کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی بە ناچار سەردانی ناوچە بوولەرزەلێدراوەکانی کرد

22:09 - 29 خەزەڵوەر 2717

ڕێبەری نیزام  بە ناچار خۆی گەیاندە سەرپێڵی زەهاو و، هەوڵی‌دا بۆشایی کەوتنی نێوان دەسەڵات وخەڵک  کە بە هۆی نەبوونی مودیریەتی قەیران لە ناوچەی بوومەلەرزە لێدراو هاتووتە ئاراوە پڕبکاتەوە. بە هۆی بەرینایی خەسارەکانی بوومەلەرزەی شەوی ٢١ی خەزەڵوەر لە پارێزگای کرماشان و خەمساردی ناوەندە بەرپرسەکان لە پێڕاگەیشتن و خزمەتگوزاریی و گلەیی وگازەندەی خەڵکی لێقەوماو لە کەمیی یارمەتی‌دانی دەوڵەت،  بەرپرسانی نیزام یەک بەیەک سەردانی ئەو ناوچە دەکەن. دوای سەردانەکەی حەسەن ڕوحانی و بە تاوانبار زانینی دەوڵەتی پێشوو لە ئاستی زۆری زیانی گیانی و ماڵی لە پرۆژەی خانووەکانی مێهر کە بۆ سەردەمی ئەحمەنەژاد دەگەڕێتەوە، خامنەیش خۆی گەیاند پارێزگای کرماشان و کۆمەڵێک دروشم و قسەی دووپات کردەوە. بە وتەی شایەتحاڵان لە ناوچە کارەسات لێدراوەکان، خەڵک و چالاکانی مەدەنی و کەسانی خۆبەخش لە خزمەتگوازرییەکان‌دا  دەستی باڵایان هەیە و دەوڵەت لە کۆنترۆڵ کردنی ئەو قەیرانە  خۆی تووشی قەیران بووە! ئەمەش بۆتە هۆی بێ متمانەیی خەڵک بە نیسبەت دامودەزگا دەوڵەتییەکان، هەربۆیە سەردانەکەی خامنەیی بۆ پێش‌گرتن لە پەرەسەندنی  ئەو بێ متمانەییە و هەروەها گەشەی هاوپێوەندی بێ‌وێنەی کورد لە ناوچە جیاجیاکان  دەگەڕێتەوە. شیاوی باسە لە دوای کارەساتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرەوەزێکی بەرفەراوان بەهانای خەڵکی لێقەومای ناوچەی کرماشان ڕویشتوون و لە ئەوپەڕی هەستی ئینسانی و کوردانەوە هاونیشتمانیانی بوومەلەرزە لێدراویان لە ئامێز گرت. لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا دەمڕاستەکانی نیزام بە شێوەی جۆراوجۆر لە جیاتی هەوڵ بوو چارەسەر کردنی گرفتەکانی خەڵکی لێقەوماو، دەستیان داوەتە یەکتر تاوانبار کردن وخۆدزینەوە لە ئەرک وەئەستۆ گرتن.