کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک تایبەت بە رۆژی خوێندکار، لە قەڵای دێموکرات

18:13 - 18 سەرماوەز 2717

پێش‌نیوڕۆی رۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەز سیمینارێک بە بۆ یادکردنەوەی رۆژی ١٦ی سەرماوەز کە هاوکاتە لە گەڵ رۆژی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران بەڕێوەچوو. بە دەستپێشخەری یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد بۆ باس کردن لە دەسپێک و ڕەوتی بزاڤی خوێندکاری لە ئێران سیمینارێک بۆ بەشێک لە کادرو پێشمەرگەکانی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان  لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنەکەی سەرەکیی دەفتەری سیاسیی حیزب،  پێکهات. ئەوسیمینارە دوای ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕیگای ئازادی و رزگاری کوردستان و بەتایبەتی خوێندکارانی شەهید، دەستی پێکرد. پاشان شەمزین ئەحمەد‌نەژاد لەسەر مەبەست لە پێکهاتنی ئەو سیمینارە، کورتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. لە بەشی یەکەمی ئەو سیمینارە کورتەفیلمێکی دیکۆمێنتی  سەبارەت بە شکڵگرتنی بزاوتی خوێندکاری لە ئێران و قوناخەکانی،   کە بە هاوکاری کوردکاناڵ و یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارنی کورد ئامادەکرابوو، نواندرا. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو یادکردنەوەدا مستەفا مەعرووفی کادری حیزبی دێموکرات و مامۆستای زانکۆ،  کورتەیەکی لە بارەی هۆیەکانی شکست و نشستی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران باس کرد. ناوبراو بە هەڵسەنگاندنی لایەنەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری، سەبارەت بە هۆکاری ڕکوود و کپ‌بوونی دەنگی بزووتنەوەی خوێندکاران لە ئێران لەم ساڵانە‌دا کۆمەڵێک خاڵی لەوبارەوە خستەڕوو. مستەفامەعرووفی سەرەتا باسەکەی بە گرینگی خوێندنگەو زانکۆ لە ئێران دەسپێکرد و دواتر پەڕژایە سەر هۆی هاتنە ئارای بزووتنەوەی خوێندکاری بە گشتی و بەتایبەتی لە ئێران و لەو بارەوە وتی: خوێندکار لە کەشی زانکۆ مادام ئاستی زانیاریی زیاتر دەچێت سەرو تاوتوێ هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکا ، تا هەر ڕادەیەک  دۆخی سیاسی ئەو وڵاتە دوور بێ لە گەڵ خواست و ویستی دێموکراتیک و سەردەمیانە، دەبێتە هۆی مەودا گرتنی خوێندکاران لە دەسەڵات و،  هەربۆیە زانکۆش دەبێتە شوێنێک بۆ چالاکیی سیاسی. ناوبراو لە درێژەی قسەکانی‌دا ئاورێکی لە مێژوویی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران دایەوە و،  لەسەر قوناغەکانی گەشە و خاویی ئەو بزووتنەوەیە لە ئێران و  کوردستان بۆ ئامادەبووان دوا. مستەفا مەعرووفی لە کۆتایی قسەکانی‌دا دوو قوناخی هەرگرینگی بزووتنەوەی خوێندکارانی لە ئێرانی لەدوای بەسەرکار هاتنی کۆماری ئیسلامی  خستەبەرباس کە توانی قەیرانێک سیاسی و ئەمنی ساز بکا. یەکەم نارەزایەتی دەربڕینی خوێندکاری لە سەروبەندی دەوڵەتی چاکسازیی واتە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی کە بۆ ماوەی شەش رۆژ زانکۆ بۆ بە سەنگەری نارەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە باڵی توندڕەوی نیزام. هەروەها دەساڵ دوای ئەو مێژووییە، لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆ‌کۆماری ساڵی ٨٧ی هەتاوی و لێکەوتەکانی سەرلەنوێ بزووتنەوەی خوێندکاری گەشەی بە خۆیەوە بینی. ناوبراو لە کۆتایی باسەکەی‌دا هۆکارەکانی کپی و نشستی بزووتنەوەی خوێندکاری بە نەبوونی فاکتەری دەرەکیی و هەروەها شێوە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و خەمۆکیی سیاسی و سستی ئۆپۆزسیونی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران گرێ‌دا. لە درێژەی  سیمیناری تایبەت بە ١٦ی سەرماوەز،پژمان قوبادی خوێندکاری  پێشوو و  پێشمەرگەی نێو رێزەکانی حیزبی دێموکرات کوردستان  و خەڵکی کرماشان ، سەبارەت بە هەلومەرجی ئێستاکەی کرماشان و کەشی خوێندکاری لەو گەورەشارە قسەی کرد. ناوبراو سەرەتا هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی کرماشان و سیاسەتی دەسەڵات بە مەبەستی دوورخستنەوە، یان دابڕانی کرماشانی لە کوردستان کرد. پژمان قوبادی لە درێژەی قسەکانی‌دا، لە پێوەندی لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی خوێندکار،  چەند وتەیەکی لەوبارەوە خستەڕوو . دواتر باسی لە خوێندکارانی کوردی کرد، کە بە هۆی ئەوەی چ لەباری شووناس و چ لەباری گرفتە سیاسییەکانییەوە لە گەڵ خوێندکارانی دیکە لە ئێران جیاوازییان هەیە. پژمان قوبادی  لە بەشێکی دیکە لە باسەکەی  ئاماژەی بە  هەستیاریی شاری کرماشانی لە روانگەی جۆراجۆرەوە داو، پاشان بۆ رووبەرووبوونەوە لە گەڵ سیاسەتی داڕێژڕاو و پیلانی موهەندیسی کراوی  حاکمیەت بۆ دوورخستنەوەی کرماشان و ئاسمیلەکردنی ئەو دەڤەرە لە زمان و کەلتووری باڵادەست،  کۆمەڵیک سەرنجی تێبینی باس کردو، وتی: بێ گومان خوێندکارانی کورد و بزاڤی خوێندکاری  لەوبارەوە دەتوانێ دوروڕۆڵی بەرچاوتر و پۆزتیڤیان هەبێ. لە دوا بڕگەی ئەو سیمینارەدا  بەشێک لە ئامادەبووان بە ڕاوبۆچوون و تێبینی خۆیان کۆڕەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.