کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی خوێندن بە زمانی دایک لە ئێران دا بەسەرهاتی تاڵی چاوەڕوانییەکی ڕەوا!

22:07 - 3 رەشەمه 2716

٢ ساڵی دیکە چل ساڵی تەواو بە سەر سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران‌و هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی‌دا ڕادەبرێ. گەلی کورد لە کوردستانی ئێران کە ڕابردوویەکی دوور‌و درێژی لە خەبات لە گەڵ ڕێژیمی پاشایەتی‌دا هەبوو، چالاکانە لە سۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران دا بەشدار بوو، چونکە دەیەویست بە گۆڕانی ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، کۆتایی بە بێبەشی لە مافە نەتەوایەتییەکانی بێ‌و لە سەر خاک‌و نیشتمانی خۆی‌و لە چوارچێوەی ئێران‌دا مافی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی بدرێتەوە بە خۆی، جارێکی دیکە وەک سەردەمی کۆماری کوردستان زمانی کوردی لە کوردستان ببێتەوە بە زمانی ڕەسمی‌و لە قوتابخانەکان پێی بخوێندرێ‌و لە  ئیدارە‌و دامەزراوە رەسمییەکانی ئەو ناوچەیە قسەی پێ بکرێ‌و کۆمەڵێک مافی دیکە کە لە دوای ڕووخانی کۆماری کۆردستان لەم گەلە ئەستێندرابۆوە، بۆی بگەڕێندرێنەوە. هەر لە ژێر ڕووناکایی ئەم ڕابردووە پڕ لە خەبات‌و قوربانیدانە‌و هەر وەها لەژێر کاریگەریی ئەم چاوەروانییەش دابوو کە حیزبی دیموکرات بە تایبەتی‌و گەلی کورد بە گشتی لە ڕۆژی یەکەمی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، داخوازەکانی خۆیان بە ڕوونی هێنایە گۆڕێ‌و وەبیر دەسەڵاتدارانی تازەیان هێنایەوە کە ناتوانن دەست لەم مافانەیان هەڵ بگرن‌و چاوپۆشیان لێ بکەن. چونکە بە بێ وەدیهاتنی ئەم مافانە‌و مانەوەیان لە بێبەشی‌و لە ژێر سەرکوتی نەتەوەیی دا شۆڕش ئاکام‌و مانایەکی نەدەبوو. بناغەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجێکدا پێک هاتن‌و دامەزراوەکانی لە بارودۆخێک دا بنیات نران کە بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئێران کە شۆڕشیان کردبوو، لە سەر داوا‌و چاوەروانییەکانی خۆیان پیداگر بوون‌و بە شێوەی جۆراوجۆر ئەم پێداگرییەی خۆیان نیشان دەدایەوە.  کۆنتڕۆڵی کەشوهەوا سیاسیی ئێران لە دوو ساڵی یەکەمی هاتنە سەرکاری ئاخوندەکان‌دا، هێشتا بە تەواوی نەکەوتبووە دەستی دەسەڵاتدارانی نوێ. حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان‌و ڕۆژنامە‌و بلاوکراوەی ئازاد، سەرەڕای پێناخۆشبوونی تاقمی بە دەسەلات گەیشتوو، هەبوون‌و وەک دەڵێن : ئەمری واقیع" بوون. لە کوردستانیش جگە لە پێداگری لە سەر داوا‌و چاوەڕوانییە لە مێژینەکان، خەڵک لە دەوری حیزبی دیموکرات‌و هێزە سیاسییەکانی دیکە کۆ بوونەوە‌و پشتیوانیی هەموو لایەنەیان لێ دەکردن بۆ ئەوەی لە ڕێگای وتووێژ‌و دانوستانەوە بێ یا لەڕێگای خۆڕاگری‌و بەرگری کردن لە خۆیان، ئەم مافانەیان بە دەسەڵاتی تازە بسەلمێنن. پێکهاتەی یەکەم مەجلیسەکان یا دەورەی یەکەمی مەجلیسەکانی دامەزرێنەران(کە ناوی نرا خوبرەگان)‌و مەجلیسی شووڕای میللی( کە ئەویش ناوی مەجلیسی شوورای ئیسلامی لێ نرا) بە جۆرێک بوون، کە هێشتا مەجالێک‌و مەیدانێک بۆ هێنانەوە گۆڕی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی شۆڕش‌کردوو، مابۆوە. لە ژێر کەشوهەوایەکی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی لەم چەشنە‌دا کاتێک یاسای بنەرەتیی وڵات(دەستوور)ی ئێران داڕێژرا‌و پەسند کرا، کۆمەڵێک لە مافەکانی خەڵک لە بواری جۆراوجۆر دا، دیارە بە کلک‌و گوێکراوی‌و نیوەچڵی،  لەو دەستوورە‌دا رەنگیان دایەوەو دانیان پێدانرا. ویستی خوێندن بە زمانی پێکهاتە نەتەوەییە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ئێران لە قوتابخانەکان یەک لەو مافانە بوو کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ئەسلی 15ی  دەستووری ئێران دا ڕەنگی دایەوە. چارەنووسی ئەم ویستەی نەتەوەی کورد‌و نەتەوە