کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەشوهەوای پێش هەڵبژاردن، دەرفەتێک بۆ کاری سیاسی لە کوردستان

06:35 - 17 رەشەمه 2716

لە٢٩ی بانەمەڕی داهاتوودا، دوو هەڵبژاردنی سەرانسەری ، هاوکات لە ئێران بەڕێوە دەچن: هەڵبژاردنی سەرکۆماری‌و هەڵبژاردنی شووڕاکانی شارو دێ. پێکەوە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان کە ئەوە بۆ چەندەمین جارە لە ئێران دووپات دەبێتەوە، یەکێکە لە تاکتیکەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ راکێشانی  زۆرترین خەڵک بۆ سەرسندووقەکانی دەنگدان‌و گەرم‌و گوڕ کردنی  کەشوهەوای هەڵبژاردنەکان. واشی رێک دەخەن هەڵبژاردنێک کە بە لای رێژیمەوە گرنگە، بەڵام لە لایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ ناکرێ، لە گەڵ هەڵبژاردنێک کە گرنگییەکەی بۆ رێژیم کەمتر‌و بۆ خەڵک زیاترە، تێکەڵ بکرێن‌و پێکەوە بەڕێوە بچن. وەک نموونەهەڵبژاردنی  نوێنەرانی مەجلیسی خوبرەگان‌و مەجلیسی شووڕای ئیسلامی پێکەوە، یا هەڵبژاردنی سەرکۆماری و ئەندامانی شووڕای شارو گوندیش هاوکات. هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرکۆماری، ئەوەندەی پرس‌و کێشەی نێو باڵەکانی رێژیم دەبێ، ئەوەندە پرس‌و کێشەی خەڵک نابێ. وا مەزندە دەکرێ ململانێی سەرەکی لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی داهاتوو دا ململانێ لە نێوان کاندیدای رێفۆرمخوازان‌و اعتدالگرایان لە لایەک و کاندیدای ئوسوولگەراکان لە لایەکی دیکەوە‌دا بێ. لە هەڵبژاردنی پێشوو‌دا، تەنیا کاندیدایەک کە  جگە لە دوو تەیفی "اصلاح طلب و آعتدالگرا"، دەنگدەرانی دەرەوەی بازنەی لایەنگرانی نیزامیش، لە ناچارییان دەنگیان پێدا و پشتیوانییان لێکرد،حەسەن رۆحانی بوو. وا پێش بینی دەکرێ ئەمجاریش بە هێزترین کاندیدای ئەو دوو تەیفە هەر حەسەن رۆحانی بێ. بەڵام بەو هۆیەوە کە کارنامەی سەرکۆماریی ناوبراو لە چوار ساڵی رابردوو‌دا، بە بەراورد لە گەڵ بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردن، کارنامەیەکی سەرکەوتوو نیە، لە نێو خەڵک‌دا دڵگەرمییەکی ئەوتۆ یا لانیکەم دڵگەرمییەک بە رادەی جاری پێشوو بۆ پشتیوانی کردن لە ناوبراو بەدی ناکرێ. ئەوەی قەرەبووی ساردیی ئەمجارەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری دەکاتەوە، هەڵبژاردنی شووراکانی شارو دێیە. چونکە شووراکانی شار‌و گوند ئەگەر چی لە کۆماری ئیسلامی‌دا، لە رووی سیاسییەوە ناوەندێکی گرنگی بڕیاردان نین، بەڵام بە چەند هۆیەک، گرنگییەکی تایبەتیان هەیە‌و ژمارەیەکی هەرچی زیاتری خەڵک، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەکێشرێنە نێو ململانیی هەڵبژاردنی شووڕاکان. لە لایەکی دیکەوە، بە هۆی زۆریی ئەو حەوزە‌و کەسانەی ململانێی هەڵبژاردن دەیانگرێتەوە، ململانێیەکان لە ململانێی نێوان دوو یا چەند قۆڵی نێو نیزام دەچتە دەر‌و مەجالێکی هەر چەند بەرتەسک، بۆ لایەن‌و گەرایشاتی دەرەوەی نیزام‌و نزیک بە خەڵک دەمێنێتەوە تا ئەوانیش لەم نێوە دا مەیدانداریی خۆیان بکەن‌و خۆیەک نیشان بدەن. وەک زۆر جاری دیکەش پێمان لە سەر داگرتووەتەوە، هەڵبژاردن- هەر جۆرە هەڵبژاردنێک- لە کۆماری ئیسلامی دا،  هەم بە تەواوی نادیموکراتیک و هەم بە توندی کۆنتڕۆڵکراوە. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر خودی رێژیمەکە، هەوڵ دەدا، هەڵبژاردن بکا بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک بێنێتە سەر سندووقەکان تا لە چوارچێوەی یارییەکی کۆنتڕۆڵکراودا، دەنگی خۆیان بدەن. نەتیجەکە هەر چییەک بێ، ئاڵوگۆڕێکە لە چوارچێوەی نیزام‌دا کە رێبەری‌و ناوەندە سەرەکییەکانی بڕیار لەو نیزامە‌دا، دەتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن. ئەوەندەش کە دەگەڕێتەوە سەر رەفتار‌و هەڵوێستی خەڵک لە ئاست هەڵبژاردنەکان، لە دوو رێگا زیاتر لە بەر دەمیان دا نەبووە. یا بە تەحریم‌و بێتەفاوەتی بەرەوڕووی هەڵبژاردنەکان بوونەتەوەو بەم جۆرە بێهیوایی خۆیان بە هەڵبژاردن‌و نارەزایەتیی خۆیان لە کوللییەتی رێژیم دەربڕیوە، یا بە پشتیوانی لەو کاندیدایانەی کە دروشم‌و بەرنامەکانیان، تۆسقاڵێک لە ویستەکانی خۆیان نزیک‌و تا رادەیەک لە گەڵ دروشم‌و بەرنامەی کاندیداکانی دیکە جیاوازیان هەبووە، پێشوازییان لە هەڵبژاردن کردوە. دیارە بەشداری لە هەڵبژاردن‌و پشتگیری لە کاندیدای خاوەن دروشم‌و بەرنامەی تا رادەیەک جیاواز، بە مەبەستی پێکهێنانی لانیکەمی گۆڕان لە سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا، لە تەحریمی هەڵبژاردن بەرچاوتر بووە. رەفتارو هەڵوێستی خەڵکی کوردستان لە رووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ هەڵبژاردنەکان‌دا، لەم دوو دەیەی دوایی دا، ئەگەر چی  کەم‌و زۆر لە ژێر کاریگەریی ململانێ سیاسییەکان‌و کەش‌وهەوا سیاسییە سەرانسەرییەکەدا بووە، بەڵام جیاوازییەکی واتادارو بەرچاویشی لە گەڵ رەفتار‌و هەڵوێستی خەڵکی ناوەند‌و شوێنەکانی دیکەی ئێران‌دا هەبووە. ئەو جیاوازییە ریشەی لە ئاگایی سیاسیی ئەوان‌و پێشینەی خەباتی ئەوان بۆ مافە نەتەوەییەکانیان‌دا هەبووە. لە کوردستان ئەو کاتانەش کە زۆرینەی دەنگدەران، هەڵوێستی تەحریمی هەڵبژاردنەکانیان نەگرتووەتە بەر‌و بە دەنگدان بەشداری هەڵبژاردن بوون، هەوڵیان داوە قسەی خۆیان بکەن‌و ویستەکانی خۆیان بێننە گۆڕێ. بێبەشی لە مافە نەتەوەییەکانیان‌و رۆژڕەشییان بە دەست ستەم‌و هەڵاواردنی نەتەوەیی‌و، وەزاڵەهاتنیان لە دەست تاوان‌و سەرکوت، لەو پرسانەن کە خەڵکی کوردستان لە کەش‌وهەوای هەڵبژاردن‌دا، وەک دەردی خۆیان هێناویاننەوە گۆڕێ. ئەو پێداگری‌و سووربوونەی خەڵک‌‌و بژاردەکانیان لە کوردستان لە سەر ئەم جۆرە پرس‌و بابەتانە وای کردوە، ئەو لایەن‌و کاندیدایانەش کە هەوڵی وەدەستهێنانی دەنگی خەڵکی کوردستان دەدەن، لا لەم جۆرە بابەتانە بکەنەوە‌و لە دروشم و بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان‌دا، تا رادەیەک ئاوڕیان لێ بدەنەوە. قۆستنەوەی کەش‌وهەوای هەڵبژاردنی سەرانسەری لە لایەن نوخبەکان‌و چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی‌و مەدەنیی کوردستان بۆ باسکردن لە پرسی نەتەوەیی‌و، دەنگ‌هەڵبڕێن دژی ئەو ستەم‌و هەڵاواردنانەی لە ئێران دژی نەتەوەی کورد هەن، هەر وەها تەعامول لە گەڵ هەڵبژاردن‌و ململانێکانی پێوەندیدارو،  پشتیوانی‌و دژایەتیی کاندیداکان لە سەر بناغەی روانین و بەرنامەی لایەنەکان‌و کاندیداکان بۆ دەرد‌و ویستی سەرەکیی ئەم خەڵکە، نیشانەی وریایی سیاسیی ئەوانە. دەسەڵات‌و رێژیمێک، هەر وەها ئەو قۆڵ‌و لایەنانەی نێو ئەو نیزامە، کە بە خەیاڵی کۆکردنەوەی دەنگەکانی خەڵکی کوردستان، روویان تێ دەکەن، دەبێ بزانن کە لە گەڵ خەڵکێکی ساویلکە بەرەوڕوو نین‌و بێ داننان بە ستەملێکراویی ئەوان‌و  قبووڵی بەرپرسیاریەتی لە ئاست جێبەجێکردنی داخوازەکانیان، ناتوانن جێگە‌و پێگەیەک بۆ خۆیان بکەنەوە. بەربژێرەکانی شووڕاکانی شارو گوند هەتا کۆتایی مانگی رەشەمە مۆڵەتیان هەیە ناونووسی بکەن. پێشبینی دەکرێ ئەمجاریش وەک هەموو جارانی پێشوو، ژمارەیەکی هەر چی زیاتری کاندیداکان بە تایبەتی ئەوانەی کە هەڵقووڵاوی خەڵکن‌و رابردووی خزمەت بە دام‌و دەزگا دژی گەلییەکانی ئەو رێژیمەیان نیە، رەدی سەلاحیەت بکرێن. بەڵام ئەگەر خەڵک بیانەوێ ئەم هەڵبژاردنە بکەن بە دەرفەتێک بۆ سپاردنی دەسەڵاتی شووڕاکان بە نوێنەرانی خۆیان‌و کەسانی باش‌و گونجاو، هەر وەها بۆ ئەوەی بتوانن لەم هەڵبژاردنەدا مۆرە ناسراو و تاقیکراوەکانی سەر بە رێژیم تێک بشکێنن‌و جێگای ئەوان بە کەسانی باش پڕ بکەنەوە، پێویستە لە هەر شار‌و گوندێک کەسانی خۆشناو‌و خاوەن پێشینەی پاک و بیرو باوەڕی پێشکەوتوانەو نیشتمانپەروەرانە هان بدەن بۆ ناونووسی لە رێزی بەربژێرانی شوووڕاکان‌دا. وێڕای هەوڵدان بۆ هەبوون‌و مانەوەی کاندیدای لەم چەشنە بۆ کاتی ململانێی هەڵبژاردن، پێویستە حەوتوو‌و مانگەکانی داهاتوو کە کەش‌وهەوای سیاسیی هەڵبژاردن باڵ بە سەر ئێران دا دەکێشێ، لە شار‌و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین سوودیان لێ وەربگیرێ بۆ باس‌و دیالۆگی سیاسی. بۆ لەقاودانی ستەم‌و هەڵاواردنی سیاسی، نەتەوەیی‌و زمانی بەرامبەر گەلی کورد، بۆ رووناکی خستنە سەر ئەو تاوان‌و سەرکوتانەی هەمبەر خەڵکی کوردستان دەکرێن، بۆ باسکردن لەو مافانەی کە مافی بێ ئەم لاو ئەولای نەتەوەی کورد و هەر نەتەوەیەکی بندەستی دیکەی ئێرانن. با لە کەش‌وهەوای سیاسیی پێش هەڵبژاردن دا، ئەو کاربەدەست‌و مۆرە فاسد‌و دژی خەڵکیانەی چەندین ساڵە لە سایەی دەست تێکەڵاوکردن لە گەڵ بەرپرسان‌و دامودەزگا گەندەڵەکان، بوون بە زروو بۆ مژتنی خوێنی خەڵک‌و دزینی ماڵ‌و سامانی گشتی، رسوا بکرێن. ئەوانەش کە هەتا ئێستا لە پاداشی هاودەستی لە گەڵ سوپا‌و ئیتلاعات‌و بەسیج‌و ئەم یا ئەو مەقامی دەوڵەتی، بە کەیفی خۆیان مەیدانداری‌یان کردوە، جێی خۆیەتی لە فەزای هەڵبژاردن دا، پەردە لە روخسارو پێشینەی رەش و دزێویان لابدرێ. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٦٩٩