کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابڵۆقەکانی ئێران: ویلایەتە یەکگرتووەکان هەوڵەکانی بە دژی "پاڵەوانی" تیرۆر چڕ دەکاتەوە

14:49 - 3 رەشەمه 2716

و: کەماڵ حەسەنپوور سەپاندنی ئابڵۆقەی نوێ بە سەر ئێران دا، تەنیا دوو حەوتوو پاش بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما، ترسی ئەوەی دروست کردووە کە تڕامپ بە ناوزەدکردنی تاران وەک "پاڵەوانی" تیرۆری جیهانیی بە دوای رووبەڕوو بوونەوەیەکی نوێ دا دەگەڕێ. ئێران بە توڕەیی بەرپەرچی تڕامپی داوەتەوە و ئەوی بە کەسێکی بێ ئەزمون و مەترسیدار ناو بردووە. سوپای پاسدارانی ئێران وتوویەتی کە یەکە سەربازییەکانی، رۆژی شەممە مانۆڕێکی مووشەکیی بەڕێوەدەبەن تا "ئامادەیی تەواو بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ هەڕەشەکان و ئابلۆقەی سووکایەتیی کەر" نیشان بدەن. بەڵام وێدەچێ، ئەو گومانانەی کە تڕامپ خەریکە یەک‌لایەنە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ٤ ئەندامی نەگۆڕی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتیی ئوروپا لە ٢٠١٥ واژۆیان کرد،  بدڕێنێ یا دەور لێداتەوە،  وەڕاستی نەگەڕێن. وێدەچێ دوورە دیمەنی چڕ کردنەوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ لێدانی مۆری بنکەی جیهانیی و گەورەترین پشتیوانی تیرۆر لە ئێرانی شیعە، ئەوە بێ کە کۆتایی بە نفووزی پەرەئەستێنی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێنێ. "بەرەی شەڕ" پێکهاتووە لە ئێراق، سوریا، ئەفغانستان، بەحرەین، لوبنان و یەمەن، ئەو شوێنانەی کە ئێران شەڕی بە وەکالەت لە گەڵ رەقیبی سوننەی خۆی، عەرەبستانی سعوودی، دەکا. دژایەتیی تڕامپ بەرامبەر ئێران دوای بانگەشەکانی هەڵبژاردن، کە ئەو ئیشارەی پێ کردبوو، کەم نەبوەتەوە. یاساغ کردنە بەدناوەکەی سەرکۆماری ئامریکا لەمەڕ سەفەر بۆ ئەو وڵاتە کە لە دژی ٧ وڵات کە زۆرینەی حەشیمەتەکەیان  موسوڵمانە  هاووڵاتیانی ئێرانیش دەگرێتەوە. حەوتووی رابردوو راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی تڕامپ، مایکڵ فڵین بە توندی تاقیکردنەوە "نایاسایی‌یەکەی" مووشەکی بالستیکیی ئێرانی ئیدانە کرد. فلین وتی کە ئێران لە ژێر "چاوەدێریی" دایە و رەفتارەکەی جێگای رەزامەندیی نیە. ئەو هەروەها وتی  "رۆژانی چاو نووقاندن لە بەرامبەر کردارە دوژمنکارانە و شەڕەنگێزانەکانی ئێران لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای جیهانیی بەسەر چووە". ئەو ئابڵۆقانەی کە رۆژی هەینی راگەیەنران تا رادەیەکی زۆر سەمبولیکن. کۆشکی سپی دەڵێ، ئەوانە تەنیا دەستپێکن و ئەوان پێداچوونەوەیەکی ستراتێژیکی‌یان لە سیاسەتیان‌دا بەرامبەر بە ئێران کردووە. بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی نوێ دەزانێ کە هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە تووشی بەرهەڵستکاریی تووندی واژۆکەرانی‌تر دەبێ. لێکۆڵەرەوان لەو باوەڕەدان کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەجێی ئەوە، هەوڵ دەدا کە رێککەوتننامەکە لە رێگای داسەپاندنی چاودێریی سەختتر و دانانی بەربەستی زیاتر، بەهێزتر بکا. لە هەمان‌کات دا هەڵوێستێکی ستراتێژیکی نوێ خەریکە گەشە دەکا. نیشانەکانی ئەو لە لێدوانەکانی جەیمز مەتیس، وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لەماوەی سەردانەکەی بۆ تۆکیۆ دەردەکەون. ئەو وتی "ئێران گەورەترین پشتیوانیی دەوڵەتیی تیرۆریسم لە جیهانە"، راستییەک کە بە وتەی ناوبراو نابێ پشتگوێ بخرێ یا رەت بکرێتەوە. مەتیس لە لێدوانەکەی دا حەوتووی رابردوو بە تایبەتیی جەختی لەسەر پشتیوانیی ئێران لە شیعە "تێرۆریستەکانی" حووسی