نافارسەکانی دیکەی ئێران، لە زۆر بارەوە شیاوی هەڵوێستە لە سەر کردنە. خودی ویستی خوێندنی گەلێک، نەتەوەیەک‌و پێکهاتەیەکی نەتەوەیی‌و زمانیی چەند میلیۆنی بە زمانی خۆی، بەشێکی کەم‌و بچووکە لە کۆی مافە سیاسی‌و نەتەوەییەکانیان. بە تایبەتی ئەگەر لەوەش ورد بینەوە کە ئەو مافە لە چاوەڕوانیی "بە رەسمی ناسران"‌و" مافی خوێندن بەو زمانانە لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن‌دا" بووە بە " ئازادبوونی خوێندنی ئەدەبیاتی ئەو زمانانە لە تەنیشت زمانی فارسی لە قوتابخانەکان‌دا"! ئەو کات پتر هەست بە بچووکی‌و کلک‌و گوێکرانی مافەکە دەکەین. بەو حاڵەش پاشی تێپەڕینی نزیکەی ٤٠ ساڵ بە سەر تەمەنی کۆماری ئیسلامی‌و پەسندکرانی دەستووری نوێ‌دا، نەک هەر ئەم ئەسلە جێبەجێ نەکراوە‌و بەڕێوە نەچووە، بەڵکوو هەتا ئێستاش هەر کاندیدایەکی سەرکۆماری‌و هەربەربژێرێکی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی کە بیانهەوێ دەنگی نەتەوە نافارسەکانی ئێران بۆ لای خۆیان رابکێشن، ئەم ئەسلەیان وەبیر دێتەوە‌و بە بەڵێنی جێبەجێکردنەکەی، بازاڕگەرمییەک لە جەنگەی ململانێی هەڵبژاردن‌دا بۆ خۆیان وەڕێ دەخەن. ناخۆشتر لەم گاڵتەکردنە بە هەست‌و عەقڵی خەڵکیش ئەوەیە هەر کە بازاڕی هەڵبژاردن کۆ کرایەوە‌و کەریان لە جۆگەی "چاوەڕوانییە قەومییەکان"ی دەنگدەری نەتەوە نافارسەکانی ئێران پەڕییەوە، یا بەڵێنەکەی خۆیان لە بیر دەبەنەوە‌و هەتا سەروبەندی هەڵبژاردنێکی دیکە، ئاوڕێکیشی لێ نادەنەوە، یا ئەگەر لە توێی هێما‌و  ئیشارەیەکیش دا، باسی "پێویستیی خوێندنی زمان‌و ئەدەبیاتی قەومیەتەکانی ئێران لە قوتابخانەکان دا" کرد، دەسبەجێ نافەرهەنگستان‌و کۆمەڵێک ناوەند‌و دامەزراوەی دیکە دێنە سەر خەت‌و مەترسیی "شێوانی ئەمنیەتی نەتەوەیی"‌و لاوازبوونی زمانی فارسی وەک هەودای برایی‌و پێکەوە  بەستنەوەی  نەتەوە سەردەست‌و بندەستەکانی ئێران و "ئەنجامە خراپەکان"ی دیکە جێبەجێکردنی ئەسلە ٤٠ سال پشتگوێخراوەکەیان، وەبیر دێننەوە. بە جۆرێک دەیکەن بە هات‌وهاوارو وەها داواکاران‌و لایەنگرانی ئەم جۆرە ویست‌و داوایانە دەدەنە بەر پەلامار، کە لە ترسی تاوانبارکران بە خەیانەتی سیاسی‌و ئەمنیەتی، سەریان بەرنەوە نێو قاپێلکی خۆیان‌و قسەکەیان دەجێی خۆی بکەنەوە! زۆر تاڵە کە دەبینین دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ هەوڵدان‌و بە دواداچوونی دڵسۆزانی زمانی زگماکی‌و نەتەوەیی لە نێو نەتەوەکانی کورد، تورک، بەلووچ، عەڕەب‌و هتدی ئێران‌و دوای ئەو هەمووە کایەی سیاسی‌و "گەمەی هەڵبژاردن"ی دەسەڵاتداران بەو ئەسلەی دەستووری ئێران، سەرئەنجام کێوی دابینکردنی چاوەڕوانییەکی ڕەوای نەتەوە نافارسەکانی ئێران، لە سەردەمی کلیلە  گۆیا سێحراوییەکەی حەسەن ڕۆحانی دا ترەکی‌و جرجە مشکێکی بوو، بەڵام چ جۆرە  جرجە مشکێک؟! لەو ناوچانەی ئێران کە خەڵکی نافارسیان لێ دەژین، لە هێندێک قوتابخانە، دەکرێ قوتابیان بە دڵخوازی خۆیان لە تەنیشت دەرس‌و خوێندنی ڕۆژانەی خۆیان، ئەدەبیاتی یەکێک لەو 3 زمانە(عەرەبی، ئینگلیزی‌و زمانی دایکیان) بخوێنن!! ئێستا وای دادەنێین حکوومەت کتێب‌و مامۆستاشی لە ڕادە‌و ئاستی ئەم بڕیارە‌دا بۆ خوازیاران دابین کرد، ئایا لەم جۆرە بە دەنگەوەهاتنی ویستێکی لەمێژینە‌و مافێکی ڕەوای کۆمەڵێک نەتەوەی چەند میلیۆنیی ئێران، بۆ خۆی گەورەترین بێڕێزی بە هەست‌و شوعوور‌و مافەکانی ئەوان نیە؟! ئەمە نەک جێگای پێزانین‌و دەسخۆشی نیە بەڵکوو شایانی ئەوەیە بە ڕاشکاوی بە حەسەن ڕۆحانی‌و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بگوترێ مافی زمانی‌و نەتەوەیی ئێمە شتێکی زۆر لەوە گەورەترە. نە بەو هەمووە ماندوو کردن‌و لە چاوەروانی‌دا هێشتنەوەمان دەست لە مافی ڕەوای خۆمان هەڵ دەگرین، نە بەوجۆرە "کردنەوەی قفڵ"‌و ئەم  چەشنە بە دەنگەوەهاتنە شەرمێونانەیەتان، چاومان دەنووسێ. لە ژماره‌ ٦٩٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