کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باسکردنی چەمکی (گەندەڵیی ئابووری) لە ئێران‌دا و روانگە و مەبەستی لایەنەکانی نێو دەسەڵات

05:30 - 17 رەشەمه 2716

لە دوای دەرچوونی تڕامپ وەک سەرکۆماری ئەمریکا و هەڵوێستەکانی لەپێوەندی لەگەڵ ئێران و بەتایبەت بەرنامەی (بەرجام) و گەمارۆ ئابوورییەکان، نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی سەرکۆماری و شووڕاکان لە ئێران و هەروەها نزیکبوونەوە لە پێشکەش‌کردنی بوودجەی ساڵی داهاتوو بۆ مەجلیسی ئێران، جیا لەو باس و کێشانەی کە رۆژانە لەلایەن خەڵک، بەرپرسان و راگەیەندنەکانەوە دەهاتنە ئاراوە، رەوتی رووداوەکان ئاڕاستەیەکی بەربڵاوتر و قووڵتریان بە خۆیانەوە گرتوە و ئەمجارە لایەنەکانی نێو دەسەڵات زیاتر لە پێشوو بەربینگیان بە یەکتر گرتوە و یەکتریان زیاتر تۆمەتبار کرد و تەنانەت جاروبار رەوتەکە بابەتە قەراغ و تایبەتییەکانیشی گرتوەتە خۆی. یەکێک لەو باسانەی کە لەم دواییانەدا ئەگەر نەڵێین گرینگی پێ دراوە بەڵام لانیکەم زۆرترین لێدوانی لەسەر دراوە باسی گەندەڵیی جۆراوجۆر لە ناو، دەسەڵاتداران و دام‌ودەزگاکانی رێژیمە. هەرچەند ئەم شێوازە لە ئەدەبیاتی دەسەڵاتداران شتێکی نوێ و نائاشنا نیە، بەڵام گرینگی لێدوانەکانی ئەمجارە و شێوازی دەربڕینیان و تاوان خستنە پاڵ یەکتر، بەر لەوەی کە هۆکاری تایبەتی هەبێ، زیاتر بەرهەمی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات و دۆخی کۆمەڵگەیە. لێرەدا چەند رەهەندێک لەو رووکارە باس دەکەین کە بە نێو ناخی کۆی کۆمەڵگەدا رۆچوە. رووکاری دەرەوە خودی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش هەرگیز ئەوەی نەشاردوەتەوە کە یەکێک لە ئامانجەکانی لەپێوەندی لەگەڵ دنیای دەرەوە، بەدەر لە چوارچێوە ناسراو و فەرمییەکانی پێوەندیدار بە سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک، بەر لەوەی کە پاراستنی بەرژەوەندی یان کاریگەریدانان بێ، سیاسەتی دەستێوەردانە بە هەر نرخێک.کۆمەڵێک دام‌ودەزگای جۆراوجۆری بۆ ئەم مەبەستە دامەزراندوە کە تەنیا ژمارەیەکی کەم لە دەسەڵاتداران دەزانن کە چۆن بەڕێوە دەچێ و بڕی تێچوو و بوودجەکانیان چەندە. یان ئەو یارمەتییە ماڵییانەی کە بەردەوام بەو گرووپە دەرەکیانە دەکرێ، کە جگە لەو رێژیمە کەس دانیان پێدا نانێ. بێگومان دەرنجامە خێراکانی ئەمجۆرە سیاسەتانە بریتیە لە: سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بە بەردەوامیی لەسەر ئێران و بێبەش کردنی کۆمەڵگەی ئێران لە هەموو ئەو ئیمکاناتە نوێ و جۆراوجۆرەی کە دەست پێڕاگەیشتنیان، خزمەتێکی