ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی وتوویەتی، دادگاییکردنی تووماج ساڵحی زۆر نادادپەروەرانە بووە و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیش سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی ناوبراو وڵامێکیان نەداوەتەوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نامەیەکدا بۆ غوڵامحوسێن موحسێنی ئێژەیی، بەرپرسی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران، داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی تووماج ساڵحی، گۆرانیبێژی ناڕازیی کردووە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە کە تووماج ساڵحی تەنیا بە هۆی بەشداریکردن لە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" و ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە.
ئەمیر ڕەئیسییان، پارێزەری تووماج ساڵحی، ڕۆژی ٥ بانەمەڕ ڕایگەیاند، لقی یەک لە دادگای ئینقلابی ئێسفەهان بە تۆمەتی ''افساد فیالارض'' سزای لەسێدارەدانی بۆ تووماج دەر کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە دیوانی باڵا حوکمی لەسێدارەدانی پێشووی بۆ تووماج هەڵوەشاندبووەوە و سزای شەش ساڵ و سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاندبوو.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی زیادی کرد کە دادگاییکردنی تووماج ساڵحی زۆر نادادپەروەرانە بوو و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی سکاڵای ناوبراو سەبارەت بە ئەشکەنجەدان لە ڕێگەی شۆکی کارەبا، هەڕەشەی کوشتن و لێدانی بەردەوامیان ڕەت کردەوە ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەم ئەشکەنجانە شکانی ئێسکەکان و تێکچوونی بینایی چاوێکی تووماجیان بەدواوە بووە.