کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی جێژنی خاوەنکار

18:21 - 13 خەزەڵوەر 2717

بە بۆنەی جێژنی خاوەنکارەوە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە پێڕەوانی ئایینیی یارسان لە سەرانسەری کوردستان و ئێران دەکەم. پێڕەوانی ئایینی یاری یان خەڵکی یارسان بەشێکی دیار لە حەشیمەت و جوغرافیای رۆژهەڵاتی کوردستان پێک دێنن کە هێندێکیان لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش نیشتەجێن. خەڵکی یارسان لە ئێران و لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەر کەمایەتییەکی دیکەی نەتەوەیی و ئایینی لەلایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ستەمی دوو قاتیان لێ دەکرێ، واتە هەم ستەمی نەتەوەیی و هەم ستەمی ئایینی. خەڵكی یارسان و لاوانی ئەو ناوچەیە بەشداریی بەرچاویان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لە ریزەکانی حیزبی دێموکرات دا بووە و هەیە. حیزبی دێموکرات هەردەم پشتیوانیی لە خەباتی مافخوازانەی خەڵکی یارسان کردوە و خەبات و داواکاری نەتەوەیی خەڵکی یارسان بە بەشێک لە خەباتی خەڵک و بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان رێز لە فەرهەنگ و کولتووری ئەو بەشە لە نەتەوەکەمان و لە نەخش و دەوری یارسانییەکان لە بزووتنەوەی کورددا دەگرێ. جارێکی دیکە پیرۆزبایی خۆم و حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاڕاستەی خوشک و بڕایانی یارسانی دەکەم. مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ٠٤/١١/٢٠١٧ ڕێکەوتی ١٣/٨/١٣٩٦