کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاک، ڕێکخراو، کۆمەڵ و پێوەندیی نێوانیان

07:45 - 16 خەرمانان 2717

لە تەنیاییترین کاتەکانی ژیانمدا وا بیر دەکەمەوە لەنێو ئاپۆڕایەکی هەژێنەری کۆمەڵە خەڵکێکدا جێم گرتوە کە زایەڵەی دەنگی یەکگرتووییان هیوا و هومێد بڵاو دەکاتەوە. تەنیا ئەوانە ڕوو لەتەنیایی دەکەن کە نامۆیی و نائومێدی بڕستی لێ بڕیون و پێیان وایە کۆمەڵ پێویستیی پێیان نیە. من پێم خۆشە خەمەکانم لای خۆم ڕابگرم و بزە و شادییەکانم دەگەڵ هاوڕێیانم بەش بکەم. حەز دەکەم تەنیا کاتێک بۆخۆم بم کە هەست بکەم نە هێزی یاریدەدانم هەیە و نە کەس پێویستی بە دەستگرتنی منە. ئەوەش دەزانم هەتا هەم بەشی ئەوەندەم هێز و توانا هەیە کە بۆ چەرخی ڕۆژگار وەگەڕی بخەم و کەلێنێکیش پەیدا هەر دەبێ دەستی یاریدەدانی تێدا درێژ بکەم. ژیانی کۆمەڵایەتی بە بوونی هەموومانەوە مانا دەدا و کۆی تاکەکانن نەزمی پڕ پێچوپەنای کۆمەڵ ڕادەگرن. هیچ «من»ێک بە بێ «تۆ» مانا نادا و ئەوە «ئێمە»ین بە وەسەر یەکخستنی هێزی جیسمی و بیروباوەڕمان دەروازە سیحراوییەکانی ئەم جیهانە یەک لەدوای یەک دەکەینەوە. بەردوامیی نەزمی کۆمەڵ لەسەر ئەم قانوونە ڕاوەستاوە: پێوەندیی مرۆڤەکان تاک دروست دەکا. تاک پێ دەگەیەندرێ و بۆ کاری هەرەوەزی ئامادە دەکرێ. تاکەکان لە پڕۆسەیەکی گشتیدا یەک دەگرنەوە و بۆ کاری جۆراوجۆر تەشەکولی جۆراوجۆر پێک دێنن. تەشەکولە جۆراوجۆرەکان بە پێی مەجال و ئیختیاری کاریی خۆیان بۆ قایم ڕاگرتنی کۆڵەکەکانی کۆشکی ژیان تێ دەکۆشن. سەرجەم هەوڵی تاکەکان بۆ بەردوامیدان بە ڕەوتی ژیانی کۆمەڵاتییە. هەرچەند تاک لەژیانی خۆیدا ئازادە و مافی هەڵبژاردنی هەیە، بەڵام مانای وجوودیی خۆی لەنێو کۆمەڵدا پەیدا دەکا. تاک بەحزووری خۆی لەنێو تەشەککولێکی تایبەتدا هەم پەرە بە تواناکانی دەدا و هەم دەبێتە هاوکار بۆ تاکەکانی دیکە. تەشەککولەکان بەپێی گەورەیی و بچووکییان، یان گرینگیی کاروکردەوەیان دەتوانن لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان شوێندانەر بن. سیاسەت، یەک لەگرینگترین کۆڵەکەکانی نەزمی کۆمەڵە. سیاسەت سنووری دەسەڵات و هەڵسووڕانمان بۆ دیاری دەکا و پێمان دەڵێ لەکوێی کۆمەڵگادا جێمان گرتوە. ڕەنگە گەورەترین کاری هەرەوەزیی مرۆڤەکان لەسیاسەتدا خۆی نیشان بدا. لەبەر ئەوەی سیاسەت بەشێکی دانەبڕاو لەژیانە، کەوابوو هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا تێیدا بەشدارن. گرینگترین و کارلێهاتووترین هەڵسووڕێنەری چەرخی سیاسەت، حیزبە. حیزب تەشەککولێکی دڵخوازانەی نێوان تاکەکانە کە تێیدا