کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆڵی زمان لە بەستێنی شوناسی نەتەوەیی‌دا

22:01 - 3 رەشەمه 2716

ئەو کاتەی کە مرۆڤ دەمرێ بەرلەوەی دڵی راوەستێ زمانی لە گۆ دەکەوێ، کەواتە گەلێک زیندوویە کە زمانەکەی دەپارێزێ هەژدە ساڵ لەوەپێش واتە لە ساڵی ١٩٩٩دا رۆژی ٢١ی فیوریە لە لایەن رێکخراوی یۆنسکۆوە بە ناوی رۆژی جیهانیی زمانی دایک ناودێر کرا.   ناودێر کردنی ئەو رۆژە لە لایەن یۆنێسکۆوە بۆ ئەو رووداوە مێژووییە دەگەڕێتەوە کە بە سەر خوێندکارانی زانکۆکانی داکا لە بەنگلادش‌دا هات کە ئەوکات بە رۆژهەڵاتی پاکستان دەناسرا. ساڵی ١٩٥٢ خوێندکارانی زانکۆکانی داکا بە وەڕێخستنی خۆپیشاندانێکی هێمنانە خوازیاری ئەوە بوون کە زمانی بەنگاڵی لە تەنیشت زمانی ئوردوو بە دووهەمین زمانی رەسمیی ئەو وڵاتە بناسرێ، بەڵام ئەو خۆپیشاندانە هێمنانەیە لە لایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و لە ئاکامدا ژمارەیەک لەو خوێندکارانە گیانیان لە دەست دا. ساڵانێک دواتر و کاتێک کە بەنگلادش سەربەخۆیی خۆی لە پاکستان وەدەست هێنا، لە سەر داوای ئەو وڵاتە لە لایەن رێکخراوی یۆنێسکۆوە بە رۆژی زمانی دایک دیاری کرا و لەو کاتەوە هەموو ساڵێک لە زۆربەی وڵاتاندا ئەو رۆژە بە شێوازی جۆاوجۆر یادی دەکرێتەوە و رێزی لێدەگیرێ. بێگومان چارەنووسی زۆرێک لە نەتەوەکانی سەر ئەم گۆی زەوییە هاوشێوەی چیرۆکی گەلی بەنگلادیشە کە بۆ وەدەست هێنانی سەرەتاییترین مافی هەر مرۆڤێک کە هەمان خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی‌یانە دەبێ لە گیانی خۆیان مایە دابنێن و لە سەر ئەو داوا رەوایە لە لایەن دەسەڵاتدارانی زاڵ بە سەروڵاتەکەیاندا تووشی گرتن و لێدان و کوشتن ببنەوە. بە چاوخشاندنێک بە سەر مێژوودا دەبینین کە زۆرێک لە گەلان تەنانەت زمانەکەیان لە ناوچووە و زمانی گەلی داگیرکەریان بە سەردا سەپاوە. نموونەی لەو چەشنەش دەکرێ ئاماژە بەو وڵاتە ئافریقایی‌یانە بکەین کە کاتی خۆی لە لایەن وڵاتە ئورووپاییەکان و بە تایبەت بریتانیا و فەڕانسەوە داگیر کراون. ئێستا و لە پاش چەند سەد ساڵ لەو داگیرکاری‌یە زۆرێک لەو وڵاتانە ئەگەر زمانەکەیان نەفەوتابێ لانیکەم ئەوەیە کە زمانی رەسمی وڵاتەکەیان ئینگلیسی یا فەرانسەوییە. لەم نموونەیە بەو ئاکامە دەگەین کە نەبینراوە لە مێژوودا دەوڵەتێک بە هێرشی سەربازی بۆ سەر وڵاتێکی‌تر توانێبیتی ئەو گەلە لەناو ببا بەڵام توانەوەی گەلێک یان تەفروتوونا کردنیان زیاتر لە رێگای هێرشی فەرهەنگی و لەو نێوەشدا گرنگتر لە هەموان لە بەین بردنی زمانی ئەو گەلە و بڕەودان بە زمانی داگیرکەر یان نەتەوەی سەردەست بووە. نەتەوەی کوردیش یەک لەو نەتەوانەیە کە بە درێژایی مێژوو لە لایەن وڵاتانی زاڵ بە سەر کوردستاندا خوێندن و نووسین بە زمانی خۆی لێ قەدەغە کراوە و هەرچەشنە هەوڵێک بۆ ئەو مەبەستە تێچووی قورسی وەک زیندان و دوورخستنەوە لە وڵاتی بە دواوە بووە. نموونەی ئەو تێکۆشان و تێچوویانە لە هەموو بەشەکانی کوردستان زۆرە، بەڵام ئەوەی جێی رێزلێنانە و لێ وردبوونەوەیە ئەوەیە کە تێکۆشەرانی کورد چۆن سەرەڕای هەموو کێشە و گرفتەکانی سەر رێگایان توانیویانە خزمەتی زمانەکایەن بکەن و لە فەوتان رزگاری بکەن و بیهێننە ریزی زمانە زیندوەکانی جیهان. لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەد ساڵی رابردوودا و ئێستاشی لە گەڵ بێ هەر دوو دەسەڵاتی پاشایەتی و ئیسلامی