کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردوامیی گوشارەکان بۆ سەر کەمینە ئایینییەکان لە ئێران/ سزای ٧٥ ساڵ بەندکران بۆ ١٥ ژنی بەهایی

10:52 - 29 بانەمەڕ 2724

دادگای ئینقلابی ئێسفەهان ١٥ هاووڵاتیی بەهایی بە تۆمەتی بانگەشە و پەرەدان بە ئایینی بەهایی، چالاکی تەبلیغی و پەروەردەیی لە دەرەوەی چوارچێوەی ئیسلام، سەرجەم بە ٧٥ ساڵ بەندکران و ٧٥٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرد.

هەواڵدەریی مافی مرۆڤیی هێرانا ڕایگەیاندووە کە ١٥ ژنی بەهایی کە نیشتەجێی بەهارستانی ئێسفەهانن ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێسفەهانەوە بە ٧٥ ساڵ بەندکران، ٧٥٠ ملیۆن سزای نەختی و هەروەها قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات و بێبەریکردنی کۆمەڵایەتی سزا دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا هەر یەک لەم ١٥ ژنە بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی و پەروەردەیی ناتەبا لەگەڵ ئایینی ئیسلام بە ٥ ساڵ بەندکران و ٥٠ ملیۆن سزای نەختی و ٥ ساڵ بێبەریبوون لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان سزا دراون.

بەپێی حوکمەکە ئەم کەسانە تا ماوەی ٢ ساڵیش بۆیان نییە کە لە وڵات بچنە دەرەوە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ٣٠٠ هەزار بەهایی لە ئێراندا ژیان دەکەن بەڵام یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا ئایینەکانی ئیسلام، مەسیح، یەهوود و زەردەشتی بە فەرمی دەناسێت و هەر بەم بۆنەوە بەردەوام مافی هاووڵاتییانی بەهایی لە ئێران بە شێوەی سیستماتیک پێشێل کردووە.

لەم پێوەندییەدا و لە پێوەندیی لەگەڵ لەسێدارەدان، داگیرکردنی موڵک و ماڵی بەهاییەکان و سەپاندنی سزای قورس بە سەریاندا، چاوەدێری مافی مرۆڤ لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەرامبەر بە بەهاییەکان وەک تاوان بە دژی مرۆڤایەتی لە قەڵەم دا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە بە مەبەستی سەرکوت، هەوڵی داوە تا بە شێوگەلێکی سیستماتیک کەمینەکانی ئێران بخاتە ژێر گوشار و ئازارەوە.