کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"چونکی ئەمەلت زۆرە چ عومرێکی کەمت بوو"

13:43 - 3 رەشەمه 2716

دوێنێ شەو، بەداخبوون‌و ناڕەحەتییەکەم بۆ مەرگی «مام عەلیی گوڵی» زیاتر بوو کاتێک وەبیریان هێنامەوە کە وەسیەتی کردبوو ئەگەر مرد، من لە سەر مردنەکەی قسە بکەم. کاتی خۆی ڕووبەڕووی خۆشم ئەو داوایەی لێ کردبووم، بەڵام لە بیرم چووبوەوە. ئێستا مام عەلی بۆ چی منی بۆ قسەکردن لە سەر ژیان و مردنی خۆی دەستنیشان کردبوو، تەنیا دەتوانێ یەک هۆی هەبووبێ ئەویش  ئەوەیە: جارێک لە جاران، وەکوو کۆمیسیۆنی چاپەمەنی و ڕۆژنامەی «کوردستان» قەدری ئەو کارەیمان زانی کە  ئەو چەند ساڵ بووهەموو مانگێ دوو جار دووپاتی دەکردەوە. ئاخرمام عەلی، هەر١٥ رۆژ جارێک کە رۆژنامەی «کوردستان» دەردەچوو، دەگەیشتە شوێنی ئامادەکرانی رۆژنامە‌و داوای بەشی خۆی لە ژمارەی تازەی «کوردستان» دەکرد.٢٠- ٣٠ نوسخەی لە هەر ژمارەیەک وەردەگرت‌و بە پێیان یا بە ماشێن( دیارە لە سەر حیسابی گیرفانی خۆی، کرێی تاکسی دەدا )و دەیبرد بۆ کۆیە. لە نێو ئیداراتی ئەو شارەو لە بازاڕ، کۆمەڵێک کەسی عادەت دابوو بە وەرگرتن‌و خوێندنەوەی ڕێکوپێکی رۆژنامەی «کوردستان». جاروبار کە بە ڕێکەوت تووشی هێندێکیان دەبووم، بە سەرسوڕمانەوە باسی ئەرکناسی‌و ڕێکوپێکیی ئەو مامە پیرە لە گەیاندنی رۆژنامەی «کوردستان»یان بە دەستی ئەوان دەکرد. ساڵێک، لە پێشوازی رۆژی رۆژنامەنووسیی کوردی‌دا، لە گەڵ هاوکارەکانمان لە رۆژنامەی» کوردستان» وا ساغ بووینەوە لە گەڵ ژمارەیەک لە راگەیەندنکارەکانمان‌و نووسەران‌و کادری فەنیی رۆژنامە‌دا، لەوحێکی ڕێزلێنان پێشکەشی مام عەلیی گوڵی بکەین کە سەرەڕای نەخوێندەوارییەکەی، عاشقانە»کوردستان»ی خۆش دەوێ‌و بەو پەڕی دڵسۆزی‌و خۆشەویستییەوە، ئەرکی بڵاوکردنەوەو گەیاندنی چەندین نوسخەی ئەم رۆنامەیە بە هۆگرانی، خستووەتە سەر خۆی. ئەم لەبیربوون‌و پێزانین‌و خوێندنەوەیە بۆ مام عەلی، زۆر مایەی خۆشحاڵی‌و دڵگەرمی  بوو. مام عەلی، ساڵانێک بوو وەک پێشمەرگە لە گەڵ پێرسۆنێلی رادیۆ دەنگی کوردستان هاوکار‌و هاوسەنگەر بوو. خوا نەکا گرفتێکی فەننی بۆ رادیۆ هاتبایە پێش‌و چەند دەقیقەیەک پەخشی بەرنامەکانی رادیۆ دواکەوتبا یا رۆژێک هەر بڵاو نەببایەوە. دنیای لێ وێک دەهات‌و نیگەرانی دایدەگرت. خۆی دەگەیاندە ئەم‌و ئەو هاوڕێی کاربەدەستی رادیۆو، هەتا دۆخەکە ئاسایی دەبووە، حەجمینی لێ هەڵ دەگیرا. ئەویندارانە حیزبی دیموکرات‌و خەباتی پڕ لە قوربانیدانی ئەم حیزبە‌و نەتەوەکەی لە رۆژهەلاتی کوردستانی خۆش دەویست. ئەو خۆشەویستییە‌و بە پەرۆشبوونەی مام عەلی لە ئاست رادیۆ‌و ڕرۆژنامە‌و دواتر تەلەڤیزیۆنی حیزب(کوردکاناڵ)، هەر وەها خەمخۆربوونی لە ئاست هەموو کارو تێکۆشان‌و چالاکیەکی حیزبەکەی، بە تایبەتی بەشدارایی گەرموگوڕی لە بە خاکسپاردن‌و پرسە‌‌و سەرەخۆشیی شەهیدەکان‌و کۆچی دوایی هاوڕێیان‌‌‌و هاوسەنگەران‌دا، لە بەر چاو‌و لە دڵی هەموومان دا کردبوویە  نموونەی دیاری مرۆڤێکی دڵسۆزو بە ئەمەگ‌و نیشتماندۆست. ئەو کە لەم ساڵانەی دوایی‌دا، هاوسەرەکەشی لە دەست دابووو بە تەنیا مابوەوە‌و پیری‌و نەخۆشی تەنگیان پێ هەڵچنیبوو، لە وڵامی یەکێک