کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ئۆپۆزیسیۆن مانه‌وه‌ هونه‌ر نییه‌، ده‌بێ ببینه‌ ئاڵته‌رناتیڤ لە سەرەتای قسه‌کانمدا

18:58 - 16 سەرماوەز 2717

  خۆشحاڵیی خۆم دەردەبڕم بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم دۆستانەمم، کەسانێک کە پێشتر لە کۆبوونەوەکانیتریش، چەندین جار له‌بارەی داهاتووی ئێران لە ڕوانگەی جۆراوجۆریی نەتەوەکانی ئێران و ئەوەی کە کۆمەڵگەی ئێران، کۆمەڵگەیەکی فرەنەتەوەیە قسەمان کردووە. گرفتی ئێمە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو کۆبوونەوانەی کە لە ئورووپا یان ئەمریکا هەمان بووە و بمەوێ ئاماژەیەکی پێبکەم، بەتایبەت ئەو بەشەی کە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە کە بەشێویەکی مەیدانی ئێمە لە کوردستان ڕۆژانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووبەڕوو دەبینەوە کە لە چەند بوارەوە تەجروبەی دیاریکراوی خۆمانمان هەیە و بەپشتبەستن بەو تەجروبانەیشە کە ڕێکارەکانی خۆمان پێشنیار دەکەین. ڕێکارە عەمەلییەکانی ئێمە بەشێوەیەکی بنەڕەتی لە چوارچێوەی ئەم بەندانەی کە لەم کۆنفڕانسەدا خەریکین بەڕێوەی دەبەین، زۆربەی هاتووە. گرفتی سەرەکی ئەوەیە کە ئێمە زیاتر لە ڕواڵه‌تی پرسه‌کان(صورت مسالە)دا دەوستین، تەنانەت ئێمە لە کوردستانیش. کاتێک دەڵێم ئێمە خۆیشمان لە کوردستان، چونکە ئێمە ڕۆژانە خەریکی شتی عەمەلین. کاتێک ئێمە سه‌یری رواڵه‌تی باسه‌که‌ دەکەین زیاتر شیکردنەوەیە؛ کە لەم بەشەدا ئێمەی حیزبەکانی کوردستان، حیزبەکانی ئێران هەوڵ دەدەین لە ڕوانگەی خۆمانەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران شی بکەینەوە. کەمتر وایە لەم بەشە تێپەڕین و بگەینە چارەسەر. چونکە کاتێک دەگەینە سیناریۆی چارەسەرگەلی جۆراوجۆر، ئیتر لەوێیە کە ناچارین بەکردەوە بێننە نێو گۆڕەپانەکە و خۆمان لە ئۆپۆزسیۆنبوون بەشێوەیەکی بەربڵاو، بکەینە ئاڵتەرناتیڤ. ئۆپۆزسیۆنبوون هونەر نییە، ئێمە هەموومان ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانین و خۆیشمان ئەمەمان هەڵنەبژاردووە. کۆماری ئیسلامیی ئەمەی بەسەر ئێمە داسەپاندووە کە ببینە ئۆپۆزسیۆن. ئارەزووی ئێمە ئەوە بوو پاش شۆڕشی گەلانی ئێران بەپێی ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران کە فرەنەتەوەییە هەموومان بەشێک بوایەتین لە ئیدارەکردنی وڵات، بەڵام ئەم هەلە بۆ ئێمە نەخوڵقا. بۆیە ئۆپۆزسیۆنبوونمان لەڕووی ئیجبارەوە بەسەر داسەپاوە. ئێستە ئەرکی ئێمە ئەوەیە هەر لەم ئۆپۆزسیۆنبوونەدا بەشێوەیەکی گشتی نەمێنینەوە. ئەگەر لە خەڵکی ئێران بپرسن کۆماری ئیسلامی نا، بێگومان دەڵێن ئەی کامانە ئەڵتەرناتیڤن؟ ئێمە هەتا ئێستە نەمانتوانیوە ئەڵتەرناتیڤێک یان ناونیشانێکی دروست دژی کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵک دروست بکەین. ئایا ئێمە ئەم ئامادەییمان تێدایە لە ئۆپۆزسیۆنبوون بێینە دەرەوە و ئاڵتەرناتیڤ دروست بکەین؟ ئیتر لەو قۆناغە دایه‌ کە کاری ئێمە دەست پێدەکا. من هیوادارم ئەم پێکهاتنەی کە لێرە بەناوی شووڕای دیموکراسیخوازان ئەنجامی دەدەین لە بواری عەمەلیشەوە بڕۆینە ئەو گۆڕەپانەوە. ئەگەر ئێمە لە هەلومەرجی قەیراناوی ناوچەکە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوێیە و بڵێین دەبێ کۆماری ئیسلامی بڕوا ئەی کامانەن کە لە تاران دەبێ دەسەڵات بەدەستەوە بگرن؟ هەتا لەم بوارەوە نەتوانین سەربکەوین ئەم متمانەیە دروست نابێ. هەتا ئەو جێیه‌ی پەیوەندی بە خەڵکی ئێرانەوە هەیە دەبێ بزانین بەردەنگەکانی ئێمە کێن، ئێمە ئەمانەوێ ئەم پەیامەی خۆمان لە نێوخۆ بە کێ بدەین، ئایا ٨٠ میلیۆن خەڵکی ئێران وەکوو ئێمە سیاسەت دەکەن؟ هەموو خەڵکی ئێران سیاسین؟ هەموویان سیاسەتمەدارن؟ گرفتەکانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێران ڕێگەی ئەوەیان پێ ده‌دا کە وەکو ئێمە بەشێوەیەکی تەواو وەخت سەرقاڵی کاری سیاسی بن؟ نا. بەردەنگەکانی ئێمە کێن؟ ئەگەر سەرنج بدەینە نێوەڕۆکی شووڕای دیموکراسیخوازانی ئێران و چۆنیەتی گەیشتن بەو دیموکراسییە، بەم وەڵامە دەگەین کە بەردەنگەکانی ئێمە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێرانن کە وڵاتێکی فرەنەتەوەیە. ئایا ئێمە لەوێ دەتوانین بەپێی ئەم ڕاستییە، نەتەوەی حاکم لە ئێران کە به‌ زمانی فارسی قسە دەکەن، ئەوانیش ببنە بەشێک لەم پڕۆژەیه‌. لە نێو هەندێ کەس لە نەتەوەی فارس ئەم ڕایە هەیە کە ئەوانەی باسی فرەنەتەوەیی لە ئێراندا دەکەن و باسی فدراتیوبوونی ئێران دەکەن، ئەوە حەرەکەتێکی دژەفارسە. بێگومان وا نەبووە و نییە. بەلانیکەم تەجروبەی کوردستانی ئێران لەو سەردەمەی کە ئێمە دەسەڵاتمان بەدەستەوە بووە و شووڕای کوردستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەند دانوستانی دەکرد؛ پەیوەندیی نێوان حیزبەکانی کوردستان و ئێران لەوپەڕی باشیدا بووە. هیچکات ئێمە بەدوای ئەوەوە نەبووین کە بڵێین یەکگرتوویی ئێمە نەتەوەکانی ئێران بەدژی فارسە. ئەوە یەکێک لە خاڵەکانی تەعامولی ئێمە لەگەڵ ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانە. ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین فارسەکانی ئێران بهێنینە نێو ئەم جۆرە پڕۆژانەوە و نابێ بەلایەکدا بڕۆین کە ئێمە نەتەوەکانی ئێران یاخود بەپێی پێناسەی کلاسیکی خۆیان ‹کەمەنەتەوەکان›، بەرەولایەک دەڕۆین کە ڕووبەڕووی فارسەکانی ئێران دەبینەوە. یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئێمە کورد، بەلووچ، ئازەری، لوڕ، تورکمان، عەرەب.. هەموو نەتەوەکانی ئێران؛ ئەوەیە کە بەم شێوەیە باسی وەحدەت بکەین. چونکە هەتا ئێستە تێگەیشتنی سەرەکی بەم جۆرە بووە. بەڕای من ئەگەر ئێمە بتوانین لەسەر ئەم مەوزوعە کار بکەین و بتوانین جۆراوجۆریی نەتەوەکان بهێنینە نێو ئەم پڕۆژانەوە ئەوکات بەردەنگمان لە ئێران