هەل و مەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو که (ح.د.ک) لە سەری دامەزرابوو. بۆیە دەبینین کۆماری کوردستان له نیۆخوی ئێراندا وەکوو کۆمارێکی خودموختار لەگەڵ حکومەتی تاران لە پەیوندی دایە بەڵام لە کار و کردەوەدا وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەگەل دنیای دەرەوەی خۆی هەڵس وکەوت دەکا بۆ سەلماندنی ئەو بابەتە دەتوانین چەند نموونە باس بکەین :
- داگرتنی ئاڵای ئێران لەسەر دام ودەزگای ئیداری سەر بە دەوڵەتی ناوەندی وهەڵکردنی ئاڵای کوردستان بە جێگای ئەو، کاتێک ئاڵای دەوڵەتێک یا وڵاتێک دەهێندرێتە خوارێ و بە جێگای ئەو ئاڵایەکی دیکە کە نوێنەرایەتی سیستمێکی دیکە لە حوکمڕانی دەکا نیشانەی ئەوەیە کە سیستمێکی نوێی بەشێک نییه له سیستمی پێشوو و خۆی سەربەخۆیە .