هیچکات رێگایان نەداوە کە بە شێوەیەکی فەرمی زمانی کوردی لە قوتابخانە و شوێنە پەروەردەییەکاندا بخوێنرێ و بنووسرێ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا لە ئەسڵی پانزەدا وتراوە کە خەڵکی ئێران ئیزنی ئەوەیان هەیە کە لە تەنیشت زمانی فارسیدا خزمەتی زمان و ئەدەبیاتی خۆیان بکەن، بەڵام هەتا ئێستا ئەو ئەسڵە پاش نزیک بە چوار دەیە لە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هێشتا جێبەجێ نەکراوە و تەنانەت تێکۆشەرانی ئەو بوارەش هەوڵەکانیان بە چاوی ئەمنیەتییەوە سەیر کراوە و لە لایەن هێزە ئەمنیەتی و قەزاییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە تووشی زیندان و سزا بوونەتەوە. بەڵام گرینگ ئەوەیە کە تێکۆشەرانی مەدەنی و شارەزایانی بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردی هیچکات کۆڵیان نەداوە و بەتایبەتی لەم  یەک دوو ساڵەی دواییشدا لە رێگای جۆربەجۆرەوە داوای خوێندن و نووسینیان بە زمانی کوردی  رووبەرووی کۆماری ئیسلامی کردوەتەوە. جگە لەو هەوڵانە جێی خۆیەتی لەم بۆنەیەدا واتە لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا وێڕای دەستی رێز بە سینگەوە نان ئاماژە بە ئەو هەوڵە کردەیی‌یانە بکرێ کە لە دوو دەیەی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆ فێر کردنی زمانی کوردی دراوە. وەک باس کرا لە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی‌یەوە دەسەڵات بە هیچ جۆرێک رێگای بە خوێندن و نووسینی بە زمانە غەیرە فارسیەکان و یەک لەوان زمانی کوردی نەداوە بەڵام ناوە ناوە هەوڵی فێرکاریی زمانی کوردی لە رۆژهەڵات ئەگەرچی لە هەندێ کۆڕی تایبەتییشدا بووبێت دراوە. هەتا لە ساڵی ١٣٨٧ بەملاوە دوو ناوەندی چالاک خزمەتێکی بەرچاویان بە فێر کردنی زمانی کوردی لە کوردستانی ئێراندا کرد. ئەو دوو ناوەندەش بریتیە لە هەوڵەکانی مامۆستا شەریف حوسەین پەناهی لە ئەنجومەنە ئەدەبی‌یەکان و دواتر چالاکی‌یەکانی ناوەندی سۆما. لە راستیدا ئەنجومەنە ئەدەبیەکان و فێرگەکانی زمانی کوردی بە کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتانەی کە لەو ساڵانەدا هاتە ئاراوە کەڵکی باشیان وەرگرت و لە ماوەیەکی کەمدا فێرگەکانی زمانی کوردی زۆربەی هەرەزۆری شار و ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە بەڵام بە هاتنە سەرکاری مەحموودی ئەحمەدی نژاد وەک سەرکۆمار بەربەستی جیددی بۆ ئەنجومەنەکان و ناوەندە فێرکاری‌یەکانی زمانی کوردی دروست بوو و زۆربەیان داخران. لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا سەرەڕای هەموو بەربەستەکان هەوڵ و تێکۆشان لە هەندێ لە شار و ناوچە جۆربەجۆرەکان بەردەوامە و تێکۆشانی خۆبەخشانەی کۆمەڵێک لە چالاکانی بواری زمان و ئەدەبی کوردی لەگەڵ پێشوازی گەرم و بەربڵاوی خەڵکی کوردستان بۆ فێربوونی زمانی دایکی‌یان بەرەوڕوو‌بووە. بەڵام جێی خۆیەتی کە ئەو هەوڵانە هەرچی زیاتر رێکبخرێن و بە کۆکردنەوەی واژۆ و پشتیوانیی چین و توێژە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگا داواکاری رێگەدان بە خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی بە شێوەی رەسمی هەر لە قۆناغەکانی سەرەتایی خوێندنەوە تا دوا قۆناغەکانی خوێندنبەسەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دابسەپێنن. لە ژماره‌ ٦٩٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