کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیسێی دروشمەکانی شۆڕشی ٥٧بەسەر ٣٨ ساڵ دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامی‌دا

14:53 - 3 رەشەمه 2716

  ٣٨ ساڵ له‌مەوبەر له‌ ئێران ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تیی حه‌مه‌ڕه‌زای په‌هله‌وی به‌هۆی شۆڕشێکی جه‌ماوه‌ری تێکه‌وه‌پێچرا. شۆڕشێک کە زۆر لە کۆمەڵناسان و چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە دەکرا بە کرانەوەی سیاسیی زیاتر خۆی لێ ببوێری؛ بەڵام ئەو شەپۆلە بە دروشمه‌کانی پێکهێنانی گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له‌ ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵک و ماف و ئازادییه‌کانیان نیزامی سیاسیی ئێرانی لە بنی‌ڕا گۆڕی. ئه‌وه‌ که‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌یان سه‌رخست به‌ چی گه‌یشتن و ئێستا له‌ کوێن؛ یان ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌م شۆڕشه‌ بۆ خه‌ڵک بوو یان ڕژیمی جێگره‌وه‌ی پاشایه‌تی له‌ هه‌مبانه‌ی خۆی هاویشت باسێکه‌ هه‌موو کاتێ له‌ ساڵیادی ئه‌و رووداوه‌ مێژووییه‌دا دێته‌ گۆرێ. سه‌ره‌تا با بزانین ئه‌م شۆڕشه‌ به‌ کام دروشم سه‌رکه‌وت و هه‌ر هه‌مان ئه‌و دروشمانه‌ی ڕژیمی پاشایه‌تییان پێ ڕووخا ئێستا به‌ ده‌ست کێ‌وه‌ به‌رز ده‌کرێنه‌وه‌؟ دیموکراسی، کرانەوەی سیاسی، نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیی، دابینکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و که‌مکردنه‌وه‌ی که‌لێنی کۆمه‌ڵگای هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند، دەستەبەری ژیانێکی ئاسوودە لەسەر بنەمای وەدیهێنانی مافە سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵە ئامانجێک بوون کە ئەو کات زۆربەی هێزە سیاسییەکانی لە دەوری یەک کۆکردنەوە هەتا ڕژیمی پاشایەتیی پێ بڕووخێنن و نیزامی سیاسیی نوێی لە جێ دابنێن. ئێستا کە دەسەڵات‌بەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکەش یادی هاتنەسەرکاری خۆیان دەکەنەوە، ئەو پرسیارەش دێتە گۆرێ کە ئاخۆ شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ دا سەرکەوتوو بوو؟ ئەگەر گۆڕینی نیزام بە دەرکەوتەی سەرەکیی ئەو سەرکەوتنە دابنێین بەڵێ سەرکەوتوو بوو، چونکە ڕژیمی پاشایەتیی پەهلەویی ڕووخاند و رژیمی کۆماری ئیسلامی هێنایەسەر کار؛ بەڵام بە وردبوونەوە لە دروشم و ئامانجەکانی شۆڕش و ئەوەی نیزامی سیاسیی نوێ بە کردەوە کردی، نەخێر، ئەو شۆڕشە خەڵکی نەک هەر بۆ پێشێ نەبرد بگرە دەیان ساڵی بۆ دواوە ڕادا. سەرکوتی ماف و ئازادییەکان لەلایەن رژیمی تازە پێش هەموو شتێک حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی گرتەوە و لە ماوەی یەک دوو ساڵدا هەر هەموو هێزە سیاسییە رەخنەگرەکان و دژبەرانی رژیم سەرکوت‌کران و هەمووی لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێران وەدەرنان. ٨ ساڵ شەڕ لەگەڵ عێراق بەهەموو وێرانی و ماڵوێرانی و قوربانییەکانی کە لەسەر پێداگریی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی درێژەی پێدرا و، ئێعدامی بە هەزاران زیندانیی سیاسی بەشێکی دی لە دیاری و دەسکەوتەکانی ئەو رژیمە لە دەیەی یەکەمی حاکمییەتی خۆیدا بوو و؛ بێکاری، هەژاری، سەرهەڵدان و پەرەسەندنی دەیان قەیرانی کۆمەڵایەتی لە تەنیشت سەرکوتی ماف و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکانی خەڵکی ئێران دەرکەوتەکانی دیکەی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی لە سێ دەیەی دواتری حوکمڕانییەکەیان بەسەر ئێران‌دان. ئەگەر لە نیسێی دروشمەکانی ئەو کاتەوە بۆ دۆخی ئێستای ئێران بڕوانین، دەبینین کە سەربەخۆیی سیاسیی ڕژیمی پاشایەتی لە ئی کۆماری ئیسلامی زیاتر بوو. لە سۆنگەی حوکمڕانیی ئەو ڕێژیمەوە زیاتر لە ٨ میلیۆن کەسی خەڵکی ئێران وڵاتیان جێهێشتوە، لە