گەورە بە پێشکەوتنی کۆمەڵگا دەکا. هەروەها تەرخان کردنی بڕێکی بەرچاو لە بوودجەی ئەم وڵاتە بۆ ئامانجێک کە تا ئێستا جگە لە نەهامەتی هیچ دەسکەوتێکی تری بۆ کۆمەڵگەی ئێران نەبوە. ئەم جۆرە لە سیاسەت کردن بە تایبەت لە رووی ئابوورییەوە بەرامبەر بە دنیای دەرەوە، ئاکامەکەی جگە لەو دۆخە کارەستبارەی کە ئێستا کۆمەڵگە بەدەستیەوە دەناڵێ، لە هەمان کات‌دا گوشارێکی بەربڵاو و گشتگیری نێودەوڵەتیشی خستۆتە سەر خودی سیستەمی سیاسی کە لە جیاتی گۆڕانکاری جیددی لە سیاسەتەکانیان، بە شێوەیەکی فۆرمالیتە و بێ ئەوەی لە هۆکاری راستەقینە بگەڕێن، کەوتوونەتە یەکتر تۆمەتبار کردن کە کێ مووچەی زیاتر وەردەگرێ و کێ لە ئابووری‌دا ناشەفافی دەکا. رووکاری نێوخۆ: لەلایەک باڵی تووندڕەوی نێو دەسەڵات بۆ دژایەتی کردن لەگەڵ سیاسەتەکانی دەوڵەت بەتایبەت لەپێوەندی لەگەڵ دنیای دەرەوە، کەوتوونەتە گیانی کابینەی دەوڵەت بۆ ئاشکرا کردنی گەندەڵی‌یە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبەران و وەزیرەکان. کە دیارە لەم بازاڕە دەسکردەدا، هیندێک بەرپرسیان لەقاو داوە، بەڵام ئەوەی کە چ جۆرە هەڵوێستێکیان لەبەرامبەردا رەچاو کراوە یان دەکرێ نە تەنیا هیچ روون نیە بەڵکوو دەبینین کە هەروا لە دەسەڵات‌دا ماون. لەلایەکی دیکەوە حەسەنی روحانی و کابینەکەی کە بێگومان لە هەموو دەسەڵاتدارانی تری ئێران باشتر دەزانن کە کۆمەڵگەی ئیران لە هەموو روویەکەوە لە چ دۆخ و قەیرانگەلێکی هەمەلایەنە دایە، بەردەوام باس لە دۆستایەتی و پیادەکردنی سیاسەتی نەرمتر لەگەڵ دنیای دەرەوە دەکەن. ئەگەر لە هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ باشکردنی لانیکەمی ژیان و گوزەرانی خەڵک و کەمکردنەوەی گوشارە دەرەکی‌یەکان لەسەر رێژیم، ورد بینەوە، دەبینین کە خۆیان باش بۆیان دەرکەوتوە کە تا ئێستا بەرهەمهێنەری چ دۆخێک بوون. تەنانەت وایان لێهاتوە کە بە بچووکترین پێشکەوتن لە هەر بوارێک‌دا شاگەشکە دەبن و دەیکەنە خۆراکی دەزگاکانی راگەیاندنی خۆیان. ماوەیەک لەمەوبەر سەرچاوە فەرمی‌یەکانی رێژیم و رێکخراوە ئابوورییە نێونەتەوەیی‌یەکان باسیان لە ئاستی گەشەکردنی (تەولیدی ناخالیسی نێوخۆیی) لە ساڵی ١٣٩٥ بە رێژەی سەدا ٧.