لە ناسیاوانی‌دا کە کوتبووی: «مام عەلی بۆ ناگەڕێیەوە لای کەسوکارت لە ئاوایی»مەللالەر»(لە ناوچەی بۆکان)؟» کوتبووی: کەسوکاری من ئەو پێشمەرگانەن. بۆ من شانازییە لە نێو ئەوانە بمرم، تەرمم لە سەرشانی ئەوان‌و لە توێی ئاڵای کوردستان دا لە مەزارگەی شەهیدان‌و نەمرانی حیزب بە خاک بسپێردرێ. دیارە مام عەلی لە نێو خەوتووانی ئەو مەزارگەیەش‌دا غەریب‌و نامۆ نەبوو. جگە لەو هەموو تێکۆشەرانەی ساڵانێک لە ئۆرگان‌و بەشە جۆراوجۆرەکانی حیزب کاری ڕۆژانەی لە گەڵ کردبوون، کوڕێکی پێشمەرگەی خۆشی بە ناوی حوسێن لەم مەزارگەیە نێژرابوو. «عەلی گوڵی»، خەڵکی مەڵلالەری ناوچەی بۆکان بوو. بە سجیل ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە دایک ببوو. نزیکەی ٢٥ ساڵێک لەمەوبەر کە گوێم دابووە بەرنامەیەکی تایبەتی رادیۆ دەنگی کوردستان لە بارەی دامەزرانی کۆماری کوردستان، یەک لەو کەسانەی بەرنامەکە لە پێوەندی لە گەڵ ئەو رووداوە دا دواندبوونی، مام عەلی گوڵی بوو. لە بیرمە کە گێڕایەوە» کاتێک خەبەری دامەزرانی جمهووریمان پێ گەیشت من جەوان بووم لە مەزرایە جووتم دەکرد». مام عەلی ساڵی ١٣٣٦ بە هۆی ئامۆزاکەی، نەمر میرزا عەوڵا جەهانگیری، هاتبووە رێزی ئەندامانی حیزب. لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانش، جارێکی دیکە پێوەندیی بە حیزبەوە گرتبوو، چوو بووە مەهاباد‌وچەکی لە سەرگورد عەبباسی وەرگرتبوو‌و لە کۆمیتەی ناوچەی ئەحمەدی کۆڕو دواتر لە بنکەی «قەرەمووسالی»  وەک پێشمەرگە قۆڵی لە خزمەتی حیزبەکەی هەڵماڵیبوو. لە نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ، کۆمیسیۆنەکانی ماڵی‌و سیاسی-نیزامی‌و دواتر لە کۆمیسیۆنی رادیۆ(رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران)، درێژەی بە کار و ئەرکی حیزبیی خۆی دابوو. لەمێژ ساڵ بوو بە هۆی چوونە سەری تەمەن، خانەنشین‌و لە بەڕێوەبردنی کار‌و ئەرکی حیزبی معاف کرابوو. بەڵام تەنانەت پیری‌و نەخۆشییش نەیانتوانیبوو مام عەلی گۆشەگیر‌و خانەنشین بکەن‌و لە خزمەت‌کردن‌و خۆشەویستیی حیزبەکەی دووری بخەنەوە، تەنیا مردن بوو کە توانی مام عەلی، ئەویش بە جەستە لە حیزبی دیموکرات بستێنێتەوە.   بە پێی ستانداردەکانی ناوچەی ئێمە ،٩٥ ساڵ بۆ مرۆڤێکی کورد تەمەنێکی کەم نیە. مام عەلی‌و زۆر تێکۆشەری دێرینی دیکەی هاونەسلی مام عەلی کە  بە داخەوە بە دەگمەن گەیشتوونە تەمەنی ٩٠ ساڵی، زۆربەی هەرە زۆری تەمەنی خۆیان لەکاروانی خەبات‌و تێکۆشان‌و وەفاداری بە ئامانجی پیرۆزی رزگاریی نەتەوەی کورد دا تێپەڕ کرد، سەرئەنجامیش بێ ئەوەی بە ئاواتەکانیان بگەن، دوور لە زید و کەسوکار، سەریان نایەوە. لە گەڵ ئەوەی ئارەزوو دەکەم پاشماوەی تێکۆشەرانی هاونەسلی مام عەلی ‌و نەسلەکانی دواتر، پتر لە مام عەلییش تەمەن بکەن، لەو بڕوایە دام هەر کامێک لەوان، چونکە دەزانن بۆ چی دەژین‌و بەو هۆیەوە کە «ئەمەل»‌و هیوای گەیشتنی نەتەوەکەیان بە ئازادی، رێڕەوی ژیانی دیاری کردوون، لە هەر تەمەنێک دا بمرن، هەتا ئەو کاتەی ئاواتەکانیان وەدی نەهاتوە،  هەر زوویەو هەر بۆیان بە پەرۆش دەبم.   لە ژماره‌ ٦٩٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