کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتەکانی حدک لە هەناوی سیاسەتەکانی رابردووی حیزبی دیموکراتدا

06:01 - 17 رەشەمه 2716

هاوینی ساڵی ١٣٦٤ هەیئەتێک لە حیزبی سەوزەکانی وڵاتی ئاڵمان لە سەر داوای شەهید دوکتۆر قاسملوو سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دیموکرات بۆ ئاشنابوون لە گەڵ ژیانی خەڵکی کوردستان و خەباتی ئەوان بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی سەردانی بنکە و بارەگا و ئورگانەکانی حیزب و چەند ناوچەیەکی کوردستان دەکەن و دواتر لە گەڕانەوەیاندا بە نووسراوە راپورتی سەردانەکەیان بە حیزبی خۆیان دەدەنەوە، کە لەودا وێڕای باسێکی کورت لە نەتەوەی کورد بە گشتی و تێکۆشانی ئەوان بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەیی‌یەکانیان، باسێک لە کار و چالاکیی ئورگانە جۆربەجۆرەکانی حیزبی دیموکرات هەر لە هەڵسوکەوت و چالاکیی روژانەوە بگرە تا شێوە روانینی حیزب بۆ پرسە گرینگە سیاسییەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسەت لە کوردستان و ئێران پێشکەش بە حیزبەکەیان دەکەن کە بەش بە حاڵی خۆی سەرنجڕاکێش و جێگای لێ وردبوونەوەیە. باسی هۆکاری هاتنە دەرەوەی حیزبی دیموکرات لەو ساڵەدا لە " شورای ملی مقاومت" و کێشە و جیاوازیی بیروبۆچوونی حیزبی دیموکرات لە گەڵ "موجاهدینی خەلقی ئێران" بە نیسبەت روانیان بۆ سیاسەت  لە ئێراندا  بابەتێکی نێو راپورتەکەیە کە لە راستیدا دەکرێ بە خاڵی جیاکەرەوەی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان لە گەڵ ئەحزابی دیکەی ئێرانیشی ناوبەرین. موجاهیدین لەو ساڵەدا حیزبی دیموکرات بەوە تاوانبار دەکەن کە  خوازیاری وتووێژ لە گەڵ کۆماری ئیسلامییە. ئەگەرچی لە نێوان بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان و حکوومەتی تاراندا چ لە دەورانی پاشایەتی و چ لە دەورانی کۆماری ئیسلامیدا هیچکات وتووێژێکی جیددی نەهاتووتە ئاراوە و سەرباری ئەوەش خەڵکی کورد و حیزبی دیموکرات بیرەوەری‌یەکی ناخۆشیان لە تیرۆری رێبەرانیان لە سەر میزی وتووێژ هەیە، بەڵام حیزبی دیموکرات سەرەڕای رەخنە لە خۆگرتن و تێبینیی جیددی لە لایەنی تکنیکی و ئەمنیەتی ئەو دانیشتنەی کە تیرۆری دوکتور قاسملووی لێکەوتەوە، هیچکات رێگاچارەی وتووێژی بۆ چارەسەر کردنی پرسی نەتەوەیی کورد لە ئێراندا رەد نەکردوەتەوە و دەکرێ بڵێین یەکێک لە خاڵەکانی جیاکەرەوەی بزووتنەوەی - پڕتێچووی­- کوردستان لە گەڵ حیزب و رێکخراوە سەراسەری‌یەکانی دیکەی ئێرانی هەر ئەوەیە. چونکە بۆ حیزبی دیموکرات پێش هەموو شتێک لە کردەوەدا گەیشتنی کورد بە مافە نەتەوەیی و سیاسی‌یەکانیەتی لە ئێراندا، نە ئەوەی کە چ گرووپ و تاقمێک لە تاراندا دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە. بۆیە ئێستاشی لە گەڵ بێ ئەو دۆخە هەر لە جێگای خۆیەتی و هەندێ جار ئوپۆزیسیۆنی بە دەسەڵات نەگەیشتووی کۆماری ئیسلامیش هەمان بۆچوونی کۆماری ئیسلامی‌یان لە پێوەندی لە گەڵ پرسی کورد لە ئێراندا هەیە، کەوابوو نابێ رێگایان پێ بدرێ کە هژمۆنی خۆیان بە سەر  بزووتنەوەی کوردستاندا بسەپێینن و بزووتنەوەی کوردستانیش نابێ شوێنکەوتووی ئەو رەوتە سیاسی‌یانە بێ کە تەنیا ویستیان گۆڕینی دەسەڵات لە تاران و بە دەسەڵات گەیشتنی خۆیانە بە بێ ئەوەی کە لە گەڵ دەسەڵاتی پێش خۆیان بە نیسبەت پرسی کوردەوە جیاوازییان هەبێ. بابەتێکی دیکە کە لە راپورتی هەیئەتی سەوزەکاندا لە زمان دوکتور قاسملووەوە  نووسراوە باسی لاوازیی موجاهدین لە دەرکی راستییەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسیی ئێران و کەڵک وەرنەگرتنیان لە کێشەی نێو باڵەکانی رێژیمە. ئەم باسەش بە جۆرێک نیشان لە کەڵک وەرگرتن لە هەموو رێگە جۆربەجۆرەکان و بە جۆرێک نیشان لە هەوڵەکانی حیزبی دیموکرات بۆ کاری ورد و جیددی و مەیدانیە کە لە لایەن ئەو حیزبەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پەیڕەو کراوە. ئەگەرچی بە داخەوە بە درێژایی حەوت دەیە خەباتی سیاسیی حیزبی دیموکرات جگە لە ماوەیەکی کورتی ئیدارەی کۆماری کوردستان و سەرەتاکانی پاش شۆڕشی ئێران لە ساڵی ٥٨دا نەبێ، هیچکات مەجالی ئەوە بە کورد و بە حیزبی دیموکرات نەدراوە کە وڵاتی خۆی بەڕێوەبەرێ و بەشی تەنیا راوەدوونان و شەڕ پێ فرۆشتن و گرتن و کوشتن و تیرۆر و دوور خستنەوە لە مەیدانی راستەقینەی خەبات بووە بەڵام حیزبی دیموکرات هیچکات تەسلیمی ئەو پلان و پیلانانەی دوژمنان نەبووە و ئەوەی لە دەستی هاتبێ بۆ پێشوەچوونی خەباتی گەلەکەی کردوویەتی. هەڵبەت حاشا لەوەش ناکرێ کە هەندێ جار حیزبی دیموکرات و بە تایبەت لە پازدە بیست ساڵی رابردوودا بە جۆرێک کەوتووتە داوی دوگماتیزمێکی نەفەسگیرەوە و نەیتوانیوە لە هەندێ دەرفەت کەڵکی پێویست وەربگرێ کە جێگای رەخنە لێ گرتنە و دەکرێ لە وتارێکی جیاوازدا بە وردی ئەو قۆناغە لێک بدرێتەوە. بەڵام ئەوەی کە روونە ئەوەیە کە لەم دە ساڵەی رابردوودا دەتوانین بڵێین حیزبی دیموکرات لە هەڵسوکەوت و شێوەڕوانینی بۆ سیاسەت و هەوڵدان بۆ کەڵک وەرگرتن لە هەموو دەرفەتەکانی سەر رێگای خەبات بە جۆرێک درێژەدەری هەمان سیاسەتەکانی سەردەمی زێڕێنی خەباتی خۆیەتی و دەکرێ شوێن پێی روانگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ سیاسەت و تێکۆشان لە هەناوی سیاسەتەکانی ئەو سەردەمەدا بدۆزینەوە. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٦٩٩