لە یەمەن کردەوە و ئیددیعای کرد کە ئێران لە پشت هێرشەکان بۆ سەر پاپۆڕە جەنگییەکانی عەرەبستانی سعوودی و ئەمریکایی بووە. هەمووی ئەوانە هاوتەریبی ئەولەوییەتەکانی سیاسەتی دەرەوەی تڕامپن: شەڕ لە دژی تیرۆر، پشتیوانیی بێ ئەملاو ئەولای ئێران لە بەشار ئەسەد سەرکۆماری سوریا، لەگەڵ ناردنی یەکینەی شەڕکەری سەر بە ئێران و جەنگاوەرانی هاوپەیمانەکەی واتە حیزبوڵڵای لوبنان، کە دەسکەوتی بێ هاوتای بۆ دەستەبەر کردوون. ئەو سەرکەوتنانە ئەگەری دروست بوونی هیلالێکی دەسەڵاتی بۆ هێناونە ئاراوە کە لە رۆژئاوای ئەفغانستانەوە تا رۆژهەڵاتی دەریای مەدیتەرانە دەگرێتە خۆ. ویلایەتە یەکگرتووەکان رێکخراوی حیزبوڵڵای وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پێناسە کردووە. هاوپەیمانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە خەلیج، بە تایبەتی عەرەبستانی سعوودی نیگەرانە. حاکمانی سوننی بەحرەین، کە بەسەر زۆرینەی شیعەدا حکومەت دەکەن، لە هەوڵە شاراوەکان بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەراسانن. حەوتووی رابردوو تڕامپ لەگەڵ شا سەلمان، شای سعوودی، قسەی کرد. تڕامپ قەرارە ١٥ی مانگی فێورییە چاوی بە بێنیامین ناتانیاهوو بکەوێ. سەرۆک وەزیری توندڕەوی ئیسرائیل دەمێکە باس لە مەترسیی حەیاتیی لە لایەن ئێرانەوە دەکا. ئیسرائیل جار لە دوای جار لەبارەی پشتیوانیی ئێران لە حەماس و گروپە تیرۆریستییەکانی‌ترو لەبارەی قاچاخی چەک‌وچۆڵ بۆ ناو لوبنان و سووریا سکاڵای کردووە. چاوەڕوان دەکرێ کە ناتانیاهوو بە شەوق‌و زەوقێکی  زۆرەوە  پشتیوانیی لە  هەڵوێستە  سەختەکەی  تڕامپ  بکا. هەروەها سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، تێرێزا مەی، لە پشت هەمان هەڵوێستە. لە لێدوانێکی لەم دواییانەدا ئەو باسی "نفووزی تێکدەرانەی" ئێرانی کرد. مەی، هەروەک تڕامپ بە شێوەیەکی دەگمەن باسی لە پشتیوانیی قورس و قایمی لە ئیسڕائیل کردووە. بەڵام وڵاتە گرنگەکانی یەکیەتیی ئورووپا، تەنیا لەبەر ئەوەی کە متمانە بە رێبەری ویلایەتە یەکگرتووەکان ناکەن،  ئەو هەڵوێستەیان نیە. سیاسەتە چاوەڕوانکراوەکەی تڕامپ لە دژی ئێران چ فۆرمێکی دەبێ؟ لەوانەیە ئابڵۆقەی زۆرتر بخرێتە سەر کەرتی بانکداری و دارایی، زیاتر کردنی فرۆشی چەک وچۆڵ و پشتیوانیی ئاشکرای سەربازیی بۆ هاوپەیمانەکان لە ناوچە، حزووری چڕتری هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە خەلیج، یا چالاکیی شاراوەی هێزە تایبەتییەکانی وەک ئەو چالاکییە ناسەرکەوتوویەی کە حەوتووی رابردوو لە یەمەن بەڕێوە چوو. تڕامپ هەروەها لەوانەیە یاساغ کردنی سەفەری ئێرانییان (بۆ ئامریکا) بکاتە هەتا هەتایی. بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان لە کاتێکی ئاستەم لە ئێران‌دا دێنە ئاراوە. لە بەهاری داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران بەڕێوە دەچێ. دوژمنایەتیی ئەمریکا دەتوانێ ببێتە هۆی بەهێزترکردنی توندڕەوە نەریت پەرەستەکان. ئەوکات نیگەرانییە ناوچەییەکان خۆبەخۆ ئامانجەکانیان دەپێکن. تڕامپ کارتێکی دیکەشی بۆ کایە کردن پێیە. ئەگەر ئەو لە ئامانجە جێی موناقشەکەی لە مەڕ باشتر کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرکەوتوو بێ، لەوانەیە تڕامپ لە کەم کردنەوەی فرۆشتنی مووشەک، یارمەتیی ناوەکیی و هاوکاری سیاسیی (رووسیە) لەگەڵ تاران، سەرکەوتوو بێ. بە لەبەر چاو گرتنی مێژووی تاڵی داگیرکاری لە لایەن زلهێزەکانەوە، ئێران بەڵگەی باشی هەن کە لە گەمارۆدران بترسێ. ئەگەری دروست بوونی بەرەیەکی ئامریکایی-رووسی هەڕەشەیەکی وەهایە. لە ژماره‌ ٦٩٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