زۆرتر و زۆرتر دەبن. ئەگەر بمەوێ بەشێکیتری خەباتی ئاشتیخوانە کە ئێمە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە کوردستانی ئێران تەجروبەیمان هەیە باس بکەم، ئاماژە بە دوو بەشی دەکەم که‌ یه‌کیان پڕۆژەی ڕیفراندۆمی کوردستانی عێراقه‌. پێشتر ئەمە بڵێم ئەم پڕۆژەی ئێمە بەناوی پێکهاتنی پێشنیاری بۆ دانانی شوڕای دیموکراسیخوازانی ئێران، دەبێ بڵێم ئەمە هەلێکە بۆ ئێران. هەلێکە بۆ فارسەکانی ئێران، هەلێکە بۆ نەتەوەکانی ئێران، هەڕەشە نییە. گرفتی سەرەکی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەدیاریکراوی ئێران، عێراق، تورکیه‌ و سووریه‌ ئەوەیە کە هەرکات بیانەوێ مەسەلەی کوردستان شی بکەنەوە هەمیشە پێیان وایە مەسەلەی کوردستان هەڕەشەیە بۆیان. کاتێک لە ڕوانگەی هەڕەشەوە بڕواننە ئەم مەسەلەیە هەر زوو بەرامبەری دەوەستنەوە و وەکو هەلێک بۆی ناڕوانن. لە کوردستانی عێراق بۆ بونیاتنانەوەی عێراق کە لەسەر بنەمای پێکهاتن بوو، ئەوە پێکهاتنە کە بنەمای دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێ لە کۆمەڵگەیەکی فرەنەتەوە دایە، کوردەکان گەرەنتیی وەها پڕۆژەیەک بوون. لە عێراق دەربارەی پڕۆژەی ڕیفراندۆمی کوردستان بەداخەوە من حیزبێکم نەبینی کە خۆیشیان باوەڕیان بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و چارتێرگەلی نێودەوڵەتییە، داکۆکی لە مافی ڕیفراندۆمی کوردستانی عێراق بکەن. هۆکارەکەی ئەوەیە ئەم دژبەرییە لە نێو کۆمەڵگە و شوناسگەلی جۆراوجۆر لە ڕکه‌بەریی لەگەڵ یەکتردا، کۆمەڵگەی بەرەولایەک بردووە کە بەم ئاسانییە ناکرێ قەناعەت دروست بکەی. بۆیە بەهۆی نەبوونی قەناعەتەوەیە کە تەوافوق هاوسەنگی دەپارێزێ. ئێستە ئێمە چۆن دەتوانین لە درێژەی ئەم پڕۆسەی شووڕای دیموکراسیخوازی لە ئێران ئەم تەوافوقە بکەینە ئەمری واقیع. ئەگەر تەوافوقێک نەبێ ناتوانین قسه‌ له‌ پڕۆژەیەکی گەورەتر له‌باره‌ی داهاتووی ئێران بکه‌ین. لە پەیوەندی لەگەڵ خەباتی ئاشتیخوازانە، خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران پشتیوانیی خۆیان بۆ پڕۆژەی ڕیفراندۆمی کوردستانی عێراق ڕاگەیاند کە ئەمە شتێکی بەتەواوی سرووشتی بوو، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو خەڵکەی سزا دا و بەشیان لە کۆماری ئیسلامی زیندان بوو؛ بەڵام خەڵکی ئێران هەقیان هەیە و کۆماری ئیسلامیش ڕێکیان دەخا لە پشتیوانی لە مەسەلەی فەلەستین یان پشتیوانی لە بزاڤێکی شیعە لە هەر وڵاتێکی دی، که‌ لە هەموو ئێران خۆپیشاندان بکەن. ئایا دەتوانین ئەم باسانە لە نێوخۆی ئێران بهێنینە گۆڕێ. ئەگەر سبەی خەڵکی ئێران لە پشتیوانی لە بزاڤێکی عەرەب، بەلووچ، ئازەری، تورکمان یان هەر نەتەوەیەکی دی لە دەرەوەی ئێران خۆشحاڵیی خۆیان ڕاگەیاند چۆن لەگەڵیان هەڵسوکەت دەکرێ. مەسەلەی دووەم، هەر دەربارەی خەباتی ئاشتیخوازانە و ئێران چۆن لەگەڵی هەڵسوکەوت دەکا و دواتر ئاماژەیەک بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەم بارەوە دەکەم. لە پەیوەندی لەگەڵ بوومەلەرزەکه‌ی پارێزگای کرماشان کە دەزانن چۆن بوو. ئەو ناوچەیە کە بەڕاستی چەوساوەیە و په‌راوێزخراو. ئەگەر خودی خەڵکی کوردستان بە ڕێکخستنی خۆیان کە لە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوودا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆیان ڕێکخستووە و تەجروبەی دروستکردنی ناوەندی مەدەنییان هەیە و ئەگەر لە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان پشتیوانییان نەدەکرد، ئەوە ئاکامەکانی دوای بوومەلەرزەکە لە خودی بوومەلەرزەکە خەسارەتی زیاتر دەبوو. لێرەدا دووبارە کۆماری ئیسلامی کۆسپی سەر ڕێگەی خەڵکە. دەمەوێ بڵێم ئەم بزووتنەوە مەدەنیانە و ئەم خەباتە ئاشتیخوازانە و دروستکردنی ناوەندی مەدەنی و درێژەدانیی لە کۆمەڵگەی ئێران، باشترین شێوازی خەباتە دژی کۆماری ئیسلامی. خەباتێکە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆری لێ دەترسێ. کۆماری ئیسلامی بە شەڕ و ئێعدام و توندوتیژی دروست بووە و هەمیشە پێشوازیی لەمجۆرە سیناریۆگەلە دەکا بۆ ئەوەی بەشێوەی سەربازیی لەگەڵ مەسەلەکاندا هەڵسوکەوت بکا. ئێستە ئەم شووڕای دیموکراسیخوازان چۆن دەتوانێ خەباتی ئاشتیخوازانە لە ئێران بەشێوەیەک ڕێک بخا کە بەردەنگەکانی لە ئێران وا هەست بکەن ئەم شووڕایە پڕۆژەیەکە کە ئەگەر لە داهاتوودا بە ئێرانیان وت نا بەمە دەتوانن بڵێن بەڵێ؟ لە بواری نێودەوڵەتییەوە ئایا دەتوانین ئێمە سەربکەوین کە بڵێین ئێرانی کۆماری ئیسلامی نا چۆن ئەمە دەتوانێ ببێتە ئاڵتەرناتیڤێک؟ ئێمە ئیتر لێرەدا دەبێ لە شیکردنەوە و شیمانەی کۆماری ئیسلامی بێینە دەرەوە و بێینە نێو چارەسەری مەسەلە و ئیتر ئەوکات ئێمە بەرەو ڕێکار هەنگاو دەنێین. بەوردی دەتوانین ئەوە بڵێین کە دەتوانین ببینە عینوانێک کە خەڵکی ئێران لە درێژەی خەباتی خۆیاندا و هەروەها وڵاتانی ناوچەکە کە نیگەرانی ئەوەن ئێران ناوچەکە ئاڵۆز دەکا، ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی متمانەی بە ئێران نییە؛ ئەوە ئیتر شتێک خەریکە دروست دەبێ کە دەتوانێ ببێتە عینوانێک. تەجروبەی ئەفغانستان وا بوو هەتا عینوانێک دروست نەبوو لە بەرامبەر حکوومەتی ئەفغانستان و ڕوون نەبۆوە کە ئەگەر حکوومەتی ئەوکات بڕۆشتایە کێ جێگەیان دەگرێتەوە، هیچ نه‌کرا. لە پەیوەندی لەگەڵ عێراقیش هەمان تەجروبە هەیە. دەربارەی ئێرانیش هەروەها بەمجۆرەیە و ئەگەر ئێمە هەوڵ نەدەین بۆ دروستکردنی عینوانێک و ئەڵتەرناتیڤێک لە ڕاستیدا دووبارە ئەو پێناسەمانە کە ئێمە ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانین کە ئەوە هونەر نییە و گرنگ ئەوەیە چۆن ببینە ئەڵتەرناتیڤ. سپاسی هەمووتان دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ شووڕای دیموکراسیخوزانی ئێران دەخوازم. ( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)