کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«کوردستان»ی پلۆڕاڵ

15:55 - 2 خاکەلێوه 2717

لە گەڵ ئەوەی‌دا کە رۆژنامەی کوردستان وەک ئۆرگانێکی رەسمیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی ئەم حیزبەو، لە هەموو دەورەکانی دەرچوونی خۆی‌دا، زمانحاڵی هەڵوێست و بیرو سیاسەتەکانی ئەم حیزبە بووە، بەڵام چ لە ناوەرۆک و چ لە ئەرک‌دا دەبێ گەورەتر لە «بڵاوکراوەیەکی حیزبی» خوێندنەوەی بۆ بکرێ. «کوردستان» کە یەکەم ژمارەی راست دوازدە رۆژ پێش لە راگەیاندنی کۆماری کوردستان (٢٠ی بەفرانباری ١٣٢٤ی هەتاوی) بڵاو دەبێتەوە، هەر لە سەرەتای چاپ و بڵاوبوونیەوە لە ناوەرۆک‌دا وەک بڵاوکراوەیەکی نەتەوەیی دەبێتە تریبوونێک بۆ بڵاوکردنەوەی بیری سەربەستی نیشتمان و وێڕای قسە‌کردن لە هۆڤییەت و شوناسی نەتەوەیەک(کورد) لە گەڵ پاراستنی بەهاو باوەڕەکانی کۆمەڵگا، هەوڵی گواستنەوەی ئەزموونی شۆڕشی وڵاتانی دوور دەدات. «کوردستان» هەر لە یەکەم ژمارەکانی خۆی‌دا هەوڵ دەدات خوێنەرانی ناچار بە دیتن و خوێندنەوەیەکی بەرفراوان لە رووداوەکانی دەورووبەری بکات و هەر تەنیا لەو شەش ژمارەیەی‌دا کە پێش لە راگەیاندنی کۆماری کوردستان دەرچووە، لە گەڵ ئەوەی بە پشت بەستن بە دەقی ئایینی(ئایەی قورئانی) دەیهەوێ رێز لە بەهاو باوەڕەکانی خوێنەرانی و کۆمەڵگای کوردستان بگرێ، لە هەمان‌ کات‌دا بێ‌پەروا لە لۆمەکانی ئەقڵییەتی چینێکی دواکەوتوو، قسە لە «عەداڵەت» و «دیموکراسی» دەکات. دوای راگەیاندنی کۆماری کوردستان لە لایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە لە ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤، لە گەڵ ئەوەیکە دیسانیش رۆژنامەی کوردستان ، «بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دیموکراتی کوردستان»ە، بەڵام تەنیا بڵاوکراوەیەکی رەسمیشە کە دەبێتە زمانحاڵی سیستەمی دەسەڵاتداریی کۆماری کوردستان و کابینەی وەزیران و ستادی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و، سەرجەم دام‌ودەزگاکانی کۆماری کوردستان. بە واتایەکی دیکە «کوردستان» لە هەمان کات‌دا کە بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دیموکرات بوو، بە کردەوەیش زمانحاڵی حکوومەتی کۆماری کوردستانیش بووە. لە راستی دا رۆژنامەی کوردستان زیاتر لە رۆژنامەیەکی بەس حیزبی، ئەرکی خستوەتە ئەستۆی خۆی. «کوردستان» لە ژمارە ١٠ی خۆیەوە کە سێزدە رۆژ دوای راگەیاندنی کۆماری کوردستان بڵاو دەبێتەوە، تا رووخانی کۆمار دەبێتە زمانحاڵی کۆماری کوردستان کە پێویستە لە مەجالێکی جیاواتر لە دەورەکانی