٤ کرد. لە هەمان کات‌دا سندووقی نێونەتەوەیی دراو وێڕای ئاماژە کردن بەم گەشەسەندنە، دانی بەوە داهێنا کە ئاستی هەژاری و بێکاری لە ئێران‌دا هەروەک پێشوو جێگیرە. ماوەیەکی زۆرە کە بابەتی مووچەی خیاڵی بەرپرسانی رێژیم هاتوەتە بەرباس و تەنانەت عەلی لاریجانی لەم پێوەندییەدا وتی:  "بەڕاستی ئەم کەسانە ئەم مووچەیە بۆ چ جۆرە خزمەتێک وەردەگرن، یان ئەوەی کە نابێ بابەتی مووچە خیاڵییەکان وەک موزایەدەیەکی سیاسی کەڵکی لێ وەربگیری". حەسەنی روحانی لە دوای پەسندکردنی بەرنامەی بەرجام، لە هەوڵی ئەوە دابوە کە بتوانێ سەرمایەگوزاری بیانی لە بوارە جۆراوجۆرەکان بۆ نێوخۆی ئێران رابکێشی، بەڵام لە بەرامبەردا، ناوەندەکانی سەر بە وەلیی فەقیه وەک سوپای پاسداران بە هێرش کردنە سەر ئەمجۆرە سیاسەتە ئابوورییانە، دەیانەوێ خۆیان ببنە ئاڵترناتیوی هەر پڕۆژەیەکی سەرمایەگوزاری. تەنانەت لەم رۆژانەدا سوپای پاسداران باسی لە پرۆژە جووتیاری‌یەکانی خۆی لە ئێران‌دا کردوە کە دەیانەوێ لەم بوارەش‌دا چالاک بن.  هەروەها لە دوایین لێدوانی بەرپرسی ئەنجوومەنی بەرزی کار لە ئێران‌، وتراوە کە ئاستی جێگیر بۆ هەقدەستی کرێکاران لە ساڵی 1396دا (٢ میلیۆن و ٤٨٠ هەزار تمەن) دیاری کراوە. بەڵام لەراستی‌دا سەرچاوەکانی دابینکردنی ئەم لانیکەمە لە هەقدەست یان لە بنەڕەت‌دا سەرچاوەکانی دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ کرێکاران نە دیارە و نە ئاماژەی پێکراوە. هیچ گومانی تێدا نیە کە هەر جۆرە شرۆڤە یان لێکدانەوەیەکی ئابووری بە بێ بوونی داتای پێویست و ورد ناتوانێ رەنگدانەوەی دۆخی راستەقینەی ئێران بێ. بەڵام کاتێک‌ لەنێو خودی دەسەڵات‌دا ئامارە ئابوورییەکان دەخرێنە ژێر پرسیارەوە، ئێمە دەتوانین باوەڕ بە کام ئامار بکەین. لە کاتێک‌دا کە رەخنەی جیددی لە کۆی گشتیی سیاسەت و سیستەمی ئابووریی ئێران لەگەل هەموو ناشەفافییەکانی هەیە، بەڵام لایەنەکانی نێو دەسەڵات بە گەرمکردنی بازاڕی یەکتر تۆمەتبار کردن بە گەندەڵی، بابەتی (مووچەی خیاڵی) دەکەنە هێمایەک بۆ دژایەتی یان نەهیشتنی گەندەڵی. ئەمە و هەمووی ئەو نموونانەی لەسەرەوە باسکران، ئاماژەیەکی بەهێزن بۆ لاوازی یان دەسبەستراوەیی کابینەی حکوومەت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی یان نەبوونی هیچ خواست و ئیرادەیەکی جیددی لەلایەن کۆی سیستەمەوە بۆ چاکسازی ئابووری. بێگومان، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی رێژیمیش بێ، ناچارن لە هێندێک بواردا هێندێک چاکسازی ئابووری بکەن، بەڵام ئەوەی تا ئێستا و وێڕای قەیراناوی بوونی بارودۆخەکە بینراوە، بۆمان دەردەخا کە لەم بوارەدا لانیکەم دوو بەربەستی جیددی لە ئارادان. یەکەم، بێ‌توانایی دەسەڵاتدارانە لە بواری بەڕیوەبەریی ئابووری و دووهەم، بەرژەوەندی رەهای گرووپەکانی نێو دەسەڵات لەم فۆرمە لە بەڕێوەبردنی ئابووری، کە رێگرێکی بەهێز بووە لە بەردەم هەر جۆرە چاکسازی‌یەک. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٦٩٩