کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێرانی ئەمڕۆ و وێنەیەک

03:50 - 23 رێبەندان 2716

ئەم وێنەیە رۆژی هەینی ٢٢ی رێبەندانی ئەمساڵ(١٣٩٥) لە رێورەسمی ٣٨ ساڵەی شۆرشی گەلانی ئێران!! و هاتنەسەرکاری رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەڵگیراوەتەوە. لەم وێنەیەدا کۆمەڵە منداڵێکی تەمەن ژێر دەساڵ دەبیندرێ کە خەریکن کەوش و پێڵاوی کۆمەڵە خەڵێک واکس دەکەن کە بێ‌گومان هەر کامەیان بەجۆرێک لە جۆرەکان کاریگەرییان بەسەر روودانی ئەم رۆژەوە هەبووە. ئەم کۆمەڵە کەسە بەسەر ئاڵای دوو وڵاتی ئامریکاو لەوانەیە ئیسرائیل یان بریتانیادا تێدەپەڕن و کەسێکیش لە گۆشەیەکی ئەو پەڕەوە خەریکە بە موبایلەکەی تەسویر لەو دیمەنە هەڵدەگرێتەوە. لەم وێنەیەدا کۆمەڵە واقعیەتێکی تاڵ دەبیندرێ کە بەداخەوە هیچیان بۆ دڵ‌پێ‌خۆشکردن نابن. سەرەتا بارودۆخی ئەو کۆمەڵە منداڵەیە کە راست لەوەها رۆژێک دا تەعبیر لە دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی وڵاتێکی دەوڵەمەندنی وەک ئێران دەکات کە سیاسەتە هەڵەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی‌ لەمپێوەندییەدا هۆکاری سەرەکین لە پێک‌هێنانی‌دا. بارودۆخێک کە هەر وەک لە وێنەکەڕا دیارە بەرهەمی سیاسەتی نامەسئولانەی دەسەڵاتدارانی ئەم رێژیمەیە لە پێوەندی لە سیاسەتی دەرەوەو چۆنیەتی تەعامول لە گەڵ دەوڵەتان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی. نزیک بە ٤٠ ساڵە ئەم رێژیمە لە بۆنەو مناسبەتی جۆراوجۆردا بە وژێر پێ‌خستن و ئاورتێبەردانی ئاڵای وڵاتان هاوکات لەگەڵ لەپەراوێزخستنی ئئران، خەڵکی ئەم وڵاتەیشی تووشی دەیان جار لە گەمارۆی ئابووری و لەبرسێتی و هەژاری‌‌دا هێشتنەوە کردوە. سیاسەتێک کە هەر وەک لە وێنەکەدا دەبیندرێ، بەرهەمەکەی تەنیا بۆتە هۆی هەژاری و دەستکورتی. بە جۆرێ کە بنەماڵەکان منداڵانیان ناچار بە کارکردن بکەن. ئەوانەی بەسەر ئاڵاکانی بەرەی دوژمن!! داتێ‌دەپەڕن سەر بەو نەسڵەن کە شۆڕشیان کرد!! و رێژیمی خومەینی‌یان هێنایە سەر کار. نەسڵێک کە شەرمەزار و پەشیمان لەوەی کردوویەتی، تەنیا ئەوەی لە دەست دێ کە بە ڕادەستکردنی پێڵاوەکانی بە واکسی‌یەکی منداڵ، دڵی خۆش کردبێ!! لە گۆشەیەکی ئەو پەڕێ ئەم دیمەنەوە لاوێکی موبایل بەدەست دەبیندرێ کە جیا لە"بێ‌تەفاوەت"بوون هیچ خوێندنەوەیەکی دیکەی لێ ناکرێ. واقعیەتێک کە بەداخەوە باڵی بەسەر کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێران‌دا کێشاوەو مەیدانی بۆ سەرکوتکاری‌یەکانی رێژیم دا هەموار کردوە. ئەم وێنەیە دیمەنێکی واقعی لە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەمڕۆی ئێران نیشان دەدات. وڵاتێک کە بە هۆی سیاسەتەکانی نیزامی دەسەڵاتدارەوە، ئێستا لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا لە رووی ئابووری‌یەوە وەک وڵاتێکی گەمارۆدراو، لە رووی سیاسی‌یەوە پەراوێزخراو سەیر دەکرێ. .http://localhost/files/16652475_1640010289347445_326503398_n.jpg