دیکەی بڵاوبوونەوەی‌دا خوێندنەوەی لە سەر بکرێ. ئەوەی دەکرێ لە پێوەندی لە گەڵ ئامانجی ئەم نووسینەدا ئاماژە بە لایەنێکی تایبەتیی ژمارەکانی «کوردستان»ی سەردەمی کۆماری کوردستان بدەین، بوونی ئەو فرەچەشنی‌یە لە نووسین و بیرکردنەوەیە کە دواتر و تا ئێستایش بوەتە بەشێک لە پێناسەو تایبەتمەندیی رۆژنامەی کوردستان. باسکردن لە «حەقی ژیانی هەموو قەومێک»، «سکاڵاکانی جوتیار» ، «جەنگ و سیاسەت»، «رۆژی نەنگ و رسوایی دەوڵەتی فارس»، «میللەتی گەورەی رووس و پێشەوای گەورە لێنین»، «کورد مافی خۆیەتی چۆن بژیت» و دەیان سەردێری دیکە کە ناوەرۆکیان تەعبیر لە بوونی جیاوازیی تێفکرین لە «بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی» لەو سەردەم‌دا دەکات، دەریدەخات کە رۆژنامەی کوردستان، بڵاوکراوەیەکی لە ناوەرۆک‌دا پلۆڕاڵ و فرەچەشنە. ماهییەتی دیموکراتیکی بزووتنەوەی سیاسیی لە رۆژهەڵاتی کورستان بە رێبەریی حیزبی دیموکرات، بە ئاشکرا بە نووسین و ناوەرۆکی رۆژنامەی کوردستانەوە دیارە. خۆنەبەستنەوە بە ئایدیا و ئیدئۆلۆژی‌یەکی تایبەت لە حیزبی دیموکراتی کوردستان، شوێنەواری لە سەر جۆراوجۆریی نووسین و قەڵەمەکانی «کوردستان» داناوە. نەتەوەیی و میللیی بوونی جووڵانەوەیەک کە «کوردستان» بوەتە زمانحاڵ و بڵاوکەرەوەی، بە مانا گشتگیرەکەی کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان توانیویانە خۆیانی تێدا ببیننەوە، ئەم رۆژنامەیەی لە رووی جۆراوجۆری و فرەچەشنی لە نووسین و دەربڕین‌دا دەوڵەمەند کردوە. بە چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر ناوی قەڵەمەکانی «کوردستان» و ئەوانەی لەم ئۆرگانە میللی و دیموکراتیکە‌دا کاریان کردوەو هەروەها تێفکرین لە جێگەو پێگەی چینایەتی‌یان، دەبینی کە ئەم رۆژنامەیە تایبەت بە قەڵەمی چینێکی تایبەتی کۆمەڵگای کوردستان نیە. هەر ئەمە وای کردوە کە وێڕای پاراستنی خەتە گشتی‌یە سیاسی‌یە فکری‌یەکە کە هەمان «بیری حیزبی دیموکراتی کوردستان» بێت، فرەچەشنی‌یەک لە نووسین و شێوازی دەربڕین‌دا بە نووسینەکانی «کوردستان»ەوە دیار بێت. ئەم تایبەتمەندی‌یەی رۆژنامەی کوردستان بوەتە هۆی ئەوەی کە خوێنەرانی لە خوێندنەوەی‌دا نەتەنیا هەست بە ماندوویی و نامۆیی نەکەن، بەڵکوو هەر لە یەکەم ساتەکانی خوێدنەوەدا هەست بە هاوڕێیەتی و خۆمانە بوون بکەن و «کوردستان» بە هی خۆیان بزانن. من وەک خۆم کە زیاتر لە دە ساڵە شانازی ئەوەم پێ دراوە کە ناوەناوە بۆ «کوردستان» بنووسم و، زیاتر لە ١٥ ساڵیشە خۆم بە خوێنەرێکی جیدیی ئەم رۆژنامەیە‌ دەزانم، بەردەوام هەستم بەوە کردوە کە