کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنان لە ئێران و تێچووی زۆری بەشدارییان لە سیاسەت و کاری رێکخراوەیی‌دا

04:59 - 17 رەشەمه 2716

بەشداریی بەربڵاوی ژنان لە شۆڕشی ساڵی ٥٧ شوێنکاری زۆری لە سەرخستنی شۆڕش و رێگاخۆشکردن بۆ دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبوو. بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕش ئەوەی لە مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنی‌یەکان بە ژنان بڕا، کەمتر لەوە بوو کە لە سەردەمی پاشایەتی‌دا بوویان. جارێ هەر لە قانونی بنەڕەتیی وڵات‌دا دان بە مافی وەک یەک و بەرامبەری ژن و پیاو دانەنرا و رەسمییەت بەو هەڵاواردنە درا. ژنان لە دەزگای قەزایی، وەک یەکێک لە سێ بنیاتی سەرەکیی حکوومەت و دەوڵەت وەلانران و مافی دادوەری لە ژنان وەرگیرایەوە. بە دامەزرانی دادگای مەدەنیی تایبەت و پێداچوونەوە بە قانوونەکانی پێشوو، مافی ژنان لە زۆر بابەتی پێوەندیدار بە تەڵاق، میرات، شووکردن، وەخۆگرتنی منداڵ، دییە و خوێنبایی و ... بە پشتبەستن بە بڕیاری شەرع و ئایین پێشێل کرا. هاوکات پاڕادۆکسەکان لە پێناسەی پێگەی ژنان لە کۆمەڵ و قانوونەکانی کارپێکراو لە وڵات هۆکارێکی دیکەی بەرگێڕەوە لەبەردەم هاتنەمەیدانی ژنان و دەورگێڕانیان لە بوارە جیاکانی کۆمەڵگا بوون، ئەوەش سروشتییە؛ چونکی کاتێک ژن لەو کۆمەڵگایەدا نەتوانێ بڕیار لە سەر ژیانی خێزانیی خۆی و چارەنووسی منداڵەکەی بدا، چۆن دەتوانێ بێتە پێشێ و رۆڵی لە بڕیاردان و گۆڕینی ئاراستەکان لە کۆمەڵگادا هەبێ. ئەو دۆخە بە درێژایی مێژووی ٣٨ ساڵی رابردوو لە ئێران وەک واقعێکی تاڵ لە ژیانی ژنان‌دا درێژەی بووە، بۆیە دەبینین سەرەڕای ئەوەی ژنان بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکان‌دا زۆرترین کاریگەری‌یان لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسە سیاسی‌یەکان هەیە، سەرەڕای ئەوەی لە بوارەکانی فێرکاری و پەروەردەیی‌دا نیزیک بە سەدا ٦٠ی زانکۆکانیان پاوان کردوە، بەڵام پشکی ژنان لە بەشی بەڕێوەبەریی وڵات‌دا لە سەدی ٢ زیاتر نییە. ئەمڕۆکە بەپێی رێوشوێنەکانی کۆمیسیۆنی مادەی١٠ی حیزب و ڕێکخراوەکان لە کۆی ٢٤٢ حیزب و رێکخراوی سیاسی کە ئیزنی تێکۆشانیان دراوەتێ تەنیا ١٨ رێکخراوەیان هی ژنانە و لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن؛ هەروەها لە ٢٩٠ نوێنەری مەجلیس لە خولی دەیەم‌دا تەنیا ١٧ کەسیان ژنن، تازە ئەوەش لە مێژووی خولە جۆراوجۆرەکانی مەجلیس‌دا نموونەی نەبووە و زۆرترین ژمارەی نوێنەرانی ژن لە مەجلیسەکانی پێشوودا بۆ خولی پێنجەم دەگەڕێتەوە کە ١٤ کەس بوون. هۆکارەکان چین؟ ئەگەر قانوونەکان لە ئێران لە زۆر بواردا لە دژی بەرژەوەندییەکانی ژنانن، ئەگەر روانگەی پیاوسالاری و نەریتە کۆنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی‌یەکان وەک سێبەرێک بەسەر ژنان‌دا زاڵن، ئەگەر لەلایەک بەشداریی ژنان لە کایە سیاسی‌یەکان بەهەند وەرناگیرێ و دەرفەت و بواری وەک یەک بۆ لەکل‌دەرهاتن و خاران لەو مەیدانەدا بە ژنان نادرێ؛ لەلایەکی دیکەشەوە تێچووی چالاکیی سیاسی بۆ ژنان هیند لەسەرێ‌یە کە ژنان نەیانەوێ خۆی لێ‌بدەن و ئەو باجە قورسەی بۆ بدەن. ئەوەش وا دەکا کە ژنان زیاتر خۆیان لە چالاکیی مەدەنی و سینفی‌دا ببیننەوە و لە سیاسەت و سیاسەت‌کردن بپرینگێنەوە. کە باس لە تێچووی قورس و نابەرامبەر بۆ کار و چالاکیی سیاسی بۆ ژنان دەکرێ، دەرکەوتەکان روونن. بانگکرانی ژنان بۆ ناوەندە ئەمنیەتی‌یەکان، گیران و کەوتنە بەندیخانەی ژنان بەلەبەرچاوگرتنی ئەو شتانەی لە گرتنگەکانی ئیتلاعات و لە زیندان‌‌دا رادەبرێن و لە دەرێ لەقاو دەدرێن و ئەو بابەتانەی هێشتا بۆ ژنان بەپێی ستاتویان لە کۆمەڵگادا تابۆ و بڤەن؛ تێچوویەکی کەم نین کە ژنان بە ئاسانی بتوانن لە کەشی خێزانی‌یاندا بیدەن و لێی دەرباز بن. تەنانەت لە کایەیەکی سیاسیی رێگەپێدراوی وەک هەڵبژاردنەکان‌دا دەبینین کە تێچووی "رەدی سەڵاحییەت"ی ژنێک لە هەڵبژاردنەکان لەوانەیە کاریگەریی پێچەوانە لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەو دابنێ، بە جۆرێک کە نەک هەر ئەو خاتوونە نەیهەوێ جارێکی دی خۆی لە قەرەی کایەی سیاسی بداتەوە، بەڵکوو سەدان کەسی دیکەشی پێ چاوترسێن بکرێ. ئەو تێچووە قورسە بۆ چالاکیی ژنان بە تایبەت لە کوردستان زیاترە، هەم لەبەر روانگەی ئەمنیەتیی زاڵ بە سەر کوردستان و هەم بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی کلتووری کۆمەڵگا. بەڵام ئەوەی ژنانی کورد لە ژنانی بەشەکانی دیکەی ئێران جیا دەکاتەوە ئیمان، باوەڕ و هۆگریی زیاتری ئەوان بۆ چالاکی و بەشدارییان لە کایە سیاسی‌یەکانە. تێچووی قورسی ئەو کارەش دەدەن. وەک چۆن دەبینین لە ئێستادا هەر نەبێ ١٧ ژن لە کوردستان لە سۆنگەی چالاکیی سیاسی کە لە روانگەی دەزگای قەزایی و ناوەندە ئەمنیەتی‌یەکانەوە بە چالاکیی ئەمنیەتی لە دژی رێژیم لێک‌دراوەتەوە، لە بەندیخانەن و سزای قورسی زیندانی درێژماوەیان بەسەردا سەپاوە. پرسی بەشداریی ژنان لە سیاسەت بە دۆخی مافەکانیان و چاوەڕوانی و روانگەکان بۆ کارکردی ئەوان بەستراوەتەوە. کۆمەڵگایەکی کراوە لە ژنان و پیاوانی سەربەست و خاوەن مافی وەک یەک پێک‌دێ. لەو کۆمەڵگایەدا پێویستە مافە مرۆییەکان لە هەموو بەستێنە کۆمەڵایەتی‌یەکان‌دا بۆ گشت پێکهاتەکان وەک یەک رەچاو بکرێ، بۆ ئەوەش پێویستە قانوونەکان بگۆڕدرێن، روانگەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا بێ، بوار بۆ سەربەخۆیی ئابووریی ژنان خۆش بکرێ و کەند و کۆسپەکانی بەردەم دەرکەوتن و کارکردنی ژنان لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتی و سیاسی‌یەکان هەڵ‌بگیرێ، ئەوەش بەر لە هەموو شتێک بەندە بە خواست و ئیڕادەی ژنان کە لەوان‌دا شک دەبردرێ؛ بەو مەرجەی تێچووی ئەو چالاکی‌یانە بۆ ژنان کەم بکرێتەوە؛ بابەتێک کە وێناچێ حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی بەپێی ئیدۆلۆژی و دژایەتیی رەهای لە گەڵ مافی یەکسان بۆ ژنان بیەوێ یا بتوانێ رێگای بۆ خۆش بکا، مەگەر لە سۆنگەی گوشاری ژنانەوە ناچار بە پاشەکشە بکرێ. لە ژماره‌ ٦٩٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