نێوخۆی وڵاتیش ئەگەر ڕێژەی حەشیمەت لە چاو کاتی شۆڕش زیاتر لە دوو بەرابەر زیادی کردوە، بەڵام ژمارەی بەندیخانە و بەندییەکان دەیان هیندەی ئەو کاتن. هەژاری گرینگترین دەرکەوتەی دۆخی کۆمەڵایەتیی ئێستای ئێرانە و ئامارە ڕەسمییەکان دەڵێن زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. لە وڵاتێکدا کە لە ریزی سێهەم وڵاتی خاوەن نەوت و گاز و وزەی دنیایە، ڕۆژ بە ڕۆژ خەساری کۆمەڵایەتیی نوێ سەرهەڵدەدا کە "گۆڕخەو"ەکان نوێترینی ئەو دیاردانەن. بەگشتی بەراوردی دۆخی ژیان و  بژیوی خەڵک، کۆمەڵێک پێوەری وەک نرخی گەشەو هەڵدانی ئابووری، داهاتی سەرانە، ئاوسان، گەندەڵیی بۆرۆکراتیک و دەیان پێوەری دیکە پێمان دەڵێن شۆڕشی ساڵی ٥٧ کۆمەڵگای ئێرانی لە ڕووی ئابوورییەوە بەرەوپێش نەبردوە. سەرکوتی ئازادییە سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگی و ئاینییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانیش بەبەراورد لەگەڵ ئەو کات پێمان دەڵێن لە نێوان ئەوەی خەڵک خوێنی بۆ دا و ئێستاش تێچووی زۆری بۆ دەدا، لەگەڵ ئەوەی دەستی کەوتوە مەودا زۆرە. گەندەڵیی حکومەتیی ئێستا بەبەراورد لەگەڵ نیزامی پاشایەتی شتێک نییە بە بەری یەکتر بگیرێن، سامانیی شەخسیی "حەمەڕەزا شا" و سامانی شەخسی خامنەیی قەت ناچنە تای تەرازوویەکەوە، کەسانی دەوروبەری حەمەڕەزا شا هیچ کات بە قەت کەسانی دەوروبەری خامنەیی سامانی گشتیی خەڵکی ئێرانیان پاوان و بە تاڵان نەبردوە و لەلایەکی دیکەوە ڕژیمێک کە بە دروشمی نەهێشتنی گەندەڵی هاتەسەر کار، ئێستا خۆی گەندەڵترین نیزامی حوکمڕانییە و کاربەدەستانی ئەو ڕژیمە گەندەڵترین کەسن لە جیهان‌دا. ئه‌وه‌ نه‌ تۆمه‌ته‌ و نه‌ پڕوپاگەنده‌، هه‌رچه‌ند مانگ له‌وه‌ پێش مه‌حموود سادقی، نوێنه‌ری تاران له‌ مه‌جلیس له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئاشکرای مه‌جلیس‌دا ڕایگه‌یاند: "دوای ٣٨ ساڵ له‌ رووخاندنی رژیمی پاشایه‌تی، گه‌نده‌ڵیی سیستماتیک له‌ ئێران زۆر زیاتر له‌و سه‌رده‌مەیە‌".  ڕێکخراوی جیهانیی شه‌فافییه‌تیش دەڵێ ‌ئێران له‌ پله‌ی‌ ١٣٦ی "پێوه‌ره‌ی‌ گه‌نده‌ڵی"ی جیهاندا جێی گرتوه‌‌. خەڵک شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی بۆ ماف و ئازادییەکانی کرد، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ حوکمی ئێران دەکا خەڵکی لە هەموو ماف و ئازادییەکانی بێبەش کردووە، بە زەبری چەک ئەوانی سەرکوت و دەمکوت کردوەو، بە مانایەکی دی دەسکەوتەکانی ئەو شۆڕشە هەموو چووەتە گیرفانی حاکمییەتەوە. ساڵیادی شۆڕشی ١٣٥٧، ده‌رفه‌تێکه‌ بۆ بیرکردنه‌وه‌ و ڕامان له‌وه‌ی که‌ ئایا خه‌ڵک هه‌ر ده‌یانویست "شا و سێبه‌ری خودا له‌سه‌ر زه‌وی" له‌ عه‌رشه‌وه‌ داگرنه‌ خوارێ و به‌جێی ئه‌و ڕێگه‌ بده‌ن " ڕێبه‌ر و نوێنه‌ری خودا له‌سه‌ر زه‌وی" له‌سه‌ر ته‌ختی خونکاری جێی بگرێته‌وه‌؟ خه‌ڵک له‌و ٣٨ ساڵه‌دا که‌ زۆرترین زه‌بریان له‌و رژیمه‌ خواردووه‌ هه‌ر خۆشیان یارمه‌تیی به‌هێزتربوونی ڕژیمیان نه‌داوه‌؟ بڵێی دڵخۆشکردن به‌ ئیسلاحات، ئه‌ویش رێفۆرم و گۆڕان له‌ حاکمییه‌تدا له‌جێی خۆیدا بێ، به‌ تایبه‌ت که‌ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلاحات و رێفۆرمخوازه‌کانیش تاقیکاریی خۆیان داوه‌. هاوکات ئایا چاوه‌ڕوانیی گۆڕانکاری له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کان و پشتبه‌ستن به‌ هێزی ده‌ره‌کی ده‌توانێ بژێره‌یه‌کی باش بێ، به‌ تایبه‌ت که‌ ئه‌گه‌رێکی دووره ده‌سته‌؟ ئایا مێژووی شۆڕش ته‌واو بووه‌ یان هه‌میسان پێویست به‌ ڕاپه‌ڕینێکی دیکه‌ ده‌کا. ناڕه‌زایه‌تیی بەربڵاوی خه‌ڵک چۆن ده‌توانێ گۆڕان له‌ نیزامی سیاسیی وڵاتی لێبکه‌وێته‌وه‌ و ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ چۆن و له‌لایه‌ن کێ و کام لایه‌نه‌وه‌ ده‌بێ ڕێک‌بخرێن؟ لە ژماره‌ ٦٩٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