کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی تێکۆشەرانی دێموکرات لە ناوچەی ڕەبەت

15:10 - 25 سەرماوەز 2717

لە چالاکییەکی تەبلیغاتی‌دا لە ناوچەی ڕەبەت، یادی ٢٦ی سەرماوەز بەرز ڕاگیرا. دۆستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی شوڕشگێڕی ڕەبەت بە شێوەی بەربڵاو یادی ٢٦ی سەرماوەزیان بەرزڕاگرت. بە بۆنەی رۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان لایەنگرانی حیزب لە ناوچەی ڕەبەت بە ئەمەگناسییەوە ڕێزیان لە سەرجەم تێکۆشەران و پێشمەرگەکانی کوردستان گرت و، وەفاداری خۆیانیان بە ڕێباز و ئامانجی شەهیدان و خەباتکارانی کورد سەلماند. شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٤ی سەرماوەز ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چەندین شوێنی شاری ڕەبەت و هەروەها گوندەکانی؛ سیسێر، هەمران، شێخیسێ، وەرگێڵ، سارتکێ، زمزیران و جبەرەند بە بڵاوکردنەوەی وێنە و تراکتی تایبەت بە یادی ٢٦ی سەرماوەز پێشوازییان لەو بۆنە نەتەوەییە کرد. دۆستان ولایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دروشمی "پێشمەرگە پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستانە"نێوشاری ڕەبەت و گوندەکانی دەوروبەری ئەوشارەیان ڕازاندەوە. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سپاس وپێزانین بۆ سەرجەم چالاکی و تێکۆشانی دۆستان و لایەنگرانی دێموکرات لە ناوچەی ڕەبەت ، سەرکەوتنی زیاتریان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.