کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستان و ، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمنیستی ئێران_ کۆمەڵە، کۆبوونەوە

15:52 - 16 سەرماوەز 2717

رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەز هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەسەرپەرەستی  بەڕێز مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزب، سەردانی بنکەی سەرەکیی کۆمەڵەیان کردو، لە لایەن  بەڕێز جەماڵ بۆزرگپوور ئەندامی کومیتەی ڕێبەری ئەوحیزبەوە، پێشوازییان لێکرا. لە چاوپێکەوتنە‌دا هەر دوو لایەن دوای هەڵسەنگاندنی  رووداوەکانی ناوچەو بەتایبەتی پێشهات و رووداوەکانی ئەم دواییانەی باشووری کوردستان و کاریگەرییەکانی بەسەر گەلی کورد لە باشوور و، کاردانەوەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵیک خاڵی گرینگیان لەوبارەوە شی کردەوە. مستەفا مەولوودی  سەرەتا باسێکی پۆختی لەسەر ڕوانگەو خوێندنەوەی حیزب لەهەمبەر رووداوەکانی ناوچە و بەتایبەتی هەلومەرجی دوای گشتپرسییەکەی باشووری کوردستان خستەڕوو . بەڕیزیان لە درێژەی قسەکانی خۆی‌دا بۆ دۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان  هەڵسەنگاندنی خۆی و حیزبی دێموکراتی خستەڕوو. لە بەشێکی دیکەی  ئەو دیدارەدا هەیئەتی خانەخوێ  کۆی هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات و ڕاوبۆچوونی سکرتێری گشتیی ئەوحیزبەی بە نیسبەت هەلومەرجەی ناوچەکە بەرز نرخاند و کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشیان بۆ کاری هاوبەش دۆزییەوە. شایانی باسە  مستەفا مەولوودی لە کۆتایی ئەو دانیشتنەدا بۆ رووبەروو بوونەە لە گەڵ هەرچەشنە ئەگەرێک و هاوهەڵوێستی لایەنەکان ، پیشنیاری‌ کرد کە حیزبە  رۆژهەڵاتییەکان هەوڵ بدەن لە پاتفۆرمێکی هاوبەش بە دوور لە چەقبەستوویی بە  یەکڕیزو هاوهەڵوێستیەوە بۆ چارەسەری کێشەو گرفتەکانیان و رووبەروو بوونەوەیان لە بەرانبەر ڕووداوە نەخوازراوەکان  کاری هاوبەش بکەن. لەکۆتاییدا هەردوو لایەن تەئکیدیان لەسەر یەکخستنەوەی یەکڕیزی ناوماڵی کورد و هاوهەڵوێستی و هاودەنگیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان، کردەوە.