تواناکان وەسەر یەک دەکەون و بۆ کاری هاوبەش ڕێک دەخرێن. لەچوارچێوەی حیزبدا ئیدە و ئاواتەکانی ئەو کۆمەڵە خەڵکە دەست نیشان دەکرێ کە هاوبیر و باوەڕن. بۆ هەرچی هاوئاهەنگتر کردنی هەنگاوەکانی ئەو کۆمەڵە خەڵکەش هێندێک یاسای تایبەت دەستنیشان دەکرێ کە هەموو ئەندامانی ئەو حیزبە دەبێ پێرەویان بکەن. لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە فکر و دەنگی جیاوازی تێدایە، حەتمەن حیزب و ڕێکخراوی جیاوازیشی تێدا دەبێ. هەر حیزبەی نوێنەرایەتیی بیروبۆچوونی ئەو کۆمەڵە خەڵکە دەکا کە تێیدا بەشدارن. هەر حیزبەی هەوڵ دەدا ئەو مۆدێلە سیاسەتە لەکۆمەڵگادا پیادە بکا کە ئەندامەکانی باوەڕیان پێی هەیە. لەئاکامی ڕەقابەتی نێوان حیزبەکان بە مەبەستی سەرخستنی مۆدێلی جێ باوەڕی خۆیاندا، کۆمەڵگا تووشی بزووتنەوەیەکی بەردەوامی سیاسی دەبێ. ئەم بزووتنەوە بەردەوامە وا لەتاکەکان دەکا سەبارەت بە ورد و درشتی مەسەلە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و ... قووڵ بیر بکەنەوە و لەخەمی دواڕۆژی کۆمەڵگاکەیاندا بن. هەر مۆدێلە سیاسەتەی لە پڕۆسەی ڕەقابەتی نێوان حیزبەکاندا سەر کەوت، دەبێتە مۆدێلی گشتیی حکوومەتداری و هەموو لایەک دەبێ پێرەوی لێ بکەن. ئەم چەرخ و فەلەکە بەردەوام دووپات دەبێتەوە و حكوومەت لەنێوان نوێنەرایەتیی باوەڕە جیاوازەکاندا بێ پسانەوە دەستاودەست دەکرێ. ئەوەی باس کرا وێنەیەکی سادەی پێوەندیی نێوان تاک، حیزب و کۆمەڵگایە. هەروەک دەبینین تاک لەدروست کردنی حیزبدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێ و لەڕاستیدا حیزب بێ تاک وجوودی نیە. حیزب خۆی لە وەجووڵە خستنی تاکەکاندا نەخشی بەرچاوی هەیە و ئەگەر حیزب نەبێ تاک ناتوانێ لەتواناکانی بە باشی کەڵک وەرگرێ. لە لایەکی دیکەشەوە حیزب بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی پتەوی حكوومەتداری لەسەر بناخەی باوەڕی ئەندامانی بەردەوام هەوڵ دەدا. کۆمەڵگا کە خۆی لە کۆی گشتیی تاکەکان و حیزبەکان پێک هاتوە، پێوەندیی نێوان تاک و لایەنە جیاوازەکان وا ڕێک دەخا کە هەموو بتوانن خۆیانی تێدا بدۆزنەوە. لەڕاستیدا هیچ کۆمەڵگایەک بەدەر لەسیاسەت نیە و هیچ سیاسەتێک بێ حیزب یان ڕێکخراو مەجالی نیە و هیچ حیزب و ڕێکخراوێکیش بە بێ تاک ناتوانێ بوونی هەبێ. کەبوو تاک دەتوانێ لەچارەنووسی کۆمەڵگادا ڕاستەوخۆ دەور بگیڕێ، حیزب دەتوانێ هێزی تاک باشتر وەگەڕ بخا و دەسەڵات دەتوانێ نەزم بەو هێزە ببەخشێ و هەماهەنگی بکا. فەلسەفەی بەردەوامیی ژیانیش هەر ئەوەیە. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٩.