کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژیان بە بڕوا و هیواوە مانا دەدا

22:49 - 1 خەرمانان 2717

هەتا ترووسکەی هیوا دەهەناوەکان نەگەڕێ و هێزی بڕوا خانەکانی مێشک نەبزوێنێ، جووڵەی لەش تەنیا خولانەوەیەکی بێمانا و ماندوویی هێنەرە.  هیوا و بڕوا ئەو دوو هێزە جادووییەن کە جووڵەی لەش مانادار دەکەن و بەرەو مەبەستێکی دیار پاڵی پێوە دەنێن. بە بوونی هیوا و بڕوا لەش هێزی زیاتر وەر دەگرێ، خۆڕاگرتر دەبێ و زۆر کۆسپ و تەگەرە و تەنگ و چەڵەمان لەسەر ڕێگای خۆی لادەدا. لەش کاتێک زیاتر هەست بە ماندوویی دەکا کە هیچ ئامانجێکی دیاریکراوی بۆ دەستنیشان نەکرابێ و بێ مەبەست وەگەڕ خرابێ. جووڵەی بێ بەرنامە و مەبەست ناتوانێ هیوا و بڕوای دەگەڵ بێ، هەر بۆیە زوو پەکی دەکەوێ بێ ئەوەی بە جێگایەک بگا. هیوا هاندەری جووڵەی مرۆڤە و بڕوا زامنی مانادار کردنییەتی. ڕەنگە هەموو کەس هیوای گەیشتن بەو مەبەستانەی هەبن کە خەونیان پێوە دەبینێ و حەز بکا هەموو ئاواتەکانی بێنە دی. بەڵام بۆ گەیشتن بە ئاوات هێزی باوەڕ لازمە کە دەتوانێ نەزمێکی مانادار بە جووڵەی مرۆڤ بدا و لەپێناو ئاواتەکانیدا هەڵسووڕتری بکا. هیوا شتێکە دەناخی هەموو کەسدا هەیە، بەڵام ڕەنگە هەموو کەس بڕوای قایمی بەو شتانە نەبێ کە پێی وایە هەوڵیان بۆ دەدا. ئەوانەی هیوادارانە دەژین تامی زیاتر لە شیرینییەکانی ژیان دەچێژن و ئەوانەش کە باوەڕیان پٶڵایینە سەنگەرەکانی سەرکەوتن یەک لە دوای یەک داگیر دەکەن. ڕەنگە هەموو ئاواتەکانی مرۆڤ ئیمکانی وەدی هاتنیان نەبێ، بەڵام هیوادار بوون بەوە کە ڕۆژێک وەدی دێن و بڕوا بەوە کە دەبێ کار بۆ وەدیهاتنیان بکرێ، دەتوانێ گرێ کوێرەکان بکاتەوە و ڕێگاکان هاسانتر بکا. هەوڵی بێ پسانەوەی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە دنیایەکی خۆشتر و پڕ ئیمکاناتتر، ئەم جیهانەی دروست کردوە کە ئێستا دەیبینین و چێژی لێ وەردەگرین. هەمووی ئەو بەرەوپێش چوونانەی دیارن سەرەتا هیوا بوون و بە بوونی باوەڕ کاریان بۆ کراوە و بە ئاکام گەیون. مرۆڤ چ لە ژیانی تایبەتیی خۆیدا و چ لە کاری بە کۆمەڵدا باوەڕی کردۆتە پاڵپشتی هیواکانی، مێشکی پێ وەگەڕ خستوە هەتا لەشی وەجووڵە بێنێ بۆ ئەوەی نەزمی نوێتر وەڕێ بخا و هەنگاوێکی دیکە بچێتە پێش. جووڵەی مرۆڤ ئەگەر لە لایەک بۆ بەردەوامیی بەژیانە، لە لایەکی دیکە مەبەستی دەستەمۆ کردنی سروشت و هێنانە ژێر حوکمی خۆیەتی. ئەوانەی لەپێناو گەیشتن بە مەبەستە سیاسییەکانی خۆیان و نەتەوەکەیاندا هەوڵ دەدەن لەو کەسانەن هەم هیوادارن و هەم خاوەن بڕوا. ئەوان باوەڕێکی قایمیان بەو ڕێبازە هەیە کە گرتوویانەتە بەر و هیواداریشن درەنگ یان زوو پێی دەگەن. بە بوونی ئەو دوو هێزە جادووگەرەش لەپشت خۆیان ئامادەن هەموو سەختییەکانی سەرڕێگا بەگیان قبووڵ بکەن و هەتا گەیشتن بە سەر لووتکەی ئاوات هەدا نەدەن. ئاوات و ئامانج هەتا پیرۆزتر بێ هێزی بڕوا باشتر پشتی دەگرێ و بۆ گەیشتن پێی لەشی مرۆڤ چاکتر وەجووڵە دەخا. لەخۆڕا نیە کە مەسەلەن هێزی پێشمەرگەی گەل کە خەباتکاری ڕێگای ڕزگاریی کوردە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هیوادارانە ڕێگا دەبڕێ و بە بڕواوە هەنگاو دەنێ. هەر ئەوەش وای لێ کردوە نەک هەر لەخۆشییەکانی ژیانی بگوزەرێ، بگرە گیانیشی فیدای ئەو ئاواتانە بکا کە هیوادارانە هەوڵیان بۆ دەدا. بۆ دروستکردنی دنیایەکی خۆشتر و ئەمنتر، ئازادتر و ئاوەدانتر هەوڵی گشتی و بەردەوام پێویستە. سەرخستنی هەر پڕۆژەیەک لەهەر بوارێکدا بە بێ بوونی کەسانی هیوادار و خاوەن بڕوا مەحاڵە بگاتە ئەنجام. کاری بەکۆمەڵی ئینسانەکان کاتێک ئاکامی ڕوونی دەبێ کە ئامانجدار بێ و پشتی بە هێزی بڕوا ببەستێ. خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد کە لەسەر بناخەی باوەڕ و هیوا و تێکۆشان دامەزراوە درەنگ یان زوو بە ئاکام دەگا. ئەگەر هێزی باوەڕ و هیوای نەبوایە مەحاڵ بوو خەباتێکی ئاوا سەخت و بێوچان درێژەی هەبێ و لەقۆناخەکانی سەرکەوتن نیزیک بێتەوە. ئەوەی هەتا ئێستا دیتراوە نەسل دوای نەسل جڵەوی ئەو کاروانەیان بە دەستەوە گرتوە و بۆ گەیاندنی بە لووتکەی سەرکەوتن وچان نادەن. بێگومان ئاکامی ئەو خەباتە ئامانجدار و باوەڕمەندە دەبێتە هۆی دڵخۆشیی کۆمەڵانی خەڵک و نەسەلەکانی دواتر چێژی زیاتری لێ دەبینن. هیوادار بوون بە سەرکەوتن و باوەڕ بەوە کە ئازادی و ڕزگاری مافی بێ ئەملاو ئەولای ئێمەیە، بەردەوامیی خەباتمان مسۆگەر دەکا و بۆ دروست کدنی داهاتوویەکی خۆشتر گوڕوتینمان پێ دەبەخشێ. هیوا و باوەڕتان لێ نەبڕێ. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٨.