کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەهەر باخەی گوڵێک بادانەوە، خولانەوە، هەستانەوە و...

07:58 - 1 رەزبەر 2717

هێندێک وشە و دەستەواژە هەن هەرچەند مانای گشتی بەدەستەوە دەدەن و دەکرێ بۆ زۆر بوار کەڵکیان لێ وەرگیرێ، کەچی بە هۆی زیاتر گونجاوبوونیان دەگەڵ بوارێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی یان سیاسی دەبنە بەشێک لەپێناسەی ئەو بوارە. بۆ وێنە «چەقبەستن» یان «چەقبەستوویی» هەرچەند وشەیەکی گشتییە و دەکرێ لەزۆر بواردا کەڵکی لێ وەرگیرێ، بەڵام زیاتر ئاوێتەی زرووفی سیاسی، یان حەڕەکەتی سیاسی بووە و هەرکات بزووتنەوە یان حیزبێکی سیاسی تووشی وەستان هات و پلانی چوونە پێشی نەما، دەڵێن تووشی چەقبەستوویی بووە. کەمتر وایە خودی حیزبەکە یان بزووتنەوەکە قبووڵی بکا کە تووشی چەقبەستوویی بووە، بەڵام دەوروبەر ئەوەی دەبینن و هەستی پێ دەکەن. ئیتر ئەوەی دۆستە دەیەوێ بەجۆرێک دەری ببڕێ لایەنی پێوەندیدار پێی دڵتەنگ نەبێ. ئەوەی مەخالیف یان نەیاریشە دەیکاتە پێخۆری سێ جەمەی و لە وشەی چەقبەستن کراسێکی داوێن بڵیند دەدوورێ و بە بەری حیزبی ڕەقیبی دادەکا. بادانەوە، خولانەوە، گەڕانەوە، هەستانەوە و .... لەو وشانەن کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بڕەویان زۆرە و کەڵکی جۆراوجۆریان لێ وەر دەگیرێ. هێندێک لەو وشانە لەبەر مانای ئەرێنی و هاندەرانەیان لەزاران خۆشن و دەگەڵ بەکارهێنانیان هەستێکی ئارامکەرەوە سەرتاپای وجوودت دادەگرێ. «هەستانەوە» لەو وشانەیە کە نیشان لە گوڕوتین و جووڵەیەکی یەکجار زۆری دوای کەوتنە. ئەوەندەی دەردی کەوتن بەژانە، تامی هەستانەوە سەت هێندە شیرینە. زۆر حیزب یان بزووتنەوەی سیاسی لەدرێژەی خەباتی خۆیاندا تووشی نسکۆ و هەڵخلیسکان و بەلارێداچوون و کەوتنی بەژان دەبن. هێندێکجار و بۆ هێندێک حیزبی سیاسی ئەو کەوتنە دەبێتە کەوتنی یەکجاری و ئیتر هەستانەوەی نیە. ئەوجۆرە حیزبانە ڕەنگە خاوەن ئیرادە یان توانایەکی وا نەبن جووڵەی هەستانەیان هەبێ. بەڵام هێندێک حیزبی سیاسی زوو وەخۆ دێنەوە و پێش ئەوەی بەتەواوی لەپێ بکەون هەڵ دەستنەوە. ئەو کەوتن و هەستانەوەیە زۆرجار دەبێتە دەرسێکی لەبیر نەکراو بۆ ئەو جۆرە حیزبانە و لەبەر ڕووناکایی ئەو دەرسانە هەوڵ دەدەن تووشی گلان یان کەوتنی دیکە نەبن. هەر بەڕاستییش ئەو حیزبانەی جارێک، یان چەند جار کەوتوون و هەستاونەتەوە پوختەتر، بە ئەزموونتر و بەرچاو ڕوونتر لەو لایەنانەن کە هیچ بەڵایەکیان تووش نەبوە. «بادانەوە»ش لەو وشانەیە کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا زۆر بەکاردێ. ئەم وشەیە دەتوانێ هەم باری ئەرێنیی هەبێ و هەم نەرێنی، کەچی بارە نەرێنییەکەی زیاتر بەرچاوە. بادانەوە یان پەشیمانبوونەوە یان هاتنەوە سەر خەتی ئەسڵی لە هێندێک حاڵەتدا باشە و پێویستە پێشوازیی لێ بکرێ. بەداخەوە لەنێو سیاسەتی کوردیدا زۆرجار کەللە شەقی و کوردەنامووسی لایەنێک زیاتر بەرەو هەڵدێر پاڵ پێوە دەنێن و ڕێگا نادەن باداتەوە سەر خەتی دروستی خۆی. ڕەنگە هەر خودی بەکارهێنانی مانای مەنفیی بادانەوە خۆی وا لەهێندێک حیزبی سیاسی بکا بیر لەبادانەوە نەکەنەوە و لەئاکامدا زیاتر بەرەو هەڵدێر پاڵ پێوەنێن. لەحاڵێکدا وەکی دەڵێن: زەرەر لەنیوەش بگەڕێتەوە هەر قازانجە، ئەگەر ئەو لایەنە لەکاتی خۆیدا باداتەوە ڕەنگە بتوانێ مەسیری خەباتی خۆی بە قازانج بگۆڕێ. سیاسەت یەک لەو بوارانەی چالاکیی مرۆڤە کە مەجالی خۆنیشاندان و خۆگۆڕینی زۆر تێدایە. ئەوانەی لە سیاسەتدا ڕەق و زبر و نەگۆڕن زیاتر تووشی هەڵە دەبن و کەمتر سەرکەوتن وەدەست دێنن. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نیە کە سیاسەت نابێ پڕەنسیپی هەبێ بەجۆرێک کە هەر سەعاتەی بەجۆرێک لێی بخوڕی. نەخێر، ئەوەش سیاسەت نیە و لەڕاستیدا بێ سیاسەتییە. مەبەست ئەوەیە ڕێبەریی حیزبی سیاسی دەبێ زەرفییەتی خۆگۆڕین دەخۆیدا شک بەرێ و هەرکات پێویست بوو کەڵکی لێ وەرگرێ. دەبینی حیزبێک لە شەڕایەتێکدا بڕیارێکی هەڵەی داوە و ئەگەر ئەو بڕیارە بەڕێوە بچێ زیانی بەدواوە دەبێ. لێرەدا گەڕانەوە سەر خەتی پێشوو یان بادانەوە زۆر لازمە. شەهامەت لە قبووڵی هەڵە و پاشگەز بوونەوە لە درێژەدان پێی، یەک لە تایبەتمەندییەکانی حیزبێکی زیندوویە. ئەگەر دان بە هەڵەدا نەندرێ و زوو خەتی خوار ڕاست نەکرێتەوە، حیزب تووشی قەیرانی خەلاقییەت دەبێ و هەمان چەقبەستوویی بە نسیب دەبێ کە پیشتر باسمان کرد. «خولانەوە»ش هەمان چەقبەستووییە کە حیزبێک بەردەوام بەدەوری خۆیدا سووڕ دەخوا بێ ئەوەی هەنگاوێک بچێتە پیش. (لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان‌”دا بڵاو بۆتەوە)