کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

با رێورەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ بکەینە دەرفەتێک بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی یەکبوون و یەکریزی

13:51 - 22 رەشەمه 2716

لە چەند ساڵی رابردوودا بەڕێوەچوونی رێورەسمە نەورۆزی‌یەکان لە شارو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان شێوازی تایبەتی بەخۆوە گرتووە. ئەگەر لە  دە- پازدە ساڵی رابردوودا خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی گەڕەک و کۆڵان و بنەماڵەکان دا، تەنیا ئاورێکیان دەکردەوەو لە شێوەی سەردانی ماڵان‌دا، پێشوازییان لە سەری ساڵی نوێ دەکردو جێژنی نەورۆزیان لێک پیرۆز دەکرد، ئێستا ئەم شێوازانە گۆڕدراون بۆ بەڕێوەبردنی کارنەڤاڵ و میتینگی چەند هەزار کەسی. خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی بەربڵاوتر لە ساڵانی رابردووتر بە کۆبوونەوەیان لە دەوری یەکتر و پێکهێنانی کۆڕی شێعر، شانۆ و هەڵپەڕکێ و دانی وتار، میتینگ و کارنەڤاڵی هەزاران کەسی دەگرن و بەم شێوازە پێشوازی لە سەری ساڵ دەکەن و جێژنی نەورۆز بەرێوە دەبن. خەڵک لەم رێگایەوە جیا لە دەربڕینی شادی و خۆشحاڵی خۆیان، لە رێگای دانی وتار و شێعر و موزیک و گۆرانی و شانۆکانەوە پەیامی خۆیان کە مافخوازی و سەربەستی نیشتمان و ئاشتەوایی‌یە بڵاو دەکەنەوە. هەرچەند دەسەڵات و هێزە ئەمنی‌یەتییەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەوڵیان داوە بە هەڕەشەو هێندێک جاریش بە بەرتەسک‌کردنەوەی چالاکی‌یەکانی خەڵک، پێش بە بەڕێوەچوونی ئەم کارنەڤاڵ و میتینگە نەورۆزیانە بگرن، بەڵام دیسانیش خەڵک بە ئازایەتی خۆیان بە شێوەی هێمنانە رێورەسمەکانیان بەرێوە بردوە. بەڕێوەبردنی رێورەسمە نەورۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەرچەند زۆر باش و پڕناوەرۆک بەڕێوەچوون، بەڵام دیسانیش کۆمەڵێک چاوەڕوانی و پێشنیار هەر سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەم رێورەسمانە هاتوونە ئاراوە کە دەکرێ بەم شێوەیان باس بکەین:
  • لە جیاتی مەراسمی بچووک با هەوڵ بدەرێ رێورەسمەکان زیاتر لەوەی هەیە گەورەتر بەڕێوەبچن. بۆ وێنە ئەگەر لە ساڵانی رابردوودا لە چەند گوندێکی بچووکی ناوچەیەک‌دا مەڕاسمێکی چووکە بەڕێوە دەچوون، لەمەوبەولا هەوڵ بدرێ یەکێک لەو گوندانە بکرێتە شوێنی بەڕیوەبردنی مەراسمێکی گەورەتر و هەموو خەڵکی ئەو ناوچەیە پێکەوە لەو گوندە رێورەسمێکی گەورەتر بەڕێوە بەرن.
  • هەر وەک لە ساڵانی رابردوویش دا ئەو کارە کەم تا زۆرێک کراوە، هەوڵ بدرێ لە رێوەرەسمەکان‌دا پەیامی نەتەوەیی و مافخوازانە بڵاو بکرێتەوە؛ با هەموو بە جل و بەرگی کوردی‌یەوە بەشدار بن؛ با شێعرو وتارو گۆرانی‌یەکان نەتەوەیی و نیشتمانی بن؛ با هەوڵ بدرێ بە هەر شێوەیەک دەگونجێ، لە رێورەسمەکان‌دا ئاڵای کوردستان دیارو بەرچاو بێت؛ با هەوڵ بدرێ یادی زیندانیانی سیاسی و تێکۆشەرانی رێگای رزگاریی نیشتمان بەرز رابگیردرێت.
  • با هەر وەک لە ساڵانی رابردوودا خەڵک نیشانیان داوە، بایخەکانی ژینگەپارێزی و نیشتماندۆستی لە بەرچاو بگیردرێت. لە گەڵ ئەوەیکە لە رێورەسمەکان‌دا جێی خۆیەتی ئاوڕی نەورۆز بکرێتەوە، بەڵام نابێ ئیزن بدرێت سڵامەتی ژینگەو خەڵک لە رێگای بەکارهێنانی تەقەمەنی و تەرەقەوە بکەوەێتە مەترسی‌یە. با لەم رێگایەوە منداڵان فێر بکرێن کە سڵامەتی خۆیان و نیشتمانیان لەبەر چاو بێت.
  • با میتینگ و کارنەڤاڵە نەورۆزی‌یەکان بکرێنە دەرفەتێک بۆ ئەوەی شاعیران و هونەرمەندان و کەسایەتی‌یەکانی کوردستان بە بەشداریکردنیان، خەڵک بۆ یەکگرتووی و نیشمان‌دۆستی هان بدەن. با لاوان هان بدەن کە پارێزگاری لە هۆڤییەت و شوناسی نەتەوەیی خۆیان و نەتەوەکەیان بکەن و زمانەکەی خۆیان خۆش بوێ و پەرەی پێ بدەن؛ با منداڵان هان بدەن کە وێڕای رێزگرتن لە دایکان و باوکان و بنەماڵەکانیان، نیشتمان و ژینگەی خۆیان خۆش بوێ و بیپارێزن.
  • با لە بەرەبەری هاتنی سەر ساڵ و جێژنی نەتەوەیی نەورۆزی کوردان دا هەر هەموومان لە تۆڕە کۆمەڵایەتی‌یەکان و بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازەکانی پێوەندی، پەیامی یەکگرتوویی و یەکریزی و نیشتماندۆستی بڵاو بکەینەوە و پیرۆزبایی لە پێشمەرگەکانی کوردستان، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بکەین.
  • با وێڕای لە بەرکردنی جل‌وبەرگی رازاوەی کوردی، جامانەکان لە رێورەسمەنەورۆزییەکان‌دا وەسەما و جووڵە بخەین و یەکگرتووانە پەیامی یەکبوون و یەکریزی بە گوێی دۆست و دوژمن دا بدەین.