کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووری ئێران: لە نێوان دۆخی ئارایی و ئامارەکان‌دا

14:37 - 3 رەشەمه 2716

  حەسەن روحانی لە رێورەسمی بیست و دووی رێبەندان، وێڕای ئاماژە بە ئاستی گەشەکردنی ئابووری ئێران لە بواری (تەولیدی ناخالیسی نێوخۆیی)، وتی کە ئەمە یەکێکە لە دەسکەوتەکانی کابینەکەی و هەروەها نیشانەیەکە بۆ دەربازبوونی ئابووری ئێران لە نوشست. لەم پێوەندییەدا هەم سەرچاوە فەرمییەکانی ڕێژیم و هەم رێکخراوە ئابوورییە نێونەتەوەییەکان باس لە ئاستی گەشەکردنی (تەولیدی ناخالیسی نێوخۆیی) لە ساڵی ١٣٩٥ بە ڕێژەی سەتا ٧،٤ دەکەن. هەر لەم پێوەندییەدا ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ئێران (٧،٢٪)، سندووقی نێونەتەوەیی پارە (٦،٦٪) و بانکی جیهانی (٥،٢٪) ئاماری جیاوازیان بۆ گەشەکردنی ئابووریی ئێران لەمساڵ‌دا باس کردبوو بەڵام هەموویان لە راپۆرتەکانیان‌دا ئاماژەیان بە ئاستێکی باش لە گەشەکردن کردبوو. بە لەبەرچاو گرتنی ئەم ئامارە جیاوازانە، دەبینین کە زۆربەی پێش‌بینییەکان باس لە بەرزبوونەوەی پێوانە سەرەکییەکانی ئابووری ئێران دەکەن. بە تایبەت ئەگەر ئەم ژمارانە لەگەڵ ساڵانی پێشوو بەراورد بکەین، بۆ نموونە ئاستی گەشەی ئابووری لە نێوان ساڵەکانی ١٣٩١ تا ١٣٩٤ لە نێوان (کەم ٦،٨٪، کەم ١،٩٪، ٣٪ و ٠،٣٪) هەر لە ژێر سفرەوە بووە. ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە چۆنە ئابووری ئێران لە دۆخێکی تەواو داتەپیوی وەک ساڵانی پێشوو لە ناکاو ئاستێکی پێوانەیی تۆمار دەکا، بەڵام چ لە ڕووی لێکدانەوەی چالاکانی ئابووری و چ لە ڕووی گۆڕان لە ژیان و گوزەرانی خەڵک‌دا هیچ هەستی پێ نەکراوە؟ دوو فاکتی سەرەکی، یەکەم: بنەما زانستییە ئابوورییەکانی ئەم رێژەیە لە گەشەی ئابووری، دووهەم گشتگیربوونی ئەم گەشەیە، واتە ئەو پانتاییە جوغرافیایی‌یەی کە ئەم گەشەسەندنە لەخۆ دەگرێ، دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ شرۆڤەی زیاتری ئەم جۆرە ئامارانە. وڵاتێک کە خاوەنی پێکهاتەیەکی ئاسایی ئابووری بێ، بەرزبوونەوەیەک بەم ڕێژەیە لە گەشەسەندن ناتوانێ بێدەنگی لێ بکرێ یان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی کارو پیشە و ژیانی ئابووریی رۆژانەی خەڵک نەبێ. لانیکەم ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، هەموو تواناکانی خۆیان وەگەڕ دەخەن و تەنانەت ناوەندی نوێ دروست دەبێ، دامەزراندنەکانی زیاد دەبن و توانایی کڕینی خەڵک بەرز دەبێتەوە، کڕین و فرۆشتنی خانوو وەگەڕ دەکەوێتەوە و کەرتی دروستکردنی خانوو و بینا دەگەشێتەوە. بەڵام لە دۆخی ئارایی ئابووری ئێران‌دا هیچ نیشانەیەک لەم گۆڕانکاری‌یانە نیە، واتە نوشست لە هەموو بوارەکانی ئابووری‌دا هەروا لە ئاستێکی نزم دایە. بەڵام هۆکاری شاراوە مانەوەی ئەم گەشەسەندنە پێوانەیی‌یە لە چی دایە؟ ئایا سەرچاوەکانی رژیم ئاماری هەڵە بڵاو دەکەنەوە، یان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەڵسانگاندنی دۆخی راستەقینەی ئابووری ئێران تووشی هەڵە بوون؟ ئاستی گەشەسەندنی ئابووری هەم لە کورت‌خایەن و هەم لە درێژخایەن‌دا بە تەنیا ناتوانێ ئاماژەیەک بێ بۆ گۆڕانێکی ئەرێنی ڕاستەقینە یان جێگیر لەبارودۆخی ئابووری‌دا. چونکە لە پەنا چەندایەتی (بەرزبوونەوەی تەولیدی ناخالیسی نێوخۆیی) پێویستە چۆنایەتیی گەشەسەندنیش لەبەرچاو بگرین و تەنانەت دەتوانین بڵێین کە چۆنایەتی گەشەسەندن لە چەندایەتییەکەی گرینگترە. چۆنایەتی هەر گەشەسەندنێکی ئابووری لە ئاستی هەر وڵاتێک‌دا، هێندێک دەرئەنجامی درێژخایەنی وەک باشبوونی دۆخی گشتی کارو پیشە، بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان، سەرمایەگوزاری و بە شێوەیەکی گشتی دروستبوونی هاوسەنگییەک بۆ کەڵک وەرگرتنی هەموو هاووڵاتیان لە ئاکامەکانی ئەم گەشەسەندنەی لێ دەکەوێتەوە. بەڵام ئەم جۆرە ئامارەی کە لە ئێستادا لە پیوەندی لەگەڵ دۆخی ئابووری ئێران‌دا بڵاو بوەتەوە، گەشەسەندنێکی تەواو ناجێگیرە. دوای چەند ساڵ هاتنە سەرکاری حەسەن روحانی، دەبینین هیچ گۆڕانێکی بنەڕەتی لە پێکهاتەکانی بەرهەمهێنان و ناوەندە بازرگانییەکانی وڵات‌دا ڕووی نەداوە. ئابووری ئێران هەروا لەژێر هێژمونی (دەوڵەتی سێبەر) دایە، دیوانسالاری و گەندەڵی وەک پێشوو بەردەوامە، رەوتی چاکسازی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک (کەرتی تایبەت، سیستەمی ماڵیات، سیستەمی بانکی، جێگیر کردنی نرخەکان، دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ پێدانی یارانەی نەختی و هتد) نە تەنیا لە جووڵە خاوەکانی پێشتری خراپتر بوە بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتی وەستاون.   بە پێی ئاماری ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ئێران، ئاستی گەشەکردنی بەشی بیناسازی لەم ساڵ‌دا لانیکەم ١٥٪ پێش بینی کراوە، کە ئاماژەیەکی گرینگە بۆ بەردەوامی نوشست و قەیران لەم بەشە سەرەکییەی ئابووری ئێران‌دا. لێرەدا دەتوانین بەم دەرئەنجامە بگەین کە گەشەکردنی ٧،٤ دەرسەدی ئابووری ئێران، تەنیا لە ئاکامی لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان (بەرجام) و دەست پێکردنەوەی فرۆشی نەوتە. واتە پاڵپشتی سەرەکیی ئابووری ئێران دوای نزیک بە چوار دەیە دروشم گەرایی، هیشتاش تەنیا فرۆشی نەوتە. واتە لە ڕووی زانستی ئابوورییەوە ئەم جۆرە گەشەسەندنە هەم دەسکەوتێکی کاتیە و هەم ئامارێکە کە تەنیا ڕووکەشێکی لە بواری چەندایەتیەوە هەیە و هیچ گرینگییەکی بە بواری چۆنایەتی گەشەکردنەوە نەداوە یان نیە. لە ڕووی داتاکانی ئابوورییەوە، زۆربەمان زانیاریمان زیاتر لەسەر ئەو بەشە لە جوغرافیای ئێران هەیە کە هەم دەستیان بە راگەیاندنە فەرمییەکانی دەوڵەت ڕادەگا و هەم ناوەندە سەرەکییەکانی ئابووری لە خۆ دەگرن. بەڵام ئێمە ڕۆژانە شاهیدی گیان لەدەستدانی خەڵکانێکین کە تەنیا بۆ پەیدا کردنی بژیوی ئاسایی رۆژانەی خۆیان، دەکەونە بەر تەقەی چەکدارانی رژیمەوە. ساڵانێكی زۆرە یان باشتر بڵێین هەر لە سەرەتای دروست بوونی دەوڵەتە ناوەندییەکان لە ئێران‌دا، بابەتێک بە ناوی خزمەتگوزاری یان ئاوادانکردنەوەیەکی ژێربینایی لە ناوچەکانی وەک کوردستان بوونی نەبوە. ئەوەی تا ئێستاش کراوە تەنیا هەوڵێکی رووکەشیانە بوە کە هێندێک ئاماری لە بواری چەندایەتیی گەشەکردنەوە لە خۆ گرتوە. هەروەک دەبینین دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە دەرکردنی هێندێک ئاماری ئابووری شاگەشکە بوون و رەنگە لەم پێوەندییەدا هێندێک لە ناوچەکانی ئێران لێی سوودمەند بووبن. بەڵام ناوچە دواکەوتووەکانی وەک کوردستان، نە تەنیا هیچکات لەم جۆرە ئامار و  گەشەکردنانە سوودمەند نەبوون، بەڵکوو ئەو بەشە بوودجە کەمەی ساڵانە بۆ ئەم ناوچانە دیاری دەکرێ، بەشێکی زۆری دەکەوێتە بەر تیغی دزی و گەندەڵییەکانی دەزگا نیزامی و ئەمنییەتی‌یەکانی رژیم. لە ژماره‌ ٦٩٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