کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانان

23:07 - 1 خەرمانان 2717

مامۆستا لەسەر پۆل یەک بە یەک لێی پرسین: بابت چکارەیە؟ ـ ئاغا کاریگەر. ـ ئاغا هی منیش کاریگەرە. ـ کاریگەر. ـ هی منیش ئاغا! ـ بابم چۆدارە ئاغا، چۆدار! ـ کاریگەر. ـ ئاغا شاتر. ـ کاریگەرە ئاغا! ـ هی منیش ئاغا. ـ ئاغا جووجەفرۆش. ـ ئاغا دووکاندار. ـ ئاغا کاریگەرە. ـ ئاغا بننایە. ـ ئاغا بابی منیش کاریگەرە. ـ ئاغا بابم نەماوە. ـ ئاغا کاریگەرە. ـ هی منیش. ـ ئاغا بابم فەلەجە! ـ بابی من شۆفیرە ئاغا. ـ ئاغا بابی من مجێورە. ـ بابی من باغەبانە. ـ بابی من؟ [ ـ ئاغا بابی عەلی ورکەنان فرۆشە] [ ـ مەرەز پێ مەکەنن!] ڕاست دەکا ئاغا! ـ بابی من؟ ئاغا پێ بکەنن نایڵێم! [ ـ هەرکەس پێ بکەنێ وەدەرێی دەنێم، بێڵێ] ئاغا دەللاکە! [ ـ زەهری مار! ئێستا هەمووتان وەدەر نێم!؟] ـ ئاغا بابی منیش.. [ ـ هی تۆش دەلاکە؟] [ ـ تەواوی کەن ئەو پڕمە پڕمە! تۆش ئاخرین جارت بێ!] هەڵیگرە بۆ زەنگی ئاخر، ئاغا بابی منیش بێکارە. [ ـ باشە کەماڵ بۆ کێی دیکە کوتوویەتی بابم بێکارە وا تۆ دەڵێی بابی منیش بێکارە؟] ئاغا کەس نەیکوتووە لە پتەم دەرچوو! [ ـ بۆ مێشێنە؟] [ ـ باشە ناسر بیبڕەوە، ئێستا کوتم ئاخرین جارت بێ! خۆ تێهەڵقورتێنییەوە وەدیوی دەرێت دەنێم ها!] هەڵیگرە بۆ زەنگی ئاخر! ـ ئاغا بابی منیش کاریگەرە! ـ ئاغا بابی من شارەدارە. [ ـ بەڕاست شارەدار بابی تۆیە؟] بەڵێ ئاغا [ ـ چی دەکات؟ مەنزوورم ئەوەیە دەبێ کارەکەی جالب بێ] بەڵێ ئاغا زۆر جالبە، دار و گوڵی بوڵوارەکانی بۆکان ئاو دەدا [ ـ ئەها، لە شارەداری کار دەکات؟] بەڵێ ئاغا! ـ ئاغا بابی من خەیاتە. ـ هی من مەلایە. ـ کاریگەر ئاغا! ـ ئاغا بابی من شەهیدە [ ـ ئەی بوا لە دواوە دانیشتووی؟] هەروا ئاغا [ ـ لە کوێ شەهیدبووە؟] نازانم ئاغا [ ـ بنیادی شەهید خەرجتان دەکێشێ؟] نا ئاغا، دایکم کار دەکات [ ـ ئەها ئەوجار حاڵی بووم، وەرە پێشێ دانیشە.] نا ئاغا ئێرەم پێ خۆشە [ ـ بە پێخۆش بوونی خۆت نییە، دێیە پێشێ دادەنیشی و لە هەموو ئەوانی دیکەش دەبێ چاکتر دەرس بخوێنی!] بە چاوان ئاغا. [ ـ بە قوربانی چاوت بم!] ئەو ڕۆژە نەمانزانی بۆچی مامۆستاکەمان خۆی بە قوربانی چاوی هێمن کرد، بەڵام وردە وردە هێمن بوو بە خۆشەویستی دڵی هەموان، لەکاتێک دا دەبوایە بەهۆی گرنگی پێدرانی لەڕادەبەدەری لەلایەن مامۆستاوە، هەموومان ڕقمان لێی بوایە. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٨.