کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی ژنان لە دوو توێی رۆمانی << کۆڵانەکەمان >> دا

06:25 - 17 رەشەمه 2716

سەرەڕای هەموو ئەو ستەم و ناهەقیانەی لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا دەرهەق بە ژنان کراوە، ژنانی کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆیان بێ‌پسانەوە هەوڵیان داوە و تێکۆشاون لە گشت بوارەکان‌دا چالاک بن، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێ، ئەو هەوڵ و تێکۆشانانە بە پێی چاوەڕوانیەکان نیە و ژنان دەبێ چەندین رێگای جیاوازتر بگرنەبەر بۆ ئەوەی بتوانن هاوشانی پیاوان لە گشت ڕەهەند و بوارەکانی کۆمەڵگەدا ئەکتیڤ بن. یەکێک لەو بوارانەی کە ژنان دەبێ هەوڵ بدەن کارا و دیار بن، نووسین یان وەرگێڕانە و مخابن لەم بوارەدا ژنانی کۆمەڵگەی ئێمە کەمتر دیار و بەرچاون و بە دەگمەن ژنێک هەڵدەکەوێ کە لەو بوارەدا هەوڵ بدا. یەکێک لەو خاتوونانەی بە ورەیەکی بەرز و بڕوایەکی پتەو بە خۆ، دەستی داوەتە خامە و بە بێ‌ئەوەی تەنگوچەڵەمە و کەندوکۆسپە لاوەکییەکان دیواری ورەی بڕووشێنن و دڵساردی بکەنەوە، توانیویەتی دەست بۆ قەڵەم بەرێ و دوو ڕۆمان بنووسێ، خاتوو نەسرین یووسف‌زادەیە کە لە هەمان کاتدا پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکرات و دیزاینێری رۆژنامەی کوردستانە. ـ نەسرین خانم هەروەک لە پێشەکیی باسەکەدا باسم کرد، ژنانی کورد زۆر بە کەمی حەزیان لە نووسین و وەرگێڕانە، هۆکاری ئەوەی جەنابت پەنات بۆ قەڵەم و نووسین بردووە، چیە؟ ـ دەتوانم بڵێم هەروەک چۆن لە زۆربەی وڵاتان کار و هەڵسووڕانی ژنان سەلماندوویەتی کە ئەوانیش دەتوانن لە گشت بوارێک‌دا پێ بە پێی پیاوان کار و ئەرکی خۆیان ڕابپەڕێنن، بە دڵنیاییەوە، ئەگەر ئەو دەرفەتە بۆ ژنانی کوردیش بڕەخسێ، ئەوانیش دەتوانن هاوشانی پیاوان کاری گەورە بکەن و دەور و کاریگەرییان هەبێ. هەموو ژنێک بەهرە یان ئیستعدادی هەیە و ئەگەر بواری بۆ بڕەخسێنرێ و پاڵپشتیی لێ‌بکرێ، دەتوانێ وەک ژنێکی سەرکەوتوو دەربکەوێ. نووسین شتێک بوو کە من لە منداڵییەوە عەلاقەم پێی بوو، لە منداڵییەوە حەزم لە چنینی وشە و سازکردنی ڕستە بوو؛ ئەوەش دەگەڕاوە سەر ئەوەیکە زۆرم چاو لە فیلم دەکرد و یان زۆرم گوێ بۆ چیرۆکەکان دەگرت، بەتایبەتی ئەو چیرۆکانەی کە باس لە خۆشەویستی و شتی وای تێدا بوو، وەک چیرۆکی لەیلی و مەجنوون و شیرین و فەرهاد و لەو جۆرە چیرۆکانە. بەردەوام ئەو چیرۆکانەم لە مێشکم‌دا دێنا و دەبرد و لە بیر و زەینی خۆمدا چیرۆکی لەو چەشنەم دادەڕشت، بەڵام لەو کاتەدا کەس نەبوو ڕێنوێنیم بکا بۆ ئەوەی چی لە زەینم دایە بیهێنمە سەر کاغز. ـ داخوا لەو سەروبەندەدا ئەو شتانەی کە لە کۆمەڵگەی خۆماندا دەتبینی، واتە ژیانی خەڵک لە کۆمەڵگەدا، کاریگەری لە سەر تۆ دادەنا؟ ـ ئەو کات بابەتێک کە زیاتر بیرم لێ دەکردەوە، زیاتر بابەتی خۆشەویستیی ناو ئەو فیلم و چیرۆکانە بوو و ئاواتم ئەوە بوو کە ڕۆژێک دابێ منیش بتوانم چیرۆکێکی لەو چەشنە بنووسم و هەر ئەو کارەشم کرد و ئەو حەز و خولیایە سەرەنجام بوو بەهۆی هەوێنی داڕشتنی چیرۆکی بەسەرهاتی ئەوینێک یان "ماجرای یک عشق". هەڵبەت من پێش نوسینی ئەو کتێبە چەند رۆمان و کورتە چیرۆکی دیکەم نووسیبوو بەڵام لە راستی دا هیچیانم بە شیاوی ئەوە نەزانی کە چاپیان بکەم. پێویستە ئەوەش بڵێم کە بەداخەوە ئەو کات نەمدەزانی بە کوردی بنووسم و ئەو ڕۆمانەم بە فارسی نووسی. ـ هەر وەکو ئاماژەت پێکرد ئەو دوو کتیبەی کە ئێستا لە بەر دەستمانە یەکیان کە "ماجرای یک عشق"ە و بە فارسی نووسیوتە، بەڵام قوتابخانەی دیمۆکرات هاندەرێک بوو بۆ تو کە دووهەم کتێبت بە ناوی "کۆلانەکەمان" بە زمانی کوردی بنووسی، دەکرێ ئاماژەیەک بەوە بکەی کە بۆچی ئەو ناوەت هەڵبژاردووە؟ ـ ڕۆمانی"کۆڵانەکەمان" لەگەڵ ئەوەدا کە گوتم بە کوردی نووسیومە و کوردی نووسینم وەک گوتم مەدیونی قوتابخانەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانم و هەر لە ناو ئەم حیزبەش دا زیاتر هەستم بە چەوسانەوە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان کە بە داخەوە بەرۆکی کۆمەڵگاکەمانی گرتووە، کردووە و لە رێگای ئەو زانیاری و هەواڵانەی کە گوێبیستی دەبووم هەستم بەو ئازارانە دەکرد کە کۆمەڵگای خۆمان پێوەی دەناڵێنێ و زۆرم پێخۆش بوو هەر یەک لەوانە بکەم بە چیرۆکێک و بیاننووسمەوە، هەڵبەت من نەمدەتوانی هەموو ئەو ماڵانە و هەموو ئازاری ئەو ژیانانە بنووسمەوە، هەر بۆیە دیتم وا باشترە هەموو ئەوانە کۆبکەمەوە ناو چیرۆکێک و بە قەرا توانایی و بەرینایی بیر و زەینی خۆم ئەو جۆرە ژیانەم خستە ناو بازنەی کۆڵانێکەوە و ناوی "کۆڵانەکەمان"م لێنا. ـ بەشی زۆری بابەتی رۆمانەکەت، خستنە بەر باسی کێشە کۆمەڵایەتییەکانە، هەر وەکوو دەزانین ژنان زۆر جار قوربانی ئەو کێشەو گرفتانەن. لە ڕۆمانەکەت‌دا باس لە دوو بنەماڵە دەکرێ کە لەگەڵ ئەوەی هاتوچۆی بنەماڵەیی زۆر باشیان هەیە. بەڵام خیانەت بە یەک دەکەن، لێرەدا تۆ هۆکاری خیانەت کردن بۆچی دەگەڕێنییەوە کە ویستووتە لەم کتێبەدا باسی بکەی؟ زۆر هۆکار هەیە، هۆکارێک ئەوەیە کە کوڕان و کچانی ئێمە بە نابەدڵی ژیانی هاوبەش پێکدێنن! بەکورتی ئەگەر پیاوێک بەزۆری یان بە نابەدڵی خۆی ژنی بۆ بێنن، ڕەنگبێ ڕۆژێک خیانەت بە هاوسەرەکەی بکا و ئەگەر واش نەبێ لەوانەیە زۆر کاردانەوەی خراپی دیکەی لێ بکەوێتەوە. من پێموایە زۆربەی خیانەتەکان دەگەرێتەوە سەر ئەوەیکە کوڕێک بەدڵی بابی ژن دێنی یان بە منداڵی و کەم‌تەمەنی ژیانی هاوبەش پێک‌دێنێ، من بۆ خۆم زۆر جار شاهیدی ئەوە بووم کە کوڕ هەر کە لە سەربازی هاتەوە ژنی بۆ دێنن، جا وایدانێین کە بە دڵی خۆشی ژنی بۆ دێنن و ئەوەی بۆی دێنن خۆشەویستەکەی خۆیەتی، بەڵام بیر لەوە ناکەنەوە کە ئایا ئەو کوڕە دەرەقەتی دابین کردنی پێداویستییە ماددی و مەعنەوییەکانی ژیانی هاوبەش دێ!؟ ـ ئەوەی باست کرد لە لایەنی پیاوەوە بوو، بەڵام چۆن باسی ژنان دەکەی؟ سەبارەت بە ئافرەتانیش، ئەو کچانەی کە بۆ نموونە بەزۆری بە مێرد دەدرێن، پێموابێ خیانەتیان هەر لێدەکردرێ، چون بەرامبەرەکەیان دەزانێ و هەست بەوە دەکا کە ژنەکەی دڵی لەگەڵی نییە، پیاویش بە هەرحاڵ ئازادترە، هەر بۆیە ئەگە بۆ قەرەبووی ئەوەش بێ لە جێگایەکی دیکەوە شوێن خۆشەویستیی دەکەوێ و، زۆر جاریش ژنەکە بەهۆی ئەوەیکە لە ژیانی ڕازی نییە پەنا بۆ خیانەت دەبا. ــ لەو ڕۆمانەدا دەبینین که ژنێک هەیە لەگەڵ ئەوەیکە خیانەتی لێدەکرێ، بەڵام چاوپۆشیی لێدەکا و پێی وایە ئەو پیاوەی لە گەڵی دەژی خۆشی دەوێ و لە درێژەدان بە ژیانی هاوبەشیی بەردەوامە، چ شتێک هۆکارە کە ژنەکان ئاوا بە شاراوەیی لە گەڵ ئەو کێشە و گرفتانە بەردەوام بن؟ جاری وایە هەندێ فاکتەری وەک ئابڕوو، نامووس و شەخسیەت و جاری واشە فاکتەری خزمایەتی دەبنە هۆکارگەلێک بۆ درێژەدان بەو جۆرە ژیانە و هەر بۆیە پیاوەکە زۆر جار دەست بۆ خیانەت دەبا، هەروەک پیاوەکە لە پاراگرافێکیش دا دەڵێ: "تۆ پێتوانەبێ من کاتێک لەگەڵ تۆ دەژیم ئیتر تەواوە، ژیان هەر ئەوە نییە کە دوو کەس لە جێگایەک لەگەڵ یەک بن، من تا ئێستا تەنیا لەبەر خاتری فڵان و فڵان و فڵان لەگەڵ تۆ ژیاوم دەنا خۆشەویستییەکم بۆت نەبووە". لەوانەیە ژنەکەش هەر ئەو هەستەی بووبێ، بەڵام ژن لە بەر ئەو چەند فاکتەرەی باسم کردو، لەبەر خاتری منداڵەکانیشی بووە، ناخۆشی و ناتەباییەکانی ژیانی تەحەموول دەکا و دەیهەوێ لەو ژیانەدا بمێنێتەوە، تەنانەت کاتێک کە خیانەتیشی لێدەکرێ، سەری خۆی هەڵناگرێ، بەڵام ئەو کات ئیتر هیچ خۆشەویستی و هۆگرییەکی بە ژیان و مێردەکەیەوە نامێنێ و تەنیا خۆی ئازار دەدا کە ئاکامەکەی دەبێتە ئەوەی کە خۆی دەسووتێنێ و کۆتایی بە ژیانی دێنێ. ـ لە ڕۆمانەکەدا باسی دوو ژن دەکەی کە یەکیان ناتوانێ یان ناوێری باسی مافی خۆی بکا، بەڵام ژنێکی‌تر لەو نێوەدا هەیە کە ئەو هەقە بە خۆی دەدا کە لە بەرامبەر ناهەقییەکان‌دا دەنگ هەڵبڕێ و تەنانەت بۆ خۆی خۆشەویستەکەی هەڵبژێرێ، لێرەدا دەتەوێ چ مەبەستێک بپێکی؟ بەڵێ، فریشتە ژنێک بوو کە خۆی سووتاند، هۆکارەکەشی خیانەتی هاوسەرەکەی بوو. لە بەرامبەردا خەرامان کچێک بوو لەسەر پێی خۆی راوەستا، من خەرامانم خۆش دەوێ، شەخسیەتی خەرامانم خۆش دەوێ، خەرامان کچێک بوو لە دژوارترین ساتەکانی ژیانی دا کۆڵی نەدا، چۆکی دانەدا و لە پێ نەکەوت. خەرامان تەنیا هاواری خۆشەویستەکەی نەبوو بەڵکوو ئەو کچێک بوو کە لە دوای مردنی بابی بوێرانە لەسەر پێی خۆی راوەستا و بوو بە بناوانی دایکی نەخۆشی و براکەشی، تەنانەت کە خۆشەویستەکەشی لە دەست دەدا، بەڵام دووبارە هەڵدەستێتەوە و ئەوەش چۆکی پێ دانادا. ـ لە ڕۆمانەکەدا باس لە کەسێکیتر بە ناوی شۆڕش دەکرێ کە سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ خەرامان یەکتریان زۆر خۆش دەوێ، بەڵام شۆرش خۆشەویستەکەی خۆی بەجێدەهێڵێ. زۆر کەس هەن لەبەر خاتری کوردایەتی مەجبورن زێد و وڵاتی خۆیان بەجێ بێڵن. شۆرش دەبێتە تەشکیلاتی یەکێک لە حیزبە سیاسییەکانی دژ بە رێژیم، هەر بۆیە کاتێک هەست بەوە دەکا کە مەترسی لە سەرە ناچار دەبێ هەڵێ و زێدی خۆی و بەتایبەت تاقانە خۆشەویستەکەی بەجێ‌بێڵێ، دەنا ئەگەر ئەوە نەکا دەبێ وەک سیخورێک یان کەسێک کە کۆمەڵگا وەخۆی ناگرێ، بژی و ئەگەر ئەوەش نەکا، ئەوا زیندان و ئێعدامی لە بەردەم دایە؛ کەوایە باشترین رێگا بۆ ئەو دەرباز بوون و رۆیشتن و بەجێهێشتنی ئەو کەسانە و ئەو شتانەیە کە خۆشی دەوێن، بە واتایەکیتر ویستوومە ئەوەش بگەیەنم کە شۆڕش لەگەڵ ئەوەیکە ئەو کچەی خۆش ویستوە، بەڵام کوردایەتی و نیشتمانپەروەریی لە پیش خۆشەویستەکەی داناوە. ـ لە ڕۆمانەکەدا باسی زۆر کێشە و گرفتی کۆمەڵگای کوردەواریت کردووە کە بێگومان دەکرێ زۆر بە دوور و درێژی باسی هەر کامیان بکرێ، ئایا بەڕێزتان دەتانەوێ لە سەر ئەم بابەتانە درێژە بە نووسین بدەن؟ ـ "کۆڵانەکەمان" درێژەی دەبێ، چونکە کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامن و زۆر شتی دیکە هەن، وەکوو ئیعتیاد و دەیان دیاردەی دیکەی وەکوو خراپ بەکارهێنانی مووبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ناو دونیای مەجازی و هتد؛ هەر کام لەوانە دەتوانن بابەتێک بن بۆ ئەوەی کە "کۆڵانەکەمان" درێژەی هەبێ. ــــــــــــــــــــــــــــــ تێبینی: ئەم وتووێژە ماوەیەک لەوە پێش لەگەڵ کورد کاناڵ کراوە و تەنیا پوختەیەکی لێرەدا بڵاوبۆتەوە و خوێنەرانی بەڕێز دەتوانن دەقی ئەم دیمانەیە لە سایتی www.kurdch.tv چاو لێبکەن. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٦٩٩