رۆژ بە رۆژ لێی نزیک‌تر دەبم و هەتادێ زیاترم خۆش دەوێ. لە گەڵ ئەوەیکە بەڕێوەبەرانی، بە سەرنووسەرو ئیدیتۆرەوە هەمیشە بە وردبینی و هەستیاری‌یەکی تایبەتەوە چاودێریی رێنووس و رێزمان و ناوەرۆکی بابەتەکانی «کوردستان»یان کردوەو تا ئێستایش هەروایە، بەڵام ئەوەندەی من لە نزیکەوە ئاگادار بووبێتم و لەم پێوەندی‌یەدا لە نووسەرانی پێشووتری ئەم رۆژنامەیەم بیستبێ، نووسین بۆ رۆژنامەی کوردستان هەستێکی تایبەت بەخۆی هەیە کە، لە شێوازی نووسین‌دا هەست بە جۆرێک لە ئازادی دەکەی کە من بۆ «کوردستان»، ناوم لێ ناوە «پلۆڕاڵ» بوون. «کوردستان» لە فۆڕم و ناوەرۆک‌دا دوورە لە داخراوبوون و، چوارچێوەیەکی بەرفراوان و کراوەی هەیە کە هەم نووسەر و هەم خوێنەریش هەست دەکات کە بەڕاستی خەریکە بڵاوکراوەیەکی دیموکرات دەخوێنێتەوە. خوێنەری «کوردستان» لە هەمانكات‌دا کە خەریکە بابەتێک لە سەر بەرەنگاریی چەکدارانە بە زمانێکی ئینقلابی و شۆڕشگێڕانە دەخوێنێتەوە، بە بێ هیچ مەحدوودیەتێک دەتوانێ لە هەمان ژمارەدا، بابەتێکی تەواو جیاواز لە سەر رەهەندی مەدەنیی خەبات کە بەزمانێکی هێمن و مەدەنی نووسراوە، بخوێنێتەوە. هەروەک چۆن لە ژمارەکانی دەیەی شەستی هەتاوی‌دا خوێنەری «کوردستان» لە هەمانکات‌دا کە وتاری «پێشمەرگە رۆڵەی رزگاریدەر»ی دەخوێندەوە، دەیتوانی وتاری «لە کۆتایی‌دا کێشەکان هەر بە دیالۆگ و وتووێژ چارەسەر دەکرێن»، بخوێنێتەوە. دیموکرات‌بوونی «کوردستان» لە ناوەرۆک و، پلۆڕاڵبوونی لە نووسین و دەربڕین ‌دا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو حیزبەی کە بۆی بووە بە ئۆرگانی بڵاوکەرەوەی بیرەکەی. لە حیزبی دیموکراتی کوردستان‌دا نووسەر ئامراز نیە. بەڵکوو کەسێکی خاوەن فکری قەڵەم بەدەستە کە، بە پێی توانای خۆی سەڵاحیەتی ئەوەی پێ دراوە دیموکراتیانە بۆ میللەتەکەی بنووسێ. رۆژنامەی کوردستان کە تا ئێستایش ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتە، لە ژێر تێروانینە نەتەوەیی و دیموکراتیکەکانی ئەم حیزبەدا لە تەواوی ئەو ٧٠٠ ژمارەیەی خۆی‌دا، بەردەوام زمانحاڵی بزووتنەوەیەکی فرەرەهەندی دیموکرات بووە. لە کۆتایی‌دا بە بۆنەی دەرچوونی ژمارە حەوسەدی «کوردستان»ەوە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە خوێنەرانی و دەستەی نووسەرانی دەکەم و، هەر بەم بۆنەوە سەری کڕنۆش بۆ تەواوی ئەو شەهیدانە دادەنوێنم کە بەم رۆژنامەیەوە ماندوو بوون و، سپاس و پێزانین بۆ ئەو کەسانەیش کە لە سەنگەری «کوردستان»دا خزمەتیان بە گەل و نیشتمان کرد. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٠.