کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ماتەمینی کۆچی‌دوایی ئەحمەد ئاغای خاڵتاوێ لە قەڵای دێموکرات

19:45 - 8 سەرماوەز 2717

پێش‌نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەز لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنەکەی سەرەکیی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێوڕەسمی پرسەو سەرەخۆشی ئەحمەد ئاغای خەڵتاوێ بەڕێوەچوو. بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کادرو پێشمەرگەکانی حیزب لە ڕێوڕەسمێکدا، ڕێز لە تەمەنێک پڕخزمەتی ئەحمەدئاغا خەڵتاوێ،  تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات  گیرا. لە بەشێک لەو ڕیوڕەسمە‌دا قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک لەسەر کەسایەتیی و دەوروڕۆلی ئەو تێکۆشەرە دێرینە لە خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان چەند وتەیەکی باس کرد. ناوبراو لە درێژەی قسەکانی‌‌دا وتی: "خاندان و بنەماڵی کاک ئەحمەد خاڵتاوێ نموونەیەکی بەرچاون لە تێکۆشان و خزمەت کردن بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردو  خاوەنی چەند شەهیدی خۆشەویست و ناسراون  لە ڕێگای سەرخستنی گەلەکەیان. ئەو تێکۆشەرە، هەر لە هەڕەتی لاویەتی‌یەوە واتە دەیەی ٤٠ی هەتاوی لە گەڵ کوردایەتی و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات تێکەڵاو دەبێ و، لە سەردەمی شۆڕشی ٤٦ و ٤٧ی هەتاوی یەکێک بووە لە پشتیوانەکانی ئەو بزاڤە چەکدارییە و، بەڕێزیان نەتەنیا خزمەتی بە حیزبی دێموکرات کردووە بەڵکوو لەو سەروبەندە‌دا لە ناوچەی شنۆ لە تێکۆشەرانی باشووری کوردستانیش پشتیوانی کردووە". قادر وریا بە باس کردن لە قوناخێکی دیکەی خەباتی حیزبی دێموکرات و بەشداریی و تێکۆشانی ئەحمەدئاغای خەڵتاوێ لەو بارەوە وتی: لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دەسپێکی بە ئاشکراو سەرلەنوێ خەباتی حیزبی دێموکرات ، ئەحمەد ئاغا لە یەکەم ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی شنۆ بووە. دواتر کە بە هۆی ژیانی بنەماڵەیی و بارودۆخی خۆیەوە کە نەیتوانی وەکوو پێشمەرگەیەکی ئاشکرا درێژە بەتێکۆشان بدا، بەڵام وەکوو هێزێکی بەرگریی و لە بوارەدا درێژەی بە خزمەتەکانی خۆی داوە. قادر وریا لە درێژەی وتەکانی‌دا بە ئاماژەدان بە پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەحمەدئاغا و بنەماڵەکەی لە ناوچەی شنۆ ڕایگەیاند؛ کە خۆشناوی و پێگەی جێی‌متمانەبوونی ئەو بنەماڵەو کاک ئەحمەد خەڵتاوێ، بوون بە هاندەرێک کە خەڵێکی زۆر لەوناوچەیە لە دەوری حیزبی دێموکرات کۆببنەوە. قادر وریا لە بەشێکی دیکەی قسەکانی  سەبارەت بە بەسەرهات وژیانی تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات، ئەحمەدئاغا بە باس کردن لە خۆراگریی کاک ئەحمەد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی کاتێک کە بە هۆی چالاکییەکانییەوە دەسبەسەر دەبێ، لەو بارەوە وتی: بەشێکی زۆر لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی خەڵکی ناوچەکانی شنۆ، پیرانشارو نەغەدە کاک ئەحمەد بە نمادی خۆڕاگریی و موقاوەمەت لە زیندان دەناسن. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە‌دا سۆفی ئەحمەد(ئەحمەد سادقپوور) کادری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان  وەکوو  یەکێک لە ناسیاوان هاوسەنگەرانی ئەحمەدئاغا،  لەسەر ئاستی کوردپەروەری و خەمخۆری ئەو تێکۆشەرە دێرینە چەند بیرەوەرییەکی بۆ ئامادەبووان گیڕایەوەو، هەروەها بە نوێنەرایەتی لە کەسوکارو بنەماڵەی خوالێخۆشبوو ئەحمەد ئاغای خەڵتاوێ سپاسی ئەمەگناسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد. شایانی باسە شەوی ٧ی سەرماوەز(٢٨ی نوڤەمبری ٢٠١٧)،  کاک ئەحمەد ڕەسووڵی ناسراو بە ئەحمەد ئاغای خاڵتاوێ، لە تەمەنی٧٧ ساڵی‌دا لە یەکێک لە نەخۆشخانەی شاری هەولێر، کۆچی دوایی کردو، پاش‌نیوەڕۆی  رۆژی سێ‌شەممە هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی  بەڕێکردن و ناشتنی کاک ئەحمەدئاغای خەڵتاوێ لەشاری هەولێر بەشدارییان